د.کەمال مەزهەر و کۆتایی نەوەیەکی تایبەتی نووسەرانی کورد
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
2021-03-30   855
هەفتەی
پێشوو مێژوونوس و رووناکبیری ناسراو د.کەمال مەزهەر کۆچی دواییکرد، بەمەش کۆتایی
بە نەوەیەک لە نووسەرو رۆشنبیرانی کورد هێنا، کە دەتوانین بە دەستەبژێری نووسەرانی
ساڵانی زێڕینی ئەدەبیاتی کوردی بناسێنین. کەمال مەزهەر و هاوڕێکانی لەوانە «
د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ، د.مارف خەزنەدار، محەمەدی مەلا کەریم» گوزارشتیان لە
قۆناغێکی تایبەت و جوانی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی دەکرد، کە تێیدا چ نووسەر و چ
کتێب، پێگەی تایبەتی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەبوو. ئەم نوخبە نووسەرە کۆمەڵێک
خاڵی هاوبەشیان هەبوو، هەرچەندە بەداخەوە لە رووی شەخسییەوە جیاوازی زۆریان هەبوو.
ئەگەر
سەیری مێژووی ئەدەبیاتی کوردی بکەین، نووسەرانی ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتاکان،
رۆڵی بەرچاو و گەورەیان هەبووە لە پێشخستن و گەشەپێدان ئەدەبیات و زمانی کوردی.
ئەوان بوون زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانیان لە باشووری کوردستاندا پێشخست و کردیانە
زمانی « نووسین و رۆژنامە و ئەدەب و سیاسەت و زانست و هونەر» لەسەر دەستی ئەم
مامۆستایانە زمان و ئەدەبیاتی کوردی گەشەیکرد.
خاڵێکی
دیار و هاوبەشی ئەم نوخبەیە ئەوەیە، بەشی زۆریان لە یەکێتیی سۆڤێتی جاران
خوێندویانە و لە سەرەتای تەمەنیاندا چەپ و کۆمۆنیست بوون. یەکێتیی سۆڤێت بەگشتی
هەڵوێستی باش نەبووە بەرامبەر بە گەلی کورد، بەڵام لە پاش شۆڕشی 14ی تەموزی 1958
ەوە لەگەڵ باشبوونی پەیوەندی نێوان عیراق و سۆڤێت، یەکێتی سۆڤێت دەرگای زانکۆکانی
بۆ خوێندکاری عیراقی کردەوە تاوەکو لەوێ بخوێنن، ئەمەش بووە هۆی پێگەیاندنی
نەوەیەکی نوێی خوێندەواری عیراقی، کە بە زانستی نوێ ئاشنا بوون، خۆشبەختانە بەشێک
لە خوێندکاری کوردیش شانسی ئەوەیان هەبوو بچنە سۆڤێت و خوێندن تەواو بکەن، ئەمانیش
کاتێک دەگەڕێنەوە، سوودی زۆر بە ئەدەبیاتی کوردی دەگەیەنن و نوخبەیەکی رۆشنبیری
کوردی پێکدەهێنن، کە جیاوازە لە قۆناغەکانی تر.
خاڵێکی
هاوبەشی تر ئەوەیە کە زۆربەیان لەسەرەتای تەمەنیاندا، سەر بە رەوتی چەپگەرایی بوون
و ئەندام یان دۆستی حزبی شیوعی عیراقی بوون، بیری چەپگەرایی کاریگەری گەورەی بەسەر
شێوازی بیرکردنەوەو نووسین و کارەکانیانەوە هەبووە.
خاڵێکی
جوانی تری ئەم نوخبەیە ئەوەیە کە رۆڵی داهێنەرانەیان لەناو ئەدبیاتی کوردیدا
هەبووە، لەسەر دەستی ئەمان پەخشانی کوردی گەشەی سەند، جا پەخشانی سیاسیی یان
ئەدەبی و هونەریی بێت. لە بواری رۆژنامەگەریشدا هەرهەموویان رۆڵی گەورەیان هەبووە
لە پێشخستنی رۆژنامەگەری کورد. جگە لەوەش لەسەر دەستی ئەمانیش کۆمەڵێک رێکخراوی
گرنگ دروست بوون، لەپێش هەموویانەوە» یەکێتی نووسەرانی کورد، کۆڕی زانیاری کوردی»
کە هەردووکیان رۆڵی بەرچاویان لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی هەبووە.
