کوبا و کۆرۆنا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2020-04-08     752

لەوانەبێت خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ناونیشانە بپرسێت ناوی ڤایرۆسێکی کوشندە چ پەیوەندییەکی بە وڵاتێکی جوانی ئەمریکای لاتینەوە هەیە؟! بەڵام گەر سەیری هەواڵەکانی ئەم چەند مانگەی پێشوو بکەیت، لە چەندین شوێنی جیهان، هەواڵی گەیشتنی هاوکاری مرۆیی کوبی و تیمی پزیشكی کوبی دەبیستیت، جا لە ئەوروپا بێت یان لە چین و ئێران و وڵاتانی عەرەبی بێت. پرسیاری گرنگیش لێرەدا ئەوەیە، باشە وڵاتێکی بچووک کە ماوەی شەست ساڵێک دەبێت لە ژێر گەمارۆیەکی قوورسی ئابووری و سیاسی و تەکنەلۆژیدا بێت، چۆن دەتوانێت هاوکاری وڵاتانی جیهان بکات، لە کاتێکدا تەواوی وڵاتە مەزنەکانی جیهان ناتوانن هاوکاری یەکتری بکەن لەم تەنگەژە گەورەیەدا؟
هەروەها ئایا کوبا چی هەیە کە بیدات بە جیهان؟ وە بۆچی ئەم هاوکارییە دەنێرێت؟! کوبایەک کە ژمارەی دانیشتوانەکەی هێندەی قەزایەکی چین نابێت،ئابوورییەکی هێندەی شارێکی ئیتالیا نەبێت، چۆن دەتوانێت هاوکاری بۆ چین و ئیتالیا بنێرێت؟! لە ماوەی پێشوودا لە بەشێکی زۆری میدیای جیهانی باسی رۆڵی کوبا لەم تەنگەژەیە کرا، هەمووشی بە باشی وەسفی دەکات جگە لە ئەمریکا نەبێت. هەمووکاتێکیش دەوڵەتان لە تەنگەژە گەورەکاندا رۆڵیان دەردەکەوێت، لێرەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوەو چەند زانیارییەک دەربارەی ئەم وڵاتە بەخوێنەری کوردی بددەم، هە لەناو چەندە میدیای کوردیدا باسی ئەم لایەنە نەکرا و زیاتر باسی وڵاتە زلهێزەکان کرا.
بەداخەوە بەگشتی خەڵکی لای ئێمە زانیاریی زۆر کەمیان لە بارەی ئەم وڵاتەوە هەیە، ئەوەشی زانیاری هەبێت زۆر سنووردارە، کاسترۆ دەناسن، دەشزانن کە وڵاتێکی کۆمۆنیستییە، ئەوەشی ئەهلی مەشروب و جگەرەکێشان بێت، دەزانێت کە کوبا سیگاری باش و مەشروبی هاڤاناشی هەیە و تەواو. بەڵام ئەم وڵاتە زۆر خاڵی جوانی تری هەیە، کە باس ناکرێت.

 


وڵاتێکی بچووک لەپەنا زلهێزێكی گەورەدا
کوبا یەکێکە لە وڵاتە بچوکەکانی کیشوەری ئەمریکای لاتین، رووبەری گشتی ئەم وڵاتە 109.884 کم چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 12 ملیۆن کەس دەبێت. لە رووی ئابووریەوە زۆرباش نییە کۆی گشتی داهاتی ئەم وڵاتە 8.433 ملیارد دۆلارە، زیاتر پشت بەهەناردنی نیکڵ و شەکر و سیگار و داودەرمان دەبەستێت و لەم چەند ساڵەی پێشوودا کەرتی گەشتیاری پێشکەوتوە، بەتایبەتی لەپاش کەمێک ریفۆرم و کرانەوەی بە رووی جیهان. هەروەها رەوەندێکی زۆری کوبا لە ئەمریکا دەژین کە ژمارەیان دەگاتە سەرو یەک ملیۆن کەس، واتە نزیکەی 10% دانیشتوانی کوبا دەکات و ساڵانە پارە بۆ خێزانەکانیان دەنێرن، ئەمەش تاڕادەیەک رۆڵی لە داهاتی کوبا هەیە.
کێشەی گەورەی ئەم وڵاتە دراوسێیەکی گەورە و خراپی هەیە ئەویش ئەمریکایە، لە پاش شۆڕشی 1956 و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنیستەکان بەسەرۆکایەتی کاسترۆ و گیڤارا، بەتەواوەتی پەیوەندییان تێكچوو. هەرچەندە لەسەردەمی ئۆباما پەیوەندییەکان ئاسایی بۆوە، بەڵام بەهاتنە سەرکاری ترەمپ، دووبارە پەیوەندییەکان تێكچووەوە.

