دۆسیەی بانكەكەی هەڵەبجە بۆ هەر دەمێنێت!

عەلی مەحمود
  2022-03-15     700

مرۆڤ كە بیركردنەوەی باشی هەبوو بۆ كارەكانی, كرداری خراپ ناكات, چونكە ئەو بیركردنەوەیە دەگۆڕێت بۆ هەست و كاریگەری لە سەر كردارە خودیەكان دادەنێت. بەڵام شەڕی هەڵەبجە یەكێك لە بیركردنەوە سەقەتەكانی سیاسیەكانی ئەوسای كورد بوو كە كرا, بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێناكرا, چونكە بیركردنەوەی خراپی لە پشتەوە بوو. ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی گروپەكان گەل تێكەڵاو شەڕێكی ماڵوێرانكەر كرا. لە زۆر لاوە كە دەیخوێنیتەوە شوێن پەنجەی شەیتانانە بە تاوانەكەوە دیارەو ناشرینیەكانی بە عەبای دڕاوی پیسی ئێستای ئەم سیاسیانە ناشاردرێتەوە. مێژووی تاوانی هەڵەبجە مێژوویەكە لە ناو گازو ئێسك و پروسك و ناشرینی و  تاواندا غەرق  بووە, لە هەموو 16ی 3 یەكدا سەر دەردێنێتەوە.

ئەوانەی تاوانیان ئەنجامدا لە هەڵەبجە, لە بەعسەوە بۆ ئێران و بۆ حیزب و تاكی لایەنە كوردییەكان((چونكە تاوانی مەزن و دزی دەخرێتە ئەستۆی تاكەكان, بەڵام لێپرسینەوەو سزا دان لە ئەستۆی لایەنەكانە, كە ئەنجامیان نەدا  ئەوجا دەبنە شەریكە بەش لە تاوان و گەندەڵی)). ئەوان هەموو لەو رۆژانە مرۆڤایەتییان لە ناخی خۆیاندا كوشت, بۆیە هەر هەوڵێك  بۆ سووككردنی تۆمەتەكەیان بدرێت و داكۆكیان لێبكرێت دەچێتە چوار چێوەی خیانەت لە قوربانیانی تاوانەكەو رزگاركردنی تۆمەتبار لە لێپرسینەوەو دەرخستنی راستییەكان.

تاوانی هەڵەبجە هەر ئەوە نییە كە نغرۆ بوونی شار لە گازی كیمیاوی و 5000 قوربانی و ئازارەكانی كامیلەكان و عەلییەكان  و ئاراس و لوقمان و حیكمەتەكان و دەیانی تری لێكەوتبێتەوە, وە یان  ڕوی دڕندەیی ڕژێمی بەعس دەربخات, ئەوانەی ئەمڕۆ قازانجیان بینیوە لە ڕوخاندنی سەدام بێن لە هەڵەبجە, لەسەر مۆنمێنتی قوربانیان  و  كەلاوەكانی نەعلەتی رژێمی بەعس  بكەن و شەرعیەت بە دەسەڵات و كردارەكانیان و  جەنگەكانیان بدەن. سیاسیەكانی كورد هەمیشە قازانج و  تام لە بینینی  ڕۆڵی قوربانیبونەوە دەبینن, تۆمەتبارانی  16-3ش  كە دزیان كرد و هەڵەبجەیان بە هەڵە كوشندە سیاسییەكانیان بۆ ئەو مەرگە ساتە برد بە هێنانی سوپای ئێران, ئەو رۆژانەی دواتر خۆیان بە بەشێك لەو قوربانیانە دەناسێنن, بۆ ئەوەی چیاوكی سیاسیان پێ بدرێت.

