لەیادی 105مین ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكاندا

عەلی مەحمود
  2020-04-24     727
دان نان بەحەقیقەتی یاسایی هەر تاوانێك لەهەر كونجێكی جیهان بگوزەرێت, ئەركێكی ئەخلاقی و ویژدانییە, ئەگەر هەل نەمابێت بۆ راگرتنی, هەنگاوێكە بۆ بەرەو روبونەوەی تاوانە مەزنەكان لە جیهاندا, نموونە ئۆرۆگوای وەك یەكەم وڵات  لەساڵی 1965ەوە دانی ناوە بەكۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكان كە هیچ پەیوەندیەكی بە دۆسیەكەوە نییە, یان كۆریای باشورو سوئید و كەنەداو هۆڵەنداو... كە هەڵوێستی باشیان لەسەر دۆسیەكانی ئەنفال و هەڵەبجە هەبووە, یان هۆڵەندا بازرگانێكی چەكی كیمیاوی خۆی بەناوی فرانس ڤان ئانرات لەبەرامبەر هاوبەشیكردنی لە تاوانی هەڵەبجە سزای 16,5 ساڵ زیندانی دەدات, بەوەی چەكی كیمیاوی فرۆشتبوو بەرژێمی پێشووی عێراقی, ئەم هەنگاوە وەك ئەركێكی دادپەروەرانەیە , تاوانی كۆمەڵكوژی  ئەرمەنیەكانیش هیچ نەبێت ئەوەندە بە كوردەوە دەبەسترێتەوە كە لەسەر خاكی ئێستای كوردستان ئەنجام دراوە, چۆن قوربانیانی تاوانی كۆمەڵكوژی رۆهینجا دوای ئاوارە بوونیان بۆ بەنگەلادیش دۆسیەكەیان جوڵێنرا لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە, چونكە ئاوارەی وڵاتێكی ئەندامی دادگاكە بوون, بۆیە ئەركی ئەخلاقی گەلی كوردە وەك گەلێكی جینۆسایدكراو دان بەو تاوانەدا بنێت وەك تاوانی جینۆساید, چۆن ئێمە خۆمان سواڵی ئەم داوایە لە جیهاندا دەكەین.

رێگات بكەوێتە مۆنمێنتی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا, تژییە لە وێنەی ئەفسەرو  سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بەشێوەی دڕندە و وەك جەلادی دڵڕەق وێنا كراون, وەك بەشداربوویەكی چالاك  لە جینۆسایدكردنیان,  ئەم وێنانە بونەتە بەشێك لە زاكیرەی ئەو گەلەو رۆژانە پیشان دەدرێت و لە گەڵیدا تەبلیغ دەكرێت, وێنەی دەرەبەگ و سەرۆك خێڵ و شێخە كوردەكان كە هیچ پەیوەندیەكان بە خەڵكە عامیەكەوە نییە و  هەمیشە كەمینەی چەوسێنەرن بەرامبەر بە زۆرینەی خودی نەتەوەكەی خۆشیان, بەڵام دەسەڵاتدار و قسە رۆیشتوون, ئەم زاكیرە رەشە بە سانایی ناسڕدرێتەوە, بە دیدار و مجامەلەی كاتی دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە كۆتایی نایات, لەبەردەم هەڵوێستدا ڕامان دەگرێت, لە بەرامبەردا نابێت تا كۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لەترسی هەڵوێست دەربڕین و خۆ شاردنەوە لە حەقیقەت, نابێت باجی دڕندەیی و تاڵان و بڕۆی ئەو ئاغاو دەرەبەگ و سەرۆك خێڵانە عامیەی خەڵك بیدات, پێویستە هەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكان رابردوو, ئەویش داننانە بە راستیەكان وەك ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە نەك وەك ئەوەی دەمانەوێت و پینەو پەڕۆی بكەین, یاخود ناسیۆنالستە توندڕەوەكانی ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن, یان وەك ئەوەی ناسیۆنالستەكان هەردوولا كردویانە بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پوچەكانیان, هەمیشە دیلی خەونی مەزن خوازین, دەبێت رێگا لە دەمارگیرە ئاینی و نەتەوەییەكانی  هەردوولا بگرین نەوت بە ئاگری رابردوودا بكەن.

