قاسم سلێمانی كێ بوو؟

عەلی مەحمود
  2023-01-05     1010

  شكاندن وسوتاندنی بەرفراوانی وێنەو پەیكەرەكانی قاسم سلێمانی لەسەرتاسەری ئێران, شایی و هەڵپەڕكێی گەنجانی مهاباد لە یاداوەری كوشتنی سلێمانی, كە  بێباكانە ملی خۆیان خستۆتە بەر چەقۆی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو یادە خۆشە, ناتوانن بەختیاری خۆیان بۆ مەرگی بشارنەوە, وە ئەرشیفی وێنەی پرسەكەرانی قاسم سلێمانی لە باشووری كوردستان و وتەو لێدوانی سیاسی و نووسەران لە سێ ساڵی رابردوودا  چ خەجاڵەتییەك دردەخات .

ئەمەی من لەم كورتە وتارە باسی  دەكەم مشتێكە لە خەروارێك لە  تاوانی ئاشكرای یاداشتكراو, داخوا دەبێت ناوبراو بە بڕیارە نهێنییەكانی چەند تاوانی قێزەونی كۆمەڵكوژی و تیرۆری ئەنجام دابێت؟, چەند پلانی دژ بە كوردی دابێت, ئەو لە وێنەكاندا خەندەی دەباراند, وەلێ  لە ناخدا غەزەب و  مەرگی دەبەخشییەوە.

دەمەوێت جیا بم و جیاش قسە بكەم, نە وەك گەشتیارانی باشووری بۆ شیمالی ئیران بدوێم, وە نە وەك سیاسییە پڕۆ ئیرانییەكان لەمەڕ كوردایەتی بە فایلەوە دروشم بدەم, وە نە وەك ئەو تەرزە  نووسەرانەش  لە مانای  ئازادی  و ئەخلاق پەیوەندی نێوانیان لە فكرو نووسیندا تێنەگەیشتوون بیربكەمەوە, وە نە وەك هەنسكەی گریانی پرسەكەرانی سیخوڕخانەكان ئیتڵاعات هەڵوێست بنوێنم, نە وەك ئەو پرسەو شەیپورەی  كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ حاجی قاسمی سلێمانیان بەرپا كرد بجوڵێمەوە, جیاش لەو چەپەی ئەمەریكای لاتین و ئیسرائیل عەقڵیانی كوێر كردۆتەوە, ئەوەی دژی ئەمەریكاو ئیسرائیل و هاوپیمانەكانی بێت دەیكەنە شۆڕشگێڕ, دەبێت  مێژوو لە دوارۆژدا چی لەسەر ئەو نووسین و راپۆرتانە بڵێت؟, كاتێك نەوەكانی داهاتوو خوێندنەوەیەكی ئەخلاقی بۆ وێنەی ریزی پرسەگەرانی سیخوڕ خانەكان لە سلێمانی و  هەولێر و رەفتارو نووسینەكان دەكەن؟, چی دەڵێن كە دەبینن گەلێكی قەسابی كراو چۆن ستایشی جەلادەكەی خۆی دەكات و چەقۆی ملی خۆی دەلێسَتەوە؟, چۆن  ژمارەی فایلدارانی  جاسوسخانەكان تاران و ئەنكەرا چەندین جار زیاترن لە فایلدارەكان بەعس.

 

قاسم سلێمانی كێیە؟

لە 11ی ئازاری 1957 لە گوندی " كەناڵ مالك" قەنات ملك " ی ژمارەی دانیشتوانی 441 كەس,119 خێزان "  سەر بە ناوچەی رابور " ژمارەی دانیشتوانی 35341 كەس,7664 خێزان " لە پارێزگای كرمان لە خێزانیكی جوتیاری زۆر هەژار هاتۆتە دنیاوە, كە بەهۆی چاكسازییەكانی زەوی  ساڵی 1341ی شاوە, پارچەیەك زەوییان بەكەوتبوو.

لەو خێزانە هەژارە  منداڵێك چاوی بە ژیان هەڵهێنا ناویان نا قاسم, ناوی باوكی حەسەن  و ناوی دایكی فاتمە سلێمانییە, دەڵێن  سلێمانییەكان  بە بنەچە لوڕن و لە ناوچەی لوڕستان و بەختیارییەوە لە دەوروبەری ساڵی 1750 زاینی كۆچیان كردووە بۆ پارێزگای كرمان.

ئەو بە ناوی قاسمی كوڕی حەسەنی كوڕی ئیمام عەلییەوە ناوی موبارەكی نراوە,  ئەویش كە گەورە بوو  وەك هەمان قاسم پێیی وابوو مردن وەك هەنگوینە لە پێناو عاشوراو حوسێندا, 40 ساڵ پۆستاڵی سەربازی دانەكەند, باوەڕی وابوو تا ساحیب الزەمان ئیمام مەهدی  دێت , چەك لەشان بێت لە سوپای پاسداران. 

تا  لە كۆتاییدا هەنگوینەكەی بە نسیب بوو, لەناو هەنگوینەكە وا توایەوە, ئەنگوستیلەكەی پەنجەی و پشتڕاستكردنەوەی پشكنینی دی ئێن ئەی  نەبوایا, دەوترا وەك عیساو ئەبو زەڕ  هەڵكێشراوە بۆ تەبەقە ناناسروەكانی ئاسمان, دەبوایە لە چاوەڕوانی بونایە بە مەهدی بوون بگەڕابایەتەوە.

 سلێمانی 5 براو 5 خوشكی هەبوو, یەكێك لە براكانی بەناوی  سوهراب سلێمانی بەڕێوەبەری زیندانی تارانە, بە دڵڕەقی بەرامبەر بە زیندانیان و پێشێلكەری مافی مرۆڤ  وەك جەلادێك لای ئازادیخوازانی ئێران  ناسێنراوە.

 سلێمانی لە تەمەنی هەرزەكارییەوە خێزان پێكەوە دەنێت, دو كوڕو سێ كچی دەبێت, حوسێن و محەمەد رەزاو  زەینەب و فاتمە و نێرگز ناوی زۆرینەی منداڵەكانی عەشقی قوڵی شیعەگەرایی پێوە دیارە.

ئەو لە بەر هەژاری تا پۆلی 5ی سەرەتایی خویندووە, لە تەمەنی 11  ساَلی واز لە خوێندن دێنێت,  ساڵی 1969  واتا لە تەمەنی 12 ساڵی, لە لادێكەیانەوە ڕو لە شاری كرمان دەكات بۆ كرێكاری بیناسازی, بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی, تا قەرزە نۆ هەزار ریاڵییەكەی سەر باوكی بداتەوە, دواتر لە ساڵی 1974 لە  فەرمانگەی ئاوو ئاوەڕۆی  شاری كرمان دەبێتە كارمەند.

بەلام رژێمی  ئێرانی ژیانامەیەكی  دیكەیان بۆی نووسیوەتەوەو راستییەكانیان شێواندوو بەم شێوەیە : گوایە لە 11 ساڵی بۆ خوێندن چووە بۆ كرمان, دبلۆمی هێناوە, دواتر پەیوەست بووە بە هێزی كارەوە.

