چیرۆكی دەرماڵەی پەرلەمانتارانو سوتاندنی بێوەژنە ژنە هندییەكان
عەلی مەحمود
2020-01-17   799
تا ساڵی 1828 لەوڵاتی هیندستان ئەگەر پیاو بمردبایا ئەوە ژنەكەشیان بەزیندویی بەزۆر بەدەم شیوەن و گریانەوە لەگەڵ پیاوەكەدا دەسوتاند, لەمیسری كۆنیشدا ئەگەر فیرعەون كە پۆستی سەرۆك بوو نەك ناوی كەس بمردبایا ئەوا لەگەڵ خۆیدا زێڕو زیوو شتە بەنرخەكانیان لەگۆڕەكەی دادەنا, تا لەجیهانی داهاتوودا بەكاریان بهێنێت, ئەم جۆرە نەرێتانە باو بوونە تا ماوەیەكی زۆر.
ئێستا پەرلەمانو وەزیرەكانی ئێمەش هەروا دەكەن، لەگەڵ خۆیاندا نەسریەكان و حیمایەكانیشیان كە كورو زاواو خەزورو براو برازای خۆیانن لەگهڵ خۆیاندا دوای خانەنشینیەكەیان دەیبەن, من باسی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و جێگرەكانیان ناكەم ئەوانە ماڵی قارونیان هەیەو منەتیان بەو موچەو نەسریەو شتانە نییە.
لەهەموو دنیا بەم وڵاتەشەوە دادپەروەری و ئەزموون وایە خانەنشین لەسەر بنچینەی موچەی بنەڕەتی خۆی خانەنشین دەبێت, كە ئەوەی هەیە لە كوردستان زیاترە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان, هەرچی دەرماڵەی میوان و لیژنەو هاتوچۆیە " سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری 4,5 ملیۆن دینارە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری 4 ملیۆن دینارە، سکرتێری پەرلەمان 3,350 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی میوانداری پەر\لەمانتاران یەک 1,5 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی هاتووچۆیان 1 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی لیژنە 500هەزار دیناره" , ئەم دەرماڵانە پەیوەندیان بە كاتی كاركردنیانەوە هەیە لەو شوێنە, كە كار نەما ئەو نەسریەو مەترسی و موخەسەساتانە پێویستە ببڕدرێت, لەبەر ئەوەی لەبەرامبەر كارەكە بۆیان دابینكراوە, بەڵام بۆ پەرلەمانتارو وەزیر و ئەنجومەنی دادوەری لە كوردستان دوای خانەنشینین بۆنیان بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت , میوانانەو لیژنانەو هاتوچۆیانەی خۆیان هەر وەردەگرن, هەقی وایە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستانن لەوێش سۆسیال وەردەگرن , خارجیانەشیان بدەنێ بۆ ئەوەی هاوكێشەكە تەواو بێت.
خاڵێكی دیكە ئەوەیە ئەم بەڕێزانەی پەرلەمان خۆیان لە باسكردنی لادەدەن موچە زەبلاحەكانی ئێستایانە , كە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان زیاترە نەك ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتانە, ئامادەم بە فاكت بیسەلمێنم, پێویستە ئەو موچەیەش بكەوێتە چوارچێوەی چاكسازییەوەو كەمبكرێتەوە بۆ نیوە , ئەگەر موچە بەرزەكان لە شوێن خۆیان بمێنن كەواتە هیچمان نەكردووە, چونكە جیاوازی بەرزترین و كەمترین لە شوێن خۆیان ماون, با هەر قەد ببڕین, گرنگ پۆپەی سەرەوەو رەگی خوارەوەیە, دوریان لە یەكتر كەمبكرێتەوە, كە قیاسی نا دادپەروەرریەكەیە, گرنگ كەمكردنەوەی جیاوازی زۆرترین و كەمترینە, ناوەند قورسایی لەسەر بودجەو نەهێشتنی دیاردەیەكی شاز هەیە, وەلێ بۆ عەدالەت گرنگترین شت كەمكردنەوەی جیاوازی كەمترین و زۆرترینە كە موچەی سەرۆكایەتی و پلە باڵاكانە لە گەڵ كەمترین موچە لە هەرێمی كوردستان كە چاودێری خێزانییە, دەبێت ئەو جیاوازییە كەمبكررێتەوە , بۆ ئەوەی نەڵێن لە كوردستان جیاوازی موچەی پەرلەمانتارێك و كەم ئەندامێك 116 جارە.
لە كۆتادا دەڵێم لە دوای سوێندی 12 پەرلەمانتارەكەی خولی پێشوەوە كە سیانیان ئێستا سەرۆكی لیستن, باوەڕم بە هیچ كەس نەماوە, بۆیە بۆ هیچ لێدوان و گفتێك ناكەومە سەما.