یەکێک لەو وڵاتە تازەگەشەسەندووانەی جیهان، کە چاودێرانی سیاسیی و ئابووری گەشبینن بەرامبەر بە داهاتووی، هیندستانە. ئەم وڵاتە لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەیەکی خێرای ئابووری بەخۆوە بینیوە، ئێستا هیندستان پێنچەمین ئابووری جیهان پێکدەهێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە کە گەشەی ئابووری ئەم وڵاتە لە خێراییەکی بەردەوامدایە. بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دارایی هیندستان بێت، بۆ ساڵی 2027 کۆی داهاتی گشتی دەگاتە 5 ترلیۆن دۆلار، بەمشێوەیەش دەبێتە سێهەمین زلهێزی ئابووری جیهان و پێش ژاپۆن و ئەڵمانیاش دەکەوێت. ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستانیش پلانی هەیە کە بۆ ساڵی 2047 کە دەکاتە یادی سەدساڵەی رزگاربوونی هیندستان لە چنگی داگیرکاری بەریتانیا، هیندستان بگاتە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان.
گەشەیەکی خێرا
ئەوەی مایەی سەرنجی چاودێرانی ئابوورییە، لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئابووری هیندستان گەشەیەکی خێرای بەخۆوە بینیووە، لە کۆتایی ساڵی پاردا گەشەی ئابووری گەیشتە 8.4 % بەمەش بەرزترین ئاستی گەشەی لە جیهاندا تۆمار کرد. دیارە لەپشت ئەم گەشە خێراییەوە کۆمەڵێک فاکتەر هەیە، لەپێش هەموویانەوە بوونی سیاسەتێکی زیرەکی ئابووری حکومەت.
لە تەنگەژەیەکی ئابوورییەوە بۆ پێشکەوتن
زۆرجار وڵاتان دەکەونە قەیرانی ئابووری گەورەوە، هەندێک دەوڵەت بەهۆی ئەم قەیرانەوە لەناودەچن، نموونەش زۆرن، بەڵام هەندێک دەوڵەتیش دەتوانن سوود لەم قەیرانە وەربگرن بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و دانانی پلانی نوێ بۆ هەڵسانەوەو هەنگاونان بۆ قۆناغێكی نوێ، هیندستانیش وایکرد. لە سەرەتاکانی ساڵانی نەودەکانی سەدەی پێشوودا هیندستان رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی دارایی بووەوە، کاتێک ئەم وڵاتە گەورەیە تەنها خاوەنی یەک ملیار دۆلار یەدەگی بیانی بوو. لەوکاتەدا پیاوێک پەیدابوو ئەم وڵاتەی رزگارکرد، ئەویش مانهومان سینغ بوو، کە ئەوکات وەزیری دارایی بوو، دواتریش بوو بەسەرۆک وەزیرانی هیندستان. ئەم پیاوە توانی دووبارە ئابووری هیندستان نۆژەن بکاتەوەو ئەم وڵاتە لە لێواری مەرگەوە رزگار بکات و بیگەینێتە کەناری ئارام و لێرەشەوە قۆناغێکێ نوێ دەستپێبکات. لێرەوە بازاڕەکانی کرانەوەو رۆڵی وەبەرهێنانی بینانی زیادی کرد، هیندستانیش هەنگاو بەهەنگاو بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا.
سێهەمین زلهێزی ئابووری جیهان
لەماوەی پێشوودا وەزارەتی دارایی هیندستان رایگەیاند: پلانی حكومەتی هیندستان ئەوەیە کە بۆ ساڵی 2027 ، هیندستان ببێتە سێهەمین زلهێزی ئابووری جیهان و کۆی بەرهەمی نیشتمانی بگاتە 5 ترلیۆن دۆلار. هەرچەندە ئێستا کۆی بەرهەمی نیشتمانی دەگاتە 3.7 ترلیۆن دۆلارە.
