14-4 ڕۆژێك بۆ یاداوه‌ری تاوانی ئه‌نفال

عەلی مەحمود
  2019-04-09     1615

ئه‌نفال مه‌رگی له‌سه‌رخۆی گه‌لێك بوو جار جاره‌ له‌سه‌ر خۆو  جاری دیش شێتانه‌  , ئه‌و تراژیدیای مه‌رگه‌ 196 ڕۆژی خایاند و درێژ بوه‌وه‌  بۆ  ناو هه‌موو لایه‌نه‌كانی  ژیانی ئه‌واه‌ی به‌ر شاڵاوه‌كه‌ی كه‌وتن , ئه‌وه‌شی  به‌ ڕێكه‌وت ڕزگاری بوو لێی, ده‌ردو مه‌ینه‌ته‌كانی به‌شێوه‌و شێوازی دی ئه‌نفالی كرد, شوێنه‌واری  له‌سه‌ر  سه‌رتاپای ژیانی  ئه‌م گه‌له‌ له‌ دوای خۆی دانا, ڕژێم شه‌وی ده‌دایه‌ ده‌م ڕۆژه‌وه‌ بۆ قه‌سابیكردنی لادێنشیینه‌كان كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ و سوتاندنی خاك و وێرانكردنی ئاوه‌دانی و وشككردنی سه‌وزایی و كانیی و نه‌هێشتنی مرۆڤێك به‌ ناوی هاووڵاتی كوردستانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش كورد, سوپای عێراق له‌ سه‌رباز و جاش به‌ خه‌فیفه‌و مه‌فره‌زه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك حه‌زییایه‌كی چه‌ند سه‌ره‌ی ئه‌فسانه‌كان له‌ هه‌رچوار لاوه‌ په‌لاماری ته‌واوی لادێكانی كوردستانیان ده‌دا, ئه‌وه‌ی به‌ر كه‌وت و  ڕِزگاری نه‌بوو  له‌و ڕۆژه‌وه‌ قوتی داو ببڕیای ببڕای نه‌یانمان بینییه‌وه‌, هه‌موو چركه‌ و له‌حزه‌و سات و ڕۆژه‌كانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ شومه‌, مه‌رگه‌ساتێكی ترسناك  بوو بۆ خۆی, ڕۆژگاره‌كانی پاشیشی ژیانی ناو مه‌رگه‌ساته‌كانی تۆپزاو و نگره‌سه‌لمان, چاڵ و په‌ناگای گوله‌بارانكردنی به‌ كۆمه‌ڵی ئه‌نفالكراوان هه‌موو مێژویه‌كی دانه‌بڕاون له‌ یه‌كتر , مێژوویه‌ك بوو پڕ له‌ یاداوه‌ری مه‌رگ و تاوان, جێی خۆیه‌تی یادی هه‌موو ئه‌و تاوان و كاره‌سات و قوربانیانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و حه‌وت مانگه‌دا ئه‌نجام درا, ئه‌وه‌ مێژوییه‌كی ترسناك و پڕ تاوانه‌, ئه‌وه‌ی له‌ ناوییا نه‌ژیابێت, ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆی وێنه‌ ترسناكه‌كانی نه‌بینیبێت, ئه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌كانی نه‌چه‌شتبێت, ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ڕۆژی نه‌دابێته‌ ده‌م شه‌وه‌وه‌ بۆ بینینه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كانی, ئه‌وه‌ی به‌ پێی خۆی ڕزگار نه‌بووبێت , ناتوانێت وینه‌ی چیرۆكه‌كانی ئه‌و مه‌رگه‌ ساته‌ بكێشێت, ئاخر خه‌یاڵدانی بڕ ناكات و ناتوانێت وێنای كاره‌ساته‌كانی, ئێش و ئازارو دڕنده‌ییه‌كانی بكێشێت , ئه‌مه‌ له‌ خه‌ونی شاعیرانه‌ زۆر ئه‌ولاتر و  دوورتره‌, ئه‌وه‌ جیهانی مه‌رگه‌ساتی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژییه‌ كه‌ ناوی ئه‌نفاله‌.
هاوكات ناشتوانرێت هه‌موو ڕۆژه‌كانی ئه‌نفال,  بكرێت به‌ شین و شه‌یپوری یاداوه‌رییه‌كانی, چونكه‌ فه‌زایه‌ك بۆ ژیان , كاتێك بۆ بیركردنه‌وه‌ و هه‌نگاو نان بۆ ئاینده‌ و دواڕوژ, زه‌مه‌نێك  بۆ ساڕێژكردنه‌وه‌ی زامه‌كان و  هه‌ڵسانه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیان, چركه‌ ساتێك بۆ ژیانی دوا ڕۆژ و زیندوبونه‌وه‌ نامێنێت, له‌ بیركردنه‌وه‌ی یاداوه‌رییه‌كانیش مانای له‌ بیركردنی تاوان , له‌ یاد كردنی خیانه‌ت , له‌ بیر كردنی مێژووی تاڵ و شكسته‌كانی ڕابردوو دێت , گه‌لێكیش ڕابردووی كاره‌ساته‌كانی له‌ بیر بكات, مانای ڕازییه‌ به‌ كوشت و بڕه‌كانی داهاتووش, مانای ملكه‌چ ده‌كات بۆ زه‌لاله‌ت و قه‌سابیه‌كان, له‌بیركردنی یاداوه‌رییه‌كان یانی ده‌ست ئاواڵه‌ كردنی داهاتووه‌ بۆ دوباره‌ بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌  ترسناكه‌كان, یانی نرخ نه‌دانه‌ به‌ زاكیره‌كان, یانی هاندانی دوباره‌ بونه‌وه‌ی قه‌سابخانه‌كانه‌, بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو, مه‌رگه‌ سات و قه‌سابی كردنه‌كانی خۆمان له‌ یاد نه‌چێت, بۆ ئه‌وه‌ی ئێسكه‌كانمان له‌ بیابان و ناو حه‌وزی تێزابه‌كان ده‌ركه‌ینه‌وه‌و تف له‌ حه‌جاج و حه‌جاجیه‌كان و هاوره‌فتاره‌كانیان بكه‌ین, پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی یاد كردنه‌وه‌ی ئه‌نفاله‌وه‌ خۆمان وه‌ك گه‌لێكی به‌رده‌وام له‌ پرسه‌ و خه‌بات كه‌ر بۆ دواڕۆژێكی ڕۆشن  دانێین , گه‌لێك ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ڕابردووه‌كان خۆی بخوێنێته‌وه‌ بۆ هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو, ئێمه‌ چاومان له‌ داهاتووه‌, بۆیه‌ ڕابردوو ده‌خوێنیینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داهاتویه‌كی ڕون و گه‌ش دابینبكه‌ین بۆ نه‌وه‌كانی  داهاتوو , ده‌نا ده‌زانین رابردوو به‌ خۆشه‌ویستانمانه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌, ده‌بێت نیشتمان  له‌سه‌ر شوێنه‌واری  گۆرستانه‌كانی  ئه‌نفال  بنیات  بنێینه‌وه‌ كه‌ نه‌كرا , هه‌رچه‌نده‌ بوونی تاوانبارانی كورد له‌ ناومان به‌رده‌وام ئازاری ده‌روونیمان زیاد  ده‌كات و یادكردنه‌وه‌كانمان كاڵه‌ كه‌نه‌وه‌, به‌رده‌وام ئازارمان ده‌ده‌ن, وه‌لێ بێ یادكردنه‌وه‌ش تاوانباران رزگاریان ده‌بێت  له‌و رۆژه‌ی تێیایدا نه‌فره‌ت ده‌كرێن,  ئه‌و رۆژه‌ بۆ تاوانباران و داڵده‌ده‌ران و گه‌نده‌ڵكاران بووه‌ دۆوه‌خی ئه‌نفال, له‌و رۆژه‌دا دادگایه‌كی نا فه‌رمی ده‌كرێن, له‌و رۆژه‌دا ئه‌نفالكراوان دێنه‌وه‌ چیرۆكی ئه‌نفالكردنیان ده‌گێڕنه‌وه‌, بۆیه‌ دیاریكردنی ئه‌و رۆژه‌ گرنگ و پێویست بوو.


