بڕیارە سبەی كاربەدەستانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كۆببنەوە.
بڕیاری كشانەوە لەبەغدا پێویستی بەزەمینەی سیاسی و ئابوریی و دیبلۆماتیی هەیە. بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەرگەی هیچ موجازەفەیەكی دیكە ناگرێت. دەبێ بەرپرسانی هەرێم یان ئەوانەی خاوەنی بیرۆكەی كشانەوەن لەبەغدا هۆكارو پرۆژەی بەدیلی كشانەوە لەبەغدا بخەنەروو، چونكە خەڵكی كوردستان دەستی سوتاوە، كوردیش دەڵێت مارانگەست لەگوریسی رەش دەترسێت، ئەوەی جارێك مار گەستبێتی، جارێكی دی دەست بۆ كونان نابات.
پرسی كشانەوە لەبەغدا پێویستی بەبڕیاری خەڵكی كوردستان هەیە نەك بڕیاری تاكە حزبێك یان چەند كەسێكی دیاریكراو. شوێنی ئەو بڕیارە یان بڕیاردان، پەرلەمانی كوردستانە كە ئێستا گۆدیان كردووەو هیچ قیمەتی نەماوە. چوون و نەچوونی هەرلایەنێكی سیاسی بۆ كۆبونەوەكەی سبەی بەهەڵوێستی ئەو لایەنانە هەژمار دەكرێت.
ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ناتوانن موچەی تەنها مانگی 12ی هەرێم دابین بكەن لەكاتێكدا بەغدا تەئكید دەكاتەوە ناردوویەتی، كەوایە چۆن لەپرۆسەی سیاسی بەغدا دەكشێنەوە؟
بەدڵنیاییەوە پرسیاری زۆر هەیە بیكەین، واباشترە بیخەینە دوای كۆبونەوەكە..