ئەو جەنگاوەرانەی لە پەلاماری شاری هەڵەبجەدا, ڕزگار كردنی دراوی ناو بانكەكەی هەڵەبجەیان بە بەهاتر دەزانی لە ڕزگار كردنی خەڵكەكەی, وێنای كەسایەتی راستەقینەی ئەو فەرماندارانە دیاری دەكات, واتا لە پلە بەندی بەهاكاندا لای ئەوان هەمیشە پارە گرنگترە لە مرۆڤ وەك دواتر رونتر سەلماندیانەوە, پارەیەك  هەمیشە تاقیكردنەوەی باڵا بووە بۆ فەرماندارانی كورد و هەمیشە بەرەو بێباوەڕی و خیانەتیانی بردووە وەك عەلی وەردی دەڵێت: تا بەرژەوەندی زیاتر بێت باوەڕ  لاواز تر دەبێت, ئەوانیش رێچكەی ئێستایان بۆ ئەو رۆژانە دەگەڕێتەوە.

چیرۆكی تاڵانكردنی  بانكەكەی هەڵەبجە, تاكو دنیا دنیایە,  لە پاڵ وێنەكەی عومەر خاوەر, دەربڕی مەزڵومیەتی خەڵكی ئەم شارەیە, كە لە چركە ساتێكدا  روح و ماڵ و سەرمایەكانیان هەموو پێكەوە دزران, بڕینی بانكی هەڵەبجە لە دیرۆكی تاوانەكاندا  بوو بە  سومبولی تاڵان و بڕۆی شار لە لایەن هێز گەلێكەوە گوایە بۆ بەختەوەری و یەكسانی دەستیان داوەتە چەك و پەیمانی بوون بە رۆبن هودیان دابوو بە هەژاران, كەچی لە پڕ دەبن بە گەورەترین دز, هەروەك چۆن عومەر خاوەر بووە بە سومبولی 5000 شەهیدی شاری هەڵەبجەو هەموو قوربانیانی چەكی كیمیاوی لە جیهان بەهۆی باوەش دان لە كوڕە تاقانەكەیەوە, ئاوا ئەوانیش بوون بە ناشرینترین دزی كوردی .

تاوانی  هەڵەبجە پڕە لە چیرۆكی سەیر و سەمەرە ,چ  لە لایەن بەعس و ئێرانەوە, یان لە لایەن لایەنەكانی كوردییەوە, بەمەش  هەندێك پێشمەرگەی تاوانكار بوونە جەلاد جەماوەریش بووە قوربانی دەست قوربانی وەك ئێدوارد سەعید دەڵێت"بوونە قوربانی قوربانی ".

جیهانی غەریب و عەجائیب, ناشرینی بێ وێنە, ناشرینیەكانی ئەو كات, بە دەسەڵات و هێزو دەوڵەمەندی ئەمڕۆی تۆمەتباران هەرگیزاو هەرگیز  ناشاردرێتەوە و جوان ناكرێت, بە زەبروزەنگیش پرسیارەكان  لە قوڕگی جەماوەر خەفە ناكرێن, هەر دەبێت لاپەڕەكانی هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی وەك خۆی چۆن بووە ئاوا  بچێتە مێژوەوە.

ئەزموونی ناشرین و سەرنەكەوتوو پێویستی بە شیكردنەوەی قول هەیە نەك شاردنەوە, پێویستە لێكۆڵینەوەو لێكدانەوەی لەسەر بكرێت, پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە بكردرێت, هەموو ئەزموونێك بە نرخە ئەنجامگیری لێكدانەوە و لێكۆڵینەوە لە سەری بكرێت, شیكردنەوەی ئەزمونەكان باشتر كەسە سەركەوتوو و شكست خواردووەكان لە قۆناغە مێژووییەكاندا دەناسێنێت, لە ئەزموونە تاڵەكان مرۆڤەكان وەك ئەوەی هەن دەناسرێن و قیناعەكان هەڵدەماڵرێن و رووەكان ئاشكرا دەكرێن, هەڵسوكەوت بە تایبەت ناشرینەكانی وەك هەڵەبجە, پێچەوانەی بیروباوەڕ, لایەن توشی قەیرانی ناسنامە دەكات, ئەمەش وایكردو وا دەكات هەموو بیروباوەڕەكانی تۆمەتبار  بكەوێتە ژێر پرسیارەوە, گومان لە سەر هەموو رابردووی تاوانكار درووست بكات, هەڵەبجە بەم ئەركە هەڵستا و ئەم پەیامەی گەیاند, تەواوی بیروباوەڕی ئەو شۆرشگێڕە ئەفسونیانەی بردە ژێر پرسیارەوە, كە تاوانیان بەرامبەری كرد.

