حەماس‌و لیكود: لێكچوونی تاوان‌و بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود
  2023-10-30     547

هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە, لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی نەتەنیاهۆ كۆبوونەتەوە" یاش  و شاس و زایۆنیزمی دینی و یەكێتی نیشتمانی و ئیسرائیل ماڵمانەو .......,  ", پشتیوانی 106  كورسی لە كۆی 120 كورسی پەرلەمانی هەیە,  كابینەكەی ئێستای نەتەنیاهۆ راستڕەوترین  كابینەیە لە مێژووی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیلدا, جگە لە پارتی كارو دوو لیستی عەرەبی چەپ و ئیسلامی, هەموو لیستەكانی دیكە لە دەوری حكومەتە راستگەرا ئاینییە یەكێتی نیشتمانییەكەی نەتەنیاهۆ كۆبوونەتەوە, تا ئەو ئاستەی نوزەی نەیاری ناوخۆیی بەرامبەر بە حكوومەتەكەی نەهێشتووەو كردویەتییە كابینەی بكوژو ببڕ, گەلی جووی لە گەلێكی زۆرلێكراوی مەزڵومی هەزاران ساڵەی قوربانی هۆلۆكۆستە یەك لە دوای یەكەكانەوە  كردۆتە گەلێكی بكوژو ببڕو تاوانكار, دیارە  تاوانە قێزەونەكەی حەماسیش لە 7ی ئۆكتۆبەر  كە رووی داعشی سپی  كردەوە,  باشترین  دیاری بوو بۆ هاوچین و هاوبیروباوەڕە جووە زایۆنیزمەكەیان, لەسەر سینی زێر بەهانەی تاوانیان پێشكەش كردن.

حەماس و  لیكۆد  لە فەرهەنگی سیاسییدا لە یەك خانەی سیاسی  پۆلێن دەكرێن, كە  دوو پارتی راستی پارێزگاری ئاینین, حەماس  كە ناسنامەی ئایدۆلۆژیەكەی  لە ئیخوانەوەیە, وەك لیكۆد پارتێكی راستگەرای پارێزگارە, لە روی ئابوورییەوە هەردوو پارت باوەڕیان بە ئابووری بازاڕە, جیاوازییان تەنها لەوەدایە  هەردووك نەوەی ئیبراهیمن و یەكیان نوێنەرایەتی ئیسماعیل دەكات  ئەوی دی ئیسحاق, هەردووكیان چۆن بە بۆچوونی خۆیان نەوەی سامی كوڕی نوحن,  بەهەمان شێوە  خاوەندی یەك پەیڕەوو  یەك ریش  و  دوژمنایەتی سەرسەختی بەرازو هاوشێوەی نزیكی شەریعەت و بیركردنەوەن, یەكیان ناوی ئیسلامی هەڵگرتووە ئەوی دی عیبرانی.

بۆیە  ئەم جەنگە, جەنگی  دوو گروپی  تاوانكارن,  هەرچەندە هەردوولایان خۆیان بە نوێنەری دوو گروپی زۆرلێكراوی مێژوویی  دەدەنە  قەڵەم, لێ بە پێی یاسای جیهانی  مرۆیی و رێكەوتنامەی جنێف  و  پایەكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و  یاساو پرنسیبە نێودەوڵەتییەكان ئەو مافەیان نییە چییان ویست  بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و  دیلی جەنگ  و  ناوچە سڤیل نشینەكان بیكەن, ئەوانیش مافی تایبەتیان هەیە لە  ژیان و پاراستنی  كەرامەتیان, مافەكانیان بە رێكەوتنامەی  نێودەوڵەتی  دیاریكراوە .

مرۆڤ كە هەڵوێست  وەردەگرێت دەبێت بە هەردوو  چاوی سەیری رووداوەكان بكات, هەموو تاوانەكانی ئەم خولە ببینێت, نەك  تەنها ئەوەی  رۆژی حەوتی ئۆكتۆبەر جیهانی هەژاند, یان  تەنها ئەوەی دوای كاردانەوەكە بەسەر خەڵكی غەزەدا هات, لێرەدا  كارو كاردانەوە هەردووك لە رووی پێناسی  تاوانەوە  لە یەك چوارچێوەدان, تاوانی قورسن دوای پشكنین و لێكۆڵینەوە, دادگا بڕیاریان  لەسەر دەدا, كە چاودێران لە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تا جینۆساید ریزی دەكەن, مەبەستم ئەوە نییە تاوانەكان پێش 7ی ئۆكتۆبەر لە یاد بكرێن, چوونكە ئەم تاوانانەی لەسەر ئەو خاكە ئەنجام دراون و دەددرێن, تاوانی زەقی  گەورەن و كات و شوێن نایان سڕێتەوە, ناشبێت  تاوانكار لە سزا  رزگاری ببێت.

بۆیە  چەپڵە لێدان  بۆ هەر لایەكی  ئەم دوو گروپە تاوانكارە  بۆ خۆی تاوانە, ئەوان دەیانەوێت  هەردوو كۆمەڵگا  لە دەوری گروپە تاوانكارییەكانیان  كۆبكەنەوە, خەڵك  بكەنە چەپڵە لێدەری  تاوان, سەما كردن بۆ تاوان بەشدارییە لە ئاهەنگی تاوان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×