كودەتای پۆلیڤیاو دیموكراسی درۆینەی رۆژئاوا

عەلی مەحمود
  2019-11-22     1342
دوای 481 ساڵ  لەدەسەڵاتدارێتی سپی پێستەكان بەدوای گەشتە وێشومەكەی كۆڵۆمبس و داگیر كردنی  پۆلیڤیا لە لایەن ئیسپانیاوە لە ساڵی 1525دا, وە 183 ساڵ  لە سەربەخۆیی وڵات,  بۆ یەكەمجار پۆلیڤییە رەسەنەكان كە 68%ی  دانیشتوانی وڵات پێك دەهێنن ,كە نزیك 20%یش دو ڕەگی ئەوروپی- هیندییە سورەكانن و تەنها 5%یان ئەوروپین, كەسێكیان بوو بە سەرۆك لە وڵاتی كودەتا سەربازییەكان, كە جاری وا هەبوو تەمەنی كودەتاكان یەك رۆژ بووە, توانی زۆرترین ماوە  لەناو 183 ساڵەكەی سەربەخۆیی لەسەر تەختی دەسەڵاتدارێتی بمێنێتەوە كە 14 ساڵە, ئەو كەسەش ئیڤۆ  مۆرالیس بوو, ئەو بە كرێكاری بیناسازی و دەستفرۆشی تا كرێكاری كشتوكاڵی دەستی پێكرد, بوو بە  یەكەم سەرۆكی هاووڵاتیانی رەسەنی ئەمەریكا لە جیهاندا, وازی لە بەشێكی زۆری موچەكەی و كۆشكی كۆماری هێنا, بۆینباخی ئەبەدەن لە مل نەكرد, سادەو ساكار ژیا, ژیانی رەبەنی هەڵبژارد.

هەموو هێزەكانی دژ ,لە ئەمەریكای باوەڕ بە تێزەكانی مۆنرۆوە " كە ئەمەریكای لاتین باخچەی پشتەوەی باڵەخانەكەیان دەزانن", تا ئۆلیگارشیەكان و سپی پێستە دەسەڵاتدارەكانی رابردوو, راستیستەكان  بۆ كەنیسەی كاسۆلیك و دژ بەرانی  جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت و ژیاندنەوەی كلتورو داب و نەرێتی هاوڵاتییە رەسەنەكان هەموو ئەوانەی بە هەنگاوە چاكسازییەكانی مۆرالیس و  بە گرتنە دەستی دەسەڵات زیانیان كردبوو, لە 20ی ئۆكتۆبەرەوە كەوتنە هەوڵی كودەتا كردن, لە سەرەتادا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گەڕان بە دوای عەدالەتی هەڵبژاردنەوە, تا هەڵگرتنی قەناس و كوشتنی لایەنگرانی مۆرالیس و پەلاماردانی ماڵ و منداڵیان, لە كۆتادا هەڵگەڕانەوەی پۆلیس و كودەتای سەربازی, ئەوجا لە قۆناغی ئازادیخوازییەوە بۆ كوشت بڕی بێ پەردەو دژایەتی رۆژنامەنووسان و  راگەیاندنی حوكمی سەربازی, ژمارەی كوژراوەكانی سەردەمی كودەتا 11 جاری سەردەمی مۆرالیسی دەسەڵاتدارە تەنها لە 9 رۆژدا, كە بەشێكیشیان هەر قەناسە بەدەستەكان ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فاشیست كوشتیانیان, ئێستا  هەموو نەفەسێكی دیموكراسی قەدەغە كراوە, وەك بەرەكانی شەڕ كۆپتەرە سەربازییەكان بە ئاسمانەوەن, گولەی راستیەكان دڵەكان سارد دەكاتەوە,زیندانییەكان پڕ كراون لە نەیاران,ترەمپ رایگەیاند گۆڕانكارییەكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ دیموكراتیەت, بێشك لای ترەمپ دیموكراتیەتی سپی پێستی سەرمایەداری.

