خاوەن پرۆژەكانی هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكانی كوردستان چییان وتو چییان كرد؟!
عەلی مەحمود
2019-01-18   1280
ئەمساڵ 10 ساڵی تەواوە جوڵیەكی بەبەرهەم لەكوردستاندا دروستبووە لەپێناو دادپەروەری لەدابەشكردنی سەروەتو سامانو كەمكردنەوەی جیاوازی موچەو نەهێشتنی خانەنشینی پلە باڵاكانو ئیمتیازاتەكانیان، كاردانەوەكان بەرامبەر بە داخوازی ئەم بزووتنەوەیە توانی روی راستەقینەی هەمووان لەهەڵوێست و بەڵێن و پرۆژەكانیان ئاشكرا بكات، ئەمرۆ خواستی دادپەروەری ئابووری بەهۆی ئەو جوڵانەوە بۆتە خواستی گشتی و نەمانی متمانە بە بەڵێنی هەڵخەڵەتێنەری پۆپۆلیستیانە.
دوای 10 ساڵ لەم داواكاریانە، جێی خۆیەتی بپرسین، باشە چۆن متمانە بە قسەو بڕیارو یاساكانی پەرلەمانی كوردستان بكەین كە گیرفان و ورگ خەونی یەكەمی پێكهاتەكانی بێت، لە تارمایی شاراوەداو لە ژێرەوە دەبێت لە گەڵ چەند لە دانا غازەكانی ناوخۆیی و دەرەكی رێكەوتبێتن و دیسانەوە لە خزمەتی گیرفان و ورگ، چۆن متمانە بەمانە بكەین دادپەروەر بن و یاسای دادپەروەرانە بۆ كۆمەڵگا بنووسنەوە كە خەونی یەكەمیان خۆیان و دواتر دوكانە سیاسییەكەیان كە ناوی حیزبە بێت، كە بۆتە ئامرازی خۆژیاندن و دەوڵەمەندكردن و پاراستنی دەسەڵات، چۆن لە ئێستا بەدواوە باوەڕ بە لافاوی پرۆژە درۆزنانە كانیان بكەین و شەویش لە بەر درۆكانی سەر شاشەكانیان دابنیشین، كە یەكەم یاسایان بودجەی حیزبەكانیان بوو هەرچەندە یەكەم بەڵینی پیش دەرچونیان رەتكرنەوەی موچەی فەلەكی فیرعەونی خۆیان بوو، ئەگەر دە خولی دیكەو دە جاریش بچونایەتە پەرتوكی گینزەوە بەلایدا ناچوون،
ئەمانە تەنها خۆیان خانەنشین نەبوون بگرە لە گەڵ خۆیان یەك سوپا لە كوڕو براو زاواو خەزور و برازاو خوارزایان بە تەمەنی هەرزەكاریەوە خانەنشین كردووە بە ناوی حیمایەو شۆفێرییەوە، ئەمانە نەبوونە باوكی خەڵك و دەنگدەرانیان، تەنانەت ئەو گەنجانەی شەو رۆژ دەنگیان بۆ كۆدەكردەوە، تەنها باوكی كەسوكاری خۆیان و هاوسەرەكانیان بوون، تەنها باوكی كوڕو زاواو خەزورەكانیان بوون.
زۆریان پێش گەیشتن بە پەرلەمان باسی نەهێشتنی خانەنشینی پلە باڵاكانیان دەكرد و پرۆژەیان دەنوسییەوەو بەڵێننامەیان واژۆ دەكردو سوێندی ئاینی و نیشتمانیان دەخوارد تا ئاستی گۆڕی شەهیدان و قوربانیان و هەموو موقەدەساتێكیان تێپەڕاند, بەڵێنەكان گەیشتنە ئاستی هەڵنەمژینی ئۆكسجینی ناو پەرلەمان, ئێستا بۆمان دەركەوت خول لە دوای خول تەڵەكابازترو فێڵبازتر دەردەچن, لە خولی رابردووەوە 16 تەڵەكەباز بۆ هەوێنی فرت و فێڵ بۆ ئەم خولە ماونەتەوە, بە كردارەكانیان دیموكراسی درۆزنانەی نوێنەرایەتیشیان خستە ژێر پرسیارەوە, تا كار گەیشتە سەر ئەوەی كەمتر لە نیوەی خەڵكی كوردستان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی رابردوو, ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی متمانە بە سستەم و قسەو بەڵێن و كردارو درۆو پرۆژەكانیان, ئەوانەشی چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان زۆرینەیان لەوانەن لە سایەی دەسەڵاتدا توانیویانە موچەیەك بپچرنەوە بۆ خۆیان وەك خەڵك نەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە لە سایەی ئینتمایەكی نا مەبدەئی بۆ دەسەڵاتداران, ئەوانەی هیچیان نییە باوەڕیان بەوە نەما گروپێك بازرگانی سیاسەتی دیكە دەوڵەمەند بكەن, زیاتر لە 90%یان لە ماڵەكانیان دەرنەچوونە دەرەوە, زەماوەندی دیموكراسی رۆژی هەڵبژاردنیان گۆڕی بۆ زەماوەندی مانگرتن, ئەمەش پەرچە كردارێكی هوشیارانەی چینایەتییە لە بەرامبەر گەندەڵی و درۆی پۆپۆلیزم.