بۆ 14-4

شێخ وه‌سانان و بادینان و سه‌رده‌شت یه‌كه‌م شارو ناوچه‌ بوون,  به‌ر لێدانی چه‌كی كیمییاوی كه‌وتن له‌ كوردستان, به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌ كرا به‌ ڕۆژی شه‌رمه‌زاركردنی چه‌كی كیمیاوی له‌ كوردستان, له‌ جیهانیش وه‌ك یه‌كه‌م شاری قوربانیده‌ری چه‌كی كیمیاوی چووه‌ مێژوه‌وه‌ له‌ رێگای په‌رتووكی گینزه‌وه‌, ده‌شمانه‌وێت بیكه‌ین  به‌ ڕۆژی  قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیاوی له‌ هه‌موو جیهان له‌ داهاتوو , چونكه‌ قه‌باره‌ی زیانه‌كانی گه‌وره‌تر بوو له‌ هه‌مووان و تاوانه‌كانی تر و ناسراوتر تربوو  له‌وانی پێشوتر و دواتر هه‌ر بۆیه‌شه‌ خرایه‌ په‌رتوكی گینسه‌وه‌ له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌, هه‌موو تاوانێكی مه‌زن له‌ سه‌ر ئاستی گه‌ل,  پێویسته‌ ڕۆژێك هه‌بێت بۆ یادكردنه‌وه‌ی, بوونی ڕۆژێكی وا گرنگه‌ بۆ ناوه‌ندیدان به‌ یاده‌وه‌ریه‌كه‌, هه‌روه‌ها گرنگیشه‌ بۆ  به‌رده‌وام هێشتنه‌وه‌ی له‌ زه‌ینی نه‌وه‌كانی داهاتوو و باشتر كردنی باری ژیانی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌و تاوانه‌وه‌ و قوربانین,  ئه‌نفالیش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت ڕۆژێك تیایدا دیاری بكرێت بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ كه‌ زیاتر له‌ 10% ی گه‌له‌كه‌مانی تێدا كوشت و بڕكرا, نه‌ یه‌كه‌م ڕۆژی و نه‌ دوا ڕۆژی  ئه‌و تاوانه‌, تیایدا ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ی  نه‌بووه‌  تا دیاری بكرێن به‌و ڕۆژه‌ , گه‌وره‌ترین قه‌باره‌ی كاره‌ساته‌كه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی گه‌رمیان ئه‌نجامدرا ( دیاری كردنی ئه‌و ژمارانه‌ی ڕژێم بۆ ئه‌نفاله‌كانی دیاریكردووه‌ به‌ كارێكی باش نازانم , به‌ڵكه‌ ئه‌نفاله‌كان پێویسته‌ به‌ ناوی ناوچه‌كانیانه‌وه‌ ناو زه‌د بكرێن).
ئه‌نفالی گه‌رمیان كه‌ له‌ ڕۆژی ڕه‌شی 7 نیسان یادی دامه‌زراندنی پارتی به‌عس ده‌ستی پێكرد و له‌ 20-4 كۆتایی پێهات, وه‌ك به‌عس ئاسا دڕندانه‌ترین قۆناغی ئه‌نفاله‌كان بوو , هه‌رچه‌نده‌ له‌م شاڵاوه‌یان به‌ لێدانی چه‌كی كیمیاوی ده‌ستی پێنه‌كرد وه‌ك زۆری ئه‌وانی دی " له‌ تازه‌شار به‌كار هات ", كه‌ سه‌رجه‌میان به‌ لێدانی چه‌كی كیمیاوی ده‌ستیان پێكرد , وه‌لێ  پێده‌شته‌كانی گه‌رمیان ئه‌و جوگرافیایه‌ نه‌بوو بۆ به‌ره‌و ڕوبونه‌وه‌ی سوپای به‌عس و خیانه‌تی عه‌وامفریوانه‌ی جاشه‌كان بونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی  زیانه‌كان گه‌وره‌ بن, له‌گوندی تازه‌ شار پێشمه‌رگه‌كانی ینك و حشع قوربانی گه‌وره‌یان دا, به‌ڵام نه‌توانرا پێش به‌ هێرشه‌كان بگرترێت , قه‌باره‌ی   سوپای هێرش به‌ر گه‌وره‌تر بوو له‌ توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ , كه‌ پێشر له‌ دوو پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا تێسره‌واندنی كاریگه‌ریان به‌ر كه‌وت, زیانی گه‌وره‌ی  ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفال له‌پرۆسه‌ی ئه‌نفالی گه‌رمیان و له‌ ڕۆژه‌كانی 13-14-15—4-1988دا بوو , به‌ تایبه‌تیش ڕۆژی 14-4 , زیانه‌كانی ئه‌و ڕۆژانه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ گه‌وره‌ترین و زۆرترین زیان بوون كه‌ به‌ سێیه‌ك بۆ نیوه‌ی كۆی قوربانیه‌كانی هه‌موو تاوانی  ئه‌نفال مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت , شه‌وی 13له‌سه‌ر 14 ی 4 بازنه‌ی ئابلوقه‌دانی خه‌ڵك ته‌سككرایه‌وه‌, له‌ مله‌سووره‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌سلیمكرانه‌وه‌ , له‌ ڕۆژی 14 نیساندا له‌هه‌ردوو گوندی مله‌سوره‌و كوڵه‌ جۆی حاجی حه‌مه‌جان  زۆربه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ پاش ته‌نگكردنه‌وه‌ی بازنه‌ی ئابلوقه‌ له‌سه‌ریان هه‌موویانیان كۆكرده‌وه‌ و ئه‌نفالیانیان كرد, جاشه‌كان ڕۆڵی كارایان هه‌بوو له‌ ئه‌نفالكردنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ , به‌و هانیانیان دا ته‌سلیم بنه‌وه‌, له‌و ڕۆژه‌دا نزیك به‌ 20000 خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌شی زۆریان ژن و مناڵ و پیر و په‌ككه‌وته‌ بوون كۆكرانه‌وه‌ و به‌ ئیڤای سه‌ربازی و تراكتۆرو ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتیانی ئه‌نفالكراو گواسترانه‌وه‌ بۆ قۆڕه‌توو (قۆڕه‌توو ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی مه‌یدانی  شاری خانه‌قین, ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ دوای ساڵی  1974 ه‌وه‌ ته‌عریب كراوه‌) . پاشماوه‌ی جل وبه‌رگه‌كانیان تا ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانیش مابوون, به‌م هۆیه‌وه‌ 14-4 وه‌ك ڕۆژێك تیایدا دڕنده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفال  گه‌یشته‌ ترۆپكی  تاوان هه‌ڵبژێردرا به‌ ڕۆژی ڕه‌شی ئه‌نفال,  ڕۆژێك ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی پاش ئابلوقه‌ دان و قه‌تیسكردنه‌وه‌یان له‌ ناو بازنه‌یه‌كی ته‌سك  له‌ لایه‌ن جاشه‌كانه‌وه‌ له‌ پێشیانه‌وه‌ فه‌تاح به‌گی جاف ته‌سلیم به‌ به‌عسكرانه‌وه‌, بۆیه‌ كاتێك 14-4 دێته‌ پێشه‌وه‌ ده‌بێت ناوی ئه‌و جاشانه‌ له‌ پێشی پێشه‌وه‌ بن بۆ دادگاییكردن ,  وه‌ مله‌ سووره‌ش  ئه‌و جێگه‌یه‌  بێت تاوانبارانی  جاشی  لێ  سزا بدرێت و تیایدا دادگایی بكرێن.


