جینۆسایدی ئەرمەن‌و گرتنی مار بەدەستی كورد

عەلی مەحمود
  2021-04-23     1220
لە لایەكەوە دەیانەوێت  زۆرینەی  سوارەی حەمیدییە بكەنە كوردو لەوێوە تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكان بەسەریدا ساغ بكەنەوە 1, واتە مارەكە بەدەستی كورد بگرن, لە لایەكی دیكەوە كەوتونەتە هۆنینەوەی مێژوویەك كە تا ئێستا بۆ ئێمە نەزانراو بوو, سێ سەدە دوای نووسینەوەی شەرەفنامە1596- 1597, كۆمەڵێك تاوانی گەورە, دەجار بە ئەندازەی ئەنفال, لەو دەڤەرە گوایە رویداوە, بەڵام هیچ شوێنەوارێكی لە نووسین و یاداشتی خودی هاووڵاتیانی ناوچەكە دیار نییە, سەیرەكە لەوەدایە مێژووەكەشی تەنها 3 بۆ 4 نەوە دوورە.
لە ساڵی 2016  نووسەری میسری ئەحمەد عەبدالواحێد شەرقاوی نزیك لە رژێمی ئیسلامی توركیا, پەرتوكێكی بەناوی “مژابح اڵارمن چد اڵاتراك فی الوپائق العپمانیە والروسیە واڵامیركیە” نووسی, وەك پەرچەكردار بەرامبەر بەو هەڵمەتە جیهانیەی بۆ پشتیوانی لە دۆزی جینۆساید ئەرمەن بەڕێكرا, ئەم پەرتووكە بووە مانفیستۆی وەڵامدانەوە بەدەستی ئیسلامی سیاسییەوە بەرامبەر جینۆسایدی ئەرمەن, چونكە ئەوان لەم بەرەیە هەموو لە سەنگەری عوسمانییەكانەوەن, نووسەر لە پەرتوكەكەیدا باسی كۆمەڵێك پێشێلكاری دەكات كە بەشی زۆری ناوچە كوردییەكانی باكوری كوردستان دەگرێتەوە, كە گوایە ئەرمەن و سوپای روسیا ئەنجامیان داوە, وەلێ لە راستیدا سوپای روسیا نەك تەنها گەیشتە بەتلیس و قارس, بەڵكە شاری خانەقینیشی داگیركرد نەخوازەلا رۆژهەڵات و  مەریوان و رەواندزیش, بۆیە دەبێت  لە هەموو ئەو شوێنانە بەدوای پێشێلكارییەكاندا بگەڕێین, ئەمە مێژووە.  
ترك پرێس وەك سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراو ئاماژە بە  پەرتوكەكەی الدكتور أحمد عبدالوهاب الشرقاوی  دەكات , گوایە  لە نێوان ساڵانی 1914 بۆ 1921دا, چەكدارە ئەرمەنەكان 518105 ژن و منداڵی توركیان كوشتووە , بەشی زۆری كورد بوونە  2؟, ئامارێكی سەیرە؟؟, گرنگی ئامارەكە  لەوەدایە كۆتاییەكەی ئەمجارە  بە كۆمەڵە سفرەكان نایات, ئێمە لەم سەردەمە, لە وڵاتی خۆمان لە  مێژووی دووری تەنها نەوەیەك, لەناو ماڵەكەی خۆمان هێشتا نەمان توانیووە ئاماری  قوربانیانی هەڵەبجەو ئەنفال و  بارزانی و فەیلی بكەین, ئەویش لە دوری هەزاران كیلۆمەترو میل و ماوەی زیاتر لە سەدەیەك ئەم ژمارەیەمان پێشكەش دەكات, لە دڵسۆزییەوە نا, بەڵكە دەیەوێت مارێكی دیكە بە دەستمان بگرێت و بمانكات بە گژی ئەرمەنەكانا. 
كەچی  كاندیدێكی دكتۆرای كوردیش لە یاسا, ژمارەكە بەرز دەكاتەوە بۆ پێنج ملیۆن كەس, تەنها قوربانیانی ناوچەی بەتلیس   دەگەیەنێتە 400000كەس" بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین باس لەو قەتڵوو عامەی بکەن کە ئەرمەنەکان بە یارمەتی رووسیا بەرانبەر بە موسڵمانان وە گەلی کورد ئەنجام دا لە ساڵی ١٨٢٣ تا ١٩٢١. لەو ٥ ملیون موسلمانەی کە ئەرمەن قەتڵوو عامی کرد، نزیکەی یەک ملیونو نیو بۆ دوو ملیونی کورد بوون. 