لە 18 ساڵ بووە بە بەڵێندەر, لە 20 ساڵی پەیوەندی كردووە بە خەبات دژ بە رژێمی پاشایەتی.

دواتر بووە بە فەرماندەی سوپا لە ئازەرباینجانی رۆژئاوا "كوردستان"" https://www.imna.ir/news/546000/%D8%B2%D9%86%D8%AF%DA%AF%DB%8C-%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%D8%B3%D8%B1%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D8%AD%D8%A7%D8%AC-%D9%82%D8%A7%D8%B3%D9%85-%D8%B3%D9%84%DB%8C%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B9%DA%A9%D8%B3-%D9%81%D8%B1%D8%B2%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D8%B4%D9%87%D8%A7%D8%AF%D8%AA

 

 

پەیوەندیكردنی بە خەتی ئیمامەوە 

لەو كاتەی شۆڕشی گەلانی ئێران كڵپەی سەندبوو لە لایەن گەنجە چەپگەراكانی ئێرانەوە درێژەی پێ دەدراو رابەرایەتی دەكرا, ساڵێك بەر لە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران, لە رێگای حوجەتوالئیسلام سەید رەزا كامیابەوە, كە لە مانگی رەمەزانی ئەو ساڵە لە شاری مەشهەدەوە هاتبوو بۆ ئوستانی كرمان, پەیوەندی بە خەتی روحواللە  خومەینیەوە دەكات, هەر خودی كامیاب دواتر سولێمانی بە ئایەتوڵا خامنەئی دەناسێنێت و دەرگای چوونە پێشەوەی بۆ دەكرێتە سەر پشت. ناوبراو یەكێك دەبێت لەوانەی لە لایەن رێكخراوی مجاهدینی خەلقی ئێرانەوە  دەكوژرێت لە 7 موردادی 1360" 28-8-1981 ". 

سلێمانی لە كرمان  تێكەڵ  بە ئیسلامی سیاسی دەبێت, ئەوان شەرمنانە بەشداری راپەڕینیان دەكرد, پەیوەندییەكەی تەنها زارەكی  بوو وە هیچ چالاكییەكی هەستپێكراوی نەبووە دژ بە رژێمی پاشایەتی, دەنا ئێستا بە شانازییەوە لە سیڤیەكی گەورەتر لە خۆی نیشان دەدرا, لە كاتێكدا وڵات كڵپەی دەداو لاوانی چەپی هاوتەمەنی ئەو پۆل پۆل بەرەو مەرگ دەچوون بۆ روخاندنی رژێمی پاشایەتی, بێ باكانە و بەوپەڕی عەشقەوە  دوا هەناسەیان تێكەل لە گەڵ گازی سیانید دەبوو كە لە گیرفانەكانیان هەڵیان گرتبوو, كەچی ئەمان لە كونجی مزگەوتەكانەوە بە دوعاكانیان دەكڕوزانەوە.

 

 

بوون بە پاسدارو بەشدار جیهاد دژ بە خەڵكی كوردستان

دوای سەركەوتنی شۆرش بۆ سەركوتكردنی بەرەی شۆرش و سەپاندنی حوكمی ئیسلامی بەسەر ئێراندا, سوپای پاسداران  پێكدەهێنرێت,  لە لایەن خومەینیەوە لە  رۆژی یەك شەممە رەشەكەی رێكەوتی 22ی نیسانی 1979 راگەیەنرا.

 قاسم سلێمانی لە ئوستانی كرمان زوو پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە دەكات,45 رۆژ خولی سەربازی خێرا دەبینێت لە لای رێكخراوی فەتحی فەڵەستینی, بەدوای راگەیاندنی جیهاد دژ بە خەڵكی كوردستان, دەبێتە راهێنەر, كە خومەینی لە رۆژی سێشەممە رێكەوتی(١٩-٨-١٩٨٠) بەشێوەی فەرمی رایگەیاند, داوای لە لایەنگرانی سستەمی ویلایەتی فەقیە كرد ئەركی شەرعی خۆیان لە  هێرشكردنە سەر كوردستان و لە ڕەگ دەرهێنانی“ كفرو ئیلحاد” بەجێ بهێنن, بەوەش  شەڕێكی نەخوازراو بەسەر گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا سەپێنێنرا, زۆر تاوانی قێزەون بەرامبەر بەم خەڵكە ئەنجامدران دەچنە چوارچێوەی تاوانە  نێودەوڵەتییە مەزنەكانەوە.

قاسم سلێمانی و ئیسماعیل قائانی یەكێك بوونە لەوانەی  لە یەكەم چركە ساتەكانی دوای فتواكە رویان لە كوردستان كردووە بۆ جیهاد و بەشداری  كۆمەڵكوژی خەڵكیان كردووە،  هەر لە میانی جیهادەكەی كوردستانەوە یەكترییان ناسیووە, زۆر بەباشی ئەركەكانیان جێبەجێ كردووە, وەك سایتی تابناكی پاسداران ئاماژەی پێ داوە.

بە دوای فتواكەی خومەینی, سلێمانی بە دوری زیاتر لە 1500 كیلۆمەتر خۆبەخشانە بێ وەرگرتنی موچە, لە ئوستانی كرمانەوە دەچێت بۆ شاری مهابادو ئازەرباینجانی رۆژئاوا بۆ بەشداریكردن لە غەزەواتی سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, یەكەم بەشداریكرنی سلێمانی, لە شەڕی خەڵكی كوردستان بە تایبەت شاری مهاباد  بووە, كە لەوكاتە شاری مهاباد رۆڵی گرنگی لە جوڵانەوەی كوردستاندا دەگێڕا,  گوایە لەو كاتە هەوڵی جیابوونەوەیان لە ئێران دەداو خواستاری وڵاتێكی سەربەخۆی كوردی كۆمۆنستی بوونە "  http://www.alshiraa.com/topics/1568-kasm-slymany-aaaml-bna-drbth-hrk-fth-lykod-alhrs-althory-bklm-alsyd-sadk-almosoy" .

ناوبراو لە شاری مهاباد و ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشداری شەڕەكان دەكات لە هاوینی ساڵی 1979 دا, كە لەو ماوەیەدا لەو ناوچەیە تاوانەكانی ئیعدامی مەیدانی دەرەوەی دادگا و تاوانی كۆمەڵكی كوژی قاڕناو قەڵاتان و ئیندرقاش و ......  ئەنجامدران, لێ ئەوكات بەهۆی بەشداری چالاكانەی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, لە ساڵانی 58 بۆ 60 بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو, فەرماندەیی سوپای ساروڵای دەكرد, رۆڵی بینی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان " https://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%84%D8%B4%DA%A9%D8%B1_%DB%B4%DB%B1_%D8%AB%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D9%84%D9%84%D9%87 " , هەرچەندە پلەی بەرز كرایەوە لێ بە ئەندازەی ئاغای ئیسماعیل قائانی  فەرماندەی ئێستای سوپای قودس ناو ناوبانگی نەبوو لە سەركوتكردنەكە, وەلێ بەشداری دڵڕەقانەیان لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان دەرگای بۆ ئەم جوتە كردەوە لەناو حوكمڕانی ئیسلامی ئێراندا, هەردوكیان بە دەرگای كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستاندا هاتنە ژورەوە, هەرچەندە بەهۆی پلەنزمی  ئەوكاتی ئەم جوتە جەلادە وە نەپشكنینی ورد لە تاوانەكان نەتوانراوە دۆسیەی تاوانەكانی  ئەم دووە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان ئامادە بكرێت.

