ئەندازیارە راستەقینەكەی  راپەڕین كێ بوو؟

عەلی مەحمود
  2022-03-03     798

ئەگەر باسی راپەڕین بكەین ناتوانین باسەكە دەرباز بكەین بێ ئەوەی بچینەوە  سەر شەڕی كەنداوی دوو و  راپەڕینی باشووری عێراق كە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان كردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونكە پانۆرامایەكی هەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت  كەسێك هاتووە لە كوردستان و عێراقی سەقامگیردا دۆن سپارتاكۆس و لینیانە ئاڵای شۆڕشی بەرز كردۆتەوە و راپەڕینی لە كوردستان ئەنجامداوەو كۆشكە زستانیەكانی قەیسەرەكانی یەك لە دوای یەك رزگاركردووەو ئالای خۆی لەسەریان داچەقاندووە. دەشێت كەسێك دوای دەستپێكی راپەڕین نەخشەی گرتنی شارو شارۆچكە و  مەخفەری پۆلیس و رەباییەك و دەزگایەك و خۆپیشاندانێكی دارشتبێت, وەلێ روداوەكان پێمان دەڵێن راپەڕین و كۆڕەو  محاڵەو بارودۆخی مەوزوعی نەك زاتی هێنایانیەتە پێشەوە.

 

پانۆرامای شەڕی دووەمی كەنداو"كوەیت" 

سوپای عێراق  رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 2-8-1990 كوەیتی داگیر كرد, هەواڵەكە جیهانی تاساند, سەرشێتییەك لە لایەن سەدام حوسێەوە ئەنجامدرا دوور لە پێشبینیەكان. بەرەی كوردستانی كە لە دوای تاوانی هەڵەبجەو  قۆناغەكانی كۆتایی ئەنفالدا لە 7ی ئایار دوای تێپەڕ بوونی تاوانی هەڵەبجەو 4 پرۆسەی ئەنفال پێك هاتبوو. كاردانەوەی بەعس لە هەڵەبجەو ئەنفالدا چاوترسێنیانی كردبوو,  لە 12ی ئۆگستی هەمان مانگ واتا 10 رۆژ دوای داگیركردنی كوەیت بڕیاری ئاگر بەستی دا بەرامبەر عێراق" شیوعی و پارتی گەل دژی بوون, پاسۆكیش بەشداری نەكردبوو", لە هەمان كاتیشدا كۆماری ئیسلامی ئێران لە كرماشان كۆیانی كردبوەوە بۆ ئەگەرەكانی روداوەكانی شەڕ و پێشهاتەكانی, بۆیە بەشێك لە نوێنەرەكانی بەرە لەو كۆبونەوەیەی بەرە بەشداری ناكەن, دەچنە كرماشان, ئەم كۆبوونەوانە تا راپەڕین لە ژێر سەرپەرشتی ئاغای محەمەد سەركردەی قەرارگای نەسر بەردەوام دەبێت.

  لە كاتێكدا جیهان بەرەو روی داگیركاری كوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەكێتی سۆڤیەتیشەوە, بۆ یەكەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەكار نەهێنا. لە رێكەوتی 7-8 ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی درعی سەحرای راگەیاند,  لە 15ی ئۆكتۆبەری 1990 عێراق بڕیاری دا نەكشێتەوە لە كوەیت, بە دوایدا  هاوپەیمانی جیهانی ئۆپەراسیۆنی عاسفە سحرا راگەیاند"ئۆپەراسیۆنی رزگاری كوەیت", كە لە رێكەوتی 17ی یەنایەرەوە بۆ  28ی فبرایەر بۆ ماوەی 42 رۆژ بەردەوام بوو.

ئۆپەراسیۆنەكە پێك هاتبوو لە هاوپەیمانی سوپای 34 وڵات و بە بەشداری 966344 سەرباز.