تەنھا لە ناوچەی تەبلیسی باکووری کوردستان زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کورد کوژران؛ وە ژنە کوردەکان یەکەم دەست درێژی یان دەکرایە سەر دواتر دەکوژران؛ منداڵ، پیر، جوان. ئەمە شتێک نی یە کە تێروانینی خۆم بێت؛ بەڵکوو بەڵگەکانی وڵاتانێ رووسیا؛ فەرەنسا؛ بەریتانیا وە ئەمریکا؛ ئاماژەیان بەو قەتڵوو عامە کردوە لەلایان ئەرمەنەکانەوە. لە شەری جیھانی یەکەمدا؛ لە کۆی دانیشتوانی شاری وان؛ تەنھا ٦٪‏ لە دانیشتوانی ئەو شارە رزگاریان بوو. ھەموویان لەلایان ئەرمەنەکانەوە قەتڵوو عام کران. 
 " 3, لێ كە  پشكنین  بۆ  ژمارەی دانیشتووانی شاری بەتلیس دەكەیت لەو مێژووانەدا, ژمارەی دانیشتووانەكەی لە 12000  بۆ 30000 تێپەڕی نەكردووە, لە ساڵانی نێوان 1800 بۆ  1900  4 , تەنانەت لە بەشە توركیەكەی ویكپیدیاشدا ئاماژە بە كۆكوژی وا هەر نەكراوە 5 ", ئەمەیە  لە مەلەكی مەلەكی تر.    
كەچی  لەو بەروارانەدا ناوچەی بەتلیس  دوو راپەڕینی دژ بە عوسمانلییەكان بەخۆوە بینیووە شەرەفخان لە بەتلیس 1831  و یەزدانشیر 1851 6.


هەرچەندە شەڕە ئاینی و نەتەوەییەكان ناوچەكە لە لایەن ئەرمەنیشەوە, ئەوكاتەی دەسەڵاتداربوونە لە پێشێلكاری زەق بێبەری نەبووە, شەڕەكانی قەرەباغ لە گەڵ ئازەرباینجان كە پارساڵ رویدا, سوتاندنی ئەو شارو گوندانەی بەجێیان هێشت دەچنە چوارچێوەی تاوانە زەقە نێودەوڵەتیەكانەوە, ئازەریەكانیش بەهەمان شێوە تاوانی مەزنتریان ئەنجامدا لە هەمان جەنگدا, دەشێت لەوكاتانە پێشێلكاری زەقتر ئەنجامدرابێت, چونكە شەڕە ئاینییەكان و شوێنەوارەكانی جەنگی جیهانی یەكەم گوڵ دابەش نەكراوە, بەلكە ئەو سوراییە خوێن بووە جیهانی داگرتووە نەك گوڵ, لێ ئەمە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی وردو پشكنینی بەڵگەنامەكان هەیە, بێ ئەوەی دەست بۆ مارێك ببەین وەك تەڵە نراوەتەوە بە دەستی ئێمە بگرترێت.


رێگا راستەكە كامەیە؟؟

دان نان بە حەقیقەتی یاسایی هەر تاوانێك لە هەر كونجێكی جیهان بگوزەرێت, ئەركێكی ئەخلاقی و ویژدانییە, ئەگەر هەل نەمابێت بۆ راگرتنی, هەنگاوێكە بۆ بەرەو روبونەوەی تاوانە مەزنەكان لە جیهاندا بۆ ئایندە , نموونە ئۆرۆگوای وەك یەكەم وڵات لە ساڵی 1965ەوە دانی ناوە بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكان، كە هیچ پەیوەندیەكی بە دۆسیەكەوە نییە. یان كۆریای باشورو سوئید و كەنەداو هۆڵەنداو ... كە هەڵوێستی باشیان لەسەر دۆسیەكانی ئەنفال و هەڵەبجە هەبووە, یاخود هۆڵەندا بازرگانێكی چەكی كیمیاوی هاووڵاتی خۆی بەناوی فرانس ڤان ئانرات لە بەرامبەر هاوبەشیكردنی لە تاوانی هەڵەبجە سزای 16,5 ساڵ زیندانی دەدات, بەهۆی ئەوەی چەكی كیمیاوی فرۆشتبوو بە رژێمی پێشووی عێراقی, ئەم هەنگاوە وەك ئەركێكی دادپەروەرانەیە. تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانیش هیچ نەبێت ئەوەندە بە كوردەوە دەبەسترێتەوە، كە لەسەر خاكی ئێستای كوردستان ئەنجام دراوە,چۆن قوربانیانی تاوانی كۆمەڵكوژی رۆهینجا دوای ئاوارە بوونیان بۆ بەنگەلادیش دۆسیەكەیان جوڵێنرا لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە, چونكە ئاوارەی وڵاتێكی ئەندامی دادگاكە بوون. بۆیە ئەركی ئەخلاقی گەلی كوردە وەك گەلێكی جینۆسایدكراو دان بەو تاوانەدا بنێت وەك تاوانی جینۆساید, چۆن ئێمە خۆمان سواڵی ئەم داوایە لە جیهاندا دەكەین, پێویستیشە  وەك دانان بە هاوشێوەكانی لە جیهان بەرەو روی ببینەوە.