بڕیاری حكوومه‌ت بۆ به‌ فه‌رمی ناسینی 14-4 به‌ رۆژی ئه‌نفال

دیاریكردنی ڕۆژی 14-4 به‌ ڕۆژی ئه‌نفال هه‌نگاوێكی گرنگ بوو له‌سه‌ر دیاریكردنی ڕاسته‌ ڕێگایه‌كی درووست بۆ به‌ جینۆسایدناسینی ئه‌نفال و به‌ مێژووكردنی و باشتر كردنی باری ژیای به‌جێماوه‌كانی قوربانییه‌كانی, كه‌ ساڵانه‌ له‌و رۆژه‌ له‌ رو ناوخۆ داخوازییه‌كانیان دێننه‌ مه‌یدان, رو له‌ ده‌ره‌وه‌ش مه‌زڵومیه‌تی گه‌لێكی جینۆسایدكراو به‌ جیهان ده‌ناسێنن .
هه‌موو كات زیان هه‌تیوه‌و قازانج باوكی زۆره‌ , كه‌ بۆیه‌كمجار داواكرا 14-4 بكرێت به‌ ڕۆژی ئه‌نفال, ته‌له‌فزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا , ڤیستیڤاڵه‌كانی تێكدرا , لافیته‌ی پێچرایه‌وه‌ , كه‌سێك خۆی ناكرد به‌ خاوه‌ندی , وه‌لێ كه‌ هه‌وڵی بێپسانه‌وه‌ ده‌گات به‌ ئه‌نجام , له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ یه‌كێك ده‌ڵێت منم, نان و رۆنی پێوه‌ ده‌خۆن, بازرگانی پێوه‌ ده‌كه‌ن و پاره‌ی پێ په‌یدا ده‌كه‌ن, هه‌موو كات خه‌ڵكانی به‌رژه‌وه‌ندخواست و هه‌لپه‌رست  له‌ دوای هه‌وڵه‌كان ئاماده‌ن ,  به‌ قازانجی خۆیان  ده‌سكه‌وته‌كان  بدورنه‌وه‌ , به‌ تایبه‌ت  له‌  ئاوهه‌وایه‌كی  وه‌ك  ئه‌مڕۆ  كه‌یسی  ئه‌نفال  باشترین  ڕێگایه‌  بۆ بازرگانی  پێوه‌كردن و وه‌رگرتنی پله‌ و پۆست.
دوای 19 ساڵ له‌ تاوانی ئه‌نفال , دوای 16 ساڵ له‌ ئازادبوونی كوردستان , دوای 12 ساڵ له‌ نووسینه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌یانی فه‌رمی كه‌ تیایدا داواكراوه‌ 14-4 به‌ ڕۆژی ئه‌نفال بناسرێت, هه‌مان به‌یان له‌ ڕۆژی خۆیدا له‌ ڕۆژنامه‌و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به‌ به‌ربڵاوی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ , دوای ئه‌وه‌ی ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان و شه‌رمه‌زاری به‌رپرسان له‌ نه‌هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی پیرۆزی كه‌س و كاره‌كانمان تۆقاندیانی , له‌ به‌رواری  4-4 -2007بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ درا 14-4 به‌ڕۆژی ئه‌نفال بناسرێت:
" پیشنیوه‌رۆی دوینی 4/4/2007، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و عومه‌ر فه‌تاح جیگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، له‌ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی كرد.له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی بریاری دانانی رۆژی 14/4ی هه‌موو ساڵیك به‌رۆژی ئه‌نفالكراوه‌كان وه‌رگیرا ".


چۆن 14-4 بوو به‌ ڕۆژی ئه‌نفال

ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌نفال جێی گرنگی پێدانی كه‌سو لایه‌نه‌كان نه‌بوو , شه‌ڕ  له‌سه‌ر  كۆنفرانس  و كۆنگره‌ و ده‌عوه‌تنامه‌كان و ده‌رچوون  له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان  له‌   ئارادا نه‌بوو, شان بادانی سه‌ر شاشه‌كان بوونی نه‌بوو !!! , كێشه‌یه‌كی له‌ بیركراوی بێ خاوه‌ند و تا بڵێی بێكه‌س  بوو ,  ئه‌وه‌شی  كاری له‌سه‌ر  ده‌كرد به‌  ئێسك  په‌رست ناوده‌براو  گاڵته‌ی پێده‌كرا ,  ئه‌و باسكردن و كاركردنانه‌ی هه‌بوو  په‌رتوبڵاو بوو, له‌و ڕۆژانه‌دا كۆمه‌ڵێك چالاكوانی به‌ راستی خۆبه‌خش و رۆشنبیر و هونه‌رموند و دلسۆزی ئه‌م گه‌له‌ , به‌ سكی  برسی و  ماندوه‌یه‌تی سه‌ختی ژیانه‌وه‌ , له‌ پاڵ نه‌بوونی و هه‌ژاری خه‌می ئه‌نفاله‌كانیان له‌ كۆل نا و شه‌ویان دایه‌ ده‌م رۆژه‌وه‌ بۆ به‌ مێژوو كردنی ئه‌م تاوانه‌ و دیاری كردنی رۆژێك بۆ یاداوه‌ریه‌كه‌ وه‌ك قه‌ره‌بوییه‌كی مه‌عنه‌وی كه‌سوكاری و نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌كه‌ی ,  تاكو  له‌و ڕۆژه‌دا قورسایی بدرێته‌ یادكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ , ساڵانه‌ له‌ كات و ساتی خۆیدا یاد بكرێته‌وه‌, ئه‌م یاداوه‌رییه‌ نه‌مرێنرێت, له‌ بیری تاكه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌ زیندویی بمێنێته‌وه‌ و ببێته‌ ڕچه‌ی ناساندنی له‌ئاستی جیهانیدا .
