جیاوازی رۆژی 14 تەمموز لە نێوان عیراق و فەرەنسادا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2022-07-19     496

یەکێک لەو رۆژانەی ساڵ کە دوو شۆڕشی گەورەی تێدا رووداوە 14 تەمموزە. لەم رۆژەدا لە دوو وڵاتی جیهان یەکێکیان لە خۆرئاوا و ئەوی تریشیان لە خۆرهەڵات، دوو شۆڕشی گەورە روویدا. یەکەمیان فەرەنسایە کە لە 14 تەمموزی 1789 شۆڕشی گەورەی فەرەنسا بەرپا بوو، کۆتایی بە حوکمی پاشایەتی هێنرا و کۆماری فەرەنسا دامەزرا. دووەمیان لە عیراق بوو، کاتێک لە 14 تەمموزدا کۆمەڵێک ئەفسەری عیراقی بەسەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم، کودەتایەکی سەربازیان کرد و کۆتاییان بە رژێمی پاشایەتی هێنا.

دیارە 14 تەمموز لە فەرەنسادا رۆژێکی ئێجگار تایبەتە و بە رۆژی نیشتمانی دادەنرێت، وەکو خۆیان دەڵێن « لو کەتۆخز ژوویە Le quatorze juillet «، تەنها رۆژێکی نیشتمانی ئاسایی نییە، بگرە لە زۆربەی شارو شارۆچکەکاندا، جەژن و ئاهەنگی تایبەت ساز دەکرێت، لە پاریسی پایتەختیشدا بە ئامادەبوونی سەرۆک و زۆرجاریش هەندێک میوانی بیانیش،مانۆڕێکی سەربازی لە شەقامی شانزە لیزی نمایش دەکرێت.

ئەو ماوەیەی لە فەرەنسا بووم، هەستم کرد کە 14 تەمموز بەلای زۆربەی فەرەنسییەکانەوە زۆر گرنگە، بەپێچەوانەی ئێمەوە. دیارە ئەوانیش ناهەقیان نییە، چونکە لەم رۆژەدا فەرەنسییەکان بڕیارێکی دەستەجەمعیان داو پەلاماری قەڵای باستیلیان دا، کە بەدناوترین زیندانی فەرەنسا بوو، بەم شێوەیەش کۆتاییان بە حوکمێکی پاشایەتی خراپ هێنا، کە تێیدا وڵات لەلایەن پاشا و دەستەبژێری ئەرستۆکراتیی و زانایانی ئاینەوە بە خراپترین شێوە بەڕێوە دەبرا، تاکی فەرەنسی بەتایبەتی چینی جووتیاران و کرێکاراکان و زەحمەتکێشانی فەرەنسا، رەوشی ژیانیان زۆر خراپ بوو حیسابی کۆیلەیان بۆ دەکرا. لەرووی ئازادیشەوە کەس بۆی نەبوو بچووکترین رەخنە یان ناڕەزایی دەرببڕێت. دەتوانین ساڵانی حوکمی پاشایەتی فەرەنسا لە وتە بەناوبانگەکەی لویسی 14 کورت بکەینەوە ، کاتێک وتی: من دەوڵەتم، L›etat, c›est moi « ئەم پیاوە ماوەی 54 ساڵ حوکمی فەرەنسای کردووە.

هەرچەندە لە پاش شۆڕشەکە، فەرەنسا بۆ ماوەی چەند ساڵێک رووبەروی پێشویی و نائارامی بۆوە، دواتریش سەردەمی دیکتاتۆری ناپۆلیۆن دەستی پێکرد، بەڵام گرنگترین شت لەم شۆڕشەدا ئەوەبوو، کە دەستوورێکی مرۆڤدۆستانە جێبەجێکرا، کە تێیدا هەموو هاووڵاتیانی فەرەنسا بەیەک چاو سەیر دەکرێن و کۆتایی بە حوکمی پادشایەتی و ئەرستۆکرات و زانایانی ئایینی هێنا. هەروەها هاووڵاتیانی فەرەنسا تاڕادەیەکی باش هەوای ئازادییان هەڵمژیی و لەرووی بژێوییشەوە، ژیانیان بەرەو باشی هەنگاوی نا. جگە لەوەش ئەم شۆڕشە بووە داینەمۆیەک بۆ هەموو گەلانی تری جیهان بەتایبەتی ئەوروپا کە شۆڕش لە دژی رژێمە کۆنەپەرستەکان بکەن.