 لە بەرەبەیان یرۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 17ی جەنیوەرییەوە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان كرد, بە بەشداری 2430 فڕۆكەی پێشكەوتووی نوێ, هاوپەیمانان لە ماوەی چل و دوو رۆژدا109867 جار بۆردومانی ناو عێراقیان كرد, بەڕێژەی 2555 جار لە رۆژێكدا, رۆژانە 60624 تەن بارودیان بەسەر خەڵك و سەربازگاكانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوكەڵ و ئاگرو  خوێن و  مەرگ و وێرانە كرد, تەنها لە جارێكدا لە پەناگەی عامریە لە شاری بەغدا ئێسك و پروسكی 315  ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا. هاوكات ئەمەریكا بە رۆكێتی دور هاوێژی كرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیرەك و چەكی لیزەری پێشكەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاككراو لە عێراقی دەدا, 288 تۆماهۆكی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە نا, عێراقیش 86 سكودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە. بە گشتی لە دوای جەنگی كۆریاوە شەڕی كوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیهاندا. لە بەرامبەردا سەدام حوسێن لە هەمان رۆژی راگەیاندنی عاسیفە سەحرا, ئوم ئەلمەعاركی راگەیاند كە لای عێراقییەكان بە ئوم هەزائم بەناو بانگ بوو.

لەسەر داوای یەكێتی سۆڤیەت لە رێكەوتی  22ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزەكانی لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە كوەیت بكشێنێتەوە,  لە رێكەوتی 24 ی مانگ هاوپەیمانان هاتنە ناو كوەیتەوە, 26 مانگ لە هێزەكانی عێراقیان دا كە لە حالەتی پاشەكشەدا بوو, لە ئەنجامدا لە ماوەی چەند كاژێرێكدا  70 بۆ 100 هەزار سەربازی عێراقی كوژرا, بە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مێژوو تۆماركرا, هەروەها سوپای عێراق زیاتر لە  30 هەزار دیلی دا, لە گەڵ تێكشكانی4000 تانك, 3100 تۆپ, 1856 ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە 23ی یەنایەر لە كۆی 750 فرۆكەی جەنگی عێراق  تەنها  122  فرۆكەی بە ساغی مابوو, ئەویشی  تەسلیم ئێران كرد. لە كاتێكدا لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی ئێران - عێراق هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هەمان ئەو فڕۆكانە تاوانیان ئەنجام دەدا, ئێستا لەسەر سینی زێڕین پێشكەش ئێران دەكرێت. 

دوای ئەو تێكشكانە سوپای عێراق لە سوپایەكی ملهوڕی شەڕەنگێزەوە بووە سوپایەكی تەسلیم بووی ملكەچی تەسلیم بوو لەناو خێمەی سەفوان, وێنای ئەو رۆژانە لە جەنگی جیهانیشدا نەبووە, ریزی دیلەكان و تەرمی قەراغ رێگاو بانەكان و تارمایی ئامێرە تێكشكاوەكان لەناو چڕە دوكەڵی بیابانە پان و بەرین  شاشەی تەلەفزیۆنەكانی لە جیهان داگیر كرد.

لە 26ی شوبات لە گەڵ كشانەوەدا, عێراق ئاگری لە بیرە نەوتەكان كوەیت بەردا, ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رژاندە كەنداوی عەرەبییەوە, لە كۆی 1080 بیرە نەوتی كوەیتی 727 بیرە نەوتی تەقاندەوە, 128  پەڵە نەوتی گەورە كەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی لە مێژوودا ئەنجامدا.