پێویسته‌ ئه‌و مرۆڤه‌ دڵسۆزانه‌ی كه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌ری گرت بۆ دیاریكردنی ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ ڕۆژی ئه‌نفال , ناویان بچێته‌ مێژووی به‌گژدا چونه‌وه‌ی ئه‌نفال و ئه‌نفالچیه‌كان , منیش وه‌ك ئاگادارێكی زۆرتر  له‌ هه‌ر كه‌سێكی  دیكه‌ له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و چالاكیانه‌و موبادری هه‌وڵه‌كه‌و سه‌رپه‌رشتیكردنیان , چه‌ند دێرێك له‌م یاده‌وه‌رییه‌ ده‌خه‌مه‌ سه‌ر كاغه‌ز, به‌ داوای لێبوردن له‌ هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی به‌ بێ هیچ هۆكارێك له‌ یادیانم كردووه‌, ته‌نها  هۆكاریش  ئه‌وه‌یه‌ ئاگاداری  كارو چالاكیه‌كانیان  نه‌بوومه‌ یان ئاگادارم و  ناویانم  له‌ یاد كردووه‌ , چونكه‌ تاوانه‌  ڕه‌نجی كه‌سانێك له‌ سه‌ره‌تادا  بۆ به‌مێژوو كردنی ئه‌نفال هه‌وڵیان داوه‌ و ڕه‌نجیان  داوه‌, چه‌نده‌ هه‌وڵه‌كه‌یان  بچووكیش  بێت  له‌ یاد بكرێن , به‌ری ڕه‌نجی كه‌سانی دی , هه‌وڵ و ماندوبوونی كه‌سانی دی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیانیشدا نه‌بیت له‌ یادبكرێت.
پاش گه‌ڕانێكی وورد به‌ ناو ڕۆژنامه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین , ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ به‌ر سه‌رنجم , یه‌كه‌م وتار له‌ سه‌ر ئه‌و رۆژه‌  نووسرابێت و ته‌ئكیدی  له‌سه‌ر كرابێت كه‌ ببێته‌ رۆژی ئه‌نفال له‌ داهاتوودا   به‌ ڕێز كاك " ڕ. خ " له‌ كوردستانی نوێ ژ 66 ی 14-4-1992 دا نووسیویه‌تی ,  كه‌ دوایی بۆم ده‌ر كه‌وت ناوی به‌رێزی كاك ڕه‌حمان خانییه‌ له‌ شاری ده‌ربه‌ندیخان, هه‌روه‌ها دووه‌م بابه‌ت  له‌ په‌رتووكی تونی مه‌رگ كه‌ به‌ڕێز زیاد عه‌بدڕه‌حمان "نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵا" نووسیویه‌تی هاتووه‌ (( (c.d.a.w.e) له‌ ساڵی 1993 هه‌مان ڕۆژی 14-4 به‌ ڕۆژی یادكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌نفال داناوه‌ ویادی كرده‌وه‌, له‌ هه‌مان ڕۆژی ساڵی 1994 یش دا یادی ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك له‌ گه‌رمیان كرایه‌وه‌ , پێده‌چێت ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ داهاتوودا ببێته‌ یادی قڕ كردنی به‌ كۆمه‌ڵی گه‌لی كورد ( په‌رتووكی تونی مه‌رگ –ل9)  لێره‌وه‌  نووسه‌ر ئه‌گه‌رێك داده‌نێت بۆ بوونی ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ ڕۆژی یادی قڕكردنی به‌ كۆمه‌ڵی گه‌لی كورد وه‌ك دووه‌م هه‌وڵ, نه‌ك به‌ كردنی به‌ ڕۆژی ئه‌نفال( كتێبی تونی مه‌رگ یه‌كه‌م هه‌وڵی گه‌وره‌و مانفیستۆی كاركردن بوو بۆ ئه‌نفال و ئازایانه‌ ناوی ئه‌نفالچیه‌كانی بڵاو كرده‌وه‌ بۆیه‌ سه‌ره‌تایه‌كی ئازایانه‌و جێگای ستایشه‌) .
وه‌لێ  كاك  شێخ سدیق  لێكۆڵه‌ر  و چالاك  له‌ بواری پرسی  ئه‌نفال ده‌ڵێت : له‌ 14-4-1993  به‌ پشتگیری  لیژنه‌ی پارێزگای  كه‌ركووكی  حیزبی  شیوعی كوردستان  و مه‌ڵبه‌ندی  دووی  یه‌كێتی  نیشتمانی  كوردستان ئه‌و یاده‌ كرایه‌وه‌  له‌ ئۆردوگای  سمود (ڕزگاری ) , لیژنه‌ی  ئاماده‌كار بریتی بوون له‌   : شێخ  سدیق  , دڵشاد  تاڵه‌بانی  , هێمن كه‌ركووكی  "سه‌بوور " ئه‌و یاده‌  ڤیستیڤاڵێكی  گه‌وره‌  بوو , به‌شێك  له‌ چالاكیه‌كانی بریتی بو له‌: ئه‌نجامدانی ڕێپێوانێك له‌ ناو ئۆردوگاكه‌وه‌  بۆ به‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌ك , ڕێپێوانه‌كه‌  به‌ تراكتۆر و ئۆتۆمۆبێل نمایشی تاوانی ئه‌نفال بوو, له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌كه‌  وتاری لایه‌نه‌كان خوێنرایه‌وه‌, ڕۆژی دواتریش  له‌ كه‌لار پیشانگایه‌ك  به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ كرایه‌وه‌ . 
ڕۆژنامه‌كان ئه‌و ڕۆژانه‌  باشترین به‌ڵگه‌ نامه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م هه‌وڵانه‌ی دراون بۆ دیاریكردنی ڕۆژی 14-4 به‌ ڕۆژی ئه‌نفال چه‌ند كاریگه‌ر بونه‌و  جێگای خۆیان گرتوه‌و گه‌یشتوونه‌ به‌ جێی مه‌به‌ست  و  توانیویانه‌ ئه‌و داواكارییه‌  بسه‌پێنن.
ڕۆژنامه‌كانی كوردستان تاكو  ساڵی 1995 ئه‌و ڕۆژه‌یان به‌ ڕۆژی ئه‌نفال نه‌ناساندووه‌و هیچیان له‌باره‌وه‌ نه‌نوسیووه‌, وه‌ك شایه‌دحاڵێكی زیندووی تاكه‌ راگه‌یاندنی مونه‌زه‌م له‌و رۆژگاره‌دا, با پێكه‌وه‌ بۆ راستی بۆچونه‌كه‌مان چاوێك به‌ چه‌پكێك ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامه‌كانی ئه‌وكاتانه‌ بخشێنین .
كوردستانی نوێ ژماره‌660 ی به‌رواری 14-4-1994, له‌ مانشێته‌كه‌یدا هاتووه‌ ( به‌یانامه‌ی م س  ینك به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی هه‌ڤاڵ ڕه‌سوڵ مه‌مه‌ند ) , ئیتحادی ژماره‌ 75 ی به‌رواری 16-4-1994 یش هه‌مان بابه‌ته‌ مانشێته‌كه‌ی.
الاتحادی ژماره‌ 127 به‌رواری 15-4-1995 له‌ مانشێته‌كه‌ی هاتووه‌ , (امریكا قلقه‌ علی حقوق الانسان خصوصا فی اقلیم الكردی بتركیا).
ڕۆژنامه‌ی یه‌كگرتوو ژماره‌ 86 ی به‌رواری 12-4- 1996 له‌ مانشێته‌كه‌یدا هاتووه‌: ( فره‌ زمانی و فره‌ ڕه‌گه‌زی نیشانه‌ی گه‌وره‌یی خودان و ده‌بێ بپارێزرێن , ڕیسوا بێت سیاسه‌تی جینۆساید و قڕ كران ).
كوردستانی نوێی ژماره‌ 66 ی به‌رواری 14-4-1992 له‌ مانشێته‌كه‌ی هاتووه‌: (سه‌ركه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ڕژێم به‌های ئه‌و كاغه‌زه‌ی نابێت كه‌ له‌ سه‌ری مۆر ده‌كرێت ).
كوردستانی نوێ ژماره‌ 962 به‌رواری 14-4-1995 مانشێته‌كه‌ی بریتی بوو له‌: (له‌ ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌كیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پڕۆژه‌ی فرۆشتنی به‌شێك له‌ نه‌وتی عێراق په‌سه‌ند ده‌كات) (هه‌رچه‌نده‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بابه‌تی زۆر له‌سه‌ر ئه‌نفال له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ناوه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ , له‌ ناویشیاندا به‌یاننامه‌ی ڕێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كان له‌سه‌ر 14-4 و چالاكیه‌كانی ڤیستیڤاڵی یه‌كه‌می ئه‌نفاله‌كان )ی تێدایه‌, كوردستانی نوێی ژماره‌ 1262 ڕۆژی یه‌ك شه‌مه‌ی به‌رواری 14-4-1996 له‌ مانشێته‌كه‌یدا هاتووه‌ (ته‌نها به‌ دادگاییكردنی ئه‌نفالچییه‌كان ڕوحی شه‌هیدانمان شاد ده‌بێت ) .
ئاڵای ئازادی  ژماره‌ 68 ی به‌رواری 11-4-1993 دا له‌ مانشێته‌كه‌ی ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ هاتووه‌ : به‌ سه‌رخستنی ده‌ست پَشخه‌ری pkk, به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و هاوكاری سیاسی , ئه‌ركێكی نه‌ته‌وایه‌تییه‌ .
به‌ڵام له‌ ئاڵای ئازادی ژماره‌ 166 ی به‌رواری 16-4-1995 دا هاتووه‌ (ئه‌نفال به‌ڵگه‌ی خۆڕاگری میلله‌ته‌كه‌مان و دڕنده‌یی دوژمنانه‌ ).
له‌ بۆ پێشه‌وه‌ی ژماره‌ 18 ی نیسانی 1995 (با یه‌كی ئایار بكه‌ینه‌ ڕۆژی به‌رپاكردنی بزووتنه‌وه‌ی شورایی جه‌ماوه‌ری بۆ كۆتایی هێنان به‌شه‌ڕ و برسێتی , هاوكات بابه‌تێكی بچوك له‌ سه‌ره‌وه‌ نوسراوه‌ به‌ ناوی (كاره‌ساتی ئه‌نفال  و وه‌حشییه‌تی ناسیۆنالیزم).
هه‌رچی ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی ژماره‌ 1920  به‌رواری 14-4-1994 ه‌ له‌ مانشێته‌كه‌ی هاتووه‌ (هێژا مسعود بارزانی له‌ پرسه‌ی خوالێخۆشبوو رسول مامه‌ند ئاماده‌ ده‌بێت), هه‌رچه‌نده‌ په‌یامی برایه‌تی له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفاله‌, به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ به‌رواری 14-4 وه‌ك ڕۆژی ئه‌نفال نه‌كراوه‌ . به‌ڵام له‌ ڕۆژنامه‌ی ووڵاتی به‌رواری 15-4-1996 ژماره‌ 151 دا هاتووه‌ (یادی  ئه‌نفاله‌كان هانده‌رێكه‌ بۆ سوور بوون له‌سه‌ر خه‌بات). هه‌رچی ڕۆژنامه‌ی ڕێگای كوردستانی ژماره‌ 2 ی ساڵی 48 ی ساڵی 1992 هاتووه‌(پڕۆژه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌رنامه‌ی..) , هه‌رچی ژماره‌ 94ی به‌رواری 12-4-1993 هاتووه‌ (هه‌لومه‌رجی كوردستان وا ده‌خوازێ كه‌ به‌ په‌له‌ هه‌وڵی به‌ستنی كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی كوردستانی بدرێ) , لێ له‌  ڕێگای كوردستانی ژماره‌ 104 ی به‌رواری 19-4-1994دا هاتووه‌ (به‌ بۆنه‌ی یادی شه‌شه‌مین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان پێویسته‌ بایه‌خێكی زیاد به‌ 182000 ئه‌نفالكراوو كه‌س و كاره‌كانییان بده‌ین ).
سه‌رباری ئه‌وه‌ی بابه‌تی ڕێگامان له‌سه‌ر ئه‌نفاله‌ , وه‌لێ ڕێگای كوردستانی ژماره‌ 152 ی به‌رواری 11-4-1995 له‌ مانشێته‌كه‌ی هاتووه‌ (14 ی نیسان ساڵگه‌ردی ئه‌نفاله‌ شوومه‌كان و ڕه‌مزی گه‌وره‌ترین تاوانی سه‌دام دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان )(ڕۆژی 14 نیسان ڕۆژێكی هه‌رگیز له‌ یاد نه‌چووه‌ له‌ بیرو هزری رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان , ئه‌م ڕۆژه‌ هێمایه‌كه‌ بۆ گه‌وره‌ترین تاوان كه‌ ڕژێمه‌ شۆفینیستیه‌كه‌ی سه‌دام دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامی دا ). به‌م جۆره‌ ده‌بینیین له‌ ساڵی 1994 ه‌وه‌  له‌ مانگی نیسان باسی ئه‌نفال كراوه‌ , به‌ڵام له‌ ساڵی 1995 ه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر دیاریكردنی ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ ڕۆژی ئه‌نفال كراوه‌ته‌وه‌  له‌ هه‌فته‌نامه‌ی رێگای كوردستان, له‌ هه‌موو رۆژنامه‌كانی ئه‌وكات زیاتر گرنگی به‌ پرسه‌كه‌ داوه‌.
له‌ ساڵی 1994 دا له‌ ژێر درووشمی (دیاریكردنی چاره‌نووسی ئه‌نفالكراوه‌كان ) كۆمیته‌ی باڵای یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژانی ئه‌نفال له‌ یادی 6 ه‌مین ساڵه‌ی كاره‌ساتی ڕۆژانی ڕه‌شی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كانی به‌عس, له‌ ڕۆژانی 14-15-4-1994 زنجیره‌ چالاكییه‌كی له‌ كه‌لار و سمود ئه‌نجامدا , لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی یاده‌كه‌ له‌ لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی ینك و هاوڕێیانی حشكع- كه‌ركووك و یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان سازدرا بوو (كوردستانی نوێ 18-4-1994 ژماره‌ 663).
لێره‌دا پێویسته‌  ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نین  له‌ ساڵانی  1995  و 1996 ,  به‌ داواكاری  ئێمه‌  له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان  14-4  وه‌ك ڕۆژی ئه‌نفال  ناسێنرا و چووه‌  مانشێته‌كانه‌وه‌  , پاش  سه‌ردانیكردنی  هه‌ر هه‌موویان.
 كاك سه‌ردار عه‌بدلله‌ یه‌كێك له‌ چالاكوانانی ئه‌وكاتی ئه‌نفال پێی  راگه‌یاندم :  بۆ سالی دواتر مه‌به‌ستی ساڵی 1996 ه‌ ,  كه‌ بینیمان له‌ 14-4 له‌ هه‌ولێر یادی ئه‌نفال به‌ به‌رفراوانی كرایه‌وه‌ , ئێمه‌ش  له‌وه‌ به‌ دواوه‌ سور بوین له‌سه‌ر دیاریكردنی  14-4وه‌ك رۆژی ئه‌نفال .
نابێت ئه‌وه‌ش له‌ یاد بكه‌ین له‌ ئایاری ساڵی 1994 شانۆگه‌ری وه‌رزێكی شووم له‌ شاری هه‌ولێر پێشكه‌شكرا كه‌ به‌ڕێزان فه‌خره‌دین گه‌رمیانی و خاڵه‌ حه‌مرین (یادی به‌خێر) و لالۆ ڕه‌نجه‌ و كۆمه‌ڵێك دڵسۆزی دیكه‌ ڕۆڵیان تێیدا هه‌بوو , گوزارشتی له‌ تاوانی ئه‌نفال ده‌كرد , وه‌لێ به‌ ئامانجی دیاریكردنی 14-4 نه‌بوو به‌ ڕۆژی ئه‌نفال و هاوكات له‌و ڕۆژه‌شدا نمایش نه‌كرا.
بانگه‌وازی ڤیستیڤالی یه‌كه‌می ئه‌نفاله‌كان له‌ 12-3 بۆ ئه‌نجام دانی یه‌كه‌م ڤیستیڤال  له‌ هه‌ولێر بڵاو كرایه‌وه‌ , كه‌ له‌ 14-4 ڤیستیڤاڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ له‌ هۆلی  مدیا به‌رده‌وام بوو, ئه‌م به‌رێزانه‌ رۆلیان له‌ ئاماده‌ كردن و سه‌ركه‌وتنی یدا هه‌بوو((محمد ملا سدیق –لالۆ ره‌نجده‌ر –سه‌دره‌دین خۆشناو-فاتیح شه‌یدا-كه‌ریم غه‌فور " كه‌ریمۆك" –قادر نادر-فریاد هیرانی-ئاشتیه‌ سور و هاوسه‌ره‌كه‌ی" دارا و پایزه‌" " رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ" , محه‌مه‌د مشیر- هاوار مسته‌فا- سۆزان مامه‌- بدرالدین سالح- نیهاد دزه‌یی- كه‌ریم سه‌ركه‌ش-هه‌ردی سه‌رده‌م –ده‌شتی سه‌رده‌م – فه‌لاح حه‌سه‌ن –عادیل قه‌شقه‌- -مامۆستا ره‌حیم-عوسمان عمر( عوسمانی  خه‌تم ) -رزگار مام بۆره‌- مامۆستا فرهاد خالید-نهاد جامی –ته‌حسین فایه‌ق-ئاواره‌ خان-كه‌ریم مه‌لا-مامۆستا كمال غه‌مبار- هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئیسماعیل- پارێزه‌ر دلێر محه‌مه‌د شه‌ریف -سه‌لاح مه‌زن- مامۆستا  عه‌بدالره‌حمان سدیق- ئازاد سلێمان و ره‌وان شاد هاوكار و هێمن حه‌ساری و شه‌فیق حاجی خدر  و  كنێر جه‌میل  و شه‌وقی داره‌توو و جه‌ماڵ شوشه‌ و عه‌دنان كۆچه‌ر و ........هتد  .هه‌روه‌ها به‌رێزان رزگار شوانی و رزگار حه‌ساری و فواد سدیق  له‌ رێگای كوردستان و كاك ستران عبدلله‌ و كاك دلشاد عبدلله‌ و ئیسماعیل عه‌بدالكه‌ریم له‌ كوردستانی نوێ و كاك غازی حه‌سه‌ن و ئیدریس شه‌یداهۆ  و كاك بێكه‌س  حه‌مه‌د قادر  له‌ ئاڵای ئازادی به‌شداری كاریگه‌ریان كرد له‌  ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌كانیانه‌وه‌ , به‌وه‌ی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌كانیان دانا بۆ ئه‌وه‌ی 14-4 وه‌كو ڕۆژی ئه‌نفال بناسن و گرنگی پێبده‌ن و  مانشێتی  له‌سه‌ر  دابنێن وێڕای له‌ چالاكیه‌كانیشدا رۆڵیان هه‌بوو  .
بۆ سالی دواتر واتا 1996 , جگه‌ له‌و به‌رێزانه‌ی  ناویان له‌ ڤیستیڤاڵی یه‌كه‌مدا هاتووه‌ ,  به‌رێزان  سه‌رهه‌د تۆفیق –شوان داودی –غازی حه‌سه‌ن- گرفتار كاكه‌یی- هه‌ردوو مامۆستای هێژاو تێكۆشه‌ر  خالید دلێر و سه‌عید ناكام  و  محه‌مه‌د ساڵه‌یی و هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین شه‌قڵاوه‌یی و پاڵه‌ی خالید دلێر و هیوا ناسیح و ئه‌سكه‌نده‌ر جه‌لال و فه‌رحان  و خالید كاوێس و ئازاد و ,,,, هتد به‌شدار بوون , ئه‌و ساڵه‌ به‌ داواكاری ئێمه‌و به‌ هاوكاری  به‌رێز كاوه‌ نادر  پارت و رێكخراوه‌ سیاسی و رۆشنبیریه‌كان ده‌یان به‌یاننامه‌یان له‌ 7-4  ه‌وه‌ ده‌ركرد به‌ بۆنه‌ی 14-4 و ناساندنی وه‌ك ڕۆژی ئه‌نفال ,  له‌وه‌ به‌ دواوه‌ ئیتر 14-4 وه‌ك رۆژی ئه‌نفال بو به‌ ئه‌مری واقیع چ له‌ بواری سیاسی یان جه‌ماوه‌ری .
ساڵی 1995 یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ به‌ بۆنه‌ی 14-4 ڕۆژی ئه‌نفال, ڕێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كانی كوردستان" من نوسیمه‌وه‌" ده‌ركرا, دواتر ده‌زگای ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یان ده‌ركرد وه‌ك دووه‌م به‌یاننامه‌ بۆ ئه‌نفال ده‌ركرابێت, هه‌رچه‌نده‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كگرتوودا هاتووه‌ (ئێمه‌ له‌ ئاوا ڕۆژێكدا كه‌ یادی ئه‌و كاره‌ساته‌ بێ دینی یه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ ,داوا له‌ هه‌موو ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنمان ده‌كه‌ین, كه‌ وه‌ك تاوانه‌ جینۆسایدییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و , جه‌نگه‌ جیهانییه‌كان و ,كاره‌ به‌ كۆمه‌ڵ كوژییه‌كانی ستالین و هیتله‌ر , له‌ قه‌ڵه‌می بده‌ن و ,گڵاوی نیازی ڕژێم له‌ به‌كارهێنانی وشه‌ی (ئه‌نفال)ڕسوا بكه‌ن و, وشه‌و زاراوه‌یه‌كی بۆ به‌كار بێنن كه‌ ڕێسی پیلانی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ – به‌شێك له‌ به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندن به‌ بۆنه‌ی یادی كاره‌ساتی به‌ناو ئه‌نفاله‌وه‌ – یه‌كگرتوو ژماره‌ 37 ) , دیاره‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ش له‌ لایه‌كه‌وه‌ دڵسۆزییه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ , له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك بوو له‌ نه‌خشه‌كانی پارت و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان بۆ سڕینه‌وه‌ی وشه‌ی ئه‌نفال و به‌كارنه‌هێنانی و مانه‌وه‌ی به‌ پیرۆزی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا و نه‌ چه‌سپینی له‌ گه‌ڵ تاوانه‌كه‌دا, كه‌ به‌ بڕوای ئه‌وكاتی ئه‌وان  له‌گه‌ڵ به‌ها ئاینیه‌كاندا ناهاته‌وه‌ .
