دەرگاتان داخست، دەممان داناخەین
سەرتیپ جەوهەر
2020-03-25   1216
ئێوارەی ئەمڕۆ لەدوكانێكی نزیك ماڵی خۆمان ویستم هەندێك پێویستی بكڕم، پیرەمێردێك هات (نەمدەناسی) وتی بای تەنها 3 هەزار ئاردم بۆ بكێشە كە دەیكرد 5 كیلۆ ئارد! زۆر بەبێنازیی گۆتی ئاخر كەی ئەمە حوكمڕانییە، نە موچەمان دەدەنێ و نە شتێكیش هەیە پێی بژین!! بەكابرای دوكاندارم وت فەردەیەك ئارد بدەرە خاڵەو من بۆی دەبەمەوە. خاڵە زۆر بەعیززەت بوو، نیگەران بوو لەو قسەیەی من كردم، هەرچەند وتم برازای تۆم و پارەكەی ئەوەندە نییە، بەڵام رازی نەبوو. نەشم ویست زۆری لێبكەم، نەوەك ئازاری دەرونیی بدەم.
ئەو چیرۆكە نمونەیەكی بچوككراوەی ئەم دۆخە نەخوازراو پڕ ئازارەی خەڵكی كوردستانە، كە ئەم حكومەتە بێبەرنامەو لەرزۆكە نە موچەی خەڵك دەدات و نەهیچ پلانێكی دیارە. دەرگای لەسەر خەڵك داخستوەو داواش دەكات دەممان داخەین!
ئاخر ئێوە وتتان ئێمە نەوت دەفرۆشین و مانگانە هەر خێزانێك بەستەیەك دۆلاری بۆ لەزەرفێكدا رەوانەی ماڵەوە دەكەین! ئەی ئێوە نەتانگوت عیراق موفلیسەو ماوەیەكی دیكەیە ئەگەر ئاو نەیبات هوڕەی بیابان دەیسوتێنێت؟ ئەی بۆ ئێستا وەك سواڵكەر خەبەری ناردنی پارەكەی بەغدا (خەبەر عاجیل) وەك موژدە بەخەڵكی دەفرۆشنەوە؟ ئەوانەیشی كە باسی موچەی كابانی ماڵ و بیمەی بێكاریان دەكرد، جارێك دەركران لەحكومەت كەچی ئێستا بونەتە عەڕابی پینەكردن و درۆ، كورد وتەنی عوزریان لە قەباحەتیان گەورەترە.
دیمەنی ئەو پیاوە پیرە زۆر بەئازار بوو، وتم تۆ بڵێی ئەم دەسەڵاتە عەقلی بەوەدا بشكێت لەبری گرتنی رۆژنامەنوسێك كە داوای موچەی ئەو پیاوە پیرەو فەرمانبەرانی كردووە بچێت ئاشتی هەورامیی دەستگیربكات كە قۆڵی ئەم میللەتەی بڕی و هەر رۆژە درۆیەكی دەكرد، وەك پەرلەمانتارێك وتى درۆزنی وا لەتاریخ نەبووە نييه! یان ئەوانە بگرێت كە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویان هەڕاجكردو تەسلیم بە توركیایان كرد! ئەی ئەوانەی رۆژانە لەسنورەكان خواردن و خۆراكی ئێكسپایەر لەوڵاتان دەهێنن و دەرخواردی ئەم میللەتەی دەدەن! ئاخر ئەم دەسەڵاتە بەم هەموو گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و غەدرە شەرم نەیگرێت، تۆ بڵێی بە نوسینی رۆژنامەنوسێك لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تەریقبێتەوە؟ ئەی ئەگەر دوعای پیرەمێردێكی خێر لەخۆ نەدیو نەتانگرێت كە پارەی فەردەیەك ئاردی نییەو بەعیززەتەوەو بەسكی برسیەوە سەركەچناكات، نوسین و پۆستێكی فەیسبوك دەتانگرێت؟!
من نازانم بۆ بیرێك لەخۆ چاككردن ناكەنەوە، تۆبڵێی لەمێژوودا ئەوانەی ئازاری میللەتەكانی خۆیان دا كۆتاییەكەیان زۆر باش بوبێت؟ یان ئێمە عەرەب و توركی شاخستانین! ئەی نەوتراوە زوڵم و ستەم لەئەستوریدا دەپسێت؟