ئەندازیاری كۆڕەو كێ بوو؟

عەلی مەحمود
  2021-03-30     1847
ئەگەر باسی كۆڕەو بكەین ناتوانین  باسەكە دەرباز بكەین بێ ئەوەی بچینەوە  سەر شەڕی كەنداوی دوو و  راپەڕینی باشووری عێراق كە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان كردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونكە ئەگەر پانۆرامایەكی هەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت  كەسێك هاتووە دۆن كیشۆتانە یان سپارتاكۆسانە ئاڵای شۆڕشی بەرز كردۆتەوە و راپەڕینی لە كوردستان ئەنجامداوەو كۆشكە زستانییەكانی قەیسەرەكانی یەك لە دوای یەك رزگاركردووە.

پانۆرامای شەڕی دووەمی كەنداو"كوەیت" 
سوپای عێراق  رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 2-8-1990 كوەیتی داگیر كرد, هەواڵەكە جیهانی تاساند, سەرشێتییەك ئەنجامدرا دوور لە پێشبینییەكان, بەرەی كوردستانی كە لە دوای تاوانی هەڵەبجەو  قۆناغەكانی كۆتایی ئەنفالدا پێك هاتبوو, لە ترسی كاردانەوەی بەعس كە لە هەڵەبجەو ئەنفالدا چاوترسێنیانی كردبوو,  بڕیاری ئاگر بەستیدا,  لە كاتێكدا جیهان بەرەو روی داگیركاری كوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەكێتی سۆڤیەتیشەوە بۆ یەكەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەكار نەهێنا, لە رێكەوتی 7-8 ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی درعی سەحرای راگەیاند, بە دوایدا عاسفە سحرا" ئۆپەراسیۆنی رزگاری كوەیت" لە رێكەوتی 17ی یەنایەر راگەیاند كە تاكو  28ی فبرایەر بە سەركەوتنی سوپای هاوپەیمانان بەسەر عێراقدا لە 28ی فیبریوەری بەردەوام بوو.
ئۆپەراسیۆنەكە پێك هاتبوو لە هاوپەیمانی سوپای 34 وڵات و بە بەشداری 966344 سەربازی.
 لە بەرەبەیانی پێنجشەممە رێكەوتی 17ی جەنیوەریەوە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان كرد,بە بەشداری 2430 فڕۆكەی پێشكەوتوی نوێ, هاوپەیمانان لە ماوەی چل و سێ رۆژدا109867 جار بۆردومانی ناو عێراقیان كرد, بەڕێژەی 2555 جار لە رۆژێكدا, رۆژانە 60624 تەن بارودیان بەسەر خەڵك و سەربازگاكانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوكەڵ و ئاگرو  خوێن و  مەرگ و وێرانە كرد, لە جارێكدا لە پەناگەی عامریە ئێسك و پروسكی 315  ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا, ئەمەریكا بە رۆكێتی دور هاوێژی   كرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیرەك و چەكی لیزەری پێشكەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاككراو لە عێراقی دەدا, 288 تۆماهۆكی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە  نا, عێراقیش 86 سكودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە, بە گشتی لە دوای جەنگی كۆریاوە شەڕی كوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیهاندا,لە بەرامبەردا سەدام  لەهەمان رۆژی راگەیاندنی عاسیفە سەحرا,  ئوم ئەلمەعاركی راگەیاند.
