نێچیرڤان بارزانیی، لەململانێیەكی سەخت و بێهیوادا

سەرتیپ جەوهەر
  2022-05-23     1013

ململانێی ناوخۆی پارتی گەیشتە نێو دادگاكان و پێدەچێت نێچیرڤان بارزانیی لەهەموو جومگەكانی حوكمڕانیی هیوا بڕبێت و رۆڵی نەمێنێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لەدادگای هەولێر بینرا، لەلایەك عەیبەیەكی دیكەی زۆر گەورەبوو بۆ دامەزراوەی دادوەریی لەهەرێمی كوردستان و دەستوەردانی حزب تێیدا كە لەڕێی هێزی سەربازییەوە دادوەرێكی نزیك لە باڵەكەی نێچیرڤان بارزانیی دوای ئەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەرچوو رێگری لەكاركردنی كرا. هاوكات بەروونی ململانێی ناوخۆی پارتی خستەڕوو بەوپێیەی ئەو دادوەرەی دانراوە (ئومێد موحسین) نزیكە لەگروپی نێچیرڤان بارزانیی لەناو پارتی. بەكارهێنانی هێز لەناو دادگا سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانیێكانی ناو ژیانی حزبیی.
پێدەچێت نێچیرڤان بارزانی لەقۆناغێكی سەختی ململانێی ناوخۆی پارتیی بێت. لەلایەك لەناو هێزی سەربازیی و ئەمنی دەستی بڕاوەو زۆربەی ئەو كەسانەی نزیكی ئەو بوون لابران و خەڵكی دیكەی نزیك لە مەسرور بارزانی ئامۆزاكەی دانراون، لەلایەكی دیكە لەناو حكومەت هێدی هێدی ئەوكەسانەی كە نزیكی ئەو بوون بەبیانوی جیاواز خانەنشین دەكرێن یاخود خەڵكی دیكە لەشوێنیان دادەنرێت، هەروەك دیارە لەناو دامەزراوەی دادوەریش كەكاریگەرە بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت، رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بەتەواوی كەمكراوەتەوە.
ماوەیەكی دوورو درێژە پارتی كۆنگرە ناكات چونكە ناكۆكی و جیاوازی بیروبۆچوون لەناوخۆی پارتی بەتەواوی زەقبۆتەوە. ئەو سەقامگیرییەی هەیە كاك مەسعود بارزانی رایگرتووە، بەڵام بەپێی ئەو ئاماژانەی دەبینرێت، گواستنەوەی دەسەڵات و كاریگەریی بەسەر پارتی لەلایەن بارزانیەوە بۆ مەسرور بارزانیی سەرۆكی حكومەت بەشێوەیەكی قۆناغبەند دەستی پێكردووەو ئەم كۆنگرەیەی دەكرێت، دوایین كۆنگرە دەبێت كە نێچیرڤان بارزانی رۆڵی كاریگەری لەناو پارتیدا دەبێت، ئیدی قۆناغێكی نوێ‌ لەناو پارتی دەستپێدەكات بەبێ‌ نێچیرڤان بارزانی. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×