پەیڤێک لە بارەی درامای خۆشی ژیانەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2021-04-17     902

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

وەکو هەوادارێکی هەمیشەیی دراما و سینەمای میسری، لە ماوەی پێشوودا سەیری درامای " خۆشی ژیان" م کرد، کە لە کەناڵی کوردسات پەخش کرا. بە بڕوای من ئەم درامایە، یەکێک بوو لەو دراما جوانانەی کە ئەم کەناڵە  ئەمساڵ پێشکەشی بینەرانی کردووە. بەداخەوە لە ئێستادا هێندە درامای ناخۆش و بێمانای تورکی هەیە، تەواوی کەناڵەکانی ئەم هەرێمەی گرتۆتەوە، زۆربەی ئەو درامایانەش، خزمەتی سیاسەتی فراوانخوازی  تورکیا دەکات لەناوچەکەدا.
درامای میسری خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیەتی، کە لە درامای تری جیهان جودای دەکاتەوە. لە بەشی زۆریاندا، پەیامێکی مرۆیانە دەبینین، کە ئامانج لێی چاککردنەوەو راستکردنەوەی ئەو هەڵسووکەوت و مامەڵە کۆمەڵایەتییە خراپانەن، کە کۆمەڵگەی میسریی و بەشێكی زۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  پێوەی دەناڵێنێت. هەرچـەندە ئەوانیش جارجار درامای خراپ بەرهەم دەهێنن، بەڵام دەتوانین بڵێین زۆربەیان کاری هونەری جوانن و خاوەنی پەیامێکی گرنگی  مرۆیین.