لە 4ی ئازار لەناو بیابانەكانی سەفوان لە سنوری سعودییە, بە سواری زرێپۆشی  ئەمەریكی, شاندی عێراقی چوونە ناو خێمەی سەفوانەوە,  عێراق بە فەرمی لەژێر خێمەكەدا تەسلیم بوو, ئەمەش سەرەتای مێژوویەكی نوێی جیهان بوو لەناو سیاسییەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن پێی وترا سستەمی نوێی جیهانی, ئەمەریكا لە رێگەی ئەو خێمەیەوە بووە تاكە قوتبی جیهان, لەناو ئەو چڕە دوكەڵ و قەسابخانەیە نیولیبرالیزم و باڵادەستی ئەمەریكا لە دایك بوو, لە ژێر ئەو خێمەیە نەزمێكی تازەی جیهانی لە دایك بوو ئەمەریكا بووە كەڵەگای بێڕكابەری جیهان, لە بەرامبەر ئەم خۆبەدەستەوە دانەی عێراق هێزی ئاسمانییەكەی دەستكراوە كرا لە لێدانی خۆپیشاندەرانی باشووری عێراق. لەو سەرو بەندەدا هێزەكانی هاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی باشوور بكەن, هۆكارەكەشی باڵا دەستی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەكەیان. لە دوایدا لە ساڵی 2003 ئەمەریكا ئەو ژەهرەی بە ناچاری نۆش كردو عێراقی لەسەر سینییەكی زێڕین پێشكەشیان كردەوە, بە مەش لە قەتڵگاكان زیاتر تۆڵەی لە خەڵكی عێراق كردەوە, وڵاتی بەرەو جەهەنەمی ترسناكتر لەوەی سەدام بردەوە.

 

راپەڕینی باشووری  عێراق 

 

لە 28ی شوباتەوە, شاری بەسرە جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی  بە ساغی و بە برینداری لە ریزە  دورو درێژەكاندا بە دوای یەك, دەڵێی مێرولەن, بە برینداری و سیمای دوكەڵاوی چڵكنەوە, بە سەری شۆڕەوە ملی رێگایان بەرەو ناو عێراق گرتۆتە بەر, وە چ  كەسوكاری سەربازان لە هەموو عێراقەوە لە سەرسنووری كوەیتەوە تا بەسرە كۆبونەتەوە بۆ هەواڵپرسی رۆڵەكانیان, لەو كاتەدا سەربازێك بە لێدانی گولەیەك بە وێنەیسەدامەوە چەخماخەی راپەڕین لێدەدات, بێدەنگی دەشلەقینێ.

 وەك دەگێڕنەوە لە 1ی ئازار ئەفسەرێك لە شارۆچكەی زوبێری سونی نشینی سەر سنوری كوەیت بە پێوە نانی گولە بە وێنەكەی سەدامەوە گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, لە لایەكی دییەوە دەڵێن  بەیانی زووی رۆژی هەینی رێكەوتی 1ی ئازاری 1991 لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسرە, سەربازێك كە لە شەڕی كوەیت بە دۆڕاوی گەڕابوەوە, لە داخی ئەو هەموو نەهامەتیەی لە شەڕ بینیبوی, گولەیەكی نا بە وێنەكەی سەدامەوە و گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, هەردوو روداوەكە لە بەسەرا و هەمان رۆژ رویاندا. پێی دەچێت شیعەكان بۆیە باسی ئەوەی زوبێر نەكەن چونكە شارێكی سونی نشینە. هەمان رۆژ شارەكانی بەسرەو میسان و كەربەلا كەوتە دەست خۆپیشاندەران, دواتر نەجەف و كەربەلا و  دیوانیەو سەماوەو حیلەو كوتیشی گرتەوە, لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی باشووری عێراق هەمووی كەوتە دەست خۆپیشاندەران, تا راپەڕین گەیشتە شارەكانی عەزیزیەو مەحمودیەی  رۆخی بەغدای پایتەخت, بە گشتی راپەڕین 14 پارێزگای گرتەوە بە كوردستانیشەوە.

لە رێگای سنووری ئێرانەوە هێزە شیعەكانی وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوە زوو هاتنە ناو عێراقەوە, بۆ رێكخستنی خۆپیشاندەران, دیارە  لە زووەكەوە لە ژێر فەرماندەیی قەرارگای نەسری سوپای پاسداران ئامادە كرابوون.