دوای گەڕانەوەی لە مهاباد و ئازەرباینجانی رۆژئاوا بۆ كرمان, سلێمانی بەهۆی بەشداری چالاكانی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان, خەلات  دەكرێت و دەكرێتە فەرماندەی پایگای سوپای قودس لە شاری كرمان.

 

 

40 ساڵ  پۆستاڵەكەی دانەكەند  

قاسمی سلێمانی یەكەم  ئەركی  بەشداریكردن بوو  لە سەركوتكردنی جوڵانەوەی گەلی كورد  كە بۆ خودموختاری تێدەكۆشا لەو رۆژگارەدا, داواكارییەكانی لە بەرنامەیەكی هەشت خاڵی سادەو ساكاردا خۆی بەرجەستە كردبوو.

 سلێمانی  یەكێك بوو لەو جەنگاوەرانەی بە فتوای خومەینی پۆستاڵی لە پێ كرد و بەشداری كرد لە سەركوتكردنی جوڵانەوەی گەلی كورد, تەنانەت دوای بەنی سەدریش پۆستاڵەكەی دانەكەند” دەڵێن 40 ساڵ پۆستاڵی لەپێدا بوەو سەرقاڵی جەنگ بوەو بێ‌ پسانەوە لەجەنگێكەوە بۆ جەنگێكی تر چووە‌ لەپێناوی ئێرانداو لە كاتێكدا كە زۆربەی پاسدارانی سەردەمی جەنگی ئێران‌و عێراق  وازیان هێنا، ئەم تا مردن بەردەوام بووە", ئەمەش  لە دوو هەنگاوی دواتریدا بووە هۆی بەرزكردنەوەی پێگەی سەربازی.

 دواتر  كرایە فەرماندەی پاسدارە كرمانییەكان, بەرزترین پلە بوو لەناو پاسدارانی هاوشاری ئەوكاتیدا, دوای 3 ساڵ بووە فەرماندەی تیپ, دواتر دەبێتە سەر فەرماندەی لەشكری 41 ی  ساروڵا, كە  هەموو چەكدارانی  سیستان و بلوجستان و هرمزگان و كرمانی لە خۆ دەگرت.

 

 

فەرماندەیەگی شكستخواردوو

قاسم سلێمانی وەك باسی دەكەن  و خوێندنەوە بۆ ئەنجامی فەرماندەیی  شەڕەكانی دەكرێت, فەرماندەیەكی سەربازی سەركەوتوو نەبووە, ئەو لە كۆمەڵێك جەنگی گەورە لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی عێراق - ئێران بەشداری كردووە, هەرچەندە فەرماندەی گشتی هیچ لەو شەڕانە نەبووە,  لێ بەهۆی هەڵە سەربازیەكانیەوە هۆكار بووە بۆ بەكوشت دانی دەیان هەزار كەس, كە خۆی لە نزیك سەت هەزار كەس دەدات, وە شكستی جەنگی كەمەر شكێن,  لە شەڕەكانی"  فاوی 4, نەسری 5 و كەربەلای 5  " دا, وەك موحسین رەزائی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت : ئەو سێ جەنگە سێ كارەساتی گەورە بوو بۆ سوپای ئێران لە ماوەی شەڕی عێراق ئێراندا, هەرسێكیشی سلێمانی هۆكاری شكستەكانی بووە. نەیارانی چونە پێشەوەو سەركەوتنی پلە بەندی سلێمانی دەگێڕنەوە بۆ نزیكایەتی ئەو لە  خامنەئی بە " جانتا هەڵگری مەڵا" ناوی دەبەن نەك ئەو سێڵڤیانەی دوای جەنگەكان دەیگرێت وەك ژەنەراڵی سەركەوتوو خۆی نمایش دەكات, وا باسی دەكەن هەمیشە لە دوای نیشتنەوەی شەپۆڵەكان ئامادەیە, وەلێ  لەكاتی شەپۆڵەكان لە بەندەرە ئارامەكان لەنگەری گرتووە دوور لە تۆفان و تسۆنامیەكان.

قاسم سلێمانی دوای بەشداری كردنی كەمی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان دەگەڕێتەوە ئوستانی كرمان" دیارە وردە كاری چالاكییەكانی لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان بە نهێنی ماوەتەوە, بەڵام بەهۆی بەرز كردنەوەی پلە بەندی دەیسەلمێنێت رۆڵی هەبووە لە سەركوتكردنی راپەڕینی كوردستان و  پاداشت كراوە", بە وتەی خۆی سەرەتای شەڕی عێراق-ئێران  پاسەوانی فرۆكە خانەی كرمان بووە, دواتر وەك بەرپرسی دەستەیەكی 300 كەسی بەشداری بەرەی سوسنگەردی كردووە  لە شەڕی عێراق - ئێران. بەڵام  كەسانی دی دەگێڕنەوە  گوایە بۆ ماوەی دوو هەفتە نێردرا بۆ بەرەی شەڕی ئێران -عێراق بۆ دابەشكردنی ئاو, دوایی مایەوەو نەگەڕایەوە.

ناو براو لە شەڕە گەورەكانی "كەربەلاكانی 1 و 4 و 7,  نەسری 4 , فەتح مبین, فەجری 1 و 3 و 4 , رەمەزان, بیەت الموقەدەس 1 و 7 و رێگای قودس, سامن  ئال ئائمە... لە سەرتاسەری بەرەكانی شەڕی عێراق - ئێران بەشداری كردووە"  .

سلێمانی لە هێرشی رێگای قودس لە ناوچەی زۆنكاوەكانی حەوێزییەی عێراق بریندار دەبیت لە 29-11 بۆ 7-12-1981, بەڵام شانازی دەكرد بە بەشداریكردنی لە شەڕی فەتح مبین لە 22 بۆ 28ی ئازاری 1982, كە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزی ئاگرپەرستانەوە بە ئیستڵاحی ئیسلامی سیاسی, سوپای ئیسلام ئەنجامی دا لەناوچەی شوش, دوای 30 هەزار كوژراو توانی 2500 كیلۆمەتر دوجار لە ناوچەی خوزستان بگرێتەوە.

لە هیچ یەكێك لەو دوو جەنگە كە تیایدا ئێران سەركەوتوو بوو, وە حسێن خرازی سەركردایەتیانی دەكرد, قاسمی سلێمانی لە ریزی فەرماندەكانی نەبووە, كە مایەی شانازی بن  بۆی.