 ئەرمەنەكان  لە پاڵ توركیا سەرۆك عەشیرەتە كوردەكانی باكور و سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی سوریاو توركمان چەركەس و قەرەجەكان بە هاوبەشی تاوان دەزانن, بەڵام لە راستیدا  ئەوان بەشداری تاوانن  نەك هاوبەش, چونكە بڕیار بە دەست و نەخشە داڕێژەر نەبوونە, تەنها جێبەجێكار بوونە, ئەدی ئێمە وەڵاممان چییە لە بەرامبەر ئەم تۆمەتباركردنە كە پێگەكانی ئەنتەرنێت ویكپیدیا پڕ كراوە لەم زانیاریانە ؟., وەڵام سۆزداری داد نادات, یاساو مێژوو و ئامار كاری خۆی دەكات.

نكۆڵیكردن بۆخۆی درێژەدانە بە تاوان, رێگە گرتنە لە سارێژ بوونی برینەكانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باوباپیران و گواستنەوەیەتی بە نەفەقێكی تاریكدا بۆ نەوەی نوێ, گەلی كورد بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, چونكە هاوبەش نییە لە تاوان, خاوەند دەوڵەت نەبووەو بڕیار بەدەست نەبووە, سوارەی حەمیدیەش نە لەسەر داوای ئەو دروستكراوە, نە هەمووشی كورد بوونە, نە بڕیارەكانیشی بە دەست ئەوان بووە, بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین هەزاران  هاووڵاتی كورد  لە ریزی سوپای عوسمانیدا بوونە بەشداری تاوان بوونە, هاوشێوەی جاشە كوردەكان لە باشوور كە بەرپرسیاری راستەوخۆی زۆرینەی تاوانەكانی ئەنفالن, ئەو ئاغاو دەرەبەگانە  وەك بەشێك لە سوپای عوسمانی بەشدار بوونە لە تاوانەكە, بەشێكیان ناوی خۆیان ناوە سوارەی حەمیدییە, لەوانەشە بەهانەكانی منیش جێگای رەزامەندی ئەرمەنەكان نەبێت, كە خەون بە خاكێكەوە دەبین دانیشتووانەكەی قڕ كراون, چۆن ناسیۆنالستێكی كورد خەون بە كورد بوونی شاری كەركوكەوە دەبینێت, بەردەوام لە گێڕانەوەی  حەكایەتە مێژوییەكاندایە, بەڵام رەقیبی بەهێزی لەمڕۆدا  بۆ خاوەنداری شارەكە بۆ پەیدا بووە. 

وەك ئەركێكی ئەخلاقی كورد دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە بنێت, وەك چۆن ئێمە داوادەكەین كەیسەكانی جینۆسایدمان بە جیهان بناسرێت, ئەوانیش مافی خۆیانە داوامان لێبكەن, هەرچەندە ئێمە دەستپێشخەریمان كرد  لە یادی 100 ساڵەی تاوانەكە, 49  پەرلەمانتاری كوردستان دانیان نا بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە كە جینۆسایدە" شانازیشە كە من هەڵمەتەكەم ئەنجامدا",  پێویستیشە ئەو كوردە خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەكە بناسرێن, ئاماژەیان وەك بەشداربووی تاوان پێبدرێت, لە مێژوودا وەك تاوانبار بناسرێن, دەبێت جێگاو رێگای مرۆڤەكان لە مێژوودا وەك خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سەردەمی بە پیرۆزكردنی پاشا كۆرەكان بە كۆتا گەیشتووە, ئێستا سەردەمی دادگاییەكانی تاوانەكانی رابردووە و داوای لێبوردنكردنە لە دڕندەییەكان نەوەكانی پێشوو, ئەوێ رۆژێ هەندێك جەنگ بە پیرۆز دەزانرا, ئێستا بە پێی بنەما كانی مافی مرۆڤ تاوانی قێزەونن, تاوان پیرۆزی نەماوە.

