ئاشورییه‌كان وه‌ك كورد روبه‌رووی ئه‌نفالكردن بوونه‌ته‌وه‌

سەرتیپ جەوهەر
  2021-02-04     752
فێنكی ئێواره‌ سه‌رێكی (یاقۆ)مان دا له‌ماڵه‌كه‌ى خۆی له‌گوندێكی مۆدرێن كه‌ له‌ (هیزانكی) دروستكرابوو. له‌دواى 1991 و دروستبوونی ئیداره‌ى هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌كی زۆر رێكخراوی مه‌سیحی روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردو كاریان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ده‌كرد. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی چه‌ند مه‌به‌ستێكیان له‌كاركردن هه‌بوو، یه‌كێكیان پرۆژه‌ى به‌مه‌سیحیكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاینی مه‌سیحیی بوو، ئه‌ویدیكه‌یان ژماره‌یه‌ك رێكخراوی دیكه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى سه‌ر به‌ كه‌نیسه‌ى ئینجیلی بوون، هاوكارى ئاشورییه‌كانیان كرد له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى گونده‌كانیان و چه‌ند گوندێكی سه‌رده‌میانه‌یان دروستكرد. ئه‌وه‌ى زۆر به‌لامه‌وه‌ جێى سه‌رنج بوو، تراكتۆرێك زبڵ و خاشاكی گونده‌كه‌ى كۆده‌كرده‌وه‌، گوفه‌كیان (شوێنی كۆبوونه‌وه‌ى خاشاك)نه‌بوو.
سه‌باره‌ى به‌كارى ئه‌و رێكخراوانه‌و شێوه‌ى كاركردن و ئه‌نجامی كاركردنیان، قسه‌و باسی زۆر ده‌كرێت كه‌ ده‌كرێت له‌چه‌ند سوچێكه‌وه‌ تیشكی بخه‌ینه‌ سه‌ر. دواتر باسی ده‌كه‌ین.
یاقۆ پیاوێكی قسه‌خۆش بوو، شێوه‌ى قسه‌كانی و ئه‌و رستانه‌ى به‌كاریده‌هێنا هاوڕێیانی شیوعی بیرده‌هێنامه‌وه‌. ئه‌و باسی جوتیارو پێویستی خزمه‌تكردنی جوتیاران و سه‌عاتی كاركردنی ده‌كرد. یاقۆ له‌حزبێكی كلدۆ ئاشورییه‌كان بوو، حه‌زیده‌كرد زه‌وی و زارو كشتوكاڵی ناوچه‌كه‌ ببینین. ئێمه‌ى برده‌ ئاشێكی پاككردنه‌وه‌ى كونجی. باسی وه‌رزی چاندن و به‌رهه‌می ناوچه‌كه‌و ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ى بۆ ده‌كردین.
خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی، واته‌ ئاشورییه‌كانی دۆڵی نه‌هله‌ به‌شدارییان له‌بزوتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كانی كورد له‌شه‌سته‌كانی رابردووه‌وه‌ به‌به‌رده‌وامی كردووه‌. به‌هۆی ئه‌و به‌شداریه‌یان چه‌ندین جار روبه‌رووی زه‌حمه‌تی و راگوێزان بوونه‌ته‌وه‌و شه‌هید و قوربانی زۆریشیان له‌وپێناوه‌داوه‌.
له‌ساڵی 1961 به‌شێك له‌و گوندانه‌ له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌وكاته‌ى عیراق به‌تۆمه‌تی هاوكاریكردنی بزوتنه‌وه‌ى چه‌كداریی كورد بۆ ناوچه‌كانی كه‌ركوك و به‌رتله‌و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ رایگواستن، دواتر له‌شوێنی ئه‌وان ژماره‌یه‌كی زۆر خێزانی كورد نیشته‌جێبوون كه‌ زۆربه‌یان له‌هۆزی زێباریی بوون. ئه‌وانه‌ى نیشته‌جێبوون به‌شێكیان ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌وی و زاری ئاشورییه‌كاندا گرت و تائێستا ئه‌و كێشه‌یه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌.