لەسەر داوای یەكێتی سۆڤیەت لە رێكەوتی  22ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزەكانی لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە كوەیت بكشێنێتەوە,  لە رێكەوتی 24 ی مانگ هاوپەیمانان هاتنە ناو كوەیتەوە, 26 مانگ لە هێزەكانی عێراقیان دا كە لە حالەتی پاشەكشەدا بوو, لە ئەنجامدا لەماوەی چەند كاژێرێكدا  70 بۆ 100 هەزار سەرباز كوژرا, لەو قەسابخانەیەكی بێوێنەی لێكەوتەوە, یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مێژوو تۆماركرا, هەروەها سوپای عێراق زیاتر لە  30 هەزار دیلی دا, لە گەڵ  تێكشكانی4000 تانك, 3100 تۆپ, 1856 ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە, ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە 23ی یەنایەر لە كۆی 750 فرۆكەی جەنگی عێراق  تەنها  122  فرۆكەی بە ساغی مابوو, ئەویشی  تەسلیم ئێران كرد, لە كاتێكدا لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی ئێران - عێراق هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هەمان ئەو فڕۆكانە تاوانیان ئەنجام دەدا, ئێستا پێشكەشیان دەكرێت.   
دوای ئەو تێكشكانە سوپای عێراق لە سوپایەكی ملهوڕی شەڕەنگێزەوە بووە سوپایەكی تەسلیم بووی ملكەچ, وێنای ئەو رۆژانە لە جەنگی جیهانیشدا نەبووە, ریزی دیلەكان و تەرم و ئامێرە تێكشكاوەكان لەناو چڕە دوكەڵدا لەناو ئەو بیابانە پان و بەرینە شاشەی تەلەفزیۆنەكانی لە جیهان داگیر كرد.
لە 26ی شوبات لە گەڵ كشانەوەدا,  عێراق ئاگری لە بیرە نەوتەكان كوەیت بەردا, ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رژاندە كەنداوی عەرەبیەوە, لە كۆی 1080 بیرە نەوتی كوەیتی 727 بیرە نەوتی تەقاندەوە, 128  پەڵە نەوتی گەورە كەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی  ئەنجامدا.
لە 4ی ئازار لەناو بیابانەكانی سەفوان لە سنوری سعودییە, بە سواری زرێپۆشی  ئەمەریكی, شاندی عێراقی چوونە ناو خێمەی سەفوانەوە,  عێراق بە فەرمی  لەژێر خێمەمەكەدا تەسلیم بوو, ئەمەش سەرەتای مێژوویەكی نوێی جیهانی بوو پێی وترا سستەمی نوێی جیهانی ,لە ناوەڕۆكدا سەركەوتنی نیولیبرالیزم و باڵادەستی ئەمەریكا بوو, لە ژێر ئەو خێمەیە نەزمێكی تازەی جیهانی لە دایك بوو, لە بەرامبەر ئەم خۆبەدەستەوە دانەی عێراق  هێزی ئاسمانیەكەی  دەستكراوە كرا لە لێدانی خۆپیشاندەرانی باشووری  عێراق, هاوكات هێزەكانی هاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی  لە نوێنەری  خۆپیشاندەرانی باشوور بكەن, هۆكارەكەشی باڵا دەستی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەكەیان, لە دوایدا لە ساڵی 2003 ئەمەریكا ئەو ژەهرەی بە ناچاری نۆش كردو عێراقی لەسەر سینیەكی زێڕین پێشكەشیان كردەوە, بە مەش لە قەتڵگاكان زیاتر تۆڵەی لە خەڵكی عێراق كردەوە, وڵاتی بەرەو جەهەنمی ترسناكتر لەوەی سەدام برد.


