كوردستان لەبەردەم دووبارەبوونەوەی ئەزمونی ئەفغانستان

سەرتیپ جەوهەر
  2023-07-23     304

خراپی حوكمڕانیی و گەندەڵیی، سەرەكیترین هۆكاری پاشەكشەی ئەمریكا بوو لەئەفغانستان. بەقسەی لێپرسراوانی ئەمریكا، لەماوەی 20 ساڵی مانەوە لەئەفغانستان، زیاتر لە 2.3 تریلیۆن دۆلاریان خەرجكرد! ئەو پارەیەی ئەمریكا لە ئەفغانستانی خەرجكرد زۆر زیاتربوو لەو بڕە پارەیەی كە بۆ پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی ئەوروپا (مارشاڵ) لەدوای جەنگی دوومی جیهانیی خەرجیكرد! بەڵام لەكۆتاییدا بەهۆی گەندەڵییەوە لە هاوینی 2021 هەموو هێزەكەی كێشایەوە.

ئەمریكا لەماوەی مانەوەی لەئەفغانستان 140 ملیار دۆلار بۆ پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانی ژێرخانی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی و سیاسی خەرجكرد، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی ئەو هاوكارییانە لەلایەن لێپرسراو و حوكمڕانان، خەڵكی ئەفغانستان سودێكی ئەوتۆیان لێ نەبینی، چونكە زیاتر لە 30% ئەو پارەیە دەچووە گیرفانی لێپرسراوانی ئەفغانستان كە بەڕێگەی ناشەرعی و گەندەڵییەوە پرۆژەكانیان جێبەجێدەكرد. لێپرسراوانی ئەفغانستان دزین و خواردنی هاوكارییەكانی ئەمریكا بە غەزا تێگەیشتبوون، خەمی سەرەكیان دەستكەوتنی پارەو سامان بوو نەك بنیاتنانەوەی وڵاتەكەیان.

بەهۆی ئەو گەندەڵییە زۆرەی لەحوكمڕانی ئەفغانستان هەبوو، ئەمریكیەكان ناویان لەحوكمڕنیەكەی ئەفغانستان نابوو حكومەتی(Vice) واتە vertically integrated criminal enterprise كە بەمانای پرۆژەی تاوانی گەندەڵی ستونیی دێت كە دەكرێت بەكوردی بڵێین پرۆژەی گەندەڵی سەر تا پا. واتە حكومەت و حوكمڕانیەك لەسەری سەرەوە تا خواری خوارەوە گەندەڵ.

زۆربەی هەرە زۆری لێپرسراوانی ئەفغانستان خێزانەكانیان لەئەوروپا نیشتەجێكردبوو، ژن و منداڵ و كەسوكاریان لەوڵاتی خۆیان نەدەژیا، بۆیە دەبینین بەر لەوەی تاڵیبان بگاتە كابول، هەموویان رایانكردو گەڕانەوە ئەو وڵاتانەی كە خێزانەكانیان لێی نیشتەجێ بوو. هەروەك چۆن لەكوردستانیش زۆربەی لێپرسراوان خۆیان و كەسوكاریان رەگەزنامەی ئەوروپاو ئەمریكایان هەیە. ئەگەر كوڕو كچەكانیان لەوێ نەبن، ئەوا لێرە لەكوردستان یان كۆمپانیای گەورەیان هەیە، یانیش كاربەدەستی گەورەی حزبی و حكومین.

ئەمریكییەكان دووساڵ زیاتر بەر لەكشانەوەیان لەئەفغانستان، واتە بەر لە 2019 بەڕوونی لێپرسراوانی ئەو وڵاتەیان ئاگاداركردەوە كە ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بن ناچارن ئەفغانستان جێبهێلن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گوێیان نەگرت. كاتێكیش ئەمریكا لەگەڵ تاڵیبان رێككەوت و بڕیاری كشانەوەیدا، حكومەتەكەی ئەشرەف غەنی خاوەنی نزیكەی 300 هەزار چەكدار بوو، بەڵام بەهۆی گەندەڵییەوە كە جەستەی حكومڕانیەكەی هەلابەهەلا كردبوو، بۆیە یەك هەفتە بەرگەی روبەرووبونەوەی تاڵیبانیان نەگرت. ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان كەهاوكات فەرماندەی هێزە چەكدارەكانیش بوو لەبری بەرگریكردن، بەهیلیكۆپتەرێكی سەربازیی بەپەلە رایكردو تەنها فریای بردنی چەند جانتا پارەیەك كەوت كە لەماوەی حوكمڕانیدا كۆیكردبۆوە.