دەمەوێت لە كۆتاییدا هەڵوێستی خۆم لەسەر كۆی ئەو بابەتانەی كە تایبەت بە خانەنشینی پلە باڵاكان و وەرگرتنی 6 موچەی كۆتایی دەرببڕم:
1- وەرگرتنی موچەی 6 مانگ لە لایەن وەزیرو پلە باڵاكان و پەرلەمانتارانەوە بێ پاشەكەوت, بۆ خۆی جیاكردنەوەی ئەم توێژەیە لە خەڵك و كارێكی نا دادپەروەرانەیە, كە بە یاسای نا عەدالەتی دەسەڵاتداران رێكخراوە.
2- وەرگرتنی لە لایەن ئەو پەرلەمانتارانەی دەرچونەتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان, گەندەڵی و نا عەدالەتییە, گەندەڵییە چونكە خانەنشین نەبوونە وەریان گرتووە, نا عەدالەتییە چونكە زۆرەو بە یاسای نا دادپەروەرانە كە خۆیان بۆ خۆیان و لە خزمەت خۆیان نووسیویانەتەوە وەریدەگرن, هاوكات بێ پاشەكەوتیشە جیاكارییكردنە لە گەڵ عامی خەڵكی.
3- وەرگرتنی لە لایەن ئەو پەرلەمانتارانەی بۆ پەرلەمانی عێراقی ەرچونەتەوە, دووجار گەندەڵی نا دادپەروەرانەیە, دەبوایا بیان زانیایە كاری ئەوان لە كوردستان تەواو بووە و نابێت هیچكە دەست بۆ قوتی خەڵكی كوردستان ببەن, هاوكات خانەنشین نەبوونە و لەو بەغدایەی ئەوان بوونە بە پارێزەری یاسا تیایدا شتی عاجباتی وا نەبووەو ناشبێت.
4- ئەوانەی وەریانگرتووەو دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان گەندەڵی و نا عەدالەتییە, چونكە ئەو 6 موچەیە تەنها بۆ ئەوانەیە خانەنشین دەبن.
5- ئەوەی خانەنشینی وەرناگرێت و موزایەدە دەكات بەناوی گەڕانەوە بۆ سەركاری پێشوو, وەلێ لە ژێرەوە خۆی بۆ پۆستی باڵا هەڵگرتووە كارێكی بێ ئەخلاقی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان دەكات لە ژێر ناوی دادپەروەریدا.
6- ئەوانەی پێشتر پەیمانیان دابوو, سوێندیان بە بەها باڵاكان خواردبووو هەمووو ئیمتیازات و خانەنشینیەك رەتبكەنەوە, ئێستا پەیمان شكێنی دەكەن, یان ئەوانەی بەڵێنیان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دابو, یاخود واژۆیان لەسەر پرۆژە یاساكان بۆ هەڵوەشاندنەوەو چاكسازی خانەنشینی پلە باڵاكان كردبوو, كاری نا ئەخلاقی دەكەن پشت بكەنە قسەو بەڵێنەكان رابردویان .
لە كۆتادا دەڵێم ئێمەش ئەوەندە خۆشباوەڕین هەموومان بە وتەكانی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كەوتینە سەماو روبارێك دەستخۆشیمان بۆ نووسی, سەبارەت بە پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی عێراقی كە دادگای باڵای فیدراڵی دەریكرد, لە كاتێكدا خۆی پۆستەكەی بە 30 ملیۆن دۆلار كریوەو دەیەوێت كەلەبەرێكی گەندەڵییەكانی خۆی بەو موزایەدەیە پڕ بكاتەوە, دادپەروەری ئەركی جێبەجێكردنی بە گەندەڵكاران ناكرێت, وەك چۆن لە كوردستان نەكرا ئاواش لە عێراق ناكرێت, با هیچكە بە بەڵێنی دزو گەندەڵ و ...... هەڵنەخەڵەتێین .