ناوەڕۆک و پەیامی دراماکە
جوانی و گرنگی ئەم درامایە خۆی لە ناوەڕۆكی سەرەکی دراماکەدا دەبینێتەوە،  کە باسی ژیانی ئەو کەسانە دەکات کە تووشی نەخۆشی " ژێرپەنچە " دەبن. بەراستی چ سیناریۆکە و  چ ئەکتەر و  ستافی بەرهەمەهێنەر، زۆر بە جوانی توانییوویانە، ئەو پەیامە جوان و گرنگە بە بینەر بگەیەنن کە ئەویش خۆی لە چۆنێتی ژیان و هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەوربەر و بیرکردنەوەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە دەبن. بەتایبەتی ئەکتەرەکان، زۆر بەجوانی رۆڵەکانین بینیبوو بەتایبەتی هەردوو پاڵەوانی سەرەکی "ئەمینە و سەلیم ". رۆڵی ئەمینە  ئەکتەری ناسراوی عەرەبی " هیند سەبری" دەیبینی، کە بەراستی بەوپەڕی جوانیی و کارامەییەوە توانیویەتی رۆڵەکە بەرجەستە بکات و تێکەڵی کەسایەتییەکە ببێت. سەرەتا و کۆتایی دراماکەش بە ئەمینە  دەستپێدەکات، کاتێک ئەمینە دەزانێت  تووشی نەخۆشی ژێرپەنچە بووە، بە تەواوەتی ژیانی تێکدەچێت، لەوکاتەدا خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ زەماوەندەکەی، بەڵام لەپڕ هەواڵی نەخۆشبوونی پێدەگات، بە تەواوەتی نەک ژیانی  خۆی بەڵکە ژیانی بنەماڵەکەشی تێکدەچێت.
دواتر کاتێک دەستگیرانەکەی بەم هەواڵە دەزانێت، پاش ماوەیەکی کەم وازیلێدەهێنێت، ئەمەش هێندەی تر ژیانی ئەمینە تێکدەدات.  بەڵام چ  نەخۆشییەکە و چ نەمانی دەستگیرانەکەی، کۆتایی بە ژیانی نایەت، لێرەدا سیناریستەکە هیوایەک بۆ ئەمینە  و ژیانی نوێ دروستدەکات، کە ئەویش ناسینی " سەلیم"ە کە ئەکتەری ناسراوی عەرەبی "زافیر عابیدن" رۆڵەکە دەگێڕێت، ئەمیش زۆر بە جوانی توانیویەتی رۆڵەکە بگێڕێت. کاتێک ئەمینە، سەلیم دەناسێت، کە ئەویش تووشی نەخۆشی ژێرپەنچە بووە، لە بێئومێدی رزگاری دەبێت و دووبارە هەست بە خۆشی ژیان دەکەنەوە.
خاڵی گرنگ لەم درامایەدا، گەیاندنی پەیامی "ژیاندۆستیی"  و دژایەتییکردنی " مەرگدۆستییە". لەهەمانکاتیشدا لە رێگەی ئەم درامایەوە ئێمە ئاشنا دەبین بە ژیانی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی ژێرپەنجە دەبن، تاچەندە ئەم نەخۆشییە کاریان تێدەکات، نەک تەنها لە رووی جەستەییەوە بەڵکە لە رووی کۆمەڵایەتییشەوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەم درامایە پێماندەڵێت، ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشیییە دەبن، تەنها خۆیان ئازار ناکێشن، بەڵکە کەسە نزیکەکانیشیان لەگەڵیان ئازار دەکێشن، بەتایبەتی دایک و  باوک و خوشک  و براو  هاوڕێ نزیکەکانیان.
ئێمە هەر لەناونیشانی دراماکەوە تێدەگەین، کە ئەم درامایە گوزارشت لە خۆشی ژیان دەکات و دژی مەرگدۆستی و رادەستبوونە بە نەخۆشیی و مەرگ، لەهەمانکاتیشدا ئەم درامایە توانیویەتی گرنگیی و پیرۆزی رۆحی بەرەنگاری لە ناخی مرۆڤدا پیشانی بینەران بددات، پێشمان دەڵێت چەندە کارەساتبارە، کاتێک مرۆڤ خۆی رادەستی نەخۆشیی ومەرگ و بێ ئومێدیی بکات.
لەم درامایەدا نەخۆشخانە و بازنەی نەخۆشانی تووشبوی ژێرپەنجە، دەبنە مەیدانی سەرەکی دراماکە، ئەمینە و سەلیم بازنەیەکی کۆمەڵایەتییان هەیە، کە هەموویان لە تووشبوانی ژێرپەنجە پێکدێن، ئێمە لە رێگەی ئەم بازنەیەوە، ئاشنا  دەبین بە شێوازی ژیان  و هەڵسووکەوت و چۆنێتی بیرکردنەوەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. لە هەمووشی گرنگتر هەست و سۆزێکیشیمان بۆ ئەو کەسانە دەجووڵێنێت، کە رووبەروی ئەم نەخۆشییە مەرگئامێزە بوونەتەوە.
لە رووی نمایش و تەکنیکیشەوە بەراستی دراماکە سەرکەوتوبوو، بەتایبەتی ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم درامایە، زۆر بە جوانی رۆڵەکانیان گێڕاوە. جێگەی ئاماژەیە "هیند سەبری" بۆ ئەم  درامایە، پرچەکانی خۆی تاشیبوو، کە ئەمەش بۆ ژنێکی ئاساییی بڕیارێکی قوورسە چ جای بۆ ئەکتەرێکی دیاری سینەمایی، کە رۆژانە میدیاکانی هەواڵەکانیان بڵاودەکاتەوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، چەندە گرنگە ئەکتەر بەشێوەیەکی فعلی تێکەڵی کەشووهەوای ئەو رۆڵە بێت کە دەیگێڕێت، دەبێت ئەکتەر بەشێوەیەکی سروشتیی و راستیی رۆڵەکە بەرجەستە بکات.  ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر دەچێتە قاڵبی قووتابخانەی "سروشتگەراییی" لە ئەدەب و شانۆدا کە نووسەری ناوداری فەرەنسی " ئێمیل زۆلا" دامەزرێنەری بوو.
جێگەی ئاماژەیە ئەم درامایە  لە رەمەزانی  ساڵی 2017  لەکەناڵە عەرەبییەکان پەخش کراوەو لە بنەڕەتیشدا لە درامایەکی مەکسیکی وەرگیراوە.
لە رووی وەرگێڕان و دوبڵاژیشەوە، مایەی دەستخۆشیی لێکردنە بەراستی ئەو ستافەی ئەم کارەیان وەرگێڕاوە، سەرکەوتووبون لە وەرگێڕانەکە و تێکەڵبوونی رۆڵە سەرەکییەکان.  لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لەکەناڵی کوردسات بکەین، هیوادارین لە پەخشکردنی لەمجۆرە درامایانە بەردەوام بێت.  

سەرچاوە:
www.youm7.comهند صبري تستعيد ذكرياتها مع مسلسل "حلاوة الدنيا" وتوجه سؤالا لمتابعيها.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×