سەركردەكانی ئەوكات, ئەوانەی  كە بڕیاری ئەم كردە سەربازیەیان دا, هیچ كات نایانەوێت باس لەم تاوانە بكرێت و بەرەو روی رەخنە ببنەوە, یاخود هەر قسەیان لەسەر بكرێت, چونكە لە نیەتیاندا نییە دووبارەی نەكەنەوە, جۆرج سانتیانا دەڵێت :ئەو كەسانەی كە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بهێننەوە, تاوانبارن بە دووبارە كردنەوەی(( ل132, نهێنی سەركەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محەمەد شەهدی ,دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات 2009)), كەواتە نهێنی دان نە نانی ئەوان و ئەمان بە راستییەكان چییە؟, جگە لە بردنەوەی گەل بۆ نەهامەتییەكی دیكەو بەرهەم هێنانەوەی شكست و ناشرینییەكان.

یەكەم كاری هێزە داگیر كەرەكەی هەڵەبجە لە دوای 15ی ئازاری 1988ەوە, نە پاكسازی شار بووە لە هێزە سەركوتكەرەكان, نە رێكخستن و هوشیار كردنەوەی خەڵك بوو لە هەموو ئەگەرێك, نە سەردانی رێكخستنەكان و ماڵی شەهیدان بووە, بەڵكە تاڵان بووە: پاش شكستی چاوەڕوانكراوی هێزەكانی بەعس و دابەزینی هێزە كوردی و ئێرانییەكان و مەجلیسی ئەعلا, كارە دزێوەكانی تاڵان و دزی و فەرهودی فەرمانگەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دەستیپێكرد كەوتنە رفاندنی سەیارەو مومتەلەكاتی دائیرەكان, پاشان بووە كێشە و كێبڕكێ بۆ داگیر كردنی بیناكان بۆ كردنیان بە بارەگای حیزبی (لڤین- ئەو هەڵە ستراتیژییەی كیمیابارای لێكەوتەوە- یاسین رەسول عوسمان - ژمارە 87  بەرواری 15ی مارتی 2009 ل12).

ئەوەندەی لە شەڕی هەڵەبجە گرنگی بە پاراستنی بانكی شار و  پارەی ناو قاسەكەی درا لە لایەن فەرماندە سەربازیەكانی پێشمەرگەو ئێرانەوە, بە ئەندازەی زەڕەیەكی  ئەوەندە گرنگی بە سەلامەتی خەڵكی شار بدرایا,  ئەوە ژمارەیەكی  زۆر كەمتر لەوەی ئێستا هەیە قوربانی دەدرا, كە دواتر وەك خۆیان چەندین جار دوبارەیان كردۆتەوە, ژمارە زۆرەكەش 5000 بۆیان بوو بە نیعمەت و دەستكەوتی هەڵەبجە لە پارەی ناو بانكەكەی كردە  ملیارها دۆلار, ئەوانەی ئێستا من دەیاننووسمەوە, وتەی من نین , بەڵكە شایەدی و وتەی خودی فەرماندەكانی هێرشەكانن بۆ سەر شاری هەڵەبجە, وەك دەبینیین  لە ناخۆشترین هەل و مەرجی سەربازیدا, لەسەردەمی مەرگی بە كۆمەڵی گەلدا, فەرماندەكان هەموو بیر و هۆشیان لای دەسكەوتە و  ژیانی چەندین هاوڕێی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە پێناو  پاراستنی پارووی چەوری ناو قاسەكە:  ئێوارەی یەكەمی گرتنی هەڵەبجە, یەكێك لەو شوێنانەی بایەخی زۆرمان پێ دا (( بانقی )) هەڵەبجە بوو- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل  52 .