 بە پێی بۆچونی كوردبێت چەكدارانی كورد لە ریزی سوپای حەمیدییە  رێژەیان لە نێوان 10 بۆ 15% بووە, وەك ئاماژەی پێ دراوە: "لەمێژوودا ئەرمەنەكان چەند جارێك كەوتونەتە بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆسایدكردن كەدیارترینیان لەساڵی (1915) لەلایەن توركە عوسمانییەكانەوە ئەنجام دراوە.كورد هەرچەندە خۆشی بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆساید كەوتووە،بەڵام تێوەگلاوە لەجینۆسایدكردنی ئەرمەنەكان بەهۆی بەكارهێنانیان وەكو جاش و بەكرێگرتە لەلایەن عوسمانییەكانەوە (نزیكەی لە%15 سوارەی حەمیدیە كورد بووە).هەرچەندە كورد بەتایبەتی كۆنگرەی نەتەوەیی و پەكەكە چەند جارێك داوای لێبوردنیان لەئەرمەنەكان كردووە،بەڵام ئەرمەنەكان بەتایبەتی لەئەرمینیا زۆر دەمارگیرو ڕەگەزپەرستن بەرامبەر بەكورد- لاپەڕە هەڵنەدراوەكان هەر جارەی لاپەڕەیەك-ئەرمەنەكان و گولەنییەكان-ئامادەكردنی: مامۆستا پێشڕەو (پێشڕەو ئیسماعیل)" ,"سوارەی حەمیدییە كە لە ساڵی 1891بە فەرمانی سوڵتان پێكهێنرا لە (ئەلبان و چەركەس و كورد) نەك بەتەنیا كورد، لە باسكردنی ژماەی سوارەی حەمیدیدا زۆر نووسەر كەوتوونەتە هەڵەوە دەڵێن: سوارەی حەمیدی هەمووی كوردبوون، ئەمەش بەپشتبەستن بە سەرچاوە توركەكان بووە، بەڵام ئەمە دوورە لەڕاستییەوە، راستییەكەی ئەوەیە كە رۆبەرت ئۆڵسن باسیكردووە كە دەڵێت: ژمارەی سەربازی سوارەی حەمیدی بریتیبوو لە (53) هەزار، محەممەد رەسوڵ هاوار لەكتێبەكەیدا (كورد و باكووری كوردستان بەرگی یەكەم) ناوی نووسەرێك بەناوی (مەروان ئەلمدەوەر) دێنێت و دەڵێت: نووسەر ئاماژە بەوەدەكات كۆی ژمارەی كورد لە سوارەی حەمیدی تەنها (10) هەزار كەسە نەك هەمووی كورد بووبن، ئەمەش كەسانی ماستاوچی و بەرتیلخۆری وەك( ئاغا و دەرەبەگی دژە كورد و ئەرمەن) ئەمانە چەند زیانیان بە ئەرمەن گەیاند زۆر لەوەزیاتر زیانیان بەخودی كوردەكان گەیاندووە،-پەیوەندی كورد و ئەرمەن-بێتاوانی كورد لە جینۆسایدی ئەرمەن-نووسینی: ئارام مەجید شەمێرانی"., ئەرمەنەكان بۆخۆشیان  هەموو  سوارەی حەمیدییە بە كورد نازانن, بەڵكە بە زۆرینەی دەزانن  لەناو پێكهاتەكان, دان بەوەشدا دەنێن ئەو هێزە بۆ بەرەو روبونەوەی روسیا پێك هاتوە نەك بۆ گیان ئەوان, گوایە لە كورد   و چەركەس و تورك و توركمان و قەرەج  پێك هاتووە, رۆڵیان زیاتر لە رۆڵی جانجویدەكانی دارفۆر دەچێت
"https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AC%D8%A7%D8%B2%D8%B1_%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%85%D9%8A%D8%AF%D9%8A%D8%A9 ".

