رازاندنەوەی عینكاوە، تەنها بۆ پاپا نەبێت

سەرتیپ جەوهەر
  2021-03-10     1009
بۆ پێشوازی پاپا-ی ڤاتیكان حكومەتی هەرێم رێگاكانی بەرەو عەنكاوەو ناو شارۆچكەی عەنكاوەی نۆژەن و رازاندۆتەوە، دەیەوێ دیمەنێكی جوانی شارۆچكەیەی كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی مەسیحین پێشانبدات. سەرنجی میوانەكان رابكێشێت كە مەسیحییەكانی كوردستان هەم شارەكەیان جیاوازەو هەمیش زۆر جیاوازتر لەناوچەكانی دیكەی عیراق دەژین.
عەنكاوە بۆخۆی شارێكی جوانە، كارێكی باشە زیاتر رازاندنەوەی، بەڵام ئەگەر بپرسین بزانین مەسیحییەكانی كوردستان وەك ئەو دیمەنەی پێشاندەدرێت، دەژین؟ یان هەستی شەراكەت یان لانیكەم بەشداربونیان لەحكومڕانیی كوردستان هەیە وەك كۆتا یان كەمینەی ئاینیی؟
رەنگە دەرفەتی ئەوەمان نەبێت تێروتەسەل لە وتارێكی كورتدا باسی ژیانی مەسیحییەكانی كوردستان بكەین، بەڵام دەكرێت بەروونی ئەو راستییە بڵێین كە تائێستا هیچ كام لەپێكهاتە نەتەوەیی و دینیەكانی كوردستان نەبوونەتە شەریكی راستەقینەی بەڕێوەبردن و ژیانی سیاسی. پێكهاتەی كلدۆ ئاشور سریان-ەكان و ئەرمەن (كە هەموویان مەسیحین) شەش ئەندامی كۆتایان لە پەرلەمان هەیە، بەڵام جگە لەئەندامێكیان، ئەوانی دیكە هیچیان نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتانە ناكەن، بەڵكو بەدەنگی كورد دەبنە ئەندامی پەرلەمان! ئەو ئەندام پەرلەمانانە، لەباتی نوێنەرایەتی پێكهاتەكانیان و خەمی شەقامیان لەئەستۆ بێت، ئێستا بوونەتە بەشێك لەئەجێندای سیاسی ناوخۆی هەرێم و لەدوایین خولی پەرلەمانیشدا بەروونی بوونەتە گرفتێكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان، كراونەتە داردەست بۆ ئاڵۆزتركردنی دۆخی سیاسی! لەدەنگدانەكانی پەرلەمان وەك ئەندامی حزبی كوردی حیساب دەكرێن نەك وەك نوێنەری پێكهاتەی (كلدۆ ئاشور سریان و ئەرمەن) سەرەنجام زیان بەناوبانگی پێكهاتەكانیان و سیستمی كۆتا دەگەینن كە بۆ بەشداریكردنی ئەو گروپانە جێبەجێدەكرێت كە ناتوانن بگەنە پەرلەمان.
لەهەموو كابینەیەك وەزیرێك یان چەند بەڕێوبەرێكی گشتیی لەسەر پشكی مەسیحییەكان دادەنرێن، بەڵام هەر هەمویان ئەندامی حزبی كوردین و نوێنەرایەتی مەسیحییەكان ناكەن و هیچ پەیوەندیان بەخەم و خواستی مەسیحییەكانی كوردستانەوە نییە! لەوەش زیاتر، تەنانەت لەشارۆچكەی عەنكاوە، جگە لەبەڕێوبەرێك كە كەمترە لەپەنجەكانی دەست، ئەوانی دیكە بەڕێوبەرو جومگە سەرەكیەكانی ئیدارەی شارەكە بەدەست كورد یان موسڵمانەوەیەو مەسیحییەكان پەراوێزخراون! واتە لەو شارۆچكەیەی كە زۆرینەی رەهان، مەسیحیەكان كاربەدەست نین.
لەوانەی سەرەوە واوەتر، مەسیحییەكانی كوردستان تێبینیان لەسەر سرودی نیشتیمانی و ئاڵای كوردستان هەیە. پێیانوایە دەنگ و رەنگی ئەوان نییەو گوزارشت لەنەتەوەی كورد دەكات نەك هەموو گەلی كوردستان، بۆیە دەبێت لەبری سرودی (ئەی رەقیب) سرودێكی نوێ‌ دابنرێت كە سەردەمیانەو گوزارشت لەهەموو نەتەوەو ئاین و پێكهاتەكان بكات. هەروەك تێبینیان لەسەر ئاڵای كوردستان هەیەو پێیانوایە هیچ پەیوەندی بەمێژوو ژیانی ئەو پێكهاتانەوە نییە، دەیانەوێ‌ ئەگەر ئاڵاكەش نەگۆڕدرێت كە دەستكاریكردنی زەحمەتە، لانیكەم قانونی ئاڵای كوردستان هەمواربكرێتەوەو لێكدانەوەو شیكردنەوەی رەنگەكان بگۆڕردرێت بەجۆرێك ئەوانیش خۆیان تێدا ببیننەوە.
بەكورتی، رازاندنەوەی عەنكاوە تەنها بەخاتری هاتنی پاپا نەبێت، بەڵكو هەستی شەریكبوون لەم نیشتیمانە قوڵبكرێتەوەو بەپێكهاتە ئیتنی و سیاسیەكانەوە، ئەوكاتە نەك بەتەنها شەقامەكانی عەنكاوە، بەڵكو هەموو كوردستان رەنگورووی جوانتر دەبێت، بەجۆرێك هەمووان هەستبكەن ئەم وڵاتە هی ئەوانە، نەك بوونی پێكهاتەكان لەناو پەرلەمان و حكومەت بۆ مەبەستی سیاسی و قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان بەكاربهێنرێت و سەرەنجام هەم پێكهاتەكان زیانیان پێبگات و هەمیش دۆخی سیاسی ئاڵۆزترو خراپتر ببێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×