مۆرالیسیان بۆ ناوێت ؟
خۆسیە تۆرێز  لە ساڵی 1970 بە كودەتای سەربازی هاتە سەر حوكم بەسەر جەنەرال ریخیلۆ كە  رۆژێك پێشتر ئەویش كودەتای كردبوو, سیاسەتی چەپگەرایانەی پیادە كرد,سپی پێست و سەربازیش بوو, لە ساڵی 1971 راستگەراكان كودەتایان بەسەردا كرد, دور خرایەوە  لە ئەرجەنتین لە ساڵی 1976 تیرۆر كرا.
تۆباك كاتاری شۆڕشی بۆ سەربەخۆیی لە ئیسپانیاو رزگاربوونی هاووڵاتیانی رەسەن لە ساڵی 1781 بەرپا كرد, ئیسپانییەكان گرتیان, جەستەیان پارچە پارچە كرد بۆ ئەوەی هیچی لەدوا بەجێ نەمێنێت بۆ ئەوەی یادی بكەنەوە, وەك بن لادن و بەغدادییان لێكرد چۆن فڕێ  درانە دەریاوە, بۆیە مۆرالیس دەبێت بڕوات, هەم توخمی چەپ بوونی هەڵگرتووە وەك خۆسیە تۆرێز,  هەم روحیانەتی ئازادیخوازی تۆباك كاتاری لە خوێنیدایە, بۆیە دەبێت بڕوات, تاوانی ئەوەیە هاووڵاتی رەسەن و كەسێكی سۆسیالستی ریفۆرمیستی بە بنەچە كرێكارە, بەرژەوەندی ئۆلیگارشی و ئەمەریكای بە باشی نەپاراست.

نەیارەكانی كێ بوون 
چوار كارەكتەری سەرەكی سەركردایەتی ئۆپۆزسیۆنی راستگەرایان دەكرد, كە هاوبەشی لە نێوانیاندا هەبوو" سپی پێستی, راستگەرایی, پارێزگاری ئاینی, سەرمایەداری و توندوتیژبوون" , كە چوونە ناو كۆشكی كۆمارییەوە ئاڵای وێڤالای  هاووڵاتییە رەسەنەكانیان سوتاند و رایان گەیاند ئیتر ئێرە نابیننەوە, ئەو 4 كارەكتەرەش  بریتی بوون لە:

1- سەرۆك كۆماری كاتی لە 12ی نۆڤەمبەرەوە    Jeanine Áñez; 13 August 1967)" سپی پێستی رەگەزپەرستی راستیست, كە چووە ناو كۆشكی كۆمارییەوە وتی" خوا رێگای دا ئینجیل بگەڕیتەوە كۆشكی كۆماری", پێشتر  لە ساڵی 2013 ەدا رایگەیاندبوو خەون دەبینێت بە پۆلیڤیایەكی بێ تقوسی شەیتانی هیندییە سورەكان" كۆلاس", وە شار بۆ ئەوان نییە, بەڵكە پێویستە بچن بۆ بەرزاییەكانی تشاكۆ, جینین ئەنیس باوەڕی بە باڵایی رەگەزی سپی پێست هەیە , كە تەنها 5%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤیا پێك دەهێنن, هەلرچەندە 97%ی هاووڵاتیانی پۆلیڤی خۆیان بە كریستان دەزانن.

2- كارلۆس میسا كاندیدی دۆڕاوی سەرۆك كۆماری ,"  October 17, 2003 – June 9, 2005 " وە سەرۆكی دەركراوی كۆمار "كرێكاران لە دژی خۆپیشاندانیان كرد, لە ئازاری 2005دەستی كێشایەوە, وەلێ پەرلەمان دەستكێشانەوەكەی پەسەند نەكرد, دواتر لە 10ی یۆنی  جارێكی دیكە دەستی كێشایەوە, ئەوجا  دەستكێشانەوەكەی قەبوڵكرا, پاش 32 رۆژ خۆپیشاندانی بەردەوام 80 كەسی كوشت ئەوجا كورسی دەسەڵاتی جێ هێشت, هەنووكەش باسی دیموكراسیەت دەكات, وە رازیش نییە پەرلەمانی پۆلیڤیا كۆبونەوە بۆ پەسەندكردنی دەستكێلەكار كێشانەوەی  مۆرالیس بكات.