دوای گرتنی شاری هەڵەبجە ینك  ئەركی پاراستنی بانكەكەی گرتۆتە ئەستۆ, بۆیە هەموو  تۆمەتەكان بەرەو رووی كەسانی ئەو دەكرێتەوە لە بڕینی بانكەكە ((چەند پێشمەرگەیەكی ینك كە ژمارەیان 15 كەس دەبوو بە سەرپەرشتی م,ح,ع  ماوەتی  بە فەرمانی بەرپرسەكەیان بانكیان گرتە ئەستۆ, لەو ماوەیەدا دووجار بە كۆستەرەو لەحیم هەوڵیان دا قاسەی بانكەكە بشكێنن, بەڵام بە هۆی تۆكمەیی قاسەكەوە كە لە ناو دیواردا بوو ,بۆیان نەشكێنرا (لڤین - ژمارە 87-ل15).

قادری سەعید سۆفی بەڕێوەبەری بانكی هەڵەبجە بڕی پارەی ناو بانكەكە دیاریدەكات ((  بانكی هەڵەبجە ئەوكات بڕی 780000 دیناری خەڵكی تێدا بوو هەموی دزرا ))  (كێ بانكەكەی هەڵەبجەی  بڕی - لڤین  ژمارە 87 -  ل  16  -  هونەر حەمە ڕەشید  - عیرفان ئەحمەد-بژار ناشاد ) .

قادر سۆفی سەعید: بانك دوو كلیلی هەبوو, یەكێكیان لای من بو, یەكێكیشیان لای بەرپرسی سندووق بوو, ئەوانەی بانكەكەیان بڕی كلیلیان نەبوو, بەڵكە بە تی ئێن تی دەرگاكەیان تەقاندبوەوەو شكاندبویان, دواتر هەموویان دزیبوو, كە ئێمە دوایی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە, بۆمان دەركەوت بەم شێوەیە دزراوە ( لڤین ژ 87 -ل17), وەلێ حەمەی حەمە سەعید دەڵێت" قادری سەعید سۆفی وتویەتی 5 سەعات بەر لە گرتنی هەڵەبجە بەرپرسی ئیستخبارات كلیلەكانی لێوەرگرتبێ گومانی ئەوە هەیە ئەوان واتا عێراق چی تیابوبێت بردبێتیان قفڵیان كردبێتەوە-گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە-حەمەی حەمە سەعید چاپی یەكەم 2014 لاپەڕە 101 ".

بەڵام  پێشمەرگەیەكی ئەوكاتی ینك رای جیاوازی لەمبارەیەوە هەیە: فایەق گوڵپی (بانقی هەڵەبجە پێش تەقاندنەوەی كلیلەكەی وەرگیرابوو لە بەڕێوەبەری بانقەكە, پێش تەقاندنەوەی پارەكە دزرابوو, من وامبیستووە بەڕێوەبەری بانقەكە كلیلەكانی داوەتە شەوكەتی حاج مشیر و ئەو پارەكەی دزیووە, یەكێتی و پارتیش دواتر هەندێك لە كادیرەكانی خۆیان سزا دا لەسەر ئەو بابەتە, هەندێك لەو كەسانەیان گرت وەك  كەماڵ شاكیر لە سنە, بەڵام دوایی حكوومەتی ئێران دەستیخستە ناو كارەكەو سوڵحیانكرد لە نێوان خۆیاندا, بەڵام ئەوە دەڵێم كە مامۆستا شاهۆو حەمەی حەمە سەعید  یەك شتیان نەدزیووە, كە ئەوان زۆر دژایەتی منیش دەكەن لە ناوچەكە, ناكۆكی نێوان نەوزاد نۆرۆڵی و شەوكەتی حاجی مشیر لەسەر مەسەلەی هەڵەبجە بوو, كە شەوكەت هەندێك شتی هێنابوو, بەڵام نەوزاد شكاندبووی ( لڤین -87 -ل17). دەبینین بە 870000 دیناری ئەوكاتە بانكەكەو ئاڵتونەكان ناوی دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە بەڵكە پەلاماری شتی بچوكیشیان داوە, هەرچەندە حەمەی حەمە سەعید لە هەمان لاپەڕەی پەرتوكەكەیدا دەڵێت" لەم كاتانە یەكێتی هەڤاڵ جەبار فەرمانی ناردە ناوچەكە لە گەڵ لیژنەیەك بۆ دوو ئەرك, یەكەم سەرپەرشتی كردنی هێزەكانی یەكێتی لە ناوچەكەو دووەم بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی كە وتراوە دەستیان بۆ ماڵی خەڵك درێژ كردووە .  ..... چەند كەسێكیان بانگ كرد و چەند رۆژیش گلیان دانەوە لە گوندی جەلیلە, پارتیش بەهەمان شێوە لیژنەیەكی لێپرسینەوەیان دانا لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ چەند كەس كرد , بەڵام كەس سزا نەدرا.... .

