کارەساتی  چێرنۆبڵ لەدرامایەکی تەلەفزیۆنی سەرکەوتوودا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2024-03-18     156

لەماوەی پێشوودا لە کەناڵی کوردسات درامای چێرنۆبڵ پەخشکرا، ئەم درامایە یەکێکە لەو دراما دۆبلاژکراوە باشانەی کە لەماوەی پێشوودا ئەم کەناڵە پەخشی کردووە. دراماکە چ لە رووی هونەرییەوە بەتایبەتی لەرووی دەرهێنان و میکیاژ و کامێراو دیمەنەوە زۆر پێشكەوتوو بوو، لەرووی ناوەڕۆکیشەوە، بەڕاستی زۆر گرنگ و پڕبایەخە، چونکە باسی یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی سەدەی بیستەم دەکات.

 

ناوەڕۆک

گرنگی ئەم درامایە  خۆی لە بابەتی سەرەکی دراماکە دەبینێتەوە کە ئەویش کارەساتی تەقینەوەی وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵە لە ئۆکرانیا لە سالی 1986. ئەم کارەساتە چ لەرووی قووربانی مرۆیی و ئابوورییەوە چ لەرووی سیاسیشەوە کاریگەری ئێجگار گەورەی هەبوو بەسەر یەکێتیی سۆڤیەت و تەواوی جیهانیشەوە. چونکە لە پاش تەقینەوەی هەردوو بۆمبی هیرۆشێما و ناکازاکی، ئەمە یەکەمجاربوو کە مرۆڤایەتی رووبەروی کارەساتێکی تەقینەوەی ئەتۆمی بێت. راستە ئەم کارەساتە بەهۆی بۆبمبارانی دوژمنی دەرەکییەوە نەبوو، بەڵکو تەقینەوەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکی لە یەکێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەباوە بوو، واتە هەڵەکە ناوخۆییە نەک دەرەکی.

لەمبارەیەوە میخائیل گۆرباچۆف لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: کارەساتی بنکەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ بەڵگەیەکی روون بوو، نەک تەنیا لەسەرکۆنی و سواویی تەکنەلۆژیای ئێمە، بەڵکو بەڵگەیەکیش بوو لەسەر کۆنی سیستەم .

هەرچەندە لەوکاتدا بەهۆی ئەوەی کە یەکێتیی سۆڤیەتی دەوڵەتێکی داخراو بوو، گەیشتن بە زانیاری راستەقینە زۆر زەحمەت بوو، لەهەمانکاتێشدا جەنگی ساردی نێوان هەردوو بلۆکی خۆرئاوا وخۆرهەڵات  لە لووتکەیەدا بوو، لە وڵاتانی خۆرئاوا ئەم کارەساتە بووبوە بابەتێکی پروپاگەندەی گرنگ کە  لە دژی یەکێتی سۆڤیەت بەکاردەهێنرا، بۆیە لێرەش زەحمەت بوو کە ڕووی راستەقینەی رووداوەکە بزانیت. بەڵام دواتر لەپاش رووخانی یەکێتی سۆڤییەت، ئینجا بە تەواوەتی رووی راستەقینەی رووداوەکە دەرکەوت و زانیاریی تەواو ڕاست و دروست لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکە بڵاوکرایەوە، هەرچەندە بە تەواوەتی نەتوانرا ئامارێکی ڕاست  و یەکلاکەرەوە لەبارەی ژمارەی قوربانیان بزانرێت، چونکە چ روسیا و ئۆکرانیاش، هەریەکەیان ئامارێکی بڵاوکردەوە، هەروەها ماوەیەکیشی پێویست بوو، تاوەکو کاریگەرییەکانی ئەم کارەساتە بەسەر ئەو  کەسانەوە دەربکەوێت کە بەر تیشکی ژەهراوی وێستگە ئەتۆمییەکە کەوتوون. هەروەها سنووری جوگرافی بڵاوبوونەوەی ئەو کاریگەرییەش دیاری نەکرا، چونکە هەر سەرچاوەو سنوورێکی نووسیوە، بەڵام بەگشتی کاریگەری ئەم کارەساتە زیاتر بەسەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی روسیای سپی و روسیاوە دیار بوو. خەڵکی ئەم وڵاتانەش زیاتر بەر کاریگەری تیشكی ژەهراوی ئەو وێستگەیە کەوتوون، بەتایبەتی خەلکی ئۆکرانیا.

