حكومەت و حكومڕانی "بەتەمای خوای"

سەرتیپ جەوهەر
  2020-11-23   
تائێستا دیار نییە بەغدا موچەكەمان بۆ دەنێرێت یان نا، بەڵام بەپێی مەنتقی سیاسی وهەوڵی چەند كەس و لایەنێك لە كوردستان و بەغدا، پێدەچێت حیلە شەرعیەك بكرێت و موچەیەكمان بۆ بنێرن. دوو چیرۆك هەیە، یەكەمیان بەغدا دوو موچەی (320 ملیار)ی مانگی شەش و حەوتی رابردووی هەرێمی نەناردووەو ئێستا بەو ناوەوە موچەیەك بنێرێت. یاخود لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی لەمانگی ئابی رابردوو لەگەڵ هەرێم كرا كە بەغدا سێ‌ موچەی دیكە بۆ هەرێم بنێرێت و تائێستا دووانی ناردووەو یەكێكیان ماوەو لەژێر ئەو ناوەوە موچەیەكمان بۆ بنێرن.
ئێستا ئێمە قسەمان لەسەر ناردنی ئەو موچەیە نییە كەبڕیارە بنێردرێت و هەموو موچەخۆرانی كوردستان بەدیارییەوە "سۆزگ" بوون، بەڵكو قسەمان لەسەر چارەنوسی ئەم میللەتەیە كە تائێستا نەك ساڵی داهاتوو بەڵكو چارەنوسی مانگێكی دیكەمان لێ دیار نییە! نەحكومڕانی و نە ژیانی سیاسی بەمشێوەیەی ئێستای هەرێم، ناكرێت و ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم حكومەت و حكومڕانییەی ئێستا گرەو لەسەر پلانی ستراتیژیی و پلانی درێژخایەنی 10 ساڵ یان 25 ساڵە بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابوریی و توانای مرۆیی نییە. بەڵكو ئێستا، بۆ بەردەوام بوونی، گرەو لەسەر ناردنی تەنها یەك موچەی دیكە دەكات لەلایەن بەغدا، تا بگەنە سەری ساڵ! دواتریش كورد وتەنی "بەتەمای خوای".
تەنها بەر لە سێ‌ ساڵ لە میدیاكان و سۆشیال میدیا پرسیاریان لەخەڵك دەكرد ئەگەر پاسپۆرتی كوردستانت وەرگرت یەكەم سەفەر بۆ كام وڵات دەیكەیت! پەیمانی مانگانەی فرۆشی نەوت و موچەی كابانی ماڵ و سەفەرو سیاحەتیشیان بەخەڵك دەدا، كەچی ئێستا دەیانەوێ‌ بەزۆر بگەڕێینەوە بەغدا، ببینەوە عیراقی، بەڵام بەغدا مەرجی هەیە.
دەركەوت ئێمە نەك پلانمان نییەو نەبووە، بەڵكو ئەم دەستەبژێرە سیاسیەی ئێستا، ئەم وڵاتەیان گەیاندۆتە تۆنێلێكی رەش و ناتوانرێت پێشبینی تەنها رۆژێكیش بكرێت! ئەم وڵاتە، سەرزەمین و ژێرزەمینی فرۆشراوەو لەدەست ئێمە دەرچووە! ئێستا خۆمان دەخیلی عیراق كردووە، بەڵام ئەم دەخالەتە باجێكی گەورە دەوێ‌.
سەیركەن، دۆخی سیاسی كوردستان چەند ئاڵۆزكاوە. نەك لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو پارتی و یەكێتیی كە پێكهێنەری سەرەكی ئەم حكومەتەن ناتوانن كۆببنەوەو لانیكەم گرفتی ئەم كابینەیە چارەبكەن! دەتوانین بڵێین پەرلەمان لەكاركەوتووەو توانای قانون دەركردن و بڕیاردەركردنی تەواو لاواز بووە. پەیوەندی نێوان پارتی و پەكەكە لەدۆخێكی ئاڵۆزەو ئەگەری پێكدادان بەدوور ناگیرێت. جەندرمەو سوپای تورك دەیان كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكی كوردستان و وەك باكوری قوبرس مامەڵەی لەگەڵ دەكەن!
بەڕوانین لەكۆی بارودۆخەكە، بۆمان دەردەكەوێت ئەم حكومەت و حكومڕانییەی هەیە، زادەی پلانڕێژیی و بەرنامەدانان نییە، بەڵكو "بەتەمای خوای" بەڕێوە دەچێت. كەوایە با هەموومان دەستبەرزبكەینەوە، دوعای خێر بۆ ئەم حكومەت و حكومڕانییە بكەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیی دۆلار بازاڕەکانی عێراقی شڵەژاند
پژاک پەیامێک ئاراستەی ئێران دەکات: بژاردەکانتان یان جەنگ و وێرانییە یان ئاشتی و دیموکراسی
بانکی ناوەندی عێراق: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە
فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا: به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار، موچه‌ی هاوڵاتیان به‌ڕێژه‌ی 20% كه‌م ده‌بێته‌وه‌
لە بەغداد خۆپیشاندان دژی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار دەستیپێکرد و بەشێک لە بازاڕەکان داخران
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ سیسته‌مێكی به‌رگریی ئاسمانیمان وه‌رنه‌گرتوه‌
بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا کرد و بڕیارێکی گومرگیشی هەڵوەشاندەوە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: په‌رله‌مان ناتوانێت نرخی دۆلار دیاری بكات
حوسییەکان فڕۆکەخانەی عەدەنیان موشەکباران کرد؛ گرژییە سەربازییەکان لە یەمەن و سنوورەکانی سعودیە پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە
بانکی ناوەندی ئاشکرای دەکات: چەندین نوسراومان بۆ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کردووە و وەڵامیان نەداوینەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×