لە كاتێكدا هەڵەبجە بۆنی سێۆو سیرە بۆگەنی خەردەل دای گرتبوو, قوربانیان بە لۆری تەرمەكانیان بار دەكرا  و بە كۆمەڵ دەنێژران بە سەر  یەكترەوەو بە بەرچاوی كامیراكانی جیهانەوە, عومەر خاوەر خەوی ئەبەدی  بە ڕزگاركردنی كوڕە تاقانەكەیەوە دەبینی, مردن تەنها بە موو  لە هەمووانەوە دوور بوو, كەس باوەڕی بە چاوی خۆی ناكرد,  لەو شەوە چارەنووس سازەدا  فەرماندەی گشتی ڕزگاركردنی هەڵەبجە خەوی پەمبەیی بە ڕزگاركردنی قاسەكەوە دەبینی, ئەوەی دەیڵێم وتەی من نییە, بەڵكە دانپێنانی خودی فەرماندەی هێرشەكەیە بۆ سەر هەڵەبجە, وڵات بە وڵات خەڵك دەنێرێت لە بری هێنانی داو دەرمان بۆ بریندارەكان كەچی بۆ پەیدا كردنی كۆسرەو مەكینەی لەحیم و موجازەفە بە روحی هاوڕێكانیەوە دەكات بۆ شكاندنی قاسەی بانكەكەی هەڵەبجەو گەیشتن بەوانەی ناوی: بۆ شەوی 16-17-3-1988 چەند بە ئامێری هۆكی تۆكی هەوڵم دا  تاوەكو (( كاك مەجیدی حاجی علی )) م پەیدا كرد و لێم پرسی كێ لای بانقەكەیە ئایا ئێوە ئێستا لە كوێن, وەڵامی دامەوە  ئێمە وە هەموو پێشمەرگەكان لە شار نەماوین  و كەس خۆی لەناو شاردا ناگرێت لە ترسی كیمیاباران, كەس خۆی نادا بە كوشت بۆ پاسەوانی كردنی بانق. ووتی خەمت نەبێ نەك هەر ئێمە هیچ كەس لەو گەڕەكەدا نەماوە لە ترسی كیمیاوی, بۆ ڕۆژی 18-3-1988 تۆزێك بارودۆخەكە هێور بوویەوەو بۆردومانی ناو شار كزبوو, دوبارە داوام لە(( كاك مەجید حاجی علی )) كرد كە بە خۆی پێشمەرگەكانی بڕۆنەوە ناو شار بۆ پاراستنی بانقەكە كە تا بزانین چی لێ بكەین هەر بەو شێوەیە بە هەزار حاڵ توانیمان پێشمەرگەكانی ڕازی بكەین بڕۆنەوە ناو شار ئاگایان لە بانقەكە بێت هەرچەندە هەموو ئەیان ووت (( كاك شەوكەت )) پێشمەرگە ناتوانێ لەناو شاردا بمێنێ, هەندێكیان بریندار بووبوون ڕۆیشتبونەوە بەرەو ووڵاتی خۆیان لە دیوی ئێرانەوە, ئەوەشی كە ماوە خۆیان ناخەنە بەر مەترسی مردن لەبەر قاصەیەك كە نازانرێ چی تێدایە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل53 .