 

هۆكاری جینۆسایدی كوردە

قاسم سلێمانی لەو شەڕانەی كە بووە هۆی جینۆساید و ماڵوێرانی بۆ خەڵكی كوردستان و وڵاتیان كردە بەشێك لەو كارەساتە, لە پاڵ بەشێك لە هێزە كوردییەكانی باشوور بەشداری كردووە, لە  شەڕی فەجری چوار لە ساڵی 1984 لە ناوچەی پێنجوێن, شلێر تا سورێن, ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی ناوچەكە وێرانبێت, هاوكات  بووە هۆكارێك كە شاری مەریوان  بە بۆردومانی فڕۆكە لە لایەن بەعسەوە ویچرانبكرێت و خەڵكەكەشی كۆمەڵكوژی بكرێت , هەروەها لە  شەڕی نەسری پێنج  لە ناوچەی ماوەت بەشداری كرد لە رێكەوتی  21-6-1987, تیایدا بەهۆی هەڵەی ئەوەوە دەیان هەزار كەس لە سوپای ئێرانی كوژران, وە بووە هۆكارێك كە بەعس شاری سەردەشت كیمیاباران بكات لە یەك شەممەی رێكەوتی  28ی هەمان مانگدا, یەكەم شار بوو لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی كیمیابارانكرا.

ئەمەو بەشداری  ژمارەیەك لەشەڕەكانی قەرارگای رەمەزانی كردووە,  لە گرتنی شاری هەڵەبجە و  شەڕی بەیتوالمقەدەسی 4 لە چیای شەمێران كە تاوانی هەڵەبجەی تێدا ئەنجامدرا, ئیتر تاوانی هەڵەبجە لە 5000 قوربانی شارەكەو دزینی سەروەت و سامانی خەڵك تا دەگاتە لێدانی هێزەكانی رۆژهەڵات قوربانییەكانی گوردانی شوانی كۆمەڵەو سوپای رزگاری و حیزبی دیموكرات و گرتن و ئیعدامی سەدان كەسی دیكەی رۆژهەڵاتی پێویست بە شڕۆڤە ناكات, هەموو ئەو شەڕو نەسرو شتە عاجباتیانەشی بە هاوكاری یەكێتی و پارتی و سۆسیالست و  بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدران, واتا شیوەن گێڕانی ئەمڕۆی سیخوڕ خانەكانی سلێمانی و هەولێر بۆ  قاسمی سلێمانی.

لە باشوری كوردستانیش لە رێگای پێشمەرگەوە  لە زۆر تێڕوانین بۆ شەڕی هاوبەش لە گەڵ  پێشمەرگەی لایەنەكانی یەكێتی و پارتی و حسك و بزووتنەوەی ئیسلامی و لەشكری موسڵمانی كورد لە  ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان وەك قەرارگای رەمەزان ئامادەیی هەبووە, كە دواتر بەهۆی ئەو شەڕە هاوبەشانەوە گەلەكەمان تووشی كۆمەڵكوژی گەورە هات لە شاڵاوەكانی جینۆسایدی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە, كە دواتر ئێران بەشێك لەو خەڵكە لێقەوماوە بە پەناهەندە وەر دەگرێت, ئێستا بە فەزیلەت دەیفرۆشنەوە, كە خۆیان هۆكاری تراژیدیاكە بوونە نەك هاوكاریكەر, هۆكاری دەردو مەینەتەكان بوونە نەك برینپێچی برینەكان.

سلێمانی لەدوا دیداریدا لەگەڵ خامنەئی, سێ رێزلێنانی ئازایەتی بە یەكجار پێ بەخشرا, كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بەوە بوو, ئەو وەك هێمایەكی ئازایەتی بناسێنێت, تا هژمۆنیای خۆی لە هەرێمەكە بپارێزێت, واتا كۆماری ئیسلامی پێویستی پێ بوو قارەمان دروست بكات, نەك حەقیقەت وا بوبێت كە پاڵەوان بووبێت.

 

 

رۆستەمی زاڵ و ئەبو موسلمی خوراسانی و عەلی حەسەن مەجیدە

 لای شیعەكان  یان ئێرانییەكان,  جگە لە ناوە ئاینییە پیرۆزەكان كە لیستەكەیان زۆرە, چ ئەوانەی كوژراون یان قەول وایە زیندوبنەوە دوای مردن بۆ درێژەدان بە ئەرك و پەیامەكانیان لە دوارۆژدا لە ناكاو بگەڕێنەوە, دوو كەسایەتی وەك پاڵەوانی دانسقە لای ئیچرانییەكان نمایش دەكرێن كە ئەوانیش ئەبو عەباس موسلم خوراسانی " 718-754 ز", كە ئەمەوییە كافرە بكوژەكانی عەلی و  حەسەن و حوسێن  و قاسمیان لە دەسەڵات لادا, لە گەڵ رۆستەم و زۆرابی شانامەی فیردەوسی كە ئەبو قاسم فیردەوسی " 935-1020 " نووسیویەتی, هەردووك ئەفسانەی پاڵەوانیەتی ئێرانیەكانن و لای ئەوان لە هیزو پاڵەوانێتیدا نموونەیان لە جیهاندا نییەو نابێت, لە هەردوو بواردا ناوی قاسمیش ئامادەیە, ئێستا هەندێك قاسمی سلێمانی لە زیندوكردنەوەی خەلافەتی شیعە بەناوی مانگی شیعە دەبەنەوە سەر موسلم خوراسانی, لە پاڵەوانێتی و هێزیشدا دەیبەنەوە سەر رۆستەم و زۆراب, لێ  لە راستیدا قاسم سلێمانی هیچكام لەو دوانە نەبوو, بەڵكە بۆ خۆی عەلی حەسەن مەجید" 1944-2010"ێكی  شیعەگەرای ئێرانی بووە, عەلی حەسەن مەجید چۆن  پێشتر  نایب عەریفێكی فاشیل لە سوپای عێراق بوو, بەو دەسەڵاتە زۆرەی لەدوای 30-6-1987 ەوە پێی درا, بە وەحشیەت و  دڕندەیی  توانی ژیان لە لادێكانی كوردستان بسڕێتەوە و زیاتر لە 200000 كورد بكوژێت و هێزی پێشمەرگە لە باشوری كوردستان دەربكات, وەك لایەنی سەربازی ئەمە بۆ ناسیۆنالستی عەرەبی سەركەوتنە, هەنووكەش ناسیۆنالستەكانیان بە شانازییەوە بۆی دەگەڕێنەوە, لێ بۆخۆی دڕندەیی و وەحشیەتێكە, لای كورد عەلی حەسەن مەجید  تەنها نایب عەریفێكی فاشیلی وەحشی بوو, بۆ نەتەوەییە عەرەبیەكانیش ناوبراو فەرماندەیەكی مێژووی بە بەهای سەربازی بووە, بەهەمان شێوە بۆ ئیسلامییە شیعە گەراكان سلێمانی خەونی دزراوی بۆیان گەڕاندۆتەوە, فەرماندەی بنەڕەتی سەربازی تا مردن بووە, چل ساڵ تەواو پۆستاڵی پاسداری لە پێ نەكردۆتەوە, ئەوان لە لە فردەوسدا لە باوەشی حوسێندا دەیبیننەوە, كە بەرزترین خەونی ئەفسانەیی  ئەوانە,  وەلێ بۆ  ئێمە دەبێت هەر پاڵەوانەكەی شەڕی سێ مانگەی رۆژهەڵات و گرتنەوەی كەركوك  ماڵوێرانی شاری دوز بێت, قوتابییەكی فاشیلی پۆلی پێنجی سەرەتایی بوو, ئەخلاق رێگامان نادات ستایشی قاتلانی خۆمان و مرۆڤایەتی بكەین, بۆ ئازادیخوازانی ئێرانیش هەر لە جەلادێك زیاتر نییە, بۆیە لە هەر جێگایەك وێنەو پەیكەری هەبێت سوتێنراوو شكێنراوە, ئەوانەی ستایشی دەكەن و رێز لە یادەوری دەگرن دوورن لە ئەخلاقەوە.

