تائێستا ژمارەیەكی زۆری مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا نەگەڕاونەتەوە

سەرتیپ جەوهەر
  2021-05-06     481
بارودۆخی كلدۆ ئاشورییەكان یاخود مەسیحییەكان لەكوردستان زۆرباشترە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عیراق، بەتایبەت ناوچە سوننە نشینەكان. لەو ناوچانە جگە لە چەوساندنەوەیان وەك گەلی كلدۆ ئاشور سریان، هاوكات روبەرووی چەوساندنەوەی ئاینی دەبنەوەو بەردەوام ژمارەیان لەهەموو ناوچەكان روو لەكەمبونەوەیە.
بەپێی دوایین ئامار كە لە سەرەتای ئاداری 2021 لەلایەن كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عیراق بڵاوكراوەتەوە، بەر لە 2003 ژمارەی مەسیحییەكانی عیراق دەگەیشتە سەرو یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس، بەڵام ئێستا نزیكەی 250 هەزار كەسن و ئەوانی دیكە زۆربەیان بۆ دەرەوەی عیراق كۆچیان كردووە! لەگەڵ هاتنی داعش لەئابی 2014 تاوەكو 2017 زیاتر لە 130 هەزار مەسیحی لەسنوری شاری موسڵ ئاوارەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بوون.
عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ-ی عیراقی لەبەیاننامەیەكی رەسمیی ئەو زانیاریانەی بڵاوكردۆتەوەو دەڵێت ئێستا زۆربەی مەسیحییەكانی عیراق لەهەرێمی كوردستان دەژین.
دۆخی كلدۆ ئاشوری سریانەكان لەدوای روخانی رژێمی سەدام خراپ بوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی گروپی تیرۆرخوازی داعش ئەوەندەی دیكە خراپتر بوو، چونكە بەشێوەیەكی رێكخراو و فراوانتر روبەرووی چەوساندنەوەو لەناوبردن بوونەