هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمان؟

عەلی مەحمود
  2019-05-15     1210

بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی بە 82%ی دەنگەكان دەبێتە سەرۆكێك, كە دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە سەرۆكەكانی فینلەندا, نەمسا, پورتوگال,  زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات  كە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ دەگەن بە پۆستەكە, تەنانەت لە سەرۆكی   باشوری ئەفریقا كە بە سستەمی سەرۆكایەتی ناسراوە, تیایدا سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت, لێ پەرلەمان مافی گۆڕینی هەیە كەی خواستی بێت, وەك چۆن یاكوب زۆمای لە 15ی فیبریوەری 2018 لەسەر كورسیەكەی لادا, كە سەركردایەتی پارتەكەی دوو خول بۆ سەركەوتن كرد, تیایدا توانی " 69,69% و  65,90% " دەنگەكان بهێنێتەوە.


ئەو ترسەی هەمان بوو لە سستەمە پەرلەمانییەكەی برادەران, كە بە نەڕەو دروشمەوە نەك بە عەقڵەوە بانگەشەیان بۆی دەكرد, تەخوینی نەیارانی فكری خۆیانیان دەكرد, هەڵبژاردنی سەرۆك بوو لەناو پەرلەمان, كە نە پیوەندی بە چاكسازی و حكومەتی یاساكەوە هەبوو كە ئیدعایان بۆی دەكرد, تەنها پەیوەندی بەوەوە  هەبوو دەنگی پەرلەمانتارەكانیان لە هۆڵی پەرلەماندا موزایەدە بكەن و لە بەرامبەریدا شتێك وەربگرن, ئاخر ئەوان ناتوانن دەنگی بنكە و دەنگدەر موزایەدە بكەن, ساناترین رێگا دەنگی پەرلەمانتارانە , ئەم قسەیەم سێ سەڵ لەمەوپێش  وتووە .

زۆربەی وڵاتانی دیموكراسی جیهان سستەمی سیاسیان سەرۆكایەتیە, ئەمانیش كە دابەش دەبن بەسەر 4 جۆر , لەوانە 43 وڵات راستەوخۆ سەرۆك لە لایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێرن و دەسەڵاتی تەواوی بێ ركابەریان هەیەو هاوزەمان سەرۆكایەتی حكومەتیش دەكەن, وە 22 وڵات سەرۆكی بەهێزیان هەیە كە خەڵك هەڵیان دەبژێرێت بە بوونی سەرۆك وەزیرانی لاواز لە وڵات كە سەرۆك كۆمار دیاریان دەكات, هاوكات 29 وڵات سستەمی سیاسیان نیمچە سەرۆكایەتییە( سەرۆكێكی بەهێزی هەڵبژێردراو و سەرۆك وەزیرانی لاواز ) كە پەرلەمان هەڵی دەبژێردرێت بە كەمتر لە دەسەڵاتی سەرۆك, بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی سستەمی سیاسیان سەرۆكایەتییە لە جیهان دەگاتە 96 وڵات لە كۆی 193 وڵاتی جیهان , كە نزیك 49,7%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن .


هەر لەم پەیوەندەدا 8 وڵات راستەوخۆ لەناو پەرلەمان سەرۆكی بەهێزی وڵات هەڵدە بژێرن بە بێ بوونی سەرۆك وەزیران (نموونە باشوری ئەفریقیا), بەمەش ژمارەی وڵاتە سەرۆكایەتییەكان لە جیهاندا  بەرز دەبێتەوە بۆ 103 وڵات ,.
هاوكات لە جیهان 45 وڵات كۆماری پەرلەمانی هەیە(زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەم چەشنەن) , لێرەدا سەرۆكی وڵات بە دووجۆر دیاری دەكرێت, بەشێك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت كە زۆرینەن, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن, كە ئەمانەش بە هەردوولایان كەمتر لە 25%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن , هەروەها 29 وڵاتی پاشایەتی دەستوری پەرلەمانی لە جیهاندا هەیە(ئەوروپا و یابان و وڵاتانی كۆمۆنۆلس), وە 8 وڵاتی پاشایەتی پەرلەمانی بە بوونی پادشای بەهێزەوە كە ئەمانەش ناتوانرێت بە سستەمی پەرلەمانی و وڵاتانی دیموكراسی بناسرێن( زیاتر وڵاتانی مەلەكی عەرەبین), هاوكات دیكتاتۆریش نین, 