 

 

قاسم سلێمانی و قودس

قاسم سلێمانی فەرماندەی 21 ساڵەی فەیلەقی قودس, بەهۆی نزیكایەتی لە ئایەتوڵا خامنەئیەوە ئەو پۆستەی وەرگرت, بڕیار بوو كاری سەرەكی ئازادكردنی قودس بێت, وەلێ  ئەو بەرەیەی چۆڵ  كردو خەریكی گەرمكردنی شەڕی عەلی  و عوسمان و عومەرەكان بوو لە كۆمەڵێك وڵات, تەنانەت یەك تاقە فیشەكیشی لە پێناو ئازادكردنی شاری قودس وەك خاك لە سنورەكەی نەتەقاند, ئەو ریمۆن كۆنترۆڵی  حەشدی شەعبی و حیزبولڵای لوبنان و حوسییەكان و هەزارەكان و  تەواوی گروپە چەكدارە شیعەكان لە دەرەوەی ئێران لە گیرفانی بوو بە حەماس و جیهادو ئەنسار ئیسلام و كۆمەڵی ئیسلامیشەوە, وەلێ نەیتوانی یەك كار دژی جولەكە لە سەر زەمینی خۆیان بكات, بگرە تەقەیەك خۆشیشی بەسەریاندا نەتەقاند, تەنانەت تەلقە تەنویرێكیش, بگرە ئەو كارە سەربازیانەی لە ماوەی شەڕی ئێران عێراق بەناوی قودس و بەیتوالمقەدەسیش ئەنجامیدا تیایدا لە هیچیان سەركەوتوو نەبوو, ئەنجامەكەی  بەوە گەیشت خومەینی پێش مەرگی بایەلۆجی پیاڵە ژەهرەكەی خواردەوە بووە هۆی مەرگی ئایدۆلۆجی ئازادكردنی قودس.

 

سوپای قودس

لە ساڵی 1998 لە كاتی هاتنە سەر كاری تاڵبان لە ئەفغانستان, كە سوپای قودس دامەزرا, ئەو وەك فەرماندەیەكی مەزهەبگەرای توندڕەو و خاوەند ئەزموون لە سەركوتكردنی گەلی كورد و بلوج  كرایە فەرماندەی سوپاكە, چونكە كارەكانی هاوشێوەی كارەكەی كوردستان  بوو, بەهۆی جیایی مەزهەبەوە ئەوەندە رقی لە تاڵیبان بوو تا ئاستێك,  شەیتانی گەورەی لەبیر بردبوەوە.

سوپای  قودس كە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەكیەكانی سوپای پاسداران,  ئەوەش كردوویەتیە هێزێكی سەرەكی لە عێراق و لوبنان و سوریاو یەمەن , وە كاریگەر لە ئەفغانستان و بەحرێن و كوەیت و سعودیە و غەزەو....تاد .

قاسمی سلێمانی لەماوەی 21 ساڵدا كە فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بووو بەڵام  تەنها 7 ساڵی دوایی دەركەوت، توانی ئەم هێزە لە گوردانێكەوە بكات بەتیپێك‌و پاشان بە لەشكرێكی گەورە كە زیاتر لە 22 هەزار پاسداری لەخۆ دەگرت‌، زۆربەی پۆستە دیبلۆماسییەكانی ئێران بۆ نموونە باڵوێزەكانی ئێران لەعێراق‌و ئەفغانستان‌و لوبنان‌و سوریا سەر بە هێزی قودس بوون‌, تەنانەت زۆربەی پۆستە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو كەسانە بوون كە سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسداران بوون.

ژەنەراڵ رەحیم سەفەوی دەڵێ  82 لیوای لە سوریاو لوبنان دامەزراند.

60یان لە سوریا  كە 70000 چەكداری هەبوو و وێڕای میلشیا فاتمییە ئەفغانییەكان, زەینەبییە پاكستانییەكان, حەیدەرییە عێراقییەكان.

محەمەد رەزا نەقدی جێگیری هاوئاهەنگی پاسداران وتی ئێران 17 ملیار دۆلاری لە چالاكییە هەرێمییەكان خەرج كردووە.

بەم هێزو  ئیمكاناتە داراییەوە سلێمانی بووە بەهێزترین كەسایەتی دەوڵەتی قولی ئێران.

 

مەزهەبگەرابوو

قاسم سلێمانی كەسێكی تا سەر ئێسك مەزهەب گەرای دژ بە سونە بوو, رقی لە عومەر زیاتر دەبوەوە لە شەیتان,  لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی ئێرانی بە ئاشكرا داوایكرد هاوكاری شەیتانی گەورە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا  بكەن بۆ روخاندنی  حكومەتی ئیسلامی سونە گەرای تاڵیبان لە ئەفغانستان, كە لەوكاتە توندڕەوەكانی  جیهانی ئیسلامی لە خۆی كۆكردبوەوە  بە بن لادنیشەوە.

دوای 11ی سەپتەمبەر, ریان كرۆكەر لە جنێف چاوی بەو دیپلۆماتكارانە كەوت كە لە ژێر فەرمانی  سلێمانی كاریان دەكرد, بە مەبەستی هەماهەنگی بۆ روخاندنی تاڵیبان, ئەم هاوكاریانەش گرنگ بوونە بۆ دیاریكردنی جێگا هەستیارەكان بۆ لێدانیان و دەستگیركردنی سەركردەكانی قاعیدە.

ئەو لە ئەفغانستان نەخشەی سەربازی جێگیربوونی هێزەكانی تاڵبانی پێشكەش بە ئەمەریكییەكان دەكرد.

تەنسیقی سلێمانی و ئەمەریكا بۆ لێدانی تاڵیبان  تا ئەوئاستە بوو, رێنوێنی ئەمەریكیەكانیان كرد بۆ دیاریكردنی ئەو جێگایانەی لێبدرێن, نەخشەی هێزەكانی تاڵبانیان پێشكەش ئەمەریكییەكان كرد, ئەمەریكییەكانیش لە بەرامبەردا شوێنی نهێنی یەكێك لە هاوكارانی قاعیدە لە مەشهەد دەدەنە ئێرانییەكان, تەنانەت هاوكاری هەردولا دوای روخانی تاڵبانیش بەردەوام بوو.

