پەیڤێک بۆ یادی پەنجا ساڵەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2020-06-11     759
فکری چەپ و سۆسیالیستی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە هاتۆتە ناو جەماوەری کوردستانی باشوورەوە، ئەوەش لە رێگەی حیزبی شیوعی عیراقەوە. هەتاوەکو ساڵانێکی زۆر، حزبی شیوعی هەوادار و ئەندامێکی ئێجگار زۆری لەناو جەماوەری کوردستاندا هەبووە. بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵانی شەستەکان و سەرەتاکانی ساڵانی حەفتاکاندا، لەناو نوخبەی رۆشنبیر و رۆشنفکری ناو شارەکاندا، بیر لە دروستکردنی رێکخراوێکی سیاسی کراوەتەوە کە دوور بێت لە حزبەکانی ئەو زەمانە لە هەمانکاتیشدا بە بیری چەپ گۆشکرابێت و فکری مارکسی لینینی ببێتە بنەمای ئەو رێکخراوە سیاسییە تازەیە. هەرئەمەش وایکرد کە لە 10 حوزەیرانی 1970 لەلایەن کۆمەڵێک کەسی چەپ و شۆرشگێڕەوە رێکخراوی ” کۆمەڵەی مارکسی لینینی” دروست بکرێت، کە دواتر ناوەکەی بۆ ” کۆمەڵەی رەنجدەران ” گۆڕاوە. ئەمەش یەکەمین رێکخراوی چەپی کوردی بووە کە لە باشووری کوردستان دروست بێت.
کۆمەڵە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بەشێوازێکی تەواو جیاواز لە مۆدێلی سیاسی باو کاریکردووە، بۆ نموونە ئەم رێکخراوە هەموو کەسێکی وەرنەدەگرت. هەر کەسێک ببوایە بە ئەندامی ئەم رێکخراوە، دەبوایە سەرەتا چەند ساڵێک لە ئەڵقە رۆشنبیرییەکاندا بوایە، ئینجا وەکو ئەندام وەردەگیرا. واتە ئەو زیاتر پشتی بە رۆشنبیرکردنی ئەندامانی دەبەست. لینین پێی وابوو ” هیچ جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێری بەبێ ئایدۆلۆژیاییەکی شۆڕشگێری نابێت.” لە هەمانکاتیشدا ئایدۆلۆژیا بەتایبەتی ی ” چەپ و مارکسی لینینی” زۆر گرنگ بووە بەلایەوە. دیارە لەو کاتەدا فکری ماویزم و گیڤارایزم زۆر لەناو گەنجان و خوێندکارانی کوردستاندا باو بووە، هەر ئەم فکرەش بەسەر ئەم رێکخراوەدا زاڵ بووە.
ئەم رێکخراوە کۆمەڵێک خەون و ئامانجی هەبووە کە دیارترینیان :
رزگاربوونی کوردستان لە هەژموونی خێڵایەتیی و دەرەبەگایەتیی و حوکمی بنەماڵە. باشکردنی رەوشی ژیانی کرێکار و جووتیاران و رەنجدەرانی ناو شار، رزگارکردنی ژن لە زوڵم و ستەمی بنەماڵە و پیاوسالاری، گەشەسەندنی دۆخی ئابووریی و فەرهەنگی و پەروەردەیی کوردستان. لە رووی خەباتی نیشتمانیشەوە باوەڕی بە زرگاربوونی گەلی کورد هەبووە لە زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی فاشیزمی بەعس، ئەمەش لە رێگەی گرێدانی خەباتی نیشتمانی لەگەڵ هەموو هێز و لایەنێکی ئازادیخوازی کورد و عەرەبی عیراق. لە رووی میتۆدیشەوە باوەڕی بە خەباتی چەکداری هەبووە و وەکو ئامڕازێکی گرنگی خەبات و تێکۆشانی خۆی داناوە. کۆمەڵە لە مێژووی خۆیدا کۆمەڵێک سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لەوانە: جارێکی تر توانی هیوای خەبات و تێکۆشان لەناو جەماوەری کوردستاندا بچێنێت و مەشخەڵی خەبات و پێشمەرگایەتی لە چیاکانی کوردستاندا هەڵ بکات. ئەمەش لە کاتێکدا کوردستان لەناو شكست و هەرەسێکی گەورەی سیاسیدا بووە و نائومێدیی و بێ هیواییی باڵی بەسەر جەماوەری کوردستاندا کێشاوە.
لە چیاکانیشدا پێشمەرگەی کۆمەڵە نموونەی ئازایەتی و گیانفیدایی بوون لەپێش هەمووشیانەوە سەرکردە مەزنەکەی هاوڕێ ئارام، هەرئەمەش وایکردووە کە ئەندامانی چاو لەسەرکردەکانیان بکەن. لە هەمووشی گرنگتر توانیویەتی هەزاران گەنج و خوێندکار و رۆشنفکری کورد بۆ لای خۆی رابکێشێت و ببنە ئەندامێکی چالاکی ئەم رێکخراوەو چ لەناو شار و چ لە شاخ، لەگەڵ رێکخراوەکانی تری ناو یەکێتی بەشداری شۆڕشی نوێ بکات.
لەلایەکی ترەوە رێکخراوە نهێنییەکانی لەناو شاردا رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە جۆشدانی خەڵکی بۆ شۆڕشی نوێ، بەتایبەتی لەناو گەنج و لاواندا. هەروەها هەمیشە ئەندامانی لەناو زینداندا نموونەی کەسانی خۆڕاگر و گیانفیدایی و خەباتگێڕ بوون، بەوپەڕی ئازایەتییەوە داکۆکیان لە بیروباوەڕی خۆیان کردووەو بەرەنگاری رژێمی بەعس بوونەتەوە لە پێش هەمووشیانە سەرکردە مەزنەکانی ” خاڵە شەهاب و ئەنور و جەعفەر ” ئەوان بوونە سەرقافڵەی خەبات بۆ نەوەکانی دوای خۆیان. بەڵام لەپاش شەهیدبوونی هاوڕێ ئارام ، رۆژ لە دوای رۆژ چرای پرشنگداری ئەم رێکخراوە سیاسییە بەرەو کزی دەچێت و تا دواتر بە بڕیاری سەرکردایەتی نوێی کۆمەڵە، بەتەواوەتی مەشخەڵی کۆمەڵە دەکوژێننەوە و نامێنێت و دەبێتە بەشێک لە مێژوو.
لەیادی پەنچا ساڵەی کۆمەڵدا دەتوانین بڵێین، راستە کۆمەڵە نەیتوانی هەموو ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی بەڵام مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئەندامانی و هەوادارانی ئەم رێکخراوە، مایەی شانازیییە بۆ هەموو کورد. هەروەها ئەم رێکخراوە چەپەی کورد، توانی لە رێگەی فکری چەپەوە، دووبارە هەستی شۆڕشگێری لەناو جەماوەری کوردستاندا زیندوو بکاتەوە، لە کاتێکدا بێ هیوایی بەسەر هەموو کوردستان زاڵبووە.
 هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەندامان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×