 

راپەڕینی كوردستان

 

لە 4ی مانگ  كە عێراق لە ژێر خێمەكەی بیابانی سەفوان تەسلیم بوو, لە بەرامەردا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا بۆ ئەوەی راپەڕین سەركوت بكات. لەو چركە ساتەوە قۆناغی سەركوتكردنی راپەڕین لە باشوور دەستی پێكرد, رۆژی دوای سەفوان راپەڕین گەیشتە كوردستان بە دەروازەی رانیەیا, لێرەدا دەبینین  هیچ دەست پێشخەریەك نەك نییە بۆ راپەڕین لە كوردستان بگرە كات لە دوای باشووری عێراق و هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی هاوپەیمانانەوەیە بۆ سەركوتكردنی راپەڕینی باشووری عێراق. رێی تێدەچێت لەوكاتەدا ئێران فشارەكان لەسەر هەندێك لە سەركردەكان كورد توند دەكات تا بەرەیەكی دیكە بكەنەوە فشار لەسەر هاوپەیمانەكانی لە باشووری عێراق كەمبێتەوە, نامەو هەوڵەكانی ئەوكات ئاماژەی وایان تێدایە. ئەگەر راست بن  و لە پشكنینی كاربۆنی دەرچن, لە كاتێكدا زەمینەی راپەڕین دوای رێكەوتنی سەفوان و دەستكراوە كردنی  هێزی ئاسمانی عێراقی  بۆ سەركوتكردنی راپەڕین لاواز بوو, وەلێ كە خەڵك ئەنجامی دا, ئیتر هێزەكانی بەرەی  كوردستانی دوای كەوتن, هەرچەندە  هەندێك لایەن وەك ینك, حشع, كۆمۆنیستەكان, و ...... لەدوای لێدانی عێراقەوە گەڕانەوە ناوخۆو لە جوڵەدا بوون.

 ئەگەرراپەڕین لە كوردستان وەك باشووری عێراق سەركوت بكرابایا بێ دەستكەوتەكانی كۆڕەو, كە كرا وەلێ كۆڕەو مایەكەی هێنایەوە, وەك هەڵەبجەو ئەنفال ئەندازیاری نابوو, بگرە ئەندازیارەكەشی وەك هەڵەبجەو ئەنفال و حاجی ئۆمەران كە هەی بوو خۆی دەشاردەوە, وەك هەڵەبجە هەتیو و بێكەس  سەری دەنایەوە, كەس نەك باسی ئەندازیاری ناكرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاكانە كردن دروستە كرد.

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی بڵاو كراوە نییە هیچ هێزێكی كوردی پێش ئەو مێژووە" راپەڕینی بەسرە1-3-1991 "بانگەوازی بۆ راپەڕین كردبێت, ئەوەی هەبووە جوڵەو پەیوەندیكردن و خۆ رێكخستنەوە بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی كەوتبون وەك خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەك م م بڵێین ئاش بەتاڵە.

منداڵێكیش بایی ئەوە ژیری هەبوو, دوایی حەڤدەی جەنیوەری 1991 ئەگەرێك بۆ روخانی رژێم و رپەڕین لەناو كۆمەڵێك ئەگەر دابنێ.

بە بڕوای ئێوە راپەڕینێك دوای ئەم هەموو روداوە گەرم و شكستە مەزنەی سەدام هاتبێت, دەشێت ئەندازیاری هەبێت؟؟, وە ئەندازیارەكەشی بۆ خۆیان فیشەكێكیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێكیان خوێن لە لوتی نەهاتبێت؟؟؟؟؟.