بەڵام لە عیراقدا ئەم رۆژە هەرچەندە بە رۆژێکی نیشتمانی دادەنرێت، بەڵام لەناو زۆربەی خەڵکیدا نەبۆتە مایەی خۆشیی و کامەرانی، بگرە بە پێچەوانەوە بەلای هەندێک کەسەوە رۆژێکی شوومە، زۆرکەس پێیان وایە لەپاش نەمانی پاشا، عیراق ئارامی بەخۆوە نەبینیوە. راستییەکەی ئەگەر بە چاوێکی بێلایەنییەوە سەیری ئەم رۆژە بکەین، دەبینین عیراق لە سایەی شۆڕشەکە و سەرۆکایەتی قاسمدا، کۆمەڵێک هەنگاوی باشی ناوە، لەوانە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باش بە هاووڵاتیان بەتایبەتی لەرووی خوێندن و پەروەردە و تەندروستیی و خانووبەرەو رێگاوبانەوە. کە ئەمەش بۆ چینە هەژارەکان گرنگ بوو، لەهەمووشی گرنگتر یاسای چاکسازی زەوی دانا، هەرچەندە ئەمە لە کوردستاندا رووبەڕووی ناڕەزایی دەرەبەگ و ئاغاکان بۆوە، دواتر بزووتنەوەی چەکداری روویدا، کە پاشتر ناوی لێنرا شۆڕشی ئەیلول. لەهەمووی گرنگتر بۆ ئێمەی کورد، ئەوەبوو کە یەکەمجار بوو کە حکومەتی عیراق دان بە بوونی کورد بنێت و بڵێت کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، ئەمەش لەو کاتەدا زۆر گرنگ بوو نەک بۆ کوردی عیراق بگرە بۆ کوردی پارچەکانی تریش، چونکە لە ئێران و تورکیا، نکوڵیان لە بوونی کورد دەکرد.

بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە قاسم و هاوڕێکانی سەرەتایەکی خراپیان لە ژیانی سیاسی عیراق دەستپێکرد، کاتێک سوپا دەستێوەردانی لەژیانی سیاسی کرد، کە پاشتر چەندین کودەتای خوێناویی بە دوادا هات و قاسمیش خۆی بووە قوربانی کودەتای سەربازیی. جگەلەوەش عیراق لە سەردەمی پاشایەتیدا، ژیانێکی تاڕادەیەک پەرلەمانیی و دەستووریی و ئازادی سیاسیی هەبوو، هاتنی حوکمی سەربازیی کۆتایی بە ژیانی سیاسی عیراق هێنا. تاکی عیراقیش لەسایەی پادشایەتییدا، ئازادی زیاتر بوو.

ئەم رۆژە بەلای خۆشمەوە تایبەتە، چونکە 14 تەمموز رۆژی لەدایکبوونی هەردوو برای ئازیزم کاک ئازاد و ئاواتە، هیوای تەندروستیی و بەختەوەریان بۆ دەخوازم. زۆرجار کە لە فەرەنسا بووم، بەلای هاوڕێ و دۆستە فەرەنسییەکانمانەوە ئەمە شتێکی ئاسایی نەبوو. راستیەکەشی ئەوەبوو لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی 14 تەمموزدا خۆشیی و شادیی بەشێکی زۆری عیراقی گرتەوە، لەوکاتەدا حزبی شیوعی هەوادار و ئەندامی زۆری هەبوو، ئەوانیش پشتگیریی ئەم شۆڕشەیان کرد. ئەم خۆشیی و شادیشەش شارۆچکەی تەوێڵەی گرتبۆوە، هەرچەندە باوکم بازرگانێکی ئاسایی بووەو تاقەتی سیاسەتی نەبووە، بەڵام ئەویش کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو خۆشییە گشتییەوە، بۆیە لەو ساڵەدا واتە 1958 دا ناوی یەکەم کوڕی دەنێت ئازاد. ساڵی پاشتریش واتە 1959 دووەم کوڕی ناو دەنێت ئاوات، چونکە لەوکاتەدا هێشتا خەڵکی بەوپەڕی خۆشیەوە باوەش بۆ ژیان دەکەنەوە، هەریەکە و خەون و ئاوات و ئومێدی زۆری هەبووە بە ژیان. بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵێک، شۆڕش و قاسم لای خەڵکی خۆشەویستیان نامێنێت، بەمشێوەیەش خەون و ئاواتەکانیش نامێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×