راپەڕینی باشووری  عێراق 

لە 28ی شوباتەوە, شاری بەسرە  جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی  بە ساغی و بە برینداری لە ریزە  دورو درێژەكاندا بە دوای یەك, دەڵێی مێرولەن, بە سیمای دوكەڵاوی چڵكنەوە, بە سەری شۆڕەوە ملی رێگایان بەرەو ناو عێراق گرتۆتە بەر, وە چ  كەسوكاری سەربازان لە هەموو عێراقەوە لە سەرسنووری كوەیتەوە تا بەسرە كۆبونەتەوە بۆ هەواڵپرسی رۆڵەكانیان, لەو كاتەدا سەربازێك بە تفەنگەكەی چەخماخەی راپەڕین لێدەدات,بێدەنگی دەشلەقینێ, جۆشی رقی خەڵكەكە دەدا,
 وەك دەگێڕنەوە لە 1ی ئازار ئەفسەرێك لە شارۆچكەی زوبێری سونی نشینی سەر سنوری كوەیت بە پێوە نانی گولە بە وێنەكەی سەدامەوە گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, لە لایەكی دییەوە دەڵێن  بەیانی زووی رۆژی هەینی رێكەوتی 1ی ئازاری 1991 لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسرە, سەربازێك كە لە شەڕی كوەیت بە دۆڕاوی گەڕابوەوە, لە داخی ئەو هەموو نەهامەتیەی لە شەڕ بینیبوی, گولەیەكی نا بە وێنەكەی سەدامەوە و گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, هەردوو روداوەكە لە بەسەرا و هەمان رۆژ رویاندا, پێی دەچێت شیعەكان بۆیە باسی ئەوەی زوبێر ناكەن چونكە شارێكی سونی نشینە,  هەمان رۆژ  شارەكانی بەسرەو میسان و كەربەلا كەوتە دەست خۆپیشاندەران, دواتر نەجەف و كەربەلا و  دیوانیەو سەماوەو حیلەو كوتیشی گرتەوە, لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی باشووری عێراق هەمووی كەوتە دەست خۆپیشاندەران, تا راپەڕین گەیشتە شارەكانی عەزیزیەو مەحمودیەی  رۆخی پایتەخت, بە گشتی راپەڕین 14 پارێزگای گرتەوە بە كوردستانیشەوە.
لە رێگای سنووری ئێرانەوە هێزە شیعەكانی وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوە زوو هاتنە ناو عێراقەوە . بۆ رێكخستنی خۆپیشاندەران

راپەڕینی كوردستان

لە 4ی مانگ  كە عێراق لە ژێر خێمەكەی بیابانی سەفوان  تەسلیم بوو, لە بەرامەردا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا بۆ ئەوەی  راپەڕین  سەركوت بكات, قۆناغی سەركوتكردنی راپەڕین لە باشوور دەستی پێكرد, رۆژی دوای سەفوان  راپەڕین  گەیشتە كوردستان بە دەروازەی  رانیەیا, لێرەدا دەبینین  هیچ دەست پێشخەریەك  نەك نییە بۆ راپەڕین لە كوردستان بگرە كات لە دوای باشووری عێراق  و هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی هاوپەیمانانەوەیە بۆ سەركوتكردنی راپەڕینی باشووری  عێراق, رێی تێدەچێت  لەوكاتەدا ئێران فشارەكان لەسەر هەندێك لە سەركردەكان كورد توند دەكات تا بەرەیەكی دیكە بكەنەوە فشار لەسەر هاوپەیمانەكانی كەمبێتەوە, نامەو هەوڵەكانی ئەوكات ئاماژەی  وایان تێدایە. ئەگەر راست بن  و لە پشكنینی كاربۆنی دەرچن,  لە كاتێكدا زەمینەی راپەڕین دوای  رێكەوتنی سەفوان و دەستكراوە كردنی  هێزی ئاسمانی عێراقی  بۆ سەركوتكردنی راپەڕین لاواز بوو, وەلێ كە خەڵك ئەنجامی دا, ئیتر هێزەكانی بەرەی  كوردستانی دوای كەوتن, ئەگەر وەك باشووری عێراق سەركوتبكرابایا بێ دەستكەوتەكانی كۆڕەو, كە كراش بەڵام كۆڕەو مایەكەی هێنایەوە,  نەك  ئەندازیاری نابوو, بگرە وەك هەڵەبجە هەتیو و بێكەس  سەری دەنایەوە, كەس نەك باسی  ئەندازیاری ناكرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاكانە كردن دروستە كرد.
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی بڵاو كراوە نییە هیچ هێزێكی كوردی پێش ئەو مێژووە " راپەڕینی بەسرە1-3-1991 "بانگەوازی  بۆ راپەڕین كردبێت, ئەوەی هەبووە جوڵەو پەیوەندیكردن و خۆ رێكخستنەوە بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی كەوتبون وەك خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەك م م بڵێین ئاش بەتاڵە.
بە بڕوای ئێوە راپەڕینێك دوای ئەم هەموو روداوە گەرم و شكستە مەزنەی سەدام هاتبێت, دەشێت ئەندازیاری هەبێت؟؟, وە ئەندازیارەكەشی بۆ خۆیان فیشەكێكیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێكیان خوێن لە لوتی نەهاتبێت؟؟؟؟؟.
هەموو كەس لە شەبەقی پێنج شەممەی رێكەوتی 17-1-1991ەوە  دەیزانی سەدام لە شكستە, چاوەكان دوكەڵ و ئاگری فرۆكەكانی هاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەكانیش  گوێ بیستی تەقینەوەكان بوون, ئەم بیركردنەوەیە عەقڵێكی خاریقی ناویست, تەنانەت ئەوەشی سیاسەتی نەكردبوو لە ژیانیدا بەو ئەنجامە گەیشتببوو, جاشەكانیش لەوە تێگەیشتبوون دەبوایا خۆیان بە لایەكدا بدەن, ئاخر ئەوان راستە ئاخوڕیان لای رژێم بوو, بەڵام  هەریەكەیان كلكیان بە لایەنێكەوە بەسترا بوو.