گونده‌كانی ئاشوریی له‌دۆڵی نه‌هله‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ى ده‌وروبه‌رى، به‌شدارییه‌كی كارایان له‌بزوتنه‌وه‌ى چه‌كداریی كوردستان كردووه‌، له‌ماوه‌ى حه‌فتاكانی سه‌ده‌ى رابردوو تا ده‌گاته‌ راپه‌ڕینی 1991 چه‌ندین جار روبه‌رووی راگوێزان و ئه‌نفالكردن و زیندانی سیاسی بونه‌ته‌وه‌. ئه‌ندامی حزبه‌ كوردستانییه‌كان و بزوتنه‌وه‌ى دیموكراتی ئاشوریی بوون.
له‌كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ى رابردوو، دیسان به‌هۆی قانونی چۆڵكردنی ناوچه‌ سنورییه‌كان، به‌شێك له‌گونده‌ ئاشورییه‌كان روبه‌رووی راگوێزان بوونه‌ته‌وه‌و ئاشورییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی و ماڵی خۆیان بۆ ناوچه‌ى دیكه‌ى راگوێزراون. هه‌روه‌ك له‌ ساڵی 1987 دیسان له‌چوارچێوه‌ى وێرانكردنی كوردستان له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌، گونده‌كانی ئاشورییش له‌بادینان و ناوچه‌كانی دیكه‌ به‌ر وێرانكردن كه‌وتن و راگوێزران.
ئاشورییه‌كانی بادینان له‌پرۆژه‌ى له‌ناوبردنی گه‌لانی كوردستان له‌چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى ئه‌نفال كه‌ له‌ساڵی 1988 له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ جێبه‌جێكرا بێبه‌ش نه‌بوون. یه‌كێك له‌دیارترین ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ى بادینان، ئه‌نفالكردنی دانیشتوانی گوندی (كونده‌ كۆسه‌) بوو له‌ساڵی1988 كه‌ 34 كه‌سیان له‌ ژن و پیاو و پیرو لاو و منداڵ لێ بێسه‌روشوێن و ئه‌نفالكراو تائێستا چاره‌نوس و شوێنه‌واریان دیار نییه‌.
دۆڵی نه‌هله‌ یان ده‌شتی، به‌چه‌ند به‌رهه‌مێكی كشتوكاڵی ناسراوه‌. برنج و كونجی بوشێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌چێنن. ئاوێكی زۆری لێیه‌و جوتیارانی ئه‌و ده‌شته‌ سودێكی زۆر له‌و ئاوه‌ ده‌بینن، بۆیه‌ هاوینیش ئه‌و ده‌شته‌ یه‌كپارچه‌ سه‌وزه‌. یاقۆ مه‌به‌ستی بوو ناوچه‌كه‌مان پیشان بدات، به‌یه‌كه‌وه‌ چووینه‌ سه‌ر ئاشێكی گه‌وره‌ى كونجی له‌نزیك گوندی دوو پرێ كه‌ گوندی زێبارییه‌كانه‌و كوردن. دانیشتوانی ئه‌و گونده‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ ئاشوریی یان مه‌سیحیه‌كانی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، هاوكاری یه‌كترن.
چوینه‌ لای ئاشێكی كونجی و یاقۆ مه‌به‌ستی بوو باسی چۆنیه‌تی پاككردنه‌وه‌ى كونجی و دروستكردنی ته‌حینی كونجیمان بۆ بكات، له‌پڕ پیاوێكمان لێ په‌یدا بوو. ئه‌و پیاوه‌ یاقۆی باش ده‌ناسی، زۆر تینوی قسه‌كردن و پرسیاركردن بوو! من بۆخۆم لیى كه‌وتمه‌ گومان. كه‌وتینه‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌زمانی عه‌ره‌بی، دیاربوو پرسیارى من و ئه‌و براده‌ره‌ی هاوڕێمی كرد كه‌ ئێمه‌ كێین و خه‌ڵكی كوێین! له‌وه‌ گومانمان لا دروست بوو كه‌ هاتووه‌ زانیاریی كۆبكاته‌وه‌! ئینجا چ بۆ حزب بێت یان بۆ لایه‌نی دیكه‌. بۆیه‌ خۆمان لێ نه‌ناس كردو من وتم له‌به‌غداوه‌ هاتووم و مه‌سیحیم، به‌ڵام وازینه‌ده‌هێناو پرسیاری دوباره‌ى ده‌كرد.