بەمەش لە كۆی گشتی 169 وڵاتی دیمكراسی لە سستەمەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە جیهاندا هەیە, نزیك بە 61 %یان سەرۆكیەتییەو  39%ێشی پەرلەمانییە بە كۆماری و پاشایەتی یەوە , گروپی یەكەم زیاتر لە ئەمەریكای لاتین و وڵاتانی سۆڤیەتی جاران و ئەفریقیاو ئەمەریكای باكور و وڵاتانی دەریای كاریبین ....... , وەلی گروپی دووەم زیاتر لە ئەوروپا و وڵاتانی نیمچە كیشوەری هیندی و وڵاتانی دەوروبەری و ئەسیوبیاو سۆماڵ و عێراق و لیبیایە...زۆربەیان ئەو وڵاتانەن دیموكراسیەت زیاتر چەسپیوەو یاساكانی هەڵبژاردن پێشكەوتنی زۆریان بەخۆوە بینیوە لە پێناو دادپەروەری زیاتر لە نوێنەرایەتی, دیارە لەم وڵاتانەش بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دیموكراسیەت تیایاندا نە چەسپوە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی هەیە , نموونە ئێستا ناڕەزایەتی لە نیپاڵ هەیە داواكارن سەرۆك لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت , لە عێراقیش نارەزایەتی هەیە بە هەمان ئاراستە  , لام مسۆگەرە لە كوردستانیش ئەم داواكارییە لە داهاتوو دێتە پێشەوە , بە تایبەت دوای جێكەوتنی  هەڵبژاردنی ناو پەرلەمان بەو هەموو دەسەڵاتەوە.


بەهۆی ئەوەی سستەمە سەرۆكایەتییەكانی وڵاتانی دواكەوتووی چەشنی كوردستان بەشێكی زۆریان بەرەو دكتاتۆریەت چوونە, نموونە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقیا ...., بۆیە بۆ گرنتی مانەوەی دیموكراسی لە كوردستان , سستەمی پەرلەمانی زۆر گونجاوە, بە بروای من لەناو ئەویشدا هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە بە دەسەڵاتی تەشریفاتیەوە نەك لەناو پەرلەمان, كە تەنها لە بەرژەوەندی پارتە رامیاریەكانە و بگرە دەكرێتە هۆكارێك بۆ چەسپاندنی گواستنەوەی دەسەڵاتنی بنەماڵەیی لە نەوەی پێشوەوە بۆ ئێستا.

 

هەرچەندە مەرج نییە هەموو كات دیموكراسیەت و دەنگی خەڵك لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت, لە سایەی دیموكراسی راستەوخۆی سویسرادا تا ساڵی 1972 پیاوانی وڵات نەیان هێشت ژنان بەشداری دەنگدان بكەن, بە دەنگدان هیتلەر هاتە سەر حوكم, نموونە زۆرە, وەلێ ئەم نموونانە وا ناكەن ساردمان كەنەوە لە داكۆكی لە بەكارهێنانی دەنگی خەڵكی لە هەڵبژاردنەكاندا, وەلەو كۆی جیهاندا بە تایبەت رۆژئاوا  دیموكراسی نوێنەرایەتی كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە, دوای هەڵبژاردن ئیتر حیزبی براوە وەك ئێستای كوردستان منەتی بە دەنگدەران نامێنێت, بۆیە وردە وردە باوەڕ بە دیموكراسی راستەوخۆ لە جیهان زیاد دەكات, هەرچەندە لە سویسرای پیشەنگی دیموكراسی راستەوخۆ كەم رودەدات دەستپێشخەرییە رادیكاڵەكان دەنگی پێویست بە دەست بهێنن, ئێستا دەستپێشخەریەك هەیە بۆ ئەوەی ستافی حكومەتیش بە دەنگدان بێت واتا خەڵك هەڵیان بژێرێت وەلێ بە مەرجەوە , كەچی لە كوردستان بنەماڵەكان لە بەرژەوەندی خۆیان مافی دەنگدان لە خەڵك دەسێننەوە بۆ سات و سەوداو مامەڵەی ناو پەرلەمان, چونكە ئەگەر گەمەی ناو پەرلەمان نەبێت ئەوا حیزبی دۆڕاو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەست بەتاڵ بۆی دەرە چێت.


سەرۆك ناو خەڵك هەڵبژێردرێت, ئەگەر دەسەڵاتی تەشریفی بێت ئەوا لە تایبەتمەندی پەرلەمانی بوونی سستەم ناگۆڕێت, هەڵبژاردن لەناو خەڵك گرنگە لەبەر