سێ ساڵی گەشەسەندوو
وا بۆ ماوەی سێ ساڵ دەچێت، هیندستان گەشەی خێرا و بەرز تۆمار دەکات، سێ ساڵە یەک لەدوای یەک گەشەی ساڵانەی ئابوورییەکەی سەرو 7 % ی بووە، ئەمەش گوزارشت لە دینامیکی ئەم ئابوورییە دەکات، هەروەها کێرفی گەشبینی لای سیاسەتمەدار و ئابوورییناسان بەهێزتر کردووە.
هیندی چینی
لە دەیەی رابردوودا لە تەواوی ناوەندە سیاسیی و ئابوورییەکان تەنها باس لە بەهێزبوونی چین دەکرا، بەڵام ئێستا باس لە هیندستان دەکرێت هەندێکیش بە چینی داهاتووی دادەنێن. لەمبارەیەوە د.ریان لیمند سەرۆکی کۆمپانیای نیوی ڤیزیۆن بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاند: هیندستان چینی داهاتووە، لەبەرئەوەی هیندستان زیاتر لە ئەمریکا و ئەوروپاش نزیک دەبێتەوە، بۆیە لەداهاتوودا بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیا خۆرئاواییانەی کە لە چین وەبەرهێنانیان کردووە، چین بەجێدەهێڵن و بەرەو هیندستان کۆچ دەکەن. وتیشی: هیندستان لەرێگەی بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازیی و چاککردنی ژێرخانی ئابوورییەکەی، هانی زیاتری وەبەرهێنە بیانییەکان دەدات، کە بەرەو هیندستان کۆچ بکەن.
بەهێزبوونی کەرتەکانی ئابووری
ئەمڕۆ هیندستان لە چەند بوارێکی ئابوورییدا پلەیەکی زۆرباشی هەیە، بەتایبەتی لەرووی بەرهەمی کشتووکاڵییەوە، یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی. هەروەها لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهانە لە رووی پیشەسازی های تێک و تەکنۆلۆژیای مۆدێرندا بەتایبەتی لەرووی دروستکردنی تەلەفونی زیرەک و پرۆگرامی کۆمپیوتەردا. جگە لەوەش کەرتی پیشەسازی، هەنگاوی گەورەی بۆ پێشەوە بردووە بەتایبەتی لەرووی پیشەسازی ئۆتۆمبیل دروستکردن و دەرمانسازی و پیترۆکیمیاوییدا.
لەلایەکی ترەوە بەهۆی بوونی هێزی کاری هەرزان لەهەمانکاتیشدا بوونی هێزی کاری شارەزا بەتایبەتی لەرووی تەکنۆلۆژییەوە، سەرمایەگوزاری بیانی لەم وڵاتە ساڵ لە دوای ساڵ زۆرتر دەبێت. ساڵی پار سەرمایەگوزاری بیانی لە هیندستان گەیشتۆتە 70 ملیار دۆلار. لەهەمانکاتیشدا خۆرئاواش پشتگیریی وەبەرهێنان لە هیندستان دەکات، بەپێی رێکەوتنێکی هیندستان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی 16 ساڵی داهاتوودا وڵاتانی ئەوروپا بڕی 100 ملیار دۆلار لە هیندستان دەکەن. ئەمەش گوزارشت لە دینامیکی ئەم ئابوورییە گەشەسەندووەی جیهانن دەکات.
دەرەنجام
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هیندستان بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت لەپێش هەموویانەوە زۆربوونی هەژاریی و نەبوونی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بەتایبەتی لەڕووی رێگاوبان بەهەموو جۆرەکانییەوە، لەمەشدا چین زۆر لە هیندستان پێشكەوتووترە. هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە بەهێزبوونی رەوتی ناسیۆنالیستی توندڕەو هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئەم وڵاتە فرە نەتەوەو ئایینە.
سەرچاوە:
1/رابگە التجارە اڵاوروبیە توقع اتفاقا بـ100 ملیار دولار للاستپمار فی الهند..www. asharq.com
2/ محمد غروی. هل تصبح الهند قوە عالمیە. www.independentarabia.com
3/أنڤار المستپمرین تتجه إلی الهند بعد تجنبها التقلبات الاقتصادیە www.alarabiya.net