ئەوە جۆرج بۆش بوو لە سەرەتای 2002 ئێرانی خستە میحوەری شەڕەوەو كۆتایی بەو مانگە هەنگوینیە  هێنا, نەك كۆماری ئیسلامی ئێران رەتی دەست لەملانێی شەیتانی گەورەی  كردبێت.

 

سەركوتكردنی راپەڕین 

ئەو  پاڵەپەستۆی خستە سەر خاتەمی دژ بە چاكسازی لە ساڵی 1998  كە زیادە رەوی نەكات, هەروەها ساڵی دواتر راپەڕینی قوتابیان لە حوزەیرانی ساڵی 1999 سەركوت بكات " لە گەڵ 23 لە كەسایەتییەكان داوای لە خاتەمی كرد راپەڕینەكە بە زویی دامركێنێتەوە, وتەیەك بەناو بانگی هەیە لەو بارەیەوە كە وتویەتی: ئەمڕۆ سەركوتیان بكە سبەی درەنگە ناتوانین بیگەڕێنینەوە", ئەوو قائانی دوان لەو (24) فەرماندانەی سوپای پاسداران بوون  كە نامەیان بۆ سەرۆكی ئەو كاتەی ئێران محەمەد خاتەمی نووسی, لە نامەكەدا وتیان:  ئەگەر خاتەمی یاخیبوونی خوێندكارەكان تێك نەشكێنێت، ئەوا ئەوان  بەهێزی سەربازی دەیكەن و هەڕەشەی كودەتایان كرد لەدژی.

محەمەد عەلی جەعفەری  فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت:  سلێمانی  لە ساڵانی 1999  و 2009  دابەزیە سەر شەقام بۆ داكۆكیكردن لە  شۆرشی ئیسلامی دژ  بە دوژمنانی شۆرش و هەنگاوی گرنگی نا بۆ سەركوتكردنی  ناڕەزایەتییەكان,  ئەو لە بارەگای یەكەی سارو اللەی تایبەت بە پاسداران , كە ئەركی پاراستنی پایتەخت بوو لە كاتی قەیرانەكاندا, لە تەموزی 1999 پەلاماری گەڕەكی قوتابیانی زانكۆی تارانی  دا,  لە ئەنجامدا 3  قوتابی كوژرا, زیاتر لە 200 یش بریندار بوون و 1400 یش دەستگیر كران" قەسابخانەكە  زۆر لەوە گەورەتر بوو وەك ئەو دەیگێڕێتەوە".

ناڕەزایەتییەكان لەو كاتەدا  دژ  بەو شالاوی تیرۆركردنە بوو بەرامبەر  بە  ژمارەیەك زۆر لە نووسەرو هونەرمەند و سیاسییە ناسراوەكانی ئێران  ئەنجامدران, بەناوی دەستی نادیارەوە, وەلێ رژێمی ئێرانی لە پشتیانەوە بوو.

ساڵی 2009 یش  بەرامبەر بە خۆپیشاندانەكانی بزاڤی سەوزەكان دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو یەكەی سارواللە  تاوانی ئەنجامدا, ناڕەزایەتییەكان چەندین  مانگ  درێژەی كێشا , 80  كەسیان كوشت" ئەمیش زۆر زیاترە", بە وتەی جەعفەری, سلێمانی زۆر جار لە كارەكانی ساروالڵە دەرەدكەوت لەوكاتەی پێویست بوایە ئامادە دەبوو, وە خۆی دادەبەزییە سەر شەقامەكان, قاسم سلیچمانی بۆخۆی فەرماندەی پێشتری لەشكری ساروڵا بوو.

محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە تویتێکدا لە رێكەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە قاسم سولەیمانی ڕۆڵی هەبووە لە دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و "ڕێوشوێنی کاریگەر"ی گرتووەتەبەر.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتی فیتنە ٧٨ و ٨٨دا قاسم لە شوێنی دژە شۆڕشدا بوو لەسەر زەوی شەقام و ڕێوشوێنی کاریگەرانەی گرتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نائەمنی و ئاژاوەگێڕییەکان". ئێمە چەندین جار شاهیدی بوونی ئەو بووین لە ئۆردوگای ساروڵا.

سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی عێراق ، سولەیمانی لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا وتوویەتی: " (ناڕەزایەتی) لە ئێران ڕوویدا و ئێمەش کۆنترۆڵمان کرد". وتی "ئێمە لە ئێران دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان بکەین".  واتا  ئێوەش  هەمان مامەڵە بكەن.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەیەوە وتی: قاسم سولەیمانی بەرپرس بوو لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 1500 خۆپیشاندەر و دەستگیرکردنی زیاتر لە 7000 کەسیان.

 

سەركوتكردنی  گەلی بلوج

قاسم سلێمانی, دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ئێران عێراق لە ساڵی 1988,  بەرپرسی سەركوتكردنی بلوجستانی گرتە  ئەستۆ وبۆ ماوەی 8 ساڵ فەرماندەی سەربازی ناوچەكانی كرمان بۆ سیستان و بلوجستان بوو, سەدانی لێ كوشتن و ئیعدام كرد, ئەو بەناو بۆ رێگاگرتن لە قاچاخچێتی  مادە بێهۆشكەر كارەكانی ئەنجام دەدا, وەلێلە راستیدا سەركوتی گەلی بلوجی گرتبووە ئەستۆ.

لە دوای كۆتایی جەنگ لە ساڵی 1988 ەوە , سوپای 41ی ساروڵا, كە قاسم سلێمانی فەرماندەی بوو, چووە ناوچەی كرمان و سیستان و بلوجستان  بۆ لێدانی بزووتنەوەی چەكداری بلوجەكان, لە سەركوتكردنیاندا رۆڵی كارای هەبوو, كوشت و بڕی زۆری لێكردن, دوای ئارامكردنەوەی ناوچەكە بەهۆی رۆڵی لەسەركوتكردنی بلوجەكان وەك پاداشت  كرا بە فەرماندەی سوپای قودس.

 

 

لێدانی كەمپی ئەشرەف

دوای روخانی  رژێمی بەعس لە ساڵی 2003, كەمپی ئەشرفی  موجاهدین خەلق لە نزیك شاری خالسی سەر بە پارێزگای دیالە كە نزیك 3400 لە ئەندامان و چەكدارانی موجاهدینی خەلیقی تێدا دەژیان كە بە پێی رێكەوتنامەی جنێف پارێزراو بوون, بەردەوام كێشەی نێوان  حكومەتەكانی پاشكۆی ئێران لە بەغداو  ئەمەریكییەكان بوو, ئەم كەمپە لە سالچی 1986 ەوە  دامەزرابوو.

چەندین جار لە لایەن چەكدارانی نزیك لە قەرارگای رەمەزانەوە بە رێنوێنی قاسم سلێمانی  پەلامار دران, لە یۆلی 2009 پەلاماردران , 13 كەس كوژراو 400یش برینداركران, لە رێكەوتی 8 ئەبرێلی 2011 پەلاماردران لە ئەنجامدا 34 كەس كوژرا لە دانیشتووانی كەمپەكە,.....  

