ئەرێ كورد بۆ وادەكات؟

سەرتیپ جەوهەر
  2021-06-27     636
لەدوای پێكهێنانی ئەم كابینەیە پێویست بوو پەیوەندی نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی و پارتی هێور ببێتەوەو هێمنی و سەقامگیریی سیاسی بۆ كوردستان بگەرێتەوە، كەچی لەوەتەی ئەم كابینەیە دروستبووە بارودۆخی سیاسی ئاڵۆزتر بووە! بەپێی ئەو ئاماژانەی بەردەستن، پێشبینی دەكرێت لەدوای هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق ئاڵۆزییەكان بگاتە بەغداو لێكترازانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان زیاترو ئەو بۆشاییەی هەیە زۆر فراوانتر ببێت.
لەدوای 2017 وە شتێك لەبەغدا نەماوە بەناوی كۆدەنگی كوردو لیستە كوردستانییەكان، مەگەر لەهەندێ پرس و بایەتی دیاریكراو هەندێجار ئەندامانی كورد بەیەكەوە چوونەتە ناو هۆڵی پەرلەمان، یاخود هاتونەتە دەرەوە. ئەمجارە جگە لەوەی خواستی حزبیی بەتەواوی زاڵ دەبێت بەسەر خواستی قەومیی و ئەجێندای هاوبەشی كوردستانیی، هاوكات ئەگەری بەهێز هەیە لایەنی كوردستانی هەبێت لەگەڵ گروپ یان لایەنی عەرەبی هاوپەیمانێتی بكات لەپێناو مسۆگەركردنی پۆست و بەركەوتەی حزبیی! واتە ئەمجارە نەك هەر هیچ لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوان لایەنە سەرەكییە كوردستانییەكان نابێت، بەڵكو لایەنە كوردستانییەكان بۆ هاوپەیمانێتی بەسەر لایەنە عەرەبییە شیعەو سوننەكاندا دابەش دەبن!
لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین وەفد لە هەرێمەوە ، لەپێناو هاوپەیمانێتی و رێككەوتنی پێشوەختە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی داهاتوو چوونەتە بەغدا، دیدارو چاوپێكەوتنیان لەگەڵ شیعەو سوننە بووە. قسەیەكیش هەیە پارتی و سەدرییەكان لێكتێگەیشتنێكیان هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو.
تا ئێرە ئەوەی باسمكردووە هەواڵ و ئەگەرەكانی داهاتووە، بەڵام لێرەوە لەوانەیە هەموومان پرسیارو رەخنەو سەرنجی جددیمان لەسەر ئەم بارودۆخە هەبێت و پێویست دەكات وڵاممان دەستكەوێت.
رەنگە پرسیارێكی گرنگ بێتە پێشەوە ئەویش ناكۆكی نێوان لایەنە كوردستانییەكان ئەوەندە زۆرو زەحمەتە تا حزبە سیاسیەكان رێككەوتن و هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنی عەرەبی بەئاسانترو باشتر بزانن؟ یان بۆچی خواستی قەومیی و داخوازیی گەلی كوردستان لەبەغدا لایەنە كوردستانییەكان كۆناكاتەوەو نابێتە هۆكاری بەیەكەوە كاركردن!؟ ئێمە خواستی قەومیمان نەماوە یان خواستی قەومی لای لایەنە سیاسییەكان بەتەواوی كاڵبۆتەوە؟ ئەی ئەگەر وانیە، بۆچی خواستی حزبی و بەركەوتەی حزبی پاڵنەر دەبێت بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنی عەرەبیی بۆ وەدەستخستنی پۆست و خواستی حزبی كەچی خواستی قەومی لایەنە كوردستانییەكان كۆناكاتەوە؟
بۆچی لایەنە سیاسیەكان ئامادەن دەیان سەردان بۆ بەغدا بكەن و لەگەڵ لایەنە شیعەو سوننەكان كۆببنەوەو لەمیدیاكانی خۆیان وەك دەستكەوتی حزبی پێشانی خەڵكی بدەن، كەچی لە كوردستان و لەناوخۆ ئامادەی كۆبونەوەیەك نین بۆ گفتوگۆی باشتركردنی حوكمڕانی و قسەكردن لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان و رۆڵی كورد لەبەغدا؟ بگرە رەتكردنەوەی گفتوگۆو عینادی شەخسیی، وەك سەركەوتن و دەستكەوتنی حزبیی بەخەڵكی پێشانبدەن؟!
بەدڵنیاییەوە پرسیارو تێبینی و سەرنجی زۆر لەوبارەوە هەن، وڵامی پرسیارەكانیش ئەوەندە زەحمەت نین، چونكە لەمێژووی گەلی كوردستان بەردەوام مێژوو خۆی دوبارە كردۆتەوە! گەستنی پەنجەی پەشیمانی دوای روداوەكان هیچ سودی نییە، توركیش دەڵێن "خۆزگە بەعەقلی كورد دوای روداوەكان" خۆ ئەگەر بیانییەكیش رابردووی گەلی كورد بخوێنێتەوەو ئەمڕۆی كورد ببینێت وڵامی دەستنەكەوێت، بەڵام ئەو پرسیارە بكات و بڵێت "ئەری كورد بۆ وادەكات".

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×