هەموو كەس لە تاریك و روونی شەبەقی بەیانی پێنج شەممەی رێكەوتی 17-1-1991ەوە  دەیزانی سەدام لە شكستە, چاوەكان دوكەڵ و ئاگری فرۆكەكانی هاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەكانیش گوێ بیستی تەقینەوەكان بوون, لەبان خانووەكانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدرا, ئەم بیركردنەوەیە عەقڵێكی خاریقی ناویست, تەنانەت ئەوەشی سیاسەتی نەكردبوو لە ژیانیدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو, جاشەكانیش لەوە تێگەیشتبوون دەبوایا خۆیان بە لایەكدا بدەن, ئاخر ئەوان راستە ئاخوڕیان لای رژێم بوو, بەڵام  هەریەكەیان كلكیان بە لایەنێكەوە بەسترا بوو.

 

 

راپەڕین  و دەستكەوتەكانی

راپەڕین  تەنها دوو ساڵ و نیو دوای هەردوو تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, هێشتا شوێن بزر بوونی ئەنفالكراوان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە زەینی خەڵكدا مابوو, هێشتا دوكەڵی كیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەكان و كوشتنی خەڵك لە بەرچاوان بوو, هێشتا ترس و لەرزی  فڕی دانە خوارەوەی هاووڵاتیان لە كۆپتەرەوە لە زەین و هۆشدا بوو, هاوكات دژە سەركوتكردنی راپەڕین لە باشووری عێراق. حوسێنی زیندوو" حوسێن كامل" گولەی تانكەكەی كە نا بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو. كوژرانی 5000  بەعسی لە راپەڕین بە كوشتنی 100 هەزار لە هاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە ئێستا و 88 خەڵكیان  هاندا كۆڕەو  بكەن. لە سەرەتادا هێزەكانی بەرەی كوردستانی لە ناو شاری هەولێر رێگری توندیان لە خەڵك كرد شار بەجێ  بهێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, هەموو لە پرسەی شەهیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ كە گولەی تۆپەكان گەیشتە دەوروبەری هەولێرو رێگركەران هەڵاتن, ئیتر وەك روبار جەماوەر رێگای خۆی كردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵكەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی ئەوانەیە كە رێگرییان كرد. 

خەڵك بە بەجێ هێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند كە لە مێژوودا ناوی نرا كۆڕەو, دوای تەنها چوار رۆژ, داستانی برسی و سەرما بردووەكان چووە  سەر مێزی نەتەوە یەكگرتووەكان.5ی ئەپرێل بڕیارێكی هەشت خاڵی بەناوی بڕیاری 688 لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل, بەمەش كۆڕەو بووە هۆكاری گۆڕانكاری بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا لە باشووری كوردستان. هەڵەبجە و ئەنفال لە كاتی خۆیدا نەیانتوانی كاریگەری دابنێن, بەڵام كۆڕەو كە روحی هەڵەبجەو ئەنفال و كاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیهانی  هێنایە دەنگ, لێرەدا دەبینین تراژیدیا رایگشتی جیهانی و لەناو خۆشدا نەرمە هێزی ناوخۆیی دروست  كرد.

راپەڕین  ئەنجامی نەبوو, وەلێ شكستی راپەڕین بووە سەركەوتن. دوو هۆكاری دواتر هاتنە پێشەوە شەڕی كۆڕێ و بە رادەی كەمتر ئەزمڕ  و راپەڕینەكانی مانگی تەموزی هەمان ساڵی ناو شارەكان, وە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, هەموو ئەمانە سەركەوتنەكانی كۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر كرد.

كەواتە لە راستیدا هەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشك ئەندازیاری كۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەكان بووین, ئەم واقعەی  دروست بووە بەری رەنج و تێكۆشای هەموومانە, نەك بەشداربووانی كۆبونەوەكانی فەیلەقی نەسر.

هەموو روداوەكان ئەوە دەرەخەن, دەستپێكی راپەڕین لە عێراق و كوردستان خۆرسكی بووەو ئەنجامی رق لە شكست و سەركوت, نەك ئەنجامی نەخشەو پلانەكانی كۆبونەوەكانی كرماشان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×