یه‌كێك له‌گرفته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مانه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌و شاخ و دۆڵانه‌ى باشوری كوردستان، زمان لێدانه‌. واته‌ چاودێریكردن و جاسوسیكردنه‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌. من نازانم ئه‌و پیاوه‌ جاسوس بوو یان نا، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وتی ئاسایی نه‌بوو، ده‌شێت هاتبێت بزانی ئێمه‌ كێین و بۆ له‌وناوه‌یه‌ن، نه‌خاسمه‌ من و ئه‌و هاوڕێیه‌م كاوبۆو تی شێرتمان له‌به‌ربوو، نه‌ك جلی كورده‌واریی یان ناوچه‌كه‌.
ئه‌و ئیواره‌یه‌ گونده‌كانی ناوچه‌كه‌مان كرد، له‌یه‌كتره‌وه‌ زۆر دوور نه‌بوون. هیچ باره‌گایه‌كی حزبیی لێنه‌بوو جگه‌ له‌باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان، ته‌نانه‌ت باره‌گای حزبه‌ ئاشورییه‌كانیشی لێنه‌بوو. ئه‌و باره‌گایه‌ی پارتی خانویه‌كی بچكۆلانه‌بوو، چه‌ند كه‌سێك له‌به‌رده‌م باره‌گاكه‌ دانیشتبوون و ته‌نها كڵاشینكۆفێكیان پێبوو. له‌سه‌ر باره‌گاكه‌ش ئاڵایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵدرابوو.
له‌ یاقۆم پرسی؛ باشه‌ بۆ ته‌نها پارتی لێره‌ باره‌گایان هه‌یه‌، ئه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ زۆرینه‌یان مه‌سیحی یان ئاشوریی نین؟ بۆ باره‌گای حزبێكی ئاشوریی نییه‌؟ وتی ئاشورییه‌كان باره‌گایان بۆچییه‌، ئه‌وان خه‌ڵكی ئێره‌ن، ئه‌وه‌ى بیانی یان غه‌ریبه‌یه‌ باره‌گای پێویسته‌، بۆیه‌ پارتی باره‌گای پێویسته‌.
به‌پێى ئاماری هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو حزبه‌ كوردییه‌كان له‌وناوچه‌یه‌، مه‌به‌ستم گونده‌ ئاشورییه‌كانه‌ ده‌نگیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. پارتی ژماره‌یه‌كی كه‌م ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتیمانیی مه‌گه‌ر چه‌ند ده‌نگێكی به‌ده‌ستهێنابێت نه‌وه‌ك نه‌یبووه‌، به‌ڵام حزبه‌ ئاشورییه‌كان به‌تایبه‌ت رۆڵه‌كانی نه‌هرێن و بزوتنه‌وه‌ى ئاشوریی ده‌نگی زۆرینه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌. براده‌رێك له‌وێ پێى وتم ئه‌و پاسه‌وان و ئه‌ندامانه‌ى پارتیی له‌و باره‌گایه‌، موچه‌كانیان لای پارتییه‌، به‌ڵام زۆربه‌یان ده‌نگ به‌حزبه‌ ئاشورییه‌كان ده‌ده‌ن.