3- لویس فیرناندۆ كۆماتشۆ و ماركۆ بۆماری, دوو كەسایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی یەكێتی خاوەند كارانی سانتاكرۆزن,بیروباوەڕ رەگەز پەرستی زەبروزەنگاوی پارێزگاری دژ بە ژنی سپی پێستی ئۆلیگارشی راستگەرای توندڕەوی دژ بە هاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤین, بە ئینجیلێكی گەورەو و ئاڵای كۆنی پۆلیڤاوە چونە ناو كۆشكی كۆمارییەوە, لەوێ رایانگەیاند باشاماما ئیتر نایاتە ناو كۆشكی كۆمارییەوە, مەبەستی هاوڵاتیانی رەسەنە.

مۆرالیس چی كردبوو ؟
لە مێژووی كۆماری پۆلیڤیا مۆرالیس زۆرترین ماوە لە وڵاتی كودەتا سەربازییەكانی سوپا 35000 كەسییەكەدا حوكمڕانێكی سەقامگیر  بووە, لەو ماوەیەدا حوكمڕانی جێگیر بووە و هەمووان هەستیان بە بوونی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی كەرامەت كردووە, لەماوەی ئەم 14 ساڵەدا جگە لە گەڕانەوە كەرامەت بۆ هاووڵاتیانی رەسەن و تێكەڵەكان"رەسەن -ئەوروپی", لە روی ئابووری و ئازادییەكانەوە كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی نا:

1- جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت.
2- كەمكردنەوەی  هەژاری لە 38% ەوە  بۆ 15%.
3- بەرهەمی نەتەوەیی وڵاتی لە 9 ملیار دۆلارەوە بەرز كردەوە بۆ 43 ملیار و 687 ملیۆن دۆلار.
4- پارەی یەدەكی وڵاتی لە ملیارێك و 85 ملیۆن دۆلارەوە  بەرز كردەوە بۆ 15 ملیار و 282  ملیۆن دۆلار.
5- بە خۆماڵییكردنی وزەو سامانی ژێر زەمینی وڵات كە پێشتر بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بوو لە پێنج سەدە لەمەوپێشەوە زێڕو زیوی وڵات بۆ ئیسپانییەكان بوو, ئێستاش خاوەند 21 ملیۆن تەن لیسیۆمە, كە روحی پاتری ئۆتۆمۆبێلی كارەباییە, كە جیهان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات.
6- دابینكردنی خوێندن و نەخۆشخانە بۆ هاووڵاتیان, پێگەیاندنی چینێكی بەرفراوان لە هاووڵاتیانی رەسەن.
7- كەمكردنەوەی ئیمتیازاتی سەرۆك كۆمارو جێگیرەكەی و وەزیرەكان,دەرگای كۆشكی كۆماری خرایە سەر پشت بۆ هەمووان.
8- بەشداریپێكردنی ژنان و هاوڵاتیانی رەسەن لە حوكمڕانی و نەهێشتنی ئاپارتایدی جنسی و رەگەزی.
9- زیادكردنی لانی كەمی كرێ بە رێژەی 50% و دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی لە 65 ساڵەوە بۆ 58 ساڵ .
ئەمەو دەیان و سەدان چاكسازی  دیكەی لە بەرژەوەندی هەژاران و هاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤی ئەنجامدا, ئێستا  هەموو ئەوانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەم دەستكەوتانەیە ترسیان لە لەدەستانی پەیدا كردووە, شەڕەكە شەڕی بەرژەوەندییەكانە.