جینۆسایدی ئەرمەن و بەرپرسیارێتی كورد
رێگات بكەوێتە مۆنمێنتی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا, تژییە لە وێنەی ئەفسەرو سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان, كە بەشێوەی دڕندنە و وەك جەلادی دڵڕەق دەركەوتوون و وێنا كراون, وەك بەشداربوویەكی چالاك لە جینۆسایدكردنیان نیشان دراون, ئەم وێنانە بونەتە بەشێك لە یاداوەری ئەو گەلە, رۆژانە نیشان دەدرێت و لە گەڵیدا تەبلیغ دەكرێت, وێنەی دەرەبەگ و سەرۆك خێڵ و شێخە كوردەكان, كە هیچ پەیوەندیەكان بە خەڵكە عامیەكەوە نییە و هەمیشە كەمینەی چەوسێنەرن بەرامبەر بە زۆرینەی خودی نەتەوەكەی خۆشیان, بەڵام دەسەڵاتدار و قسە رۆیشتوو یبوون, " بە هەمان شێوە زۆرینەی ناوانی ئەنفالچی داواكراوی كورد ئاغاو شێخ و سەید و كوێخا و سەرەك خێڵن" ئەم یاداوەرییە رەشە بە سانایی لە بیری ئەرمەنەكان ناسڕدرێتەوە, بە دیدار و مجامەلەی كاتی دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە كۆتایی نایات, لەبەردەم هەڵوێستدا ڕامان دەگرێت, نابێت تا كۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لە ترسی هەڵوێست دەربڕین و خۆ شاردنەوە لە راستییەكان, نابێت باجی دڕندەیی و تاڵان و بڕۆی ئەو ئاغاو دەرەبەگ و پیاوانی ئاینی و  سەرۆك خێڵانە, زۆرینەی خەڵك بیدات, نابێت باجی تاوانەكانی سەردەمی شەڕی دڵڕەقانەی ئاینەكان ئێمە بیدەین, پێویستە هەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكان رابردوو, ئەویش داننانە بە راستییەكان وەك ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە, نەك وەك ئەوەی دەمانەوێت و پینەو پەڕۆی بكەین, یاخود ناسیۆنالستە توندڕەوەكانی ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن, یان وەك ئەوەی ناسیۆنالستەكان هەردوولا كردویانە بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پوچونەكانیان, هەمیشە دیلی خەونی مەزن خوازین, یان ئەوانەی دەیانەوێت شەڕی ئاینەكان هەڵگیرسێننەوە, لە بری مرۆڤایەتی بمانكەنە دیلی هەڵوێستی هاوئاینی و بمانبەنە سەنگەری تاوانكارانەوە, دەبێت رێگا لە دەمارگیرە ئاینی و نەتەوەییەكانی هەردوولا بگرترێت, نەوەكو  نەوت بە ئاگری رابردوودا بكەن, ئێستامان بسوتێنن.
ئەرمەنەكان لە پاڵ  دەوڵەتی توركیا سەرۆك عەشیرەتە كوردەكانی باكور و سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی سوریاو توركمان و چەركەس و قەرەجەكان بە هاوبەشی تاوان دەزانن, بەڵام لە راستیدا ئەوان بەشداری تاوانن نەك هاوبەش, چونكە بڕیار بە دەست و نەخشە داڕێژەر نەبوونە, تەنها جێبەجێكار بوونە, ئەدی ئێمە وەڵاممان چییە لە بەرامبەر ئەم تۆمەتباركردنە كە پێگەكانی ئەنتەرنێت و ویكپیدیا پڕ كراوە لەم زانیاریانە ؟. 