ساڵی 1996 به‌هۆی سه‌ركه‌وتن و ده‌نگدانه‌وه‌ی ڤیستیڤاڵی یه‌كه‌می ئه‌نفاله‌كان هه‌وڵه‌كان گه‌وره‌تره‌وه‌ بوون , به‌ هه‌وڵ و كۆششی ڕێكخراوی ئاواره‌ و ئه‌نفاله‌كان لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی له‌ هه‌ولێرو شه‌قڵاوه‌ دروست كرا , هه‌روه‌ها داوا له‌ حزب و ڕێكخراوه‌ سیاسی و جه‌ماوه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌كان كوردستان كرا , به‌یاننامه‌ به‌بۆنه‌ی 14-4 ده‌ربكه‌ن و لافیته‌ له‌و یاده‌دا هه‌ڵواسن , بۆ ئه‌وه‌ی   شاری هه‌ولێر سیمای ئازییه‌ت باری گشتی  به‌ خۆوه‌ بگرێت ,  له‌ ساڵی 1996 لیژنه‌ی كاری هاوبه‌شی حیزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌ 1-4 ه‌وه‌ به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شیان ده‌ركرد له‌سه‌ر 14-4 و ناساندنی وه‌كو  ڕۆژی ئه‌نفال , كه‌ له‌ 7 حیزبی كوردستانی پێك هاتبوون , سه‌رباری ئه‌م لایه‌نانه‌ی خواره‌وه‌ : بزوتنه‌وی موسڵمانانی كوردی فه‌یلی –سه‌ركردایه‌تی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی توركمانی--كۆمه‌ڵه‌ی جوێلۆجی كوردستان-یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان-یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان-ڕێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كانی كوردستان-حزبی سۆسیالستی كوردستان-یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان-ده‌سته‌یه‌ك له‌ ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری-كۆمه‌ڵه‌ی ڕوناكبیری كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمه‌سێر . سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌یان پارت و ڕێكخراوی سیاسی لافیته‌یان به‌ داواكاری ئێمه‌ له‌ناو ڤیستیڤاڵه‌كه‌و شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر و به‌رده‌م بنكه‌و باره‌گاكانیان هه‌ڵواسی, ئه‌و بایاننامانه‌ش به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌ داواكاری ئێمه‌ ده‌ركراون, به‌ پێ باره‌گا به‌ باره‌گا به‌نده‌ زۆر جاریش له‌ گه‌ڵ  مامۆستا به‌دره‌دین گه‌ڕاوین و پاڕاوینه‌ته‌وه‌ تا به‌ دوی داواكارییه‌كانمانه‌وه‌ هاتن.
له‌ بواری ڕاگه‌یاندندا ڕۆژنامه‌كانی ووڵات , ئاڵای ئازادی , یه‌كگرتوو , پاڵه‌ مانشێته‌كه‌یان ئه‌وساڵه‌ له‌سه‌ر ئه‌نفال بوو , ڕێگای كوردستانیش سه‌رتاپای به‌ ڕه‌ش ده‌رچوو و مانشێته‌كه‌شی له‌سه‌ر ئه‌نفال بوو .
ئه‌م بروسكه‌ی پشتگیریانه‌ش گه‌یشتنه‌ ڤیستیڤاڵه‌كه‌ : ( ده‌سته‌ی ڕۆژنامه‌ نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی توركمانی-مكتب سیاسیی-- تیپی شانۆی نیشتمان-مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان-حزب الاخا توركمانی –مكتب سیاسی-- بزاڤی خوێندكارو لاوانی كوردستان-سكرتاریه‌تی باڵا-- حیزبی ڕزگاری كوردستان-مه‌كته‌بی سیاسی -–مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یه‌كێتی پێشه‌نگانی كوردستان-كۆمه‌ڵه‌ی جه‌نگاوه‌رانی پێشه‌نگی كوردستان- كۆمه‌ڵه‌ی جیۆلۆجی كوردستان-یه‌كێتی بێكارانی كوردستان-كۆمه‌ڵه‌ی ئاواره‌كانی كوردستان-ڕێكخراوی جیهانی بۆداكۆكی كردن له‌مافی مرۆڤ(ئه‌مینداری گشتی)-بزوتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-هه‌ولێر—كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد-مه‌ڵبه‌ندی چوار—كۆمیته‌ی ڕێكخستنی هه‌ولێری حیزی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق—كۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی باڵه‌كه‌یاتی—یه‌كێتی ژنانی كوردستان-مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت—ئه‌نجومه‌نی پارێزه‌رانی كوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنه‌وی دیموكراتی گه‌لی كوردستان—كۆمه‌ڵه‌ی زیندانیه‌ سیاسیه‌كان—مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی جوتیارانی كوردستان—خوێندكارانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان—كۆمیته‌ی پارێزگای هه‌ولێری حیزبی شیوعی كوردستان—كۆمه‌ڵێك له‌ ڕۆشنبیرانی شاری هه‌ولێر—كۆمیته‌ی تایبه‌تی مه‌كته‌بی سیاسی  ی ن ك—خوێندكارانی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان—ڕێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كانی كوردستان—له‌شكری 16 ده‌شتی هه‌ولێر ینك—تیپی شانۆی حه‌مرین—كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی كوردستان—ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ له‌ كوردستان (كوردستان ۆچ)—ناوه‌ندی هه‌ولێری پارتی كاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان –ڕادیۆی ڕێگای كوردستان—ڕێكخراوی تێكۆشانی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان—ڕێكخراوی ڕه‌وتی به‌لشه‌فیك—یه‌كێتی گشتی قوتابیانی كوردستان).
ئه‌م لایه‌نانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناویان هاتووه‌ , زۆربه‌شیان به‌ هه‌ڵواسینی لافیته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی ڤیستیڤاڵ به‌شداریان كرد , شاری هه‌ولێر تا ئه‌وكاته‌ هیچ بۆنه‌یه‌كی وای تێدا نه‌كرابوو , به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ لافیته‌ی تێدا هه‌ڵبواسرێت , به‌ درێژایی چه‌ندین كم به‌ملاو ئه‌ولای هۆڵی میدیادا , سیمای  ئازییه‌ت باری  گشتی به‌خشی به‌ شار ئه‌و چه‌ند رۆژه‌.