ده‌توان بڵێین ئه‌و دۆڵه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچه‌یه‌ى باسی ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێم تێیدا لاوازه‌. واته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌و پۆلیس تێیدا وه‌ك پێویست بوونی نییه‌. ده‌توانین بڵێین له‌ماوه‌ى زیاتر له‌ 25 ساڵی رابردوو ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌گشتیی له‌ژێر هه‌ژموونی په‌كه‌كه‌دایه‌. به‌قسه‌ى چه‌ند كه‌سێكی گونده‌كان، هێزی پێشمه‌رگه‌ نایانه‌وێ له‌وناوچه‌یه‌ جێگیربن، چونكه‌ ناوچه‌یه‌كی گرژ ده‌بێت و گرفت دروست ده‌بێت، ته‌نانه‌ت وتیان ئه‌گه‌ر لێپرسراوێكی باڵای حكومیی یان فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازیی پارتی دیموكراتی كوردستان بیه‌وێت بێته‌ ناوچه‌كه‌، له‌وانه‌یه‌ پێویستی به‌ڕه‌زامه‌ندی په‌كه‌كه‌ هه‌بێت، چونكه‌ به‌بێ هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی بێته‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌وا كێشه‌ له‌ناوچه‌كه‌ دروست ده‌بێت.
لای ئێواره‌ چوینه‌ شوێنێك وه‌ك ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی بوو له‌گوندی كه‌شكاوه‌. ئه‌و گونده‌ مه‌سیحین و شوێنێكی زۆر جیاواز بوو. ئاوێكی سازگار به‌وێدا تێده‌په‌ڕی و چه‌ند شوێنێكیش جیاكرابویه‌وه‌ بۆ گه‌شتیاران. بینیم چه‌ند گه‌نجێك له‌وێ دانیشتبوون و نیرگه‌له‌یان ده‌كێشا.
كه‌شكاوه‌ یه‌كێك بوو له‌و گوندانه‌ى له‌ په‌لاماری تیرۆرستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی له‌عیراق و شام (داعش) له‌ئابی 2014 بۆسه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌رى، 37 خێزانی كوردی ئێزدیی روویان تێكردو خه‌ڵكی گونده‌كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان حه‌وانده‌وه‌و تا ماوه‌یه‌كی درێژ له‌وێ مابونه‌وه‌.
له‌رووداوی مه‌رگه‌ساتی په‌لامارى داعش بۆسه‌ر شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌واو ناوچه‌كانی دیكه‌ى شاری موسڵ، كوردانی ئێزدی و مه‌سیحییه‌كانی موسڵ له‌ترسی كوشتوبڕی تیرۆرستان روویان له‌بادینان و هه‌ولێرو سلێمانی كرد. خه‌ڵكی شاره‌كانی كوردستان جوامێرانه‌ به‌هاواری لێقه‌وماوان چوون. مزگه‌وت و كه‌نیسه‌و باڵه‌خانه‌ی حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت شوێنه‌ گشتییه‌كانی دیكه‌ش خرایه‌ خزمه‌ت ئه‌و خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی مه‌سیحییه‌كانی موسڵ رویان له‌عینكاوه‌ كرد له‌شاری هه‌ولێرو به‌شێكیان له‌كه‌نیسه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی نیشته‌جێكران.
له‌ناو گونده‌كانی ئاشوریی ژنان و پیاوان به‌یه‌كه‌وه‌ كاریان ده‌كرد. بینیم كچه‌ شۆخی لادێیی له‌ناو ره‌زو بێستانان كاریان ده‌كرد. جیاواز له‌گونده‌كانی كورده‌واریی، جلی مۆده‌ى كاركردنیان له‌به‌ربوو وه‌ك كاوبۆو تیشێرت، كه‌ ره‌نگه‌ له‌گونده‌كانی كورده‌واریی به‌مشێوه‌یه‌ نه‌بێت. ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جۆرێك له‌ئازادی ژنان و جیاوازیی كلتوریی.
بێگومان نێوانی ئه‌و گوندانه‌ رێگای گڵه‌و زۆر ناخۆشه‌ هاتن و چوون، خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ى شاره‌دارییش گله‌یی و گازنده‌ی زۆری لێده‌كرا. ئه‌و قوتابخانه‌ یان بنكه‌ى ته‌ندروستیی یاخود كڵێسا، له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ ته‌بشیرییه‌كانی مه‌سیحیه‌كانه‌وه‌ دروستكرابوو.