وەڵامی سۆزداری چارەسەر نییە, لێرە یاسا, مێژوو و ئامار كاری خۆی دەكات,
هەروەها  نكۆڵیكردن درێژەدانە بە تاوان, رێگە گرتنە لە سارێژ بوونی برینەكانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باوباپیران و گواستنەوەیەتی بە نەفەقێكی تاریكدا بۆ نەوەی نوێ. 
گەلی كورد بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, چونكە هاوبەش نییە لە بڕیاری تاوان, خاوەند دەوڵەت نەبووەو بڕیار بەدەست نەبووە, سوارەی حەمیدیەش لەسەر خواست و  داوای ئەو دروست نەكراوە, گروپێكی چەكداری بچووكی كرێگرتە بوونە, لە پێكهاتەی جیا پێك هاتوونە, بڕیارەكانیشی بە دەست خۆیان نەبووە, جێبەجێكار بوونە, بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین هەزاران هاووڵاتی كورد لە ریزی سوپای عوسمانیدا بوونە بەشداری تاوان بوونە, هاوشێوەی جاشە كوردەكان لە باشوور كە بەرپرسیاری راستەوخۆی زۆرینەی تاوانەكانی ئەنفالن, ئەو ئاغاو دەرەبەگانە وەك بەشێك لە سوپای عوسمانی بەشدار بوونە لە تاوانەكە, بەشێكیان ناوی خۆیان ناوە سوارەی حەمیدییە, وەك كەس بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆیان, لە چەشنی جاشە كوردەكانی ئەنفال, لەوانەیە ئەم بۆچونەش جێگای رەزامەندی بەشێك لە ئەرمەنەكان نەبێت, كە خەون بە خاكێكەوە دەبینن بەشێك لە دانیشتووانەكەی كە هاونەتەوەی ئەوانن  قڕ كراون, واقعێك تازە لەسەر زەوی هاتۆتە پێشەوە, پەرتووكە مێژووییەكان ناتوانن چارەسەری بكەن, چۆن ناسیۆنالستێكی كورد خەون بە كورد بوونی شاری كەركوكەوە دەبینێت, بەردەوام لە گێڕانەوەی حەكایەتە مێژوییەكاندایە, بەڵام رەقیبی بەهێزی لەمڕۆدا بۆ خاوەنداری شارەكە بۆ پەیدا بووە, بارودۆخ واقعێكی نوێی هێناوەتە پێشەوە.

وەك ئەركێكی ئەخلاقی كورد دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە و راستی مێژویی تاوانەكان بنێت, وەك چۆن ئێمە داوادەكەین كەیسەكانی جینۆسایدمان بە جیهان بناسرێت, ئەوانیش مافی خۆیانە داوامان لێبكەن, هەرچەندە ئێمە دەستپێشخەریمان كرد لە یادی 100 ساڵەی تاوانەكە, 49 پەرلەمانتاری كوردستان دانیان نا بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە كە جینۆسایدە, شانازیشە كە من هەڵمەتەكەم ئەنجامدا”, پێویستیشە راستیەكان دەربخرێن ئەو كوردە خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەكە بناسرێن, ئەگەر نەوەكانیشیان وەك بەشێك لە نەوەی نازییەكان كە داوای لێبوردن دەكەن بەرامبەر تاوانەكانی باو باپیرانیان, ئەوە هەنگاوێكی مرۆڤدۆستانەیە, وە پێویستە ئەوانە  ئاماژەیان وەك بەشداربووی تاوان پێبدرێت, لە مێژوودا وەك تاوانبار بناسرێن, دەبێت جێگاو رێگای مرۆڤەكان لە مێژوودا وەك خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سەردەمی بە پیرۆزكردنی پاشا كۆرەكان بە كۆتا گەیشتووە, ئێستا سەردەمی دادگاییەكانی تاوانەكانی رابردووە و داوای لێبوردنكردنە لە دڕندەییەكان نەوەكانی پێشوو,  هەڵتەكاندنی نووسینەوەی مێژووەكان رابردووە, داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنچینەی مرۆڤایەتی,  ئەوێ رۆژێ هەندێك جەنگ بە پیرۆز دەزانرا, ئێستا بە پێی بنەما كانی مافی مرۆڤ تاوانی قێزەونن, تاوان پیرۆزی نەماوە, بە هەمان شێوە  بۆ سارێژ بوونی برینەكانی رابردوو كە زادەی شەڕە ئاینی و نەتەوەییەكان بوونە, پێویستە ئەوانیش دان بنێن بەو پێشێلكاریانەی لە لایەن ئەوانەوە كراوە, دوور لە دروستكردنی مێووی ساختە, خوێندنەوە بۆ روداوە تاڵەكانی سەردەمی شەڕی ئاینەكان بكرێت, هەر لایەنە بە پێی بەشی خۆی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
