نابێت گرەو لەسەر گۆڕانی گەورە لەتوركیا بكەین، چونكە دەوڵەتی قووڵ زۆر بەهێزە

سەرتیپ جەوهەر
  2023-05-14     421

ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكانی توركیایە. گرەوی زۆر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكرێت. بەپێی بەشێك لەلێدوان و لێكدانەوەكان، ئەگەر ئەردۆغان شكست بێهێنێت و كلیچدار ئۆغلۆ سەركەوێت، لەوانەیە هەندێك گۆڕان لەناوخۆی توركیا و دەوروبەری رووبدات، بۆیە كوردیش پشتیوانیی لە كلیچدار ئۆغلۆ دەكات.

گرەوكردن لەسەر دەرچوونی هەر كامێكیان بۆ ئەگەری گۆڕان لەتوركیا گرەنتی نییە، چونكە لەتوركیا دەوڵەتی قوڵ زۆر بەهێزە، ئاسان نییە هەندێك بڕیاری ستراتیجیی، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە مافی كوردو پرسی كێشانەوەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی سوریاو باشوری كوردستان. لەكۆبونەوەكانی لێپرسراوانی ئەمریكا لەگەڵ كورد لەسوریا، پێیان راگەیاندوون هەموو توانایەكمان خستۆتەگەڕ بۆئەوەی ئەردۆغان سەرنەكەوێت. پەیمانیشمان لەكلچدار ئۆغلۆ وەرگرتووە، گۆڕان لەسیاسەتی توركیا بكات، بەتایبەتیش كشانەوە لەناو خاكی سوریا.

هەروەك پێشبینی دەكرێت ئەگەر ئەردۆغان دەرنەچێت، ئەوا ئاژاوەیەكی زۆر لەتوركیا دروست ببێت، چونكە ئەردۆغان بەئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات نابێت

لەتوركیاو سوریا شەقام و حكومەت، دەسەڵاتدارو موعارەزە زۆر دژی مافی گەلی كوردن. واتە لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیی دەمارگیرییەكی زۆر بەهێز دژی هەموو مافێكی گەلی كوردستان هەیە. لەتوركیا چەندین جار هاوڵاتیانی كورد رووبەرووی ئەشكەنجەو ئازارو تەنانەت كوشتنیش بوونەتەوە تەنها لەبەرئەوەی كوردن، لەسوریا بەهەمانشێوە زیاتر لە 60 ساڵە كۆمەڵگای سوریا دژ بەبوونی كورد جۆشدەدرێن، بۆیە بەهەموو شێوەیەك مافی كورد رەتدەكەنەوە.

لەهەردوو وڵات، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دژی مافی گەلی كوردستانن، بگرە هەندێك لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەهەردوو وڵات زۆر زیاتر دژی مافی گەلی كوردن، بۆنمونە لەسوریا ئەسعەد زوعبی كە ئێستا لەناو ئیئتیلافی سوریایە بەر لەچەند ساڵێك لەچاوپێكەوتنێك وتی "كورد بنیادەم نین" واتە كورد مرۆڤ نین.

بەپێچەوانەی سوریاو توركیا، لەهەریەكە لە عیراق و ئێران لەئاستی كۆمەڵایەتیی دژایەتی گەلی كورد زۆر لاوازە، مەگەر لەعیراق لەناوەندی سوننە. لەهەردوو وڵات، هەمیشە دەسەڵات دژی مافەكانی گەلی كورد بووە. نوخبەی سیاسی دژی مافەكانی گەلی كوردن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنیان باشترەو پەیوەندییەكی باش لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد هەبووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×