دادگای فیدراڵ لەنێوان دەستورو دەستوەردانی دەرەكی

سەرتیپ جەوهەر
  2024-02-13     290

پێدەچێت دادگای فیدراڵ بۆ رۆژی یەكشەممەی داهاتوو (18/2) بڕیار لەسەر دوو پرسی گرنگی گرێدراو بەهەرێمی كوردستان بدات. یەكەمیان یەكلاییكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دووەمیشیان پرسی پایەندبوونی حكومەتی عیراق بەخەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

سەبارەت بەپرسی هەڵبژاردن، هێشتا دیارنییە دادگای فیدراڵ چ بڕیارێك دەدات و نەخشەڕێی هەڵبژاردنەكە چ لێدەكات، بەڵام ئێران هەموو هەوڵێك دەدات بۆ گۆڕینی رێكارەكانی هەڵبژاردن لەڕێی دادگای فیدراڵ بەجۆرێك گرەنتی بەدەستهێنانی كورسی زیاتر بكات بۆ دۆستەكانی كە ئێستا لەدۆخێكی جەماوەریی ناهەمواردان، بەڵام ئەگەر دادگای فیدراڵ جارێكی دیكە بڕیاردان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی كوردستان دوابخات بۆ كاتێكی دیكە، ئەوا بێگومان مەبەست لێی دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستانە بۆ ساڵی نوێ‌ یان بۆ كاتێكی نادیار! ئەمەش بێگومان زیانێكی ئێجگار گەورە بەهەرێم دەگەینێت و دوور نییە قەوارەی هەرێم بكەوێتە دۆخێكی زۆر ناهەموارترو بەردەم ئەگەری زۆر سەختتر!! خۆ ئەگەر بڕیاریش بێت قسە لەسەر بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە بكەین ئەوا بێگومان بڕیاربەدەستانی ئەم حوكمڕانیەی هەرێم (پارتی و یەكێتیی) بەرپرسی یەكەمی ئەم دۆخەن كە بەسەر هەرێم و خەڵكی كوردستان دا هاتووە یان دێت.

هیچ گومانی تێد نییە دواخستنی كەیسی هەڵبژاردنی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵ پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی هەرێم و دەستوەردانی دەرەكییەوە هەیە. ئێران هەموو جومگە هەستیارو كاریگەرەكانی عیراقی كۆنترۆڵكردووە، وەك دامەزراوە ئەمنیەكان و ئەنجومەنی وەزیران و دادگاكان و ..تد. لەو نێوانەدا دادگای فیدراڵی كردۆتە چەكوشێكی كاریگەر هەم بۆ سەركوتكردنی نەیاران و هەم بۆ فراوانكردنی نفوزی خۆی و پاراستنی بەرژەوەندی گروپە نزیكەكانی، بۆیە ئەگەر دادگای فیدراڵ لەسیاق و چوارچێوەی قانونی ژمارە (1 ساڵی 1992)ی هەڵبژاردنی كوردستان دەربچێت و بەپێی ویستی ئێران بڕیار لە نەخشەی هەڵبژاردنی كوردستان بدات، ئەوا دەستوەردانێكی روون دەبێت لەگۆڕینی هاوكێشەی سیاسی و هێز لەهەرێمی كوردستان.

هەرێمی كوردستان یاسایەكی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی هەیە (ژمارە 1 ساڵی 1992 هەمواركراو) بەپێی یاساكە كوردستان یەك بازنەیە، تا ئەو یاسایە هەموار نەكرێت بەهیچ شێوەیەك ناكرێت دەستكاری شێوەی هەڵبژاردنی كوردستان بكرێت. دادگای فیدراڵ لەغەیری ئەو یاسایە هیچ سەنەدێكی دیكەی بەردەست نییە تا دەستكاری رێكارەكانی هەڵبژاردنی كوردستان بكات. تەنها شتێك دادگای فیدراڵ بیكات لابردنی ئەو 11 كورسیەی كۆتایە كە من بۆخۆم پێموایە لابردنەكەی دەستورییە، راستیەكەیشی كۆتا لەكوردستان بەم دۆخەی هەیە بووە بەبارێكی گران بەسەر خۆیان و خەڵكی كوردستان و هەمیشە لەخزمەت لایەنێكی سیاسیدا بوون.

بەڵام، ئەگەر دادگای فیدراڵ یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بخاتەلاوەو هەڵبژاردنی كوردستان بكاتە 4 بازنە، یاخود كۆتاكانی كوردستان بهێلێتەوەو بەسەر هەولێرو سلێمانیدا دابەشیان بكات، ئەوا جگە لەوەی دەستوەردانێكی ئاشكرا دەبێت لەژیانی سیاسی و هاوكێشەی هێز لەكوردستان، هاوكات دادگا رۆڵی دامەزراوەی یاسادانان دەبینێت و پێشێلكارییەكی دەستوریی ئاشكرا دەبێت و هیچ بەهایەك بۆ پەرلەمانی كوردستان ناهێلێتەوە!

سەبارەت بەسكاڵای پەیوەندیدار بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، پێدەچێت داگا بڕیارێكی ئەرێنی لەخزمەت موچەخۆرانی هەرێم بدات، بەڵام دیار نییە بڕیارەكەی دادگا دەبێتەهۆی كەمكردنەوە لەبوون و ناوەرۆكی قەوارەی هەرێم یان نا. ئەسڵی سكاڵاكە لەسەر ماددەی 13ی بودجەی عیراق كراوە كە پرسی ناردنی موچەی هەرێم بە پاكتاوكردنی خەرجی هەرێم گرێدراوە، لەكاتێكدا دەخوازرێ پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەران جیابكرێتەوە لە پاكتاوكردن یاخود تەسویەی حیسابات لەگەڵ حكومەتی هەرێم، چونكە موچەخۆرانی هەرێم پەیوەندیان بە پاكتاوكردنی حیسابات یان تەسویەی حیساباتەوە نییە، بەڵكو ئەوە ئیشی لایەنی پەیوەندیدارە لەنێوان هەرێم و بەغدا.

ئەگەر بڕیاری دادگا حكومەتی بەغدا پابەند بكات مانگانە پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، ئەوا پرسی هەمواركردنی یاسای بودجەی عیراق دەبێتە ئیجباریی و حكومەتی عیراق پابەند دەكرێت مانگانە بەبێ‌ گرێ پارەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەكەی دادگا تەنها شیكردنەوەیەكی دەستوریی بێت و ولامەكەی تەنها ئەوەبێت كە "راستەوخۆ خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدا دەستورییە " ئەوا مەبەست لێی بچوككردنەوەو سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت وەك قەوارەیەكی فیدراڵ.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×