چی  رویدا"
مۆرالیس هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەی كرد كاتێك خۆی بۆ چوارەم خولی سەرۆك كۆماری  كاندید كردەوە , لە كاتێكدا دەیتوانی جێگیرەكەی ئەلفارۆ غارسیای تێكۆشەرو سەركردەی پارتیزانی پێشتر" سەركردەی بزوتنەوەی ماركسیستی تۆباك كاتاری پۆلیڤیا بوو" كاندید بكات, سپی پێستێكی رۆشنبیری ناسراو مێژوو نوسێكی بە بڕشت و چەپگەرایەكی جێگیر بوو,مۆرالیس پێش هەموو شتێك قوربانی چوارەم خولی كاندید بوونیەتی لە دەرەوەی دەستوورەوە, بە پێگەیەكی لاوازەوە چووە هەڵبژاردنەوە, دابەزینی دەنگەكەشی لە " 53%, 64%, 61%" ەوە  بۆ 47% بۆ خۆی پاشەكشەیەكی 14% یی بوو لە ئەنجامەكانی خولی پێشوو, دەنا ئەوەی دەوترا ساختە كردن دوور بوو لە راستییەوە, هەمووان دەزانن لایەنگرانی ئەو هاووڵاتیانی رەسەنی ناوچە هەژارو دورەكانەو  سندوقەكانی دەنگدانی ئەوان درەنگتر دەگەنە ناوەندەكانی جیاكردنەوە, ئەگەر دەكرا گزی هەڵبژاردن لە 78 ناوچە, لە كۆی 34555 ناوچەی دەنگدان كرابێت, كە دەكاتە تەنها 0,22%ی ناوچەكان, ئەمەش  ئەنجامەكەی ناگۆڕی , چونكە ئەو 10,49%  لەپێش نزیكترین كاندیدەوە بوو " 47.08% Evo Morales- Carlos Mesa 36.51% ", ئۆپزسیۆنی راستگەرا چییان  بكردیە نایان توانی جیاوازییەكە لە  10,49% ەوە دابەزێنن بۆ كەمتر لە 10% , كە بە پێی یاسا ئەو ژمارەیە حەسمی سەركەوتنەكەی دەكرد , بۆیە بە ناچاری نەخشەی كودەتاكەیان داڕشت,كە پێش هەڵبژاردن دەنگۆی كودەتاكە بڵاو كرایەوە,11 ساڵ پێشتریش  هەمان هەوڵدان هەبووە, ساڵی 2008 ویستیان كودەتا بكەن, فیلیپ جولدبێرج  باڵوێزی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا  لە وڵات دەركرا, ئەوكات مۆرالیش ئاستی جەماوەری لەسەروی 60% ەوە بوو, بۆیە ئەستەم بوو سەركەوتنی , ئێستاش بە دەستوور نایانتوانی بە سانایی كودەتا بكەن, بۆیە نەخشەی  كودەتاكەیان داڕشت لە رێگای سوپاوە, كە 14  ساڵ  بو زاتی كودەتای وایان ناكرد, چونكە لە مێژوودا  پۆلیڤیا  سەرۆكی جەماوەری وای بەخۆوە نەبینیبوو, زیاتر لە 50% ی دەنگەكان بهێنێتەوە.

بۆیە ئەمەی كرا كودەتایەكی سەربازی سیاسی بوو لە بەرگی تازەدا, كە پرۆسەی ئیستقالەی كودەتایی و  تۆقاندن و پەیڕەو كردنی یاسای لە گەڵدا بوو,  وەلێ ئامانجە كۆنەكە ئەوەیە چەپ و دانیشتوانی رەسەن بڤەن لە كۆشكی كۆماری, مۆرالیس وجێگیرەكەیان وادار كرد دەست لەكار بكێشنەوە, دواتر رێگا نەدرا سەرۆكی ئەنجومەنی پیران و جێگیرەكەی و سەرۆكی پەرلەمان بچنە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پیرانەوە كە مافی بون  بە سەرۆكیان هەبوو, هەموو سەر بە پارتی ماسی سۆسیالستی بوون, بۆیی جێگیری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانیان دیاریكرد بە سەرۆك لە كۆبونەوەیەكی نا شەرعیدا كە زۆر كەمتر لە نیوەی ئەندمانی ئەنجومەنی پیران ئامادە بوون, هێشتاش پەرلەمان ئیستقالەی سەرۆك و جێگیرەكەی پەسەند نەكردووە, كە پارسەنگ لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران  بەلای مۆرالیسەوەیە " 88 لە كۆی 130 پەرلەمانتار, 25 لە كۆی 36 ئەنجومەنی پیرانی بەدەستەوەیە", هاوكات كاتی خۆی پەرلەمان دەست لەكار كێشانەوەی كارلۆس میسای لە ساڵی 2005 رەتكردۆتەوە, ئەمەش پێشینەیەكی شەرمەزارییە بۆیان, بەدوای ئەو سیناریۆ كرچ و كاڵەدا حكومەتێكی سەربازی فاشیستانەیان راگەیاند, لە مۆرەكانی راستگەرا سپی پێستە ئۆلیگارشییەكان, لە گەڵیشیدا سوپایان سەربەستكرد  لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان, ژمارەی قوربانیان و برینداران و زیندانیان لە 9 رۆژی دوای كودەتاكە دەیان جاری 20 رۆژ خۆپیشاندانی ئۆپۆزسیۆنە لە سەردەمی مۆرالیس كە ئەوكاتیش  زۆرینەی ناڕازییە راستگەا فاشیستەكان ئەنجامیان دا.