لەو ڕۆژانەدا  نەك تەنها مرۆڤ, بگرە بەرد و شاخ  زەویش خۆی لەبەردەم شوێنەواری ژەهر بارانەكە ناگرت, كەچی نیگابانی و پاراستنی بانكەكە بەردەوام بوو بە چركەش لێی جیانابنەوە, مێش نابوو بە میوانیان چونكە ماسكی دژە گاز و دەرزی دژە كیمیاویان پێبوو, بەڵام بۆ شكاندنی قاسەكەو پاراستنی دەستكەوتەكان ناوی لە هەوڵی بێوچاندا بوون بۆی تا پەیدای بكەن,  وڵاتان دەگەڕان بۆ پەیداكردنی ئامێر تا دەرگاكەیان بۆ بكاتەوە.

هێشتا تارمایی كیمیاوییەكە بە تەواوەتی لەسەر شار نەنیشتبوەوە, تەرمی قوربانیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان نەنرابوون, لە ژیچر زەین و ئەمبەرو ئەوبەری جادەو رێگاو بان و كۆڵانەكان كەتبوون, بەرپرسانی پێشمەرگە  بۆ شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەچن بۆ هێنانی كۆسرە و لەحیم  تا قاسەكەی پێ بشكێنن, تا غەنیمەكەی حەڵاڵ بكەن: بۆ ئەم مەبەستە (( كاك حامید و مامۆستا صاڵح )) ڕۆیشتن بۆ پاوە لەوێ (( دینەمۆو كۆسرەكەیان هێنا )) چونكە لە هەڵەبجە كارەبا نەمابوو بەهۆی بوردومانەكەوە" بەڵام حامیدی حاجی غالی لە كەناڵی ئێن ئارتی دەڵێت "من لە هەڵەبجە نامەبووم لەوكاتە مەشغولی حیزبی دیموكرات بووم-وتەكانیان پیچەوانەی یەكترە" " مامۆستا ساڵەحیش ساڵەح ژاژەڵەیی رەخنەگرە لەسەر هەموو شت قسەی هەیە ئەمە نەبێت".  ڕۆیشتبوون زۆر هەوڵیان دابوو بۆ بڕینەوەی قاصەكە بەڵام بێ سوود بوو هیچی لێ نەبڕی بوییەوە  چونكە پۆڵایەكی زۆر قایم بوو. بۆ ڕۆژی 19-3 هاتنەوە لام ووتیان هیچ سوودی نییە و ناكرێتەوە - كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل  54.

لە ناكاودا زرمەی ناخۆشتر لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەبیستن, خەونەكانیان دەبێت بە سەراب, هەرچەندە جەماوەر ئەوەندە درۆی بۆ كراوە باوەڕی بەم سیناریۆیەی خوارەوەش نییە(( بۆ ئاگاداری ئەم نووسینەی كاك شەوكەت لە وەڵامە بە تۆمەتباركردنەكان بۆیە وەك داكۆكینامەیەك نووسراوە تا تۆمەتەكان بڕەوێنێتەوە, بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لەسەر تەاوی وتەی هەمووان )): شەوی 21-22-3-1988 لە كاتێكدا من و مامۆستا صاڵح قادر و كاك حامیدی حاج خالید و كاك قادر كۆكۆیی لەگەڵ كۆمەڵێكی تر لە لێپرسراوەكانی ((ی ن ك )) لە عەبابەیلێ بووین سەعات ((10)) شەو گوێمان لە تەقینەوەیەكی گەورە بوو لە ناو شاری هەڵەبجەدا - كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل5 5.