لەم درامایەدا بە ووردی باسی ئەو هەڵەو کەموکوڕیانە دەکات کە لە وێستگەکەدا هەبووە، چۆن ئەو هەڵە تەکنیکیانە دەبنە هۆی دروستبوونی گەورەترین کارەسات کە رووبەروی یەکێتی سۆڤیەت و جیهان دەبێتەوە. لەهەمانکاتیشدا باس لە ڕۆڵی خراپی سیستمی بیرۆکراسی سۆڤیەت دەکات، چۆن ئەو بیرۆکراسییە دەبێتە  هۆی ئەوەی کە ترس بەسەر کارمەندانی وێستگەکە زاڵ بێت.

لەهەمانکاتیشدا باس لە گەندەڵی و ترس و تۆقاندن دەکات، کە لەناو دەزگا حکومییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا زاڵ بووە، هەرئەمەش وایکردووە کە درەنگ هەست بەکاریگەری خراپی ئەم کارەساتە بکرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە چۆڵ کردنی ناوچەکانی دەروبەری وێستگەکە.  جگە لەوەش باس لە کەمتەرخەمی  دەزگاکانی دەوڵەت دەکات، چۆن نەخوێندنەوەی وورد بۆ کارەساتەکە و کاریگەری بەسەر ژینگە و خەڵکیدا، بووەهۆی ئەوەی کە  خەڵكێکی زۆر ببنە قووربانی ، بەتایبەتی خەڵكی ئۆکرانیا.

وەکو گۆرباچۆفیش لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: چێرنۆبڵ زۆرێک لە نەخۆشییەکانی رژێمەکەی ئێمەی رۆشنکردەوە، هەموو ئەو شتانەی کە بە درێژایی ساڵان لەسەریەک کەڵەکەبوون، لەم بەسەرهاتە خەمناکەدا بەیەک گەیشتن، نابەرپرسیاریەتی، هەڵەشەیی، بەربەرەڵڵایی، ئارەقخۆری،،،

لە پەنا کەمتەرخەمی و هەڵەکانی دەزگاکانی دەوڵەت، لەم درامایەدا ئازایەتی  خەڵکی ئۆکرانیا پیشان دەدات بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە لە دەزگای ئاگرکوژانەوەو کانەکانی خەڵوز کار دەکەن، کە رۆڵی زۆر گرگنگیان گێڕاوە، لە سنووردارکردن و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی ژەهری ئەو وێستگەیە بۆسەر هەموو ناوچەکانی تری یەکێتی سۆڤیەت و ئەوروپا، کە ئەگەر هەوڵ و ئازایەتی ئەوان نەبوایە، ئەوا بەشێکی زۆری یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی ئەوروپا ژەهراوی دەبوو.

 

سیناریۆ و دەرهێنان

خاڵێکی گرنگی تر کە لەم درامایەدا بەدیمکرد، ئاستی بەرزی دەرهێنان و داڕشتنی سیناریۆکە بوو، بەتایبەتی داڕشتنی سیناریۆکە کە لەلایەن سیناریستی ئەمریکی " کریج مازن" نووسراوە، سیناریۆکە لە رووی زانیارییەوە زۆر بەهێزە، چونکە نووسەرەکە توانیویەتی بە زمانێکی سادەو هونەری، باسی لە بابەتێکی زانستی بکات. دیارە  بۆئەوەی لەم کارەساتە بگەیت، دەبێت شارەزایەکی باشت لەبارەی زانستی فیزیا و کیمیاوە هەبێت هەروەها دەبێت شارەزایی باشت لە بارەی چۆنێتی دروستکردن و بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی هەبێت.

بەڕاستی کاتێک سەیری دیمەنەکانت دەکرد، هەستت دەکرد سەیری ریپۆرتاژێکی زانستی دەکەیت، سیانریستەکە هێندەی زانایەکی ئەتۆمی زانیاری هەبووە ، زانیاری زۆر ووردی  زانستیانەی لەبارەی وێستگەی ئەتۆمی کۆکردۆتەوە و بەشێوەیەکی هونەری پێشکەشی بینەرانی کردووە، لەمەشدا ڕۆڵی سیناریست لە درامادا دەردەکەوێت، چەندە سیناریۆکە بەهێز داڕێژرابێت، دراماکەش سەرکەوتوو دەبێت.