 


سێ خاڵی بەهێزی کوبا
بەهەرحاڵ لێرەدا بواری باسکردنی مێژووی کوبا نییە، دیارە حکومەتی کوباش لایەنی خراپی هەیە وڵاتێکە یەک حزب حوکمی دەکات و ماوەیەکی زۆریشە بنەماڵەی کاسترۆ حوکمی وڵات دەکەن، بەڵام لە ماوەی ئەم شەست ساڵەی کاسترۆ و کۆمۆنیستەکان، چەند لایەنێکی باشیان هەبووە، دەتوانم باسی سێ خاڵی گرنگ بکەم.
یەکەم: ئەم وڵاتە لەچاو وڵاتانی تری ئەمریکای لاتین، باندی مافیا و بازرگانی بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەری تێدا نییە، بەداخەوە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەمریکای لاتین بە گەورە بچووک و دەوڵەمەند و هەژارەوە، بەدەست ئەم کێشە گەورەیە دەناڵێنن، بەڵام کوبا ئەم کێشەیەی نییە، ئەمەش خاڵێکی جوان و بەهێزیەتی.
دووەم: توانی بەسەر نەخوێندەواری زاڵبێت و ژمارەیەکی زۆری ئەکادیمیش دروست بکات، بە تایبەتی لە رووی پزیشك و کارمەندانی تەندروستیی، کە لە ئێستادا بوونەتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئەم وڵاتە.
سێهەم : خاوەنی سیستەمێکی تەندروستی زۆر باشە، بۆ نموونە بۆ هەر 1000 کەس، 75 دکتۆری بەردەکەوێت، کوبا لەم لایەنەوە لە ریزی پێشەوە دەوڵەتانی جیهان دێت و لە پێش دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکاش دێت. لە رووی منداڵ مردنیش بۆ هەر 1000 منداڵ ، رێژەی 5% هەیە لە کاتێکدا ئەمریکا کە یەکەمین زلهێزی ئابوروی جیهانە رێژەی مردنی منداڵ تێیدا 6.6%.

 