 كاك حەمەی  حەمە سەعیدیش لە هەمان پەرتوك كە پێشتر ئاماژەمان پێی دا ئاوا باسی سیناریۆی بڕینی بانكی هەڵەبجە دەكات"ئێرانییەكان داوایان كرد دەستەیەك پێشمەرگە ببنە پاسەوانی بانقی هەڵەبجە. شەوێك عێراق زۆر تۆپبارانی ناوشاری كرد ,من لە عەبابەیلێ بووم پێشمەرگەكان هاتنەوە و ووتیان ناتوانین لەناو شاردا بمێنینەوە, چەند رۆژ پێش ئەمە یەكێتی ویستی ئەو بانقە بكاتەوە نەیان توانی ئەویش لە رێی لیژنەیەكەوە كە ئەوانی لە بیرم مابێ  مامۆستا صاڵەح ماواتی و حامیدب حاجی خالید بوون, بەرپرسی پاراستنی بانقەكە مەجیدی حاجی عەلی لە تیپی 37ی شار باژێر بوو.

هەر لەو هەفتەیەدا بوو, رۆژێك ئێمە لە خانووەكانی شێخ كەماڵی عەبابەیلێ دابووین ئۆتۆمۆبیلێكی پیكاپ لاندكرۆزەر هات كە هی پاسدارەكانی قەرارگای رەمەزان بوو, ووتیان ئەمشەو بانقەكەیان بڕیوە.

كاك شەوكەت و چەند كەس لە گەڵیان رۆشتن و دوای هاتنەوە, ئێمە پرسیمان چی لێهاتووە؟ كاك شەوكەت وتی: بانقەكە تەقیوەتەوە بەڵام دیارە پێشتر بە كلیل كراوەتەوە ئەو پارەو زێڕەی تیای بووە بڕاوە,

دواتر تەقێنراوەتەوە, چونكە تەنها پارەی وردەی ئاسن بڵاوبووەتەوە ئاسەواری زێڕو پارەی كاغەز هیچ نەكەوتووە ل100-101.

دوای هەواڵە جەرگبڕەكە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە بانقەكە, بە بان تەرمەكانا دەڕۆن و ئاوڕ لە نوزەی بریندارەكان نادەنەوە, لێ بە وتەی خۆیان بەبێ ئومێدی دەگەڕێنەوە, هەرچەندە زۆربەی  خەڵكی هەڵەبجە گومانیان لە ڕاستی ئەم وتەیە  هەیە: هەر شەو سەعات ((12)) كاك حامیدی حاجی خالید  و مامۆستا صاڵح كە ئەو هەواڵەیان بیست یەكسەر ڕۆیشتین بۆ هەڵەبجە, سەردانی بانقەكەیان كردبوو كە دیبوویان بە تەواوی دیوارەكانی ڕووخاون  و (( قاصەكەی )) تەقی بوویەوە ... كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر  ل 56 .

((سەر لە بەیانی من و مامۆستا صاڵح ڕۆیشتین یۆ هەڵەبجە و سەردانی لای بانقەكەمان كرد هیچ پاسەوانێكی لێ نی یەو قاصە و بیناكە هەموی تەقێنراوەتەوە لە ناو بەرد و ئاسن و دیوارە ڕوخاوەكانیدا تەنها دوو نیوە تورەكەی بچووك پارەی ئاسنمان دۆزییوەوە لە (( 10 فلس +25 فلس +50 فلس+100 فلس+250 فلس)) كە هەمووی نەی ئەكردە شەش هەزار دینار . سەیر لەوەدابوو كە هەموو ماندووبووین تەنها یەك لەت دیناری كاغەز یان 10 دیناری یان 25 دیناریمان نەدۆزییەوە كە بیسەلمێنێ كە قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە , ئەگەر چەند نموونەیەكمان دەست كەوتایە دەرئەكەوت قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل  57 .