بە پێی بۆچونی كوردبێت چەكدارانی كورد لە ریزی سوپای حەمیدییە رێژەیان لە نێوان 10 بۆ 15% بووە, وەك ئاماژەی پێ دراوە: “لەمێژوودا ئەرمەنەكان چەند جارێك كەوتونەتە بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆسایدكردن كەدیارترینیان لەساڵی (1915) لەلایەن توركە عوسمانیەكانەوە ئەنجام دراوە. كورد هەرچەندە خۆشی بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆساید كەوتووە، بەڵام تێوەگلاوە لەجینۆسایدكردنی ئەرمەنەكان بەهۆی بەكارهێنانیان وەكو جاش و بەكرێگرتە لەلایەن عوسمانییەكانەوە (نزیكەی لە%15 سوارەی حەمیدیە كورد بووە).هەرچەندە كورد بەتایبەتی كۆنگرەی نەتەوەیی و پەكەكە چەند جارێك داوای لێبوردنیان لەئەرمەنەكان كردووە،بەڵام ئەرمەنەكان بەتایبەتی لەئەرمینیا زۆر دەمارگیرو ڕەگەزپەرستن بەرامبەر بەكورد- لاپەڕە هەڵنەدراوەكان هەر جارەی لاپەڕەیەك-ئەرمەنەكان و گولەنییەكان-ئامادەكردنی: مامۆستا پێشڕەو (پێشڕەو ئیسماعیل)” ,”سوارەی حەمیدییە كە لە ساڵی 1891بە فەرمانی سوڵتان پێكهێنرا لە (ئەلبان و چەركەس و كورد) نەك بەتەنیا كورد، لە باسكردنی ژماەی سوارەی حەمیدیدا زۆر نووسەر كەوتوونەتە هەڵەوە دەڵێن: سوارەی حەمیدی هەمووی كوردبوون، ئەمەش بەپشتبەستن بە سەرچاوە توركەكان بووە، بەڵام ئەمە دوورە لەڕاستییەوە، راستییەكەی ئەوەیە كە رۆبەرت ئۆڵسن باسیكردووە كە دەڵێت: ژمارەی سەربازی سوارەی حەمیدی بریتیبوو لە (53) هەزار، محەممەد رەسوڵ هاوار لەكتێبەكەیدا (كورد و باكووری كوردستان بەرگی یەكەم) ناوی نووسەرێك بەناوی (مەروان ئەلمدەوەر) دێنێت و دەڵێت: نووسەر ئاماژە بەوەدەكات كۆی ژمارەی كورد لە سوارەی حەمیدی تەنها (10) هەزار كەسە نەك هەمووی كورد بووبن، ئەمەش كەسانی ماستاوچی و بەرتیلخۆری وەك( ئاغا و دەرەبەگی دژە كورد و ئەرمەن) ئەمانە چەند زیانیان بە ئەرمەن گەیاند زۆر لەوەزیاتر زیانیان بەخودی كوردەكان گەیاندووە،-پەیوەندی كورد و ئەرمەن-بێتاوانی كورد لە جینۆسایدی ئەرمەن-نووسینی: ئارام مەجید شەمێرانی”., ئەرمەنەكان بۆخۆشیان هەموو سوارەی حەمیدییە بە كورد نازانن, بەڵكە بە زۆرینەی دەزانن لەناو پێكهاتەكان, دان بەوەشدا دەنێن ئەو هێزە بۆ بەرەو روبونەوەی روسیا پێك هاتووە, بە تایبەت لە جەرگەی جەنگی جیهانی یەكەمدا, نەك بۆ گیان ئەوان, گوایە لە كورد و چەركەس و تورك و توركمان و قەرەج پێك هاتووە, رۆڵیان زیاتر لە رۆڵی جانجویدەكانی دارفۆر دەچێت”https://ar.wikipedia.org/wiki “.,  هەندێك لە فەرماندەو سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە وەك بەشێك لە سوارەی حەمیدیە, بەڵام بەشێوەی سستامتیك وەك بڕیاردەر كوردەكان بەشداریان نەكردووە لە تاوانەكە, چونكە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, ئەوەی كراوە وەك نۆكەری و بەشداری بووە لە تاوانەكە, یاخود لە ژێر كاریگەری بیری ئاینیدا وەك بەشێك لە بڕیارەكانی  خەلافەت لە ئەستانەوە ئەنجامدراوە, كە دواتر پەلامارەكان سەرجەم كریستان و ئێزیدیەكانی هەرێمەكەی گرتۆتەوە, بۆیە تاك لایەنە نابێت سەیری روداوەكان بكرێت.