" , هەندێك لە فەرماندەو سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە وەك بەشێك لە سوارەی حەمیدیە, بەڵام بەشێوەی سستامتیك وەك بڕیاردەر كوردەكان بەشداریان نەكردووە لە تاوانەكە, چونكە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, ئەوەی كراوە وەك نۆكەری و بەشداری  بووە لە تاوانەكە, یاخود لە ژێر كاریگەری بیری ئاینیدا وەك بەشێك لە خەلافەت ئەنجامدراوە, كە دواتر پەلامارەكان سەرجەم كریستان و ئێزیدیەكانی هەرێمەكەی  گرتۆتەوە, بۆیە تاك لایەنە نابێت سەیری روداوەكان بكرێت.

 نابێت هەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراكانی پۆڵەندا و فەرەنساو ...هتد دوبارە بكرێتەوە  لە نكۆڵیكردن, دەبێت بە سنگێكی فراوانەوە ئامادەی دیالۆگ بین,  لە كاتێكدا خۆمان قوربانی جینۆسایدین,  " دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی فەرەنسی نكۆڵی هۆلۆكۆست دەكات, دەڵێت بە بەشێك لە وردەكاری جەنگی جیهانی دووەمی دەزانین, تەنانەت لە یاداشتەكانی بە توندی داكۆكی لە فلیپ بیتان سەرۆكی حكومەتی فیشی پاشكۆی هیتلەر دەكات لە فەرەنسا, حكومەتی راستگەرای پۆڵەنداش بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەوانە دەركردووە كە هەندێك لە هاوكارانی پۆڵەندی نازیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست, ئەمەش وەك داكۆكیكردن لە كەرامەتی نیشتمانی دەزانن, ئەمە بۆخۆی نكۆڵی تاوانی هاوبەشانی نازییەكانە و داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەكان, دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێز لێنانی بەخشی بە میلواراد دودیك سەرۆك ئەركانی سوپای بۆسنە كە نكۆڵی كۆمەڵكوژی سربرنیتشا دەكات, نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی ئەمانەی دەوێت, لە كوردستانیش بهانە بۆ تاوانەكانی پاشای كۆرە دەهێنرێتەوە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان , تاوان لە چ ژینگەو چوارچێوەی بەهانەیەك ئەنجام بدرێت تاوانە, دادپەروەری مامەڵە لە گەڵ ئەنجامەكان دەكات نەك بهانەكان . 

نكۆڵیكردنی تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بەشێوەی نەرم, مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ دەگات بە حەقیقەتەكانی ڕابردوو, سەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەكان بەسەر چووە ,پیرۆز كردنی دڕندەیی لە هیچ چوارچێوەیەك ئاینی یان ناسیۆنالستی جێگای نەماوە, بۆیە رۆژێك زووتر دان نان بە حەقیقەت  ئارام بەخشترەو جوانكردنی سیمای گەلە, كریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد دەڵێت "زانیارییە زۆرو زەبەنەكان لە سەردەمی ئەنتەرنێت, هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكات, پێویست بە زانست و تیۆری ناكات", بۆیە نكۆڵی كردن وەك سەركردنە ژێر لمە لە سەردەمی ئەنتەرنێت و زانیارییە بێ كۆتاكاندا.

نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی چاوی مرۆڤەكان لە ئاست دانان بە راستیەكان و حەقیقەتی مێژویی كوێر دەكات, مرۆڤایەتی لە بیركردنەوەدا دەكوژێت , هەڵوەدای پاكیزەیی نەتەوەو ئاینە, بۆیە بە نەنگی دەزانێت دان بە ناشرینیەكان رابردوودا بنێت, مەلای خەتێكان تازە پاكژ نابنەوە لە هەمبەر مێژووی كورددا بە گزگلەكان.