راپەڕین  و دەستكەوتەكانی
راپەڕین  تەنها دوو ساڵ و نیو  دوای هەردوو كارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, هێشتا شوێنبزر بوونی ئەنفالكراوان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە زەینی خەڵكدا مابوو, هێشتا دوكەڵی كیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەكان و كوشتنی خەڵك لە بەرچاوان بوو, هێشتا ترس و لەرزی  فڕی دانە خوارەوەی هاووڵاتیان لە كۆپتەرەوە لە زەین و هۆشدا بوو, هاوكات  دژە سەركوتكردنی راپەڕین لە باشووری عێراق, حوسێنی زیندوو" حوسێن كامل" گولەی تانكەكەی كە نا بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو, كوژرانی 5000  بەعسی لە راپەڕین بە كوشتنی 100 هەزار لە هاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە خەڵكیان  هاندا كۆڕەو  بكەن, لە سەرەتادا هێزەكانی بەرەی كوردستانی رێگری توندیان لە خەڵك كرد شار بەجێ  بهێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی  پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, هەموو لە پرسەی شەهیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ كە گولەی تۆپەكان گەیشتە دەوروبەری هەولێرو رێگركەران هەڵاتن, ئیتر وەك  روبار جەماوەر رێگای خۆی كردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵكەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی ئەوانە, خەڵك بە بەجێ هێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند كە لە مێژوودا ناوی نرا كۆڕەو, دوای تەنها چوار رۆژ , داستانی برسی و سەرما بردووەكان چووە  سەر مێزی  نەتەوە یەكگرتووەكان, 5ی ئەپرێل بڕیارێكی هەشت خاڵی بەناوی بڕیاری 688 لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو  بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل, بەمەش كۆڕەو بووە  هۆكاری گۆڕانكاری بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا, هەڵەبجە و ئەنفال لە كاتی خۆیدا نەیانتوانی كاریگەری دابنێن, بەڵام كۆڕەو كە  روحی هەڵەبجەو ئەنفال و كاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیهانی  هێنایە  دەنگ, لێرەدا دەبینین تراژیدیا رایگشتی و لەناو خۆشدا نەرمە هێزی ناوخۆیی دروست  كرد.
راپەڕین  ئەنجامی نەبوو, وەلێ شكستی راپەڕین بووە سەركەوتن, دوو هۆكاری دواتر هاتنە پێشەوە شەڕی كۆڕێ و بە رادەی كەمتر ئەزمڕ  و راپەڕینەكانی مانگی تەموزی هەمان ساڵی ناو شارەكان, وە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, هەموو  سەركەوتنەكانی  كۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر كرد.
كەواتە ئەگەر لە راستیدا هەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشك ئەندازیاری كۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەكان بووین, ئەم واقعەی  دروست بووە بەری رەنج و تێكۆشای هەموومانە. 
 ئەوەی رەخنەی هەیە, بە بەڵگەنامە وەڵام بداتەوە, بەڵگەنامە بە وتەی شەفەوی نابێت, پێویستی بە بەڵگەی نووسراو لێكۆڵینەوەو ساغكردنەوەو پشكنینی كاربۆنی هەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×