لە یەكی سەپتەمبەری 2013, پەلاماری كەمپی ئەشرفی یەكی موجاهدین خەلق درایەوە لە شاری خالس لایەن گروپەكانی سەر بە فەیلەقی قودسەوە, لە ئەنجامدا 52 كەس لە موجاهدین خەلق لە پەلامارەكە ژیانیان لە دەستدا, 7 كەسیش رفێنران.

هەرچەندە پێشتر دانیشتووانی كەمپی ئەشرەف گواسترابوونەوە بۆ سەربازگەی لیبەرتی لە بەغدا كە بە ئەشرەفی دوو ناسراوە, تەنها 100 كەسێكیان لە ئەشرەفی یەك مابوونەوە لەو كاتە, دوای دەرۆژ لەو تاوانە هەموو گواسترانەوە بۆ كامپی لێبەرتی.

دوای دوو ڕۆژ لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، قاسم سولەیمانی مەجلیسی پسپۆڕانی ئێرانی ئاگاداركردەوە كە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ئۆپەراسیۆنی ڕوانگەی "ڕووناكی ئەبەدی" گەورەتر بووە.

دواتر شوێنی كەمپی ئەشرەف كرا بە بارەگای سوپای بەدر.

 

سلێمانی  و دانانی بەرپرسانی عێراق

 هادی عامری لە یەنایەری 2015  وتی قاسم سلێمانی نەبوایە عەبادی نابووە سەرۆك وەزیران, پێشتریش سلێمانی مالكی و تاڵەبانی لەسەر كورسییەكانیان دانابوو, لە پڕۆفایلەكەی وەك سەركەوتن بۆی نووسراوە, ئەمە وێنایە بۆ هەموو ئەوانەی لە عێراق لەسەر كورسی داندران نەك هەڵبژێردران راستە, هەموو داشی شەترەنجی سلێمانی بوون, بە چرای سەوزی ئەودا تێپەڕیون, بۆیە بۆ  ئەوان  شیوەن و قوڕ پێوان هێشتا كەمە بۆ مەرگی ئەم دڕندەیە.

 فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (شەرقیە) وتی: كە كاندیدبووم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو دەرنەچووم ئێرانییەكان وتیان سێ بە سفر بردمانەوە. ئەم قسەیەی ئێرانییەكان وەكو مرۆڤێك كاریگەری لەسەرم دانا. كاریگەری ئێران لە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماردا روون بوو. ئێران دەبێت لە دەرگاوە بێتە ژورەوە، نەوەی داهاتووی عێراق قبوڵی دەستوەردان ناكات

ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت: شەهید قاسم سولەیمانی و محەمەد حەلبوسی قایلیان كردم لە خۆكاندیدكردنم بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان بكشێمەوە.

كرۆكەر دەڵێت " پێكهێنانی ئەنجوومەنی حوكم لە بنەرەتدا ئەنجامی دانوستانی نێوان تاران و واشنگتۆن بوو.  واتا هەموویان بە تەسكیەی سلێمانیدا رەت ببوون.

نەك هەر ئەوە, بەڵكە دەزگای "هیئە إعادە إعمار العتبات المقدسە" كە سەرپەرشتی جێگا پیرۆزەكانی شیعەكانی دەكات لە سەرتاسەری عێراق راستەوخۆ لە ژێر دەستی سلێمانیدا بوو, بەرپرسانی لە لایەن سلێمانییەوە دادەنران  كە كاروباری هەموو جێگا پیرۆزەكانی شیعەی لە عێراق لە بردەستدا بوو, داهاتی بێ شمارە بوو.

 

قاسم سلێمانی و نەكەوتنی هەولێر

لە بەر چاومە ئەو دوا نیوەڕۆیەی  تەنها 40 داعش مەخموریان گرت, هیچ كام لە پەرلەمانتارەكانی شەو و كەناڵەكانی راگەیاندن لەو دەوروبەرە نەمابوون, هێزێكی بچكۆلەی گەریلاو چەند كەسێكی خۆبەخشی مەدەنی لە باخچەی دیار مەخمور مابونەوە, بە چاو داعشەكانی لە خوارەوە دەبینران, كەوتبوونە تاڵانی گەنمی سایلۆكەی مەخمور, وردە وردە ئەو هێزە بچوكە" هیچیان ناویان لە لیستی كتێبەكەی جەماڵ مورتكە نەنووسراوە" گەورەوە بوو, هەڵاتووەكان مەخمور غیرەتیان بە بەردا هاتەوەو  لەو دیو مەفرەقی گوێر- دیبەگە گەڕانەوە بۆ باخچە, باخچە  مایەوە نەكەوت, دواتر پێشمەرگەی دێرین و  هێزەكانی رۆژهەڵاتیش كۆبوونەوە لەو شوێنە, لەوێوە هێرشی بەرپەرچ ئەنجامدرا  و مەخمور ئازاد كرایەوە, كورد نەگبەتە باسی ئەو هێزە ناكات كە لەوێ لەو چركە ساتە هەستیارە چەند كاتژمێرییە چەقی, كە  كوردەو ناوی پكك ەیە, كە  دواتر بارزانی چوو سوپاسیانی كرد,  یان ئەو هێزەی لە سلێمانیەوە هات,  یان ئەو كۆنە پێشمەرگانەی  بوونە فیدایی و قەرەچوغیان  گرت و چەقین بەدیار شارەوە, خۆ سەنگەر عەوڵا حاجی نەگبەت یەكەم كەس بوو لێدوانی دا لە بەردەم قایمقامیەتی مەخمور لە پاش ئازادكردنەوەی, لە چركە ساتەكانی یەكەمی گرتنی مەخمور كە بەرپرسانی ئێستای هەولێر زۆریان هەڵاتبوون, یان ئەو پەرلەمانتارانەی شەوەكەی لە شاشەكانەوە فشەیان لێ دەدا, هەقی وایە بە ئەرشیفدا بچنەوەو دەریان بهێننەوە, چ لەكاتی  پاراستنی, یان ئازادكردنەوەی مەخمور شتێك, دەعبایەك بەناوی قاسمی سلێمانی و 70 پاسدار بوونیان نەبووە, كە ئێستا فلیمەكەیان گۆڕیووە گوایا لە ئازادكردنەوەی مەخمور بەشدارییان كردووە, وە رێگر بوونە لە كەوتنی هەولێر, دیارە لە ترسا كەس نایوێرا بە فەرمی وەك حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی بداتەوە, ئەوەی لەوكاتە هەستیارەو رۆژانی دواتریش نەبینرا ئەو 70 كەسە بوون.

 

سلێمانی كەركووكی گرتەوە

 قاسم سلێمانی فەرماندەی گرتنەوەی  شاری كەركووك و دوزو ناچەكانی دی  بوو لە 16ی ئۆكتۆبەردا, واتا نەك شوێنی بۆ كوردان ئازاد نەكردووە و نەپاراستووەو  فەزیلەتی نییە بەسەرمانەوە بگرە پانتاییەك زۆری لێ داگیر كردەوە, تەنانەت فەرمانی ئەو بوو شەوی 16ی ئۆكتۆبەر پێش ئەوەی مەكگۆرك لە پشووی كۆتایی هەفتە دەست بە دانوساندنەكانی بكاتەوە, بۆ رێگری لە بە ئاشتیانە چارەسەركردن, فەرمانی هێرشی خێرای دا, بۆ رێگا گرتن لە چارەسەری سیاسی كێشەكان, بۆیە  كوردستان بە هیچ جۆرێك قەرزاری نییە, بگرە تەواو پێچەوانەكەی تەواو راستە.