نابێت هەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراكانی پۆڵەندا و فەرەنساو .... هتد دوبارە بكرێتەوە لە نكۆڵیكردن, دەبێت بە سنگێكی فراوانەوە ئامادەی دیالۆگ بین, لە كاتێكدا خۆمان قوربانی جینۆسایدین,” دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی فەرەنسی نكۆڵی هۆلۆكۆست دەكات, دەڵێت بە بەشێك لە وردەكاری جەنگی جیهانی دووەمی دەزانین, تەنانەت لە یاداشتەكانی بە توندی داكۆكی لە فلیپ بیتان سەرۆكی حكومەتی فیشی پاشكۆی هیتلەر دەكات لە فەرەنسا, حكومەتی راستگەرای پۆڵەنداش بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەوانە دەركردووە كە هەندێك لە هاوكارانی پۆڵەندی نازیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست, ئەمەش وەك داكۆكیكردن لە كەرامەتی نیشتمانی دەزانن, ئەمە بۆخۆی نكۆڵی تاوانی هاوبەشانی نازییەكانە و داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەكان, دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێز لێنانی بەخشی بە میلواراد دودیك سەرۆك ئەركانی سوپای بۆسنە كە نكۆڵی كۆمەڵكوژی سربرنیتشا دەكات, نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی ئەمانەی دەوێت, لە كوردستانیش بهانە بۆ تاوانەكانی پاشای كۆرە دەهێنرێتەوە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان, تاوان لە چ ژینگەو چوارچێوەی بەهانەیەك ئەنجام بدرێت تاوانە, دادپەروەری مامەڵە لە گەڵ ئەنجامەكان دەكات نەك بهانەكان .
نكۆڵیكردنی تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بەشێوەی نەرم, مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ دەگات بە حەقیقەتەكانی ڕابردوو, سەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەكان بەسەر چووە, پیرۆز كردنی دڕندەیی لە هیچ چوارچێوەیەكی ئاینی یان ناسیۆنالستی جێگای نەماوە, بۆیە رۆژێك زووتر دان نان بە حەقیقەت ئارام بەخشترەو جوانكردنی سیمای گەلە, كریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد دەڵێت “زانیارییە زۆرو زەبەنەكان لە سەردەمی ئەنتەرنێت, هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكات, پێویست بە زانست و تیۆری ناكات”, بۆیە نكۆڵی كردن وەك سەركردنە ژێر لمە لە سەردەمی ئەنتەرنێت و زانیارییە بێ كۆتاكاندا.
نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی چاوی مرۆڤەكان لە ئاست دانان بە راستیەكان و حەقیقەتی مێژویی كوێر دەكات, مرۆڤایەتی لە بیركردنەوەدا دەكوژێت, هەڵوەدای پاكیزەیی نەتەوەو ئاینە, بۆیە بە نەنگی دەزانێت دان بە ناشرینیەكان رابردوودا بنێت, مەلای خەتێكان تازە پاكژ نابنەوە لە هەمبەر مێژووی كورددا بە گزگلەكان.
سەیری هەڵوێستی ناسیۆنالیزمی تورك موتوربە كراو بە ئاین بكەن, بڕواننە هەڵوێستە شەرمەزاریەكانیان نەك لە شاری قۆنیای, بگرە لە لاهای و برۆكسل,لە 2ی حوزەیرانی 2016 دا, بۆندستاغی ئەڵمانیا دانی نا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, پێشتریش بەلجیكا هەمان هەنگاوی نابوو, ئەوەی لای من گرنگە لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیكا, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیكە ژنی حیجاب نەتەوەیی ئیسلامی, هەردوكیان لە دایك بووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوان, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی حەقیقەتەكان, بە بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و ئێسك و پروسكە هەژێنەرە هەڵوێست وەردەگرێت و ئینكاری تاوان و عەدالەت و حەقیقەت دەكات, چاو دادەخات و كاروانی قوربانیەكان نابینێت.
