ئێزدی لەنێوان مەرگەساتی شنگال و لێدوانی هەردوو شەشۆ

سەرتیپ جەوهەر
  2024-08-08     166

چەند رۆژێكە وەڵام و وەڵامكارییەكی زۆر سەبارەت بەلێدوانێكی قاسم شەشۆو حەیدەر شەشۆی برازای هەیە لەبارەی ئاینی ئیسلام و مەرگەساتی ئێزدییەكان.

بێگومان مەرگەساتی شنگال، مەرگەساتێكی ئێجگار جەرگبڕ بەسەر كوردانی ئێزدی هات، مەرگەساتێك بوو رەنگە لەمێژووی نوێدا لەمەرگەساتی هۆلۆكۆست لەكوشتارگەكانی (ئۆشڤیتز) و (تێربلینكا) و (سێبیبۆر)..تد روویدابێت. ئێستا لەبری چارەسەری برینی ئەو مەرگەساتەو قەرەبوكردنەوەی گەلی ئێزدی، دەبینین لێدوانێكی قاسم شەشۆ یان حەیدەر شەشۆ لەمكاتەدا كە بەدڵنیاییەوە بۆمەبەستێكی سیاسی یان خواستێكی شەخسییە، زیانی گەورە بەیادی مەرگەساتەكەو ئازاری ئێزدییەكان دەگەینێت و پرسی لێكۆڵینەوە لەهۆكارەكانی مەرگەساتی شنگال و لێكەوتەكانی بەلاڕێدا دەبات و قسەكردن لەسەر مەرگەساتەكە تێكەڵ بەئەجێندای شەخسی و حزبی دەكات. كەواتە دەتوانین بەمشێوەیە قسەی لێبكەین:

یەكەم: بەر لەهەموو شتێك نە قاسم شەشۆ، نە حەیدەر شەشۆ-ی برازای، نوێنەرایەتی پێكهاتەی ئێزدی ناكەن. راستە هەردووكیان ئێزدین، بەڵام هەریەكەیان نوێنەرایەتی رەنگێكی سیاسی و ئەجێندایەكی سیاسی دەكەن. قاسم شەشۆ پارتیەو حەیدەر شەشۆ-ش هاوكاریی دارایی لەحەشدی شەعبی وەردەگرێت! بۆیە لێدوان و قسەكانیان لەسەر مللەتی ئێزدی حیساب ناكرێت. ئەوەی ئەوان وتویانە لەبارەی ئاینی ئیسلام، بۆچوونی پیاو ماقول و ریشسپیانی ئێزدی نییە.

دووەم: كاتێك مەرگەساتی شنگال بوو لەئابی 2014، خەڵكی كوردستان بەهەموو رەنگ و تایفەو خێڵەوە باوەشیان بۆ هەموو میللەتی ئێزدی كردەوە، تەنانەت مزگەوت و كەنیسەكانیش دەرگایان كرایەوە، ئەوەش بەڵگەی ئەو هەستە نەتەوەییە بوو كە لەشەقامی كوردستان هەبوو.

سێیەم: ئەو لێدوانەی قاسم شەشۆو حەیدەری برازای خزمەت بەئێزدییەكان ناكات، ئەوان لەهەمووكات زیاتر پێویستیان لەهێمنایی و تەبایی ناوچەكەو دەوروبەریان هەیە، ئەوان بەشێكن لەمێژووی كوردستان و ژیانی خەڵكی كوردستان، قوڵایی ستراتیژییەتی ئەوان هەرێمی كوردستانە، بۆیە واباشترە ریشسپی و میرانی ئێزدی رێ لەم لێدوانانە بگرن.

چوارەم: هەق نییە لەهەرێمی كوردستانیش لێدوانی ناشایستەو برینداركەر بەناوی ئیسلامەوە بەرامبەر میللەتی ئێزدی یاخود ئاینی ئێزدی بدرێت، چونكە ئەوان بەشێك نین لەململانێی سیاسی و توندڕەویی ئاینیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×