1- هەموو تاكێك دەتواننێت مافی خۆی مومارەسە بكات بۆ خۆ كاندید كردن بۆ ئەو پۆستە, مافی هەمووان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە پارێزراوە,.
2- هەموو تاكێك دەتوانێت مافی خۆی مومارەسە بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك .
3- سستەم هەمە رەنگتر دەبێت , مەرج نییە ئەو لایەنەی حكومەت پێك دەهێنێت سەرۆكی هەرێمیش بباتەوە, لە جیاتی بژاردەیەك دوو بژاردە لەبەردەم گەلدا دەبێت بۆ حیزبی حوكمڕان, دیارە لە ئێستادا لە جیاتی بنەماڵەیەك دەبێتە دوو بنەماڵە.
4- زۆرجار لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا, سەركەوتن لە دەرەوەی موئەسەسەی سیاسی باو رودەدات, بەمەش گۆڕانكاری گرنگ دێنێتە پێشەوە., بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك لە ناو پەرلەمان بە قازانجی پارتە رامیاریەكانە بە تایبەت گەورەكان , بەوەی دەتوانن كاندیدی خۆیان دیاریبكەن بۆ پۆستەكە كە پێشتر مامەڵەیان كردووە, بەمەش پۆستەكە لە نێوان خۆیان پاوان دەكەن , هاوكات لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆك مامەڵە بە ژمارەی كورسیەكانیانەوە دەكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە پشتیوانی كاندیدێك , بەمەش ئیمتیازاتی زیاتر بە دەست دەهێنن لە بەرامبەر دەنگدانیان بە كاندێك, لێرەدا ئازادی و دیموكراسیەت لە بەرژەوەندی حیزب بە تایبەتیش حیزبی گەورە دەكرێتە قوربانی , وە ئەگەر دەنگدان نهێنی بێت دەنگ فرۆشتنی پەرلەمانتاران, كورسی فرۆشتن و كورسی كڕین دەبێتە دیاردە, ئاشكراش بێت ئازادییان لێ دەسەنرێتەوە, ئەگەر سەرچڵی و یاخیبونێك هەبێت.. 


هاوكات بۆ بارودۆخی كوردستان بەهۆی زاڵ بوونی پاوانخوازی حیزبی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سیاسەتی بەرچاو تەنگی حیزبایەتی, دەكرێت كۆمەڵێك پێوانە بۆ سەرۆك دیاریبكرێت بە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانییەوە, لەوانە :
1- سەرۆك لە پارتەكەی دەست لە كار بكێشێتەوە.
2- سەرۆك بارەگای سەرەكی كارەكەی لە پایتەخت دەبێت و تەنها لە كۆشكی سەرۆكایەتی كە لە پایتەختە پێشوازی لە میوانەكانی دەكات.
3- سەرۆك ئەجندای كارەكانی رون بێت و سەرۆكی تەواوی گەل بێت و بەشێك لە كاتەكانی بۆ دیداری خەڵك دیاریبكات .
4- نابێت دوو كەسی نزیكی یەكتر هاوكات دوو پۆستی سیادی وەربگرن.
5- نابێت كەسە نزیكەكانی سەرۆك كاری بازرگانی و خێرخوازی بكەن و پرۆژە لە حكومەت وەربگرن و كەناڵی راگەیاندنیان هەبێت.
6- سەرۆك سەروەت و سامانی خۆی و كەسە نزیكەكانی ئاشكرا دەكات و بڵاوی دەكاتەوە بۆ ئاگادار بوونی هاووڵاتیان, چاودێری وردی خەرجی و بەخششەكانی دەكرێت.
7- لە هیچ بارودۆخێك نابێت لە دوو خول زیاتر بەهیچ بەهانەیەك پۆستەكەی بۆ درێژ بكرێتەوە, یان خۆی كاندید بكاتەوە لە قۆناغەكانی دواتری ژیانیدا بۆ هەمان پۆست.
8- نابێت هیچ ئیمتازێك زیاتر لە موچەو ئیمتیازاتەكانی سەرۆكایەتی هەبێت.


ئەوەی دەگوزەرێت لە هڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان, پاشەكشەی ژیانی سیاسییە لە كوردستان بە روكەشیەكەشی دەردەخات , هاوپەیمانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار , لەو كەمە  ئازادیەش پەشیمان دەبنەوە بەهۆی فشاری خەڵكەوە سەپێنراوە, حیزبی بۆرژوازی نەتەوەیی بوونە بە حیزبی ئۆلیگارشی , سستەمی سیاسی لە بری دیموكراسی بۆتە بلۆتۆقراتی, هەموو فەزاكانیان داگیر كردووە, سیاسەت, ئابووری, رۆشنبیری و راگەیاندن....  هەمووشی  لە خزمەت پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەكانە ..


دیموكراسی راستەوخۆ باشترینە , لێ تا دەگەین بەو رۆژە , بۆ رێگا گرتن لە مامەڵەی بنەماڵەكان و درێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان , بۆ خولقاندنی هەلی زیاتر بۆ هەمووان, بۆ گەڕاندنەوەی كەرامەت و ئیرادە بۆ تاك, یەكێك لە دەرگا بچوكەكان سستەمی پەرلەمانییە بە هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە بە كەمترین دەسەڵاتەوە..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×