 سەیری هەڵوێستی  ناسیۆنالیزمی تورك موتوربە كراو بە ئاین بكەن, بڕواننە هەڵوێستە شەرمەزاریەكانیان نەك لە شاری قۆنیای,  بگرە لە لاهای و برۆكسل,لە 2ی حوزەیرانی 2016 دا, بۆندستاغی ئەڵمانیا دانی نا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, پێشتریش بەلجیكا هەمان هەنگاوی نابوو, ئەوەی لای من گرنگە لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیكا, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیكە ژنی حیجاب لەسەر نەتەوەیی ئیسلامی, هەردوكیان لە دایك بووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوان, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی حەقیقەتەكان, بە بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و ئێسك و پروسكە  هەژێنەرە هەڵوێست وەردەگرێت و ئینكاری تاوان و عەدالەت و حەقیقەت دەكات, چاو دادەخات و كاروانی قوربانییەكان نابینێت. 

جیم ئۆزدەمیر لە دایك بووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەسی توركیا, سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007 بە پێی بڕگەی 301ی دەستوری توركیا سزا درابوو, بە تاوانی پێشێلكردنی ( یاسای سوكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە تاوانە دان بە كۆمەڵكوژی لە توركیا بنرێت وەك ئەوەی لە پۆڵەندای ناو یەكێتی ئەوروپا پەسەندكرا, ج ئۆزدەمیرو و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەكان كە هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری گەورەی ئەرمەنی هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادراوە, واتا ئەوەی جیناتی مرۆڤبوونی هەڵگرتبێت دەبێت سزاكەی بخوات, ج ئۆزدەمیر پارتەكەی بە بۆنەی یادی 101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی 2016 دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانی لە توركیا بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ گوێی نەدا بە هەڕەشەكان لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركە ساتی پێش دەنگدانەكە وتی: ( 80-90%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەرمەن, 98%ی پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكە لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت , ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەكەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی بە رابردووی خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قەبوڵ بكرێت وەك خۆی.

تەواو دژ بەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە وڵاتەكەی خۆی ئەنجامی داوە, خاتوو ئۆزدەمیر لە دایك بووی 7ی دیسەمبەری 1982 ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەر لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDH, هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی كردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ بداتەوە سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری 29ی ئایاری 2015 لە پارتەكەی دەركرا, ئەمەش روداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی دڵخۆشكەر  بوو, لیژنەی ئەخلاقی پارتی ناوبراو نای. 

هەر لەم پەیوەندەدا  لە بەرواری 24ی نیسانی 2015 كە یادی 100 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان , 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لەو خولەكە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكا راگەیەنرا بۆ گیانی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری 100 ساڵەی تاوانەكە, خۆیان لە دانیشتنەكە دزییەوە, ئەمە چ كارێكی نا ئەخلاقیانەیە ,سەیر كەن ئاین شەو رۆژ ئیدعای رەوشت دەكات, كەچی هەندێك جار دەبێتە فاكتەر بۆ كاری نا ئەخلاقانە,بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی, توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبردو وەك قارەمان ناساندیان, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی سومەیە هاتنە سەرخەت بە توندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نوسیبوویان "ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە" شەرەف لای ئەوان داكۆكیكردنە لە دڕندەییەكانی رابردوو و غروری نەتەوەیی و ئاینی.

هەر لەم بارەیەوە رۆژی پێنج شەممە بەرواری 22ی شوباتی 2018, پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی 142 دەنگ لە كۆی 150 دەنگ , بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, هاوكات بڕیاری دا وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەند 5 ساڵ جارێك بەشداری مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەكە بكات, لە  پڕۆسەی دەنگدانەكە 3 پەرلەمانتار دژ بە بڕیارەكە وەستانەوە, ئەوانیش هەر سێكیان بە رەگەز تورك بوون" Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk" لە پارتی " DENK ", , لە كاتێكدا پارتی ناوبراو خۆی بە چەپ و سۆسیال دیموكرات دەزانێت و لە 9ی فیبریوەری 2015 لە پارتی كاری هۆڵەندی جیابوەوە, سەرجەم چەپەكانی دی ناو پەرلەمان دەنگیان بە بەڵێ بوو بۆ بڕیارەكە, ئهم بەناو سۆسیال دیمكراتانە وابن,  ئەدی دەبێت هەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامیەكان چۆن بێت؟.