نەرمە هێزی کوبا
سیستەمی تەندروستی کوبا وەکو دەڵێن Soft power " هێزی نەرم یان ناسکی" ئەم وڵاتەیە، زۆرجاریش وەکو سیاسەتێکی ئابووری بەکاریدەهێنێت، بۆ نموونە لە کاتی سەرۆکایەتی هۆگۆ شاڤێز لە ڤێنزوێلا، رۆژانە ڤێنزوێلا 80 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ کوبا دەنارد، لە بەرامبەردا کوبا 30 هەزار دکتۆر و مامۆستای بۆ نارد، هەردوولاش سوودیان وەرگرت، چونکە ئەو بڕە نەوتە توانی ئابووری کوبا بەهێز بکات، لەبەرامبەریشدا شاڤێز توانی لە رێگەی دکتۆر و مامۆستای کوبیەوە، بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی جیبەجێبکات و خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی بکات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەماوەی پێشوودا ناردنی هاوکاری مرۆیی و پزیشكی بۆتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەکی کوبا، کاسترۆ نازناوی " سوپای بەدلە سپییەکان" بۆ دانابوون. کاسترۆ بە تەجروبە بۆی دەرکەوت ناردنی ئەم بەدلە سپییانە لە ناردنی بەدلە خاکییەکان" سەرباز" بۆ وڵاتان باشترە و چ لەرووی سیاسیی و ئابوووریشەوە، سوودی زیاتری پێدەگەیەنێت، لەکاتێکدا ناردنی سەرباز و چەک بۆ وڵاتان تووشی کێشەی گەورەی کرد و زەرەری زۆری لێدا.
لە ساڵی 1963 ەو ەهەتاوەکو ئێستا حکومەتی کوبا 600 هەزار شاندی پزیشكی بۆ 164 دەوڵەتی جیهان ناردووە، ئەمەش بەتایبەتی لە کاتی روودانی کارەساتەکاندا، هەمیشە کوبا ئامادە بووە پزیشک و پێداویستی پزیشکی بۆ ئەو وڵاتانە بنێرێت، لە هەموو کارەساتێکدا کوبا ئامادەیە یارمەتی بنێرێت. جگەلەوەش لە ئێستادا نزیکەی 30 هەزار دکتۆری کوبی لە 67 دەوڵەتی جیهان کار دەکەن، ئەمەش چ لە رووی ئابووریی و چ لە رووی سیاسەتی دەرەکییەوە سوود بە کوبا دەگەیەنێت.
لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا، یەکەمین دەوڵەت کە هاوکاری بۆ چین نارد کوبا بوو، پاشانیش هاوکاری بۆ ئێران نارد، ئیتالیا زۆر بەخراپی تووشی ئەم ڤایرۆسە بوو، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا پشتیان تێکرد و دەرگایان بەروودا داخست، بەڵام کوبا لە پێش وڵاتانی ئەوروپا یارمەتی بۆ ئیتالیا نارد، بۆ ئیسپانیاش کە ماوەیەکی زۆر داگیرکەری کوبا بوو، بۆ سربیا، هەمووکاتێکیش میدیاکانی جیهان بە گرنگییەوە باسی ئەم شاندانەی دەکرد، کاتێک تیمی کوبی گەیشتە سربیا، سەرۆکی سربیا خۆی پێشوازی لە تیمەکە کرد، لە ئیتالیا و ئیسپانیا زۆر بە گرنگیەوە باسی ئەم تیمەی کوبا کرا. لە ئێستاشدا ئەڵمانیا دەیەوێت لەگەڵ کۆمپانییایەکی کوبی رێکبکەوێت، بۆ ئەوەی هەندێک دەرمانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لێبکڕێت، هەموو ئەمانەش ئیامجێکی جوانی بەم وڵاتە بەخشیوە.

 


دەرئەنجام
لە ئەزموونی کوبا ئەوە فێر دەبین، مەرج نییە هەر وڵاتێک دۆلار و نەوت و گازی نەبوو، ئیتر ناتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە کارەسات و تەنگەژە گەورەکاندا. هەروەها ئەوەشمان پێدەڵێت، سامانی گەلان تەنها بە بوونی نەوت و گاز و کارگە و یەدەگی دۆلار ناپێورێت، بگرە بوونی کەسانی ئەکادیمیی و پسۆر و زاناش، ئەمانەش سامانێکی گەورەی دەوڵەتانن، گەر حکومەتێکی حەکیم هەبێت، دەتوانێت بە باشترین شێوە سوود لە هێز و توانای مرۆیی گەلەکەی وەربگرێت.

 


سەرچاوەکان:
Kubas Ärzte könnten gegen Corona./1. www.dw.com
Länder mit der höchsten Ärztedichte weltweit /2. de.statista.com
Kuba/3. www.auswaertiges-amt.de
Kommt ein Corona-Medikament aus Kuba nach Deutschland?/4. www.dw.com

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×