مەسرور بارزانی دەيەوێت نەوت لەژێر چنگی نێچیرڤان بارزانی دەربكات

سەرتیپ جەوهەر
  2021-04-01     1012
ئەگەر لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت، سیحری رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە بەتاڵ دەبێتەوە، بۆیە دەبێ‌ چاوەڕێی مانگی داهاتوو بكەین. تائێستا روون نییە، بەڵام ئەگەرێكی بەهێزە بڕینی موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت، بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر.
پارتیی، بەدیاریكراوی مەسرور بارزانیی سەرۆك وەزیرانی هەرێم نەیدەویست خۆی سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم بكات بۆ بەغدا، چونكە ئەجێندای رێككەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بەبودجەو پرسی نەوت، ئابوریی نییە، بەڵكو ئەجێندای دیكەی لەپشتەو سبەی رۆژێ باشتر دەردەكەوێت.
مەسرور بارزانیی، قوباد تاڵەبانی كردە سەرۆكی وەفدەكە سێ‌ ئامانجی سەرەكی هەبوو، یەكەمیان؛ خۆی نەكاتە خاوەنی رێككەوتنەكە تا بەریەككەوتن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دروست نەبێت لەسەر پرسی رادەستكردنی نەوت، بەوپێیەی دۆسیەی نەوت لەژێر چەنگ و هەژموونی نێچیرڤانیدایە. دووەم؛ خۆ بەدورگرتن لە بەریككەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ شیعە كە پارتی نەیدەویست ئەو بەریەككەوتنە دروست بێت. سێیەم؛ درێژكردنەوەی هەژموونی پارتی بەسەر حوكمڕانی لەڕێی لەباربردنی پرسی لامەركەزییەتی سلێمانی، كە بەهۆیەوە سلێمانی بۆتە دیلی بڕیارەكانی حكومەتی سێبەر لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم. هەمووان دەزانن لەم قۆناغەدا یەكێتیی بەبێ‌ چەسپاندنی لامەركەزییەتی سنورەكەی، ناتوانێت خۆی لەهەژموونی پارتی بەسەر حوكمڕانی دەرباز بكات! چونكە ئەو تیمەی یەكێتیی و گۆڕان لەهەولێر، وەك پێویست ئاگاداری كاروبارەكانی حكومەت نین "بەهۆی حكومەتی سێبەرەوە".
سوربوون و چیڕەكێشانی مەسرور بارزانی لەسەر رێككەوتنی نەوت یان بودجە، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی دەركردنی دۆسیەی نەوت لەژێر هەژموون و چنگی نێچیرڤان بارزانی ئێستا كۆمپانیای (كار) دەستی بەسەرداگرتووە یان رۆڵێكی گەورەی لەدەرهێنان و هەناردەكردنیدا هەیە و پشكی شێری لەداهاتی نەوتی هەرێم هەیە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەگەرێكی بەهێز هەیە كە حكومەت پێداچونەوە بەگرێبەستەكانی نەوتدا بكات كە لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كراوە، یەكێك لەوانە كۆمپانیای (كار)ە كە ساڵانە ملیارەها دۆلار لەداهاتی نەوتی هەرێم دەبات، ئەمەش وەك هەنگاوی دووەمی دورخستنەوەی نێچیرڤانی بارزانی لەدۆسیەی نەوت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن حكومەت خۆیەوە بڵاوكراوەتەوە، مانگانە زیاتر لە 55%ی داهاتی نەوتی هەرێم راستەوخۆ بۆ كۆمپانیاكان و خەرجیی دەرهێنانی نەوت دەڕوات! ئەو مشتومڕەی لەبەغداش هەبوو، لەسەر كۆمپانیاكانی نەوت بوو نەك ووردەكاریی پلانی ئابوریی كە لەبودجەدا باسدەكرێت.
ماوەیەكە ململانێی ناوخۆی پارتی زۆر تۆخبووە، نێچیرڤانی بارزانیی وەك ئۆپۆزسیۆنی ناو پارتی تەماشا دەكرێت. هێدی هێدی لایەنگرانی لەجومگەكانی حوكمڕانی حزب و حكومەت و هێزی سەربازیی و ئەمنی هەولێرو دهۆك دوردەخرێنەوە! تاكە فاكتەرێكی بەهێز نێچیرڤان بارزانیی هێشتۆتەوەو بەردەوامیی پێدەدات، ئەو هێزە ئابوریەیە كە هەژموونێكی گەورەی بۆ دروستكردووەو ترسێكی گەورەی دروستكردووە بۆ بەردەوامبوونی، بۆیە مەسرور بارزانیی دەیەوێت ئەو هێزە ئابورییە لەڕێی دورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەدۆسیەی نەوت لاواز بكات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×