جیم ئۆزدەمیر لە دایك بووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەسی توركیا, سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007 بە پێی بڕگەی 301ی دەستوری توركیا سزا درابوو, بە تاوانی پێشێلكردنی ( یاسای سوكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە تاوانە دان بە كۆمەڵكوژی لە توركیا بنرێت وەك ئەوەی لە پۆڵەندای ناو یەكێتی ئەوروپا پەسەندكرا, ج ئۆزدەمیرو و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەكان كە هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری گەورەی ئەرمەنی هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادراوە, واتا ئەوەی جیناتی مرۆڤبوونی هەڵگرتبێت دەبێت سزاكەی بخوات, ج ئۆزدەمیر پارتەكەی بە بۆنەی یادی 101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی 2016 دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانی لە توركیا بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ گوێی نەدا بە هەڕەشەكان لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركە ساتی پێش دەنگدانەكە وتی: ( 80-90%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەرمەن, 98%ی پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكە لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت, ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەكەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی بە رابردووی خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قەبوڵ بكرێت وەك خۆی.
تەواو پێچەوانەی ئەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە وڵاتەكەی خۆی ئەنجامی داوە, خاتوو ئۆزدەمیر لە دایك بووی 7ی دیسەمبەری 1982ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەر لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDH هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی كردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ بداتەوە سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری 29ی ئایاری 2015 لە پارتەكەی دەركرا, ئەمەش روداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی دڵخۆشكەر بوو, لیژنەی ئەخلاقی پارتی ناوبراو نای.
هەر لەم پەیوەندیەدا لە رێكەوتی 24ی نیسانی 2015 كە یادی 100 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان, 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لەو خولەكە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكا راگەیەنرا بۆ گیانی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری 100 ساڵەی تاوانەكە, خۆیان لە دانیشتنەكە دزییەوە, ئەمە چ كارێكی نا ئەخلاقیانەیە, سەیر كەن ئاین شەو رۆژ ئیدعای رەوشت دەكات, كەچی هەندێك جار دەبێتە فاكتەر بۆ كاری نا ئەخلاقانە, بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی, توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبردو وەك قارەمان ناساندیان, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی سومەیە هاتنە سەرخەت بە توندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نوسیبوویان “ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە” شەرەف لای ئەوان داكۆكیكردنە لە دڕندەییەكانی رابردوو و غروری نەتەوەیی و ئاینی.
هەر لەم بارەیەوە رۆژی پێنج شەممە بەرواری 22ی شوباتی 2018, پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی 142 دەنگ لە كۆی 150 دەنگ, بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, هاوكات بڕیاری دا وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەند 5 ساڵ جارێك بەشداری مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەكە بكات, لە پڕۆسەی دەنگدانەكە 3 پەرلەمانتار دژ بە بڕیارەكە وەستانەوە, ئەوانیش هەر سێكیان بە رەگەز تورك بوون” Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk” لە پارتی ” DENK “, , لە كاتێكدا پارتی ناوبراو خۆی بە چەپ و سۆسیال دیموكرات دەزانێت و لە 9ی فیبریوەری 2015 لە پارتی كاری هۆڵەندی جیابوەوە, سەرجەم چەپەكانی دی ناو پەرلەمان دەنگیان بە بەڵێ بوو بۆ بڕیارەكە, ئەم بەناو سۆسیال دیمكراتانە وابن, ئەدی دەبێت هەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامیەكان چۆن بێت؟.
نموونە جوانەكانیش هەن وەك ئاماژەمان بە هەندێكین كرد, دنیا هەمووی روە تاریكەكە نییە, ئەگەر كەمینەش بن, وەلێ بەڵگەو داكۆكیەكانیان دەرخەری راستیەكان و دادپەروەرییە, نموونەیەكی دی لەو جوانیانە هەیە, لە سەرەتای ساڵی 2020 سەرۆكی فەڕەنسا دەستخۆشی لە تانەر ئەكچام مێژووناسی تورك كرد, كە لە پەرتوكێكدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان”, ئیمانۆئێل ماكرۆن وتی:” پەرتوكەكەی ئەكچام دانپـیادانانێكی زانستیانەیە بەو تاوانە كە بە ڕێكخراوەیی ئەنجام درابوو، وە ئەو ڕاستیانەی ئاشكراكرد كە هەندێك دەیانویست ونی بكەن و نكۆڵی لە مێژوو بكەن, مێژوو لەسەر بنەمای درۆ نانووسرێتەوە.” ئەنجومەنی ئەرمەنەكان CCAF لە میانەی كۆنگرەكە مەدالیای ئازایەتیـیان بەخشیـیە تانەر ئەكچام.