چیرۆكی حوكمڕانیی ئەفغانستان زۆر لەهەرێمی كوردستان دەچێت، ئاماژەكانی ئێستای هەرێم زۆر مەترسیدارن و لێكچونێكی زۆری هەیە لەگەڵ ئەفغانستان. دەبینین جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق بەروونی بەر لە نزیكەی دوو ساڵ وتی "وامەزانن ھەرێمی کوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە". دوای ئەم لێدوانە، باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق ماتیۆ تولەر هەمان بۆچوونی دوپاتكردەوەو گوتی: " مەرج نیە بارودۆخی هەرێم بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت". ئەم لێدوانانە، لێدوانی زۆر مەترسیدارن نابێت گاڵتەیان پێبكرێت و بەهەند وەرنەگیرێت، چونكە ئەوانە نێردەی دیبلۆماتین و قسەكانیان پێشتر پاڵفتەو لەبێژینگ دراوە، بە وریایی و بەمەبەست بەكاریدێنن.

هەرێمی كوردستان لەدوایین كابینەی، روبەرووی دۆخێكی ئێجگار خراپ بۆتەوە. یەكەم: تەوافوق و بەیەكەوە كاركردنی تێدا نەماو بەدرێژایی چوار ساڵی رابردوو پێكهێنەرانی حكومەت لەشەڕێكی میدیایی توند بوون لەدژی یەكتر.

دووەم: حكومەتی سێبەری تێدا دروستكراو وەزیرو كاربەدەستانی وەزارەتەكان، بوونە بوكەڵەی ئەو حكومەتە سێبەرەی دروستكرا.

سێیەم: حوكمڕانی هەرێم دامەزراوەكانی بەتەواوی داهێزراون، هەر لە پەرلەمانەوە بگرە حكومەت و دامەزراوەی دادوەریی! ئەوەی ئێستا هەیە ئیدارەیەكی حزبییە لەدوو ناوچەی جیاواز، نەك حكومڕانیەك كە شەرعیەتی دەستوریی و دیموكراتی هەبێت.

لەهەمووی خراپتر، دامەزراوەی هێزی پێشمەرگە، نەك زیاتر رێكنەخرایەوە، بەڵكو لێكترازانی زیاتری تێدا دروستبوو.

زیاتر لە 8 ساڵە ئەمریكیەكان پرۆژەیەكیان داوەتە حكومەتی هەرێم و پارتی و یەكێتیی بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، كەچی تائێستا نەك هێزەكان یەكیان نەگرتووە، بگرە ماوەی مانگێكە ناو وەزارەتی پێشمەرگە بەتەواوی گرژ بووەو ئەگەری لێكترازانی زیاتر زۆر بەهێزتر بووە.

لەپرسی گەندەڵیی، روونە كە حكومەت و حوكمڕانی هەرێم بەچ دۆخێكدا تێدەپەڕێت. رۆژ نییە رۆژنامەنوس و پەرلەمانتارو خەڵكانی جیاواز هەواڵ و زانیاریی لەبارەی گەندەڵیی گەورە بڵاونەكەنەوە، لەوە خراپتر ئەم حكومڕانیەی لەهەرێم هەیە، دەوڵەتداریی نییە، بەڵكو دوو ناوچەی حوكمڕانیی حزبییەو هیچیتر. دەتوانین بڵێین ئەو رستەیەی ئەمریكیەكان بۆ ئەفغانستانیان بەكاردەهێنا دەشێت بۆ حكومەتی هەرێمیش بەكاریبێنین (Vice).

یەكێك لەگرفتە گەورەكانی ئەمریكا لەگەڵ حكومڕانی ئەفغانستان ئەوەبوو كە چەك و تفاقێكی زۆریان بەدەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەدا، كەچی بەشێك لەو چەكە هەستیارانەی پێیان دەدان، دواتر لەبازاڕەكان دەفرۆشرانەوە. ئەم دیمەنە لەهەرێم بەروونی هەستی پێكراوە، لەسەردەمی شەڕی داعش چەند جارێك هەواڵی فرۆشتنی چەكی هاوپەیمانان لەبازاڕەكانی هەرێم باس دەكرا.

ئێمە وەك چەند رۆژنامەنوسێك بەر لەچەند ساڵێك لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق دانیشتین، باڵیۆزی ئەو وڵاتە بەروونی وتی ئێمە ئاگاداری چەك فرۆشتنەكانین لەبازاڕەكانی كوردستان؟! ئەم قسەیەی بۆ ئەوەكرد تا بڵێت ئێمە ئاگاداری وردەكاریی دۆخی پێشمەرگەو حوكمڕانی هەرێمین.

بەكورتی، هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی زۆر خراپدایە، ئەگەر بڕیاربەدەست و دەستڕۆیشتووانی هەرێم رێگەی راست و دروست نەگرنە بەر، تەگبیرێك لەم بارودۆخە نەكەن، لەگەڵ خۆیان، چارەنوسی خەڵكی كوردستان رەش دەكەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×