كەركوك و عەفرین دوو قوربانی سیاسەتی چەوت و پەرتەوازەیی

سەرتیپ جەوهەر
  2022-03-19     488

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر پەلاماری داگیركردنی عەفرینلەلایەن توركیاوە تێدەپەڕێت. عەفرین یەكێكە لەو شارانەی وەك كۆبانی زۆرینەی رەهای دانیشتوانەكەی كوردن. بەداخەوە خراپ تێگەیشتن و كەوتنە ژێر كاریگەری سیاسەتی ملنەدان و عینادی زیانێكی گەورەی بەو شارەو چارەنوسی ناوچەكە گەیاند.

بەماوەیەكی كەم بەر لەپەلاماردانی عەفرین و دەوروبەری لەلایەن جەندرمەی تورك و گروپە تیرۆرخوازەكان، رەحمەتی حەمید دەروێش-ی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە داوای لە دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان كرد هەوڵێك بدەن لەگەڵ رژێمی سوریا رێككەون سنورەكە رادەستی سوپای رژێمی سوریا بكەن وەك چارەسەرێكی بێ‌ چارەیی! بەڵام میدیای رۆژئاوای كوردستان و بەشێك لەمیدیای باشوری كەوتنە پلاردان لەو پێشنیارەی حەمید دەروێش و تەنانەت تۆمەتیشیان خستەپاڵ. خۆزگە بەقسەی (مامۆستا حەمید)یان كردبا، ئێستا عەفرین كاول نەدەكراو دانیشتوانەكەی ئاوارەو سەرگەردان نەدەبوون و شوێنەواری كوردبوونی شارەكەش لانیكەم دەپارێزرا. چونكە رژێمی سوریا ئەوكاتە رازیبوون بەمانەوەی حزبە كوردستانییەكان لەشارەكە.

بەهەرحاڵ عەفرین بەدەردی گران چوو. بەرگرییەكی قارەمانانەی لێكراو سەدان گەنجی كورد شەهید بوون،بەڵام سەرئەنجام وێران و كاولكرا، رێژەیەكی زۆری دانیشتوانەكەی ئاوارەو سەرگەردان بوون و لەشوێنی ئەواندا عەرەب و توركی تیرۆرخواز نیشتەجێكران.

ماوەی چوار ساڵە روبەرووی دڕندەترین شێوازی چەوساندنەوەو بەتورك و عەرەبكردن دەكرێت و شوێنەواری كوردبوونی شارەكە دەسڕێتەوەو ئەو كوردانەی لەشارەكەش ماونەتەوە، رۆژانە سوكایەتیان پێدەكرێت و ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرێن.

داگیركردنی عەفرین دوای داگیركردنی كەركوك هات. راستە چارەنوسی كەركوك وەك عەفرین نەبوو، بەڵام لەكەركوكیش كورد رێككەوتنێكی كۆنكریتی و نوسراوی لەگەڵ بەغداكرد تاوەكو روبەرووی پەلاماردان نەبێتەوەو لەبەرامبەردا دەستكەوتێكی هەبێت، نەلەناوخۆشدا رێككەوتنی كرد بۆ بەرگریكردن یان رادەستكردنی شارەكە. هەرچۆنێك بێت كەوتە دەست سوپاو میلیشیاكانی عیراق. ماوەی پێنج ساڵە پارێزگاری ئەو شارە عەرەبێكی سوننەی شۆڤینیەو ماوەیەكیشە باس گەڕێكی نوێی بەعەرەبكردنەوەی شارەكەو ناوچە دابڕێنراوەكان دەكرێت بێئەوەی كورد پرۆژەیەكی هەبێت یاخود سیاسەتێكی دیاریكراوی لەبارەیەوە هەبێت. خولاسە پێنج ساڵە كورد ئەجێندای كاركردن بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكانی نەماوە یان نییە، هیچ قسەیەكی جددی لەسەر نەكرووە بۆ ئاساییكردنەوەی. نە هێزە سیاسیەكان، نە پەرلەمانی كوردستان و نە ئەوانەیشی كە بەدروشمی قەومیی لەدوای ریفراندۆم كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیان بەفەتارەتداو دوو قسەی جددی و عەمەلی لەسەرشارەكە دەكەن.

خراپتر ئەوەیە كە زۆرینەی رەهای سەركردایەتی و لێپرسراوانی حزبی (یەكێتیی و پارتی) كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ماڵ و مەزرعە (باخ)یان لەهەولێرو سلێمانیە هەر لەوێوە لێدوان لەبارەی كەركوكەوە دەدەن و شمشێریان تیژە، بێئەوەی سەرێكی شارەكە بدەن.

خولاسە، كەركوك و عەفرین بوونە قوربانی عینادی و سیاسەتی چەوت و پەرتەوازەیی كورد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×