نموونە جوانەكانیش هەن وەك ئاماژەمان بە هەندێكین كرد, دنیا هەمووی روە تاریكەكە نییە,  ئەگەر كەمینەش بن, وەلێ بەڵگەو داكۆكییەكانیان دەرخەری راستییەكان و دادپەروەرییە, نموونەیەكی دی لەو جوانیانە تانەر ئاكچەمە,  لە سەرەتای ئەمساڵ 2020 سەرۆكی فەڕەنسا دەستخۆشی لە تانەر ئەكچام مێژووناسی تورك كرد كە لە پەرتوكێكدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان" , ئیمانۆئێل ماكرۆن وتی :" پەرتوكەكەی ئەكچام دانپـیادانانێكی زانستیانەیە بەو تاوانە ڕێكخراوەی كرابوو، وە ئەو ڕاستیانەی ئاشكراكرد كە هەندێك دەیانویست ونی بكەن و نكۆڵی لە مێژوو بكەن, مێژوو لەسەر بنەمای درۆ نانووسرێتەوە." ئەنجومەنی ئەرمەنەكان CCAF لە میانەی كۆنگرەكە مەدالیای ئازایەتیـیان بەخشیـیە تانەر ئەكچام.

پرۆفیسۆر تانەر ئەكچام زیاتر لە 35 ساڵە لەسەر پرسی جینۆساید كارە كات , مێژوونووس و سۆسۆلیجستە, لە زانكۆی كلارك لە ئەمەریكا كارە كات, توێژەری باڵایە لە سەنتەری هۆلۆكۆست , دوو پەرتوكی لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن نووسیووە " اوامر قتل و  الفعل المشین    " , بابەتی لەسەر جینۆسایدی كوردیش هەیە, دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بە تاكە رێگای  دوبارە نەبوونەوەی جینۆسایدی كورد دەزانێت, هاوكات 9 ساڵ  لە زیندانەكانی توركیا بووە بە تۆمەتی سەرنوسەری گۆڤاری لاوانی شۆڕشگێڕی چەپگەرا.

رۆژی سێشەمە بەرواری  17ی یەنایەری 2018, پەرلەمانی ئەرمینیا دانی نا بە جینۆسایدی ئێزیدیەكان, دەكرێت ئەم هەنگاوە بكرێتە سەرەتایەك بۆ دان نان بە حەقیقەتەكانی رابردوو و سارێژ كردنەوەی برینە قولەكان, هەرچەندە ئەوان بۆچوونی تایبەتیان لەسەر دۆزی ئێزیدی هەیەو دایە بڕن لە كۆی گەلی كورد.

لە كۆتادا دەڵێم, دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشكچی و هادی عەلەوی و كازم حەبیب و ئەحمەد تورك و تانەر ئەكچام و ئۆرهان بامووك و ..., یان باخچەلی و میشل عەفلەق....و نموونەكانیان, مێژوو پڕە لە هەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داهاتوو بۆ نموونە دگمەنەكانی بەشی یەكەمە, لە كردنەوەی گرێكانی گرێ كوێرەكانی مێژوو, زۆر لە مرۆڤە موقەدەسەكانی رابردوو وردو خاش دەكات, مرۆڤە پیرۆزەكانی رابردوو زۆریان وەك پاشای كۆرە لە ئاست گەورەیی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان لە پیرۆزی دادەماڵرێن و چاوەڕوانی دادگایی مێژوو دەكەن, بۆیە با چاوەڕوان بین مێژووش خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێت و سەرلەنوێ بنووسرێتەوە, با ئێمەش بچینە پاڵ ئەو گەل و وڵاتانەی  دانیان ناوە بە جینۆسایدی هۆلۆكۆست و ئەرمەنیەكاندا, نكۆڵی لەوتاوانانە سزا بدرێن, گوڵ هەر لەوێیە با سەمای بۆ بكەین.



وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×