حامیدی حاجی غالی هەرچەندە وتەكانی ناكۆكن لە گەڵ وتەكانی كاك شەوكەت كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە,  بەرپرسی پێشمەرگەكانی ینك لە پەلاماری هەڵەبجە, كە ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی  یەكێتییەو بەهۆی پەیوەندییان لە گەڵ ئێرانییەكان و پۆستەكەی ناتوانێت تۆمەت هەڵبەستێت بۆ ئێرانییەكان دەڵێت : بانكەكەی  هەڵەبجە ئێران خاڵی كردەوە, قەناعەتم وایە...... شەو تەقیبەوەوە بانقەكە, رۆژ خەڵك پەنجا فلسی كۆدەكردەوە......كاك شەوكەت كلیلی بانكی دەست نەكەوتووە, نە ئەسڵی هەیەو نە ئەساسی هەیە.

 

دوای تەقاندنەوەی قاسەكە لە پارەكەی ناوی خۆش نابن و لێپرسینەوەی لەسەر دەكەن, كەچی خوێنی 5000 هاووڵاتی  كەس نییە لێی بپرسێتەوە و تەرمەكانی بژمێرێت و خاوەندارییەتیان لێ بكات:  پێش نیوەڕۆی 23-3-1988 لەوێ كۆبوینەوە كە لێپرسراوی یەكەمی حیزبەكان هاتبوون لە ناوچەكەدا, چونكە كۆبونەوەكە لەسەر داوای من بوو, لە پێشدا من قسەم كرد پێم ووتن تەقینەوەی ئەم بانقە نابێت هەروا بە ئاسانی بڕوات بە تایبەت ئێمە وەك (( ی ن ك)) لێپرسراوی یەكەم بووین لە سەرەتای شەڕدا كە شاری هەڵەبجە گیراوە-شەوكەت  ل58 .

گرنگ نییە بانكەكە و پارەكەی ناوی  كەوتبێتە دەست كێ, كە زۆر ڕیوایەت و چیرۆكی جۆراوجۆری لەسەر دەگێڕنەوە, گرنگ ئەوەیە ئەوەی دزیویەتی بەشێك بووە لە هێزی بەناو ڕزگاركەری هەڵەبجە" سەری هەڵەبجەییەكان بۆ بەعس ماڵەكەشیان بۆ هێرشبەران " .

ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ ئێمە, ئەوەندەی گرنگی بە بانكەكەی هەڵەبجە دراوە لەو رۆژە ڕەشە, هەزاریەكی  ئەوەندە گرنگی بە چارەنووسی خاوەند پارەی ناو بانقەكە نەدراوە!.

لە كاتێكدا خەڵكی هەڵەبجە بەهۆی دەبەنگی بڕیاردەرانی شەڕی هەڵەبجەوە سەرو ماڵیان چوو, ئەو پارەیەی دایان نابوو بۆ رۆژی رەش بووە پاروی چەوری دزەكان, لە رەشترین رۆژی ژیانیان فریایان نەكەوت, , سەیر بكەن كەسێك ئاوا چیرۆكی هاووڵاتییەكی داماو دەگێڕێتەوە كە هەولی وەرگرتنەوەی پارەكەی بووە لە بانكی هەڵەبجە لەو كات و ساتەدا: بانكی هەڵەبجە دەكەوێتە ناوەندی شار و بانكێكی كۆن و تۆكمە بوو, لەو كاتەدا پیاوێكی دراوسێمان بەڕێوەبەری بوو , زۆر باش لە یادمە لە حەوشەكەماندا باوكم و بەڕێوەبەری بانك و چەند پیاوێكی دراوسێمان گفتوگۆیان دەكرد دەربارەی هێرشەكە  و ئایندەی هەڵەبجە و كاردانەوەی, پیاوێی هەورامی هات و داوای 16000  دیناری سویسری دەكرد, بەڕێوەبەری بانك سوێندی خوارد كلیلەكانی لێسەندراون و ئاگای لە بانك نەماوە, لە راستیدا نازانم  ئایا پیاوانی رژێم كلیلەكانیان لێسەندبوو یان پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان (لڤین -ژ87 -ل15).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×