پرۆفیسۆر تانەر ئەكچام زیاتر لە 35 ساڵە لەسەر پرسی جینۆساید كارە كات, مێژوونووس و سۆسۆلیجستە, لە زانكۆی كلارك لە ئەمەریكا كار دەكات, توێژەری باڵایە لە سەنتەری هۆلۆكۆست, دوو پەرتوكی لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن نووسیووە ” اوامر قتل و الفعل المشین ”, بابەتی لەسەر جینۆسایدی كوردیش هەیە, دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بە تاكە رێگای دوبارە نەبوونەوەی جینۆسایدی كورد دەزانێت, هاوكات 9 ساڵ لە زیندانەكانی توركیا بووە بە تۆمەتی سەرنووسەری گۆڤاری لاوانی شۆڕشگێڕی چەپگەرا.
رۆژی سێشەمە بەرواری 17ی یەنایەری 2018, پەرلەمانی ئەرمینیا دانی نا بە جینۆسایدی ئێزیدیەكان, دەكرێت ئەم هەنگاوە بكرێتە سەرەتایەك بۆ دان نان بە حەقیقەتەكانی رابردوو و سارێژ كردنەوەی برینە قولەكان, هەرچەندە ئەوان بۆچوونی تایبەتیان لەسەر دۆزی ئێزیدی هەیەو دای دە بڕن لە كۆی گەلی كورد.
لە كۆتادا دەڵێم ئایا دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشكچی و هادی عەلەوی و كازم حەبیب و ئەحمەد تورك و ئەحمەد ئاڵتان و تانەر ئەكچام و ئۆرهان بامووك و ...., یان باخچەلی و میشل عەفلەق.....و نموونەكانیان, مێژوو پڕە لە هەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داهاتوو بۆ نموونە دگمەنەكانی بەشی یەكەمە, لە كردنەوەی گرێكانی گرێ كوێرەكانی مێژوو, زۆر لە مرۆڤە موقەدەسەكانی رابردوو وردو خاش دەكات, مرۆڤە پیرۆزەكانی رابردوو زۆریان وەك پاشای كۆرە لە ئاست گەورەیی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان لە پیرۆزی دادەماڵرێن و چاوەڕوانی دادگایی مێژوو دەكەن, بۆیە با چاوەڕوان بین مێژوو خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێت و سەرلەنوێ بنووسرێتەوە, با ئێمەش بچینە پاڵ ئەو گەل و وڵاتانەی دانیان ناوە بە جینۆسایدی هۆلۆكۆست و ئەرمەنەكاندا, نكۆڵی لەوتاوانانە سزا بدرێن, گوڵ هەر لەوێیە با سەمای بۆ بكەین, وەلێ  ئەستەمە جارێ  بتوانین, چونكە  تا هەنووكە نكۆڵیكردن لە  جینۆسایدی  ئەنفال  و ئێزیدی  و  بارزانی و هەڵەبجە ئاساییە لە كوردستان.



سەرچاوەكان :
1-https://muslims-res.com/%D9%82%D8%B6%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B1%D9%85%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D8%AA%D8%B1%D8%A9-%D8%AD%D9%83%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%84%D8%B7%D8%A7%D9%86-%D8%B9%D8%A8%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AD/
2-  2https://www.turkpress.co/node/58066
3- 3-  https://www.facebook.com/soran.khedri/posts/10158337404797318
4-https://wikiwic.com/%D9%85%D8%AF%D9%8A%D9%86%D8%A9-%D8%A8%D8%AA%D9%84%D9%8A%D8%B3-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7/
5-https://tr.wikipedia.org/wiki/Bitlis_(il) 
6-https://www.peyserpress.com/detail/3811

مێژووی کورد و کوردستان لە توێژینەوەی زانایانی روسدا‌
 پەیسەر
نووسینی: ئەسعەد رەشیدی
وەرگێڕانی: شەهرام عەبدوڵڵا
 كۆمەڵێك لینكی دیكە بۆ ئاگادار بوون لەم هەوڵەی حكومەتی توركیا بۆ تێوە گلانی كورد   https://www.facebook.com/Turkey.Ottomany.Kurdish/photos/242515084202953 https://www.facebook.com/Turkey.Ottomany.Kurdish/photos/242832900837838
https://tr.agency/news-95194
https://www.youtube.com/watch?

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×