لەڕووی دەرهێنانیشەوە زۆر سەرکەوتووبوو کاتێک سەیری نەخۆشەکانت دەکرد، ڕێکدەتگوت بەراستی ئەو کەسانە بەرکەوتەی ئەتۆمین و دیمەنەکان ڕاستەقینەن، لێرەدا گرنگی  دەرهێنەر دەردەکەوێت، چۆن بتوانیت ئەو دیمەنە بەشێوەیەک پیشانی بینەری بدەیت، واهەست بکات کە  ئەوەی دەیبینێت هەقیقییە. جێگەی ئاماژەیە ئەم مینی درامایە لەلایەن دەرهێنەری سویدی  یوهان  رینکە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، کە یەکێکە لە دەرهێنەرە سەرکەوتووەکان.  رینکە لەیەک کاتدا موزیکژەن و کۆمپۆنیستێکی بەتواناشە، پێشتریش کاری دەرهێنانی بۆ کۆمەڵێک فیلمی جوان کردووە، بەتایبەتی فیلمی کریمی و مێژوویی.

جگە لە دیمەن و سیناریۆ، خاڵێکی گرنگی تر موزیک بووە، ئەو موزیکەی کە بۆ ئەم بەرهەم هەڵبژێدرابوو، ئەویش وەکو هەموو رەگەزە گرنگەکانی تری دراماکە سەرکەوتووبوو. لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە دراما دەبێت وەکو کارێکی سەمڤۆنی وابێت، کارێکی دەستەجەمعییە، بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت، دەبێت هەموو بەشەکانی سەمڤۆنیاکە بە باشی کارەکانی خۆیان ئەنجام بددەن.

 

دوا قسە

ئەم درامایە  توانیویەتی بەلایەنی کەمەوە وێنەیەکی گشتگیرانەی پێشكەشی بینەران بکات، کەسانێک هەن کە هیچ زانیارییان لەبارەی ئەم کارەساتە گەورەیەوە نییە، بەڵام لەرێگەی بینی ئەم درامایەوە، تاڕادەیەک زانیارییان دەستدەکەوێت، یان دەرگای پرسیارێکیان بۆ دەکاتەوە، تاوەکو  دواتر خۆیان بە دواداچوون لەبارەی ئەم کارەساتەوە بکەن. ئەمە جگە لەوەی دراماکە لەرووی هونەریشەوە، یەکێک لە دراما جوانەکان هەموو خێزانێک دەتوانێت سەیری بکات.

ئێمە وەکو گەلی کورد، کارەساتی زۆر گەورەمان بەسەردا هاتووە، بەڵام بەداخەوە هەتاوەکو ئێستا نەمانتواییوە ئەو کارەساتانە بگەیەنینە  خەڵکی جیهان، باشترین رێگەش دراما و فیلمی سینەماییە، لەرێگەی دراماوە، دەتوانرێت هەموو جیهان بەو کارەساتە ئاشنا بکەین، ئێمە لەرێگەی ئەم درامایەوە، هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵكی ئۆکرانیا دەکەین، کە لە کاتی کارەساتی چێرنۆبڵ تووشی بۆتەوە، ئێمەش دەتوانین کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بکەینە کارێکی درامایی یان فیلمی سینەمایی، بەڵام نەک هەموو درامایەک، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدرێت لە هەموو روویەکەوە کارێکی بەهێز بێت، دەشكرێت لەم بوارەدا سوود لە ئەزموونی گەلانی تر وەربگرین و کەسانی پسپۆرو شارەزا لە دەرەوەی وڵات بهێنین. کاتێک تۆ سەیری ئەم درامایە دەکەیت، کارێکی  هاوبەشی نێوان کۆمەڵێک دەوڵەتە، سیارنیستەکە ئەمریکیە، دەرهێنەرەکە سویدیە، پاڵەوانی دراماکە بەریتانییە، کاری موزیک لە لایەن ژنە موزیکژەنێکی ئایسلاندییەوە بۆ کراوە، زۆر کەم ئۆکرانی یان روسی تێدایە، ئێمەش دەتوانین شتێکی لەو جۆرە بکەین.

لێرەدا جیگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کەناڵی کوردسات بکەین بۆ وەرگێڕان و پەخشکردنی ئەم دراما گرنگە، کە بەدڵنییایەوە یەکێکە لە دراما باشەکانی ئەم کەناڵە.

 

سەرچاوە:

بیرەوەرییەکانی میخائیل گۆرباچۆف. وەرگێرانی: مەسعود بابایی. بەرێوبەرایەتی خانەی وەرگێران. چاپی یەکەم سلێمانی . 2013 .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×