شێمۆن یه‌كێكی دیكه‌ بوو له‌و گوندنشینانه‌ى له‌ كه‌شكاوه‌ بینیم. ئه‌و كڵاوێكی گه‌وره‌ى له‌سه‌ركردبوو تا هه‌تاو روومه‌تی نه‌سوتێنێت، له‌سه‌ر شیناویه‌كه‌ى (كشتوكاڵ) خه‌ریكی كاركردن بوو. یاقۆی تازه‌ هاوڕێمان له‌دوره‌وه‌ بانگی كرد تا كه‌مێك قسه‌مان بۆ بكات.
شێمۆن به‌كرمانجییه‌كی ره‌وان قسه‌ى ده‌كرد، جوتیارێكی شاره‌زابوو. لێم پرسی خزمه‌تگوزاریی و ژیانتان چۆنه‌؟ وتی له‌كاملاوه‌ هاتی؟ وتم له‌ باكرمانه‌وه‌، وتی له‌كوێ قیرتاو ته‌واو بوو، له‌وێ ناوچه‌كه‌ى ئێمه‌ ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ به‌ئه‌نقه‌ست ده‌یانه‌وێ ناوچه‌كه‌مان بێ خزمه‌تگوزاریی بێت و خه‌ڵك ناچاربن زه‌وییه‌كانیان به‌جێبهێلن و ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ین! وتی ئه‌م جیاوازیی كردنه‌ له‌نێوان ناوچه‌كه‌ى ئێمه‌و ناوچه‌كانی دیكه‌، ئه‌و هه‌سته‌مان لادروستده‌كات كه‌ به‌چاوی ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌ڕوانرێته‌ گونده‌كانی ئاشوریی، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى ئه‌و دروشمانه‌یه‌ كه‌ له‌كوردستان گوێمان لێده‌بێت كه‌ جیاوازیی له‌نێوان پێكهاته‌و ره‌نگه‌كان ناكرێت.
شێمۆن حه‌زی له‌قسه‌كردن بوو، وتی با شوتیه‌ك بێنم لێره‌ له‌به‌ر سێبه‌رى كه‌پری شیناوییه‌كه‌م بیخۆین. هات له‌به‌ر سێبه‌رى كه‌پره‌ ساده‌كه‌ى ئه‌و كه‌مێك دانیشتین، دیاربوو سكی پڕ قسه‌بوو. ئه‌و خه‌می خۆی و ناوچه‌كه‌ى خسته‌به‌ر باس و وتی؛ ته‌نها له‌لایه‌نی خزمه‌تگوزاریی جیاوازییمان له‌گه‌ڵدا ناكرێت، به‌ڵكو ئه‌و هه‌سته‌ له‌زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانی ژیان هه‌ستی پێده‌كه‌ین. بۆنمونه‌ هه‌زاران دۆنم زه‌وی مه‌سیحییه‌كان له‌دۆڵی نه‌هله‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌ن ده‌ستڕۆیشتوان و ئاغاكانی كوردان داگیركراوه‌، دادگاكان له‌به‌رژه‌وه‌ندی بڕیار ده‌رده‌كه‌ن، به‌ڵام لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ئه‌نقه‌ست جێبه‌جێى ناكه‌ن و ده‌ستڕۆیشتوان به‌رده‌وامن له‌ زێده‌ڕۆیی سه‌ر زه‌وی و زاری كلدۆ ئاشورییه‌كان.
قسه‌كانی ئه‌و جوتیاره‌ زۆر به‌ساده‌یی بوو، به‌ڵام له‌ناورۆكدا ره‌خنه‌و گازنده‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرت. گله‌ییه‌كانی ئه‌و ته‌نها گله‌یی نه‌بوو له‌و داموده‌زگا خۆجێیانه‌ى ناوچه‌كه‌و حكومه‌ت، به‌ڵكو گله‌یی و گازنده‌و ره‌خنه‌ى توند بوو له‌تێگه‌یشتنی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌ كوردستانییه‌كان. ئه‌و رونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان له‌كوردستان گرفتی زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ى راستییه‌كان شاردراوه‌ته‌وه‌و رێگری له‌ئاشكرابوونی ده‌كرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×