ئه‌م لایه‌نانه‌ی خواره‌وه‌ش ته‌نها لافیته‌یان له‌ ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا هه‌بوو : ( بیرۆی پارتی كاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان- یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان- ڕۆژنامه‌ی ووڵات-ڕۆژنامه‌ی شمس وه‌ته‌ن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی كرێكارانی كوردستان-لیژنه‌ی پارێزگای كه‌ركوكی حیزبی شیوعی كوردستان-یه‌كێتی ئافره‌تانی زه‌حمه‌تكێشان-لقی هه‌ولێری حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان-كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی كوردستان مه‌كته‌بی سیاسی-كۆمه‌ڵه‌ی ڕوناكبیری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركووك- كۆمه‌ڵه‌ی ڕوناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمه‌سێر –مه‌كته‌بی مافی مرۆڤی ی ن ك-یه‌كگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان) , هه‌روه‌ها ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش به‌ تابلۆ به‌شدارییان كرد له‌ پیشانگای كورد قڕان : (جوهه‌ر محه‌مه‌د خدر-دارا محه‌مه‌د عه‌لی-دلێر محه‌مه‌د شه‌ریف—سلێمان شاكر—سه‌ربه‌ست عومه‌ر—سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵله‌ سه‌راج-فیسه‌ڵ عوسمان-كامران – ڕزگار فقێ عبداڵله‌-ئازاد ئه‌نوه‌ر-گرفتار كاكه‌یی)(چاره‌نووس ژماره‌ 2 –حوزه‌یرانی 1996) *.
دیاره‌ ئاماژه‌م به‌ زۆر ناو دا , كه‌سانی تێدا بوو وه‌ك به‌دره‌دین حه‌مه‌ساڵه‌ح و كاك نیهاد دزه‌یی و سه‌رهه‌ تۆفیق    زۆر ماندوو بوون , كه‌سانی دیكه‌ش به‌شداریه‌كی ڕه‌مزیان كرد, پشتیوانییه‌كی مه‌عنه‌وی بوون بۆ یاداوه‌رییه‌كه‌ .
هه‌رچه‌نده‌ ڤیستیڤاڵی دووه‌م یاساغكرا و ڕێگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی گیردرا له‌ شاری هه‌ولێر ( به‌هۆی به‌رپرسانی ئه‌وكاتی ده‌زگای روناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوك , ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه‌شیان لێمان به‌ ره‌وا نابینی و دژ به‌ دیاریكردنی 14-4 بوون به‌ رۆژی ئه‌نفال) , وه‌لێ كه‌ مه‌منوع كرا زیاتر مه‌رغوب بوو و ده‌نگدانه‌وه‌ی زیاتری بوو, ڤیستیڤاڵه‌ كارتۆنیه‌كه‌ی ئه‌وانیش ده‌یان جار ئیمكاناتی زیاتری بۆ ته‌رخان كرابوو چۆڵ و هۆڵ كه‌م كه‌س به‌ لایدا چوو, له‌سه‌ر پاره‌ش بووه‌ شه‌ڕیان) , به‌ داخه‌وه‌  زۆری ئه‌و چالاكییانه‌ی بۆ ئه‌و بواره‌  ده‌كرێن تا ئێستا شه‌فاف نین و له‌ پاڵ ئه‌و یاداوه‌ریانه‌وه‌ گیرفانه‌كان پڕه‌ كرێن, تا ئه‌وكات رێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كان  چالاكترین رێكخراوی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری بوو له‌ كوردستان وه‌لێ یه‌ك فلس بودجه‌ی نه‌بوو هه‌موو كاره‌كانی له‌سه‌ر گیرفانی به‌نده‌ بوو.
گرنگ ئه‌وه‌یه‌ په‌یامه‌كانی یاده‌كه‌  چه‌سپی و له‌ كۆتاییدا ڕۆژێك دیاریكرا به‌ ڕۆژی ئه‌نفالكراوه‌كانمان كه‌ 14-4  بوو دیریكرا, له‌و ڕۆژه‌دا خه‌م و داواكارییه‌كانمان یه‌ك ده‌خه‌ین, به‌ چاو بۆ ئازیزانمان ده‌گرێین, به‌ بیر ڕێگایه‌ك ده‌دۆزینه‌وه‌ بۆ به‌ به‌ مێژووكردنی, به‌ ده‌ست  و ده‌نگێكی به‌رزیش ئازایانه‌ ده‌ڵێین سه‌رجه‌م تاوانكاران بێجیاوازی بۆ به‌رده‌م دادگا,  په‌یامه‌كانی  14-4  له‌ به‌جینۆساید ناسینی  ئه‌نفال  و  به‌ دادگایی  گه‌یاندنی تاوانباران و باشتر كردنی باری ژیانی قوربانیان  هه‌ر  ده‌گاته‌  به‌ر, به‌ هاتنه‌ مه‌یدانی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان.
له‌ كۆتادا ده‌مه‌وێت  رابگه‌یه‌نم بۆ ئه‌نجامدانی یاداوه‌رییه‌كه‌ , ڤیستیڤاڵی یه‌كه‌م  یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و حیزبی شیوعی و ینك" حاكم قادر" هاوكاری مادییان پێشكه‌ش كرد, بۆ دووه‌میش هه‌مان دوو حیزب و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان " به‌رێز فوئاد مه‌عسوم", ڤیستیڤاڵی شه‌قڵاوه‌ش پارتی دیموكرات مه‌سره‌فی كێِشا ئێمه‌ ده‌ستمان له‌ پاره‌كه‌ی نه‌دا, ڤیستیڤاڵی یه‌كه‌م زۆربه‌ی خه‌رجییه‌كانی له‌ ئه‌ستۆی به‌نده‌ بوو, هاوكارییه‌كان كه‌م بوون, پاره‌و داهاته‌كانی زۆر شه‌فافانه‌ وه‌رگرتران و خه‌رجكران, مامۆستایه‌كی ده‌ست پاك ره‌وانشاد خالید  دلێر سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد, به‌ ده‌ستنوێژیشه‌وه‌ ده‌ستی له‌ پاره‌كان نادا, له‌ شه‌قڵاوه‌ش مامۆستا ره‌وان شاد مامۆستا سمكۆ ناكام هه‌مان ته‌سه‌روفی ده‌كرد, ته‌نها به‌ چاوه‌كانیان ئاگاداری بوون روحیان شاد, ده‌توت دوژمندارییان له‌ گه‌ڵ شتێك هه‌یه‌ ناوی پاره‌یه‌, سه‌رجه‌م هاوڕێیانی دیش هه‌مان ته‌سه‌روفیان هه‌بوو, به‌سكی برسییه‌وه‌ كاره‌كانیان راده‌په‌ڕاند.
نابێت ئه‌وه‌ش له‌ یاد بكه‌ین له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات  بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1998 له‌ شاری ئاڕنهێمی هۆڵه‌ندا یادی ئه‌نفال له‌ 14-4 كرایه‌وه‌ , دواتریش كه‌ ناوه‌ندی چاك دامه‌زرا, یادكردنه‌وه‌ی ئه‌نفال له‌ 14-4  بووه‌ نه‌رێت.


  

 



  
 
 
  
  

 
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×