ئەنجام
لە ئێستاوە كودەتاچییەكان شەڕەكەیان دۆڕاندووە ئەگەر بگەڕێنەوە سەر شەرعیەتی سندوقی دەنگدان, پێكهاتەی ئەوان لە سپی پێستی ئۆلیگارشی پارێزگار, بە دژایەتی هاووڵاتیانی رەسەن كە زۆرینەی دانیشتوانی  وڵات پێك دەهێنن, بە سوتاندنی ئاڵاكەیان و دژایەتی داب و نەرێت و كلتوریان و ئەنجامدانی بەردەوامی كوشتار و زەبروزەنگ لە دژیان, هاوكات پێگەی چیناییان وەك سەرمایەداری ئۆلیگارشی, وە باوەڕی كۆنەپەرستانەو دژ بە ئازادی و مافی ژن و فاشیستانەیان, وا دەكات بەرەی نەیار بەهێز بێت , ئەمانە مۆرالیسیان  نەك بەهێز كردەوە, بەڵكە كردیان سەركردەیەكی كارێزمایی, لە هەر هەڵبژاردنێكی داهاتوودا براوە دەردەچێت دەنگەكانی دەچێتە سەر, كودەتاكەی  پشتیوانەكانی لەسەر خەباتی بەرەو روبونەوەو یەكگرتنی توندرتر و مەترسی لە دەستدانی دەستكەوتەكان و كەرامەت و ئازادییەكان  زیاتر كرد, لە ئێستاشدا بڕیار نییە  هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران دوبارە بكرێتەوە, لەوێشدا زۆرینەیە" 67 لە 130, 21 لە 36ی هەیە ", بۆیە هەڵكردنی ئەو دوو دەزگایە لەگەڵ  حكومەتی كودەتا سپیی پێستە 11 كەسییەكە زۆر دژی یەكترن, تا سەریش نابێت كۆپتەر بە ئاسمانەوە بێت, بۆیە مۆرالیس براوەیە, لێ بوونی سوپاو پۆلیس لە دەرەوەی حكومەت و  باڵادەستی ئۆلیگارشییەكان تیایدا  مەترسییە بۆ ئایندە, پێویستە لە داهاتوودا ئەم دوو دەزگایە چاكسازی تێدا بكرێت .

نیولیبراڵەكان ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی  ئەرجەنتین و خۆپیشاندنەكانی شیلی و كۆڵۆمبیا و ئیكوادۆرو وڵاتانی دی و ئازادی لۆلا چووە, لە هاتنەوەی بەندۆڵەكە زارەتروك بوونە, بەوەی نۆرەی ئەوان بێت ئەمجارە لە دەسەڵاتدارێتی كیشوەر, جارێك بۆ تۆو جارێ بۆ من, دەزانن تاكە ئەلتەرناتیفیان تەنها چەپە لە كیشوەرەكە. 

بەم كودەتایە مۆرالیسیش   دەبێتە یەكێك لە رەمزەكانی  چەپی ئەمەریكای لاتین و كودەتاكەی  وەك كودەتای شیلی سەیرە كرێت, چۆن كودەتای 11ی ئەبرێلی 2002 شافێزی بەهێزكرد, سلفادۆر لیندی كردە ئەستورە, ئاواش مۆرالیس دەبێتە رەمزێكی خۆشەویستری هاووڵاتیانی رەسەن و هەموو ئەمەریكای لاتین, دەبێتە یەكێك لە ئەستێرەكان لە پاڵ لۆلا و  مۆخیكا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×