 

هێزی قاسم  سلێمانی

كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بەوە  بوو پاڵەوانێك  دروست  بكات, پاڵەوان دروستكردن هەمیشە بووە لە مێژوودا, بە تایەت مەزهەبی شیعە هەمیشە پێویستیان بە پاڵەوانی واقعی  و پاڵەوانی خەیاڵی هەبووە, بۆ زنجیرلێدان و درێژەدان  دان بە ماتەمینیەكان  و دروستكردنی هیوا. 

 قاسمی سلێمانی پێگە جەماوەریەكەی پێگەی مەزهەبی شیعەگەرایە و تواناكەی ئەو توانا مادیەیە  كە ئەژماری بێسنوور بوو  لە لایەن خامنەئییەوە, دەیان كارگاو كۆمپانا و بەندەر ... لە خزمەت پڕۆژەكانیدا بوون, كە بە جانتا هەلچگری ئیمام ناسرابێت, لەو كەسە دانسقەتر نییە بكرێتە پاڵەوانی ئەفسانە, لە كۆتادا هەر جانتا هەڵگرە.  ئەو هەڵگری پەیامی سەپاندنی رەشترین دەسەڵات  بوو لە ناوچەكە, هەموو ئەم سەركوت و پارەو هژمۆنیای سەدان ساڵەی شیعەگەرا هێزیان پێ بەخشی بوو, ئەمە وایكرد گۆڤاری تایمی ساڵی 2017, قاسم سلێمانی بە یەكێك لە 100 كەسایەتییە كاریگەرەكەی جیهان بناسێنێت, لە راستیشدا  كاریگەر بوو لە سنوورێكی بەرفراواندا خەریكی كوشت و بڕو جۆشدانی شەڕی ئاینی و مەزهەبی بوو, لێ مەرج نییە  ئەوەی كاریگەر بێت دادپەروەر بێت و  شایانی نازناوی وەك جیگوارا بێت, زۆرینەی كاریگەرەكان نادادپەروەرن و سەرچاوەی نەهامەتی مرۆڤایەتین,  هەموو كاسكێت لەسەر و پۆستاڵ لە پێیەك و دێوانەی چەك هەلگرتنێك جیگوارا نییە, چرووت كێشانیش جوانی نییە.

 

شەرم دەكەم لە بەشێكی هاوڕێ  چەپەكانم

رۆنامەی لۆمۆندی فەرەنسی بە جیڤارایان ناساند, تێلەسوری فەنزوێلی بە شۆڕشگێڕی بنەڕەتییان دایە قەڵەم, ئاخ شەرمە كەم  دەبینم ئیدعاكەرانی چەپ دەكەونە زەلكاوی كوێربوونی چەپەڵەوە, خۆ هەڵواسینی  جارێك بە بن لادن و جارێك سلێمانی  بە ناوی جیڤاراوە, ناشرینكردنی رێگاكەی جیڤارایە بە چەپەڵی كارەكانی ئەوان, وێڕای داتاشینی ئازایەتی درۆینەیە بۆیان, كەسێك هیچ كات  یەكێك لەو دووەی نەبینی لە پێشەوەی هیچ نەبەردییەكدا, هەر خەڵكیان بۆ مەرگ نارد, بوونە كارخانەی مەرگ, وێڕای پەیامە نامرۆڤانەكانیانو هەڵگری رەشترین پەیامی دواكەوتووانە بوون.

 

ستایش  كردنی  قاسم سلێمانی, ستایشی تاوان

كەواتە قاسم سلێمانی جەنگاوەرێك كورد كوشتن كردی بە جەنگاوەر لە ماوەی دووسالدا 58 بۆ 61, شوێن دەستی بە زۆرینەی تراژیییەكانی كوردانی رۆژهەلات و باشوورەوە  دیارە" مەریوان, سەردەشت, هەڵەبجە", 

سەری نێزەی سەركوتكردنی راپەڕینەكانی خەڵكی ئێرانە, سەرباری وڵاتانی دیكە, لە بۆسنەو هەرسكەوە  بۆ یەمەن و كینیا, لە تاجیكستان و ئۆزەبكستانەوە بۆ لوبنان و  ئەفریقا تاوانی ئەنجامداوە, لەماوەی 21 ساڵدا هەر تیرۆرێك كرابێت لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران لەسەرتاسەری جیهان بە باشووری كوردستانیشەوە راستەوخۆ بە فەرمانی ئەو بووە, تیرۆركردنی سەدان تێكۆشەری رۆژهەلاتی لە باشوور بەشێكن لە كارەكانی, سەركوتكردنی گەلی بەلوج, شەڕی یەمەن و لوبنان و جۆشدانی شەڕی مەزهەبی لە پاكستان و ئەفغانستان.

هەرچەندە كارەكانی ئەو هەواڵگری و نهێنی بوو, بۆیە زۆرینەی تاوانەكانی تا ئێستا شاراوەن.

وەك كەسێك بەشدار لە تاوانی گەورە بە پێوەرە جیهانییەكان, پیاهەڵدان بەسەریدا كارێكی نا ئەخلاقییە ویڕای نكۆڵیكردنە لە تاوانەكانی, نكۆڵیكردنیش بۆخۆی تاوانە, سڕینەوەو جوانكردنی تاوانەكانیشێتی, هەقی سزا دانی هەیەو بە تایبەت بۆ خەڵكی كوردستان كە قوربانی یەكەمی ئەم جەلادە بوونە.

 

رزگاربوون لە نهێنییەكان, بەلام فایلەكان ماون

راستە سیاسیەكان كورد رزگاریان بوو لە سلێمانی, مردوویەكی وەك قائانی شوێنی بەتاڵ كرد, بە مردنی سلێمانی بەشێك لە نهێنیەكانیشیانی لە گەڵ خۆیدا بردە گۆڕەوە , ئەو لە نەخشە دانان بۆ لەناو بردنی نەیارانی نزیكی خۆی سڵی نەكردبێتەوە, ئەو هەڕەشەی كودەتای لە مەلاكانی وەك خاتەمی و كەڕوبی كردبێت, دەبێت چی لەم وڵاتانە و لەم عێراق و كوردستانە كردبێت, چەند تاوانی نهێنی تێدا ئەنجام دابێت,  لەگەڵ خۆیدا چ خەزێنە زانیارییەكی پڕ بەهای بردبێتە گۆڕەوە كە شیوەنگێڕانی ئەمڕۆ شەریكە بەشی  بوونە.

لێ چەند لە سلێمانی رزگاریان بووبێت, ئەوا فایلەكانیان  پارێزراوە, پێویستە سالانە لەم نمایشە تاوانكارییە بەشدار بن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×