خاڵێکی
جوانی تریش کۆکردنەوەو رزگارکردنی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی بوو، بەتایبەتی خامەی
شاعیرانی کۆنی کورد، لەسەر دەستی ئەمان بوو، ئەمان ئێمەیان بە بەرهەمەکانی « نالی،
گۆران، مەحوی، حەمدی، قانیع، بێکەس» ئاشنا کرد، بەتایبەتی مامۆستا « محەمەدی مەلاکەریم»
چ خۆی چ» مەلا عەبدولکەریم مودەریس» باوکی رەحمەتی، رۆڵی گەورەیان گێڕا لە
پاراستنی ئەدبیاتی کلاسیکی کوردی.
هەر
ئەمانیش بوو کە وایانکرد زمان و کەلتووری کوردی لەناو خەڵکیدا بەگشتی و گەنجانیش
بەتایبەتی خۆشەویست بێت و گرنگی پێبددەن. جگە لەوەش عەشقی خوێندنەوەی کتێبیان
لەناو نەوەی نوێدا چاند، لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا، خۆشەویستی بۆ کتێب و
چاپەمەنی کوردی زۆر بوو، بەتایبەتی لەناو گەنجاندا، لەو سەردەمەدا گەنجەکان بە
شەوقەوە کتێبەکانی نووسەرانی دەکڕیی و زۆرجاریش لە کتێبخانەکان سەرە بۆ کتێب
دەگیرا، بە واتایەکی تر کتێب و نووسین بەهایەکی پیرۆزی لای خەڵكی بەگشتی و گەنجان
بەتایبەتی هەبوو.
لەهەمانکاتیشدا
ئەمانە «مامۆستا « بوون بە مانای تەواوەتی، هەوڵیان دەدا نەوەی نوێ فێری شتی نوێی
بکەن، لەهەمانکاتیشدا رۆحێکی گەورەی هاوکاری و یارمەتیدانیان و دەستگیرۆییان
هەبوو، سەدان نووسەر لەسەر دەستی ئەوان فێری نووسین بوون، حەوسەلەی گەورەیان
هەبوو، بۆ راستکردنەوەی هەڵە و پێداچوونەوەی کاری نووسەرانی تر، بەداخەوە ئەم رۆحە
لەناو نووسەرانی ئێستادا کەمترە.
هەروەها
ئەم نوخبەیە لەناو زۆرینەی خەڵکیدا ناسراو بوون، گوێ بۆ راوبۆچوونەکانیان دەگیرا،
ئەمەش وایکرد بوو کە ئەهلی قەڵەم و رۆشنبیر لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا مایەی رێز و
شانازی بێت، بەداخەوە ئێستا پێگەی نووسەر و رۆشنیبران لەناو کۆمەڵگەدا رۆژ لەدوای
رۆژ کەمتر دەبێتەوە.
ئەوان
لە ساڵانێکدا ژیان، کە کتێب بە تیراژێکی زۆر چاپ دەکرا و کتێبەکانیان فرۆشی زۆری
هەبوو، لەناو خەڵكیدا مایەی رێز و شانازی بوون، ئەمانەش بۆ نووسەر زۆر گرنگە و
هاندەرێکی گەورەیە بۆیان، بەداخەوە ئێمە ئەو ساڵە زێڕینانەمان نەبینی، ئێستا
تیراژی کتێب بەرێژەیەکی ترسناک کەمبۆتەوەو نووسەرو ئەهلی قەڵەمیش ئەو پێگەیەی
جارانی نەماوە.
بەدڵنییایەوە
ئەم نوخبە نووسەرانە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پێشخستنی ئەدەبیاتی کوردیدا،
لەهەمانکاتیشدا مامۆستایەکی گەورەی ئێمە بوون و زۆر شتیان فێرکردووین. بە کۆچی
دوایی دکتۆر کەمال مەزهەریش، کۆتایی بە نوخبەیەک و قۆناغێکی زێرینی مێژووی
ئەدەبیاتی کوردی دەهێنرێت، بەداخەوە کاتێک سەیری رەوشی ئێستای نووسین و کتێب
دەکەم، زۆر گەشبین نیم بە داهاتووی نووسین و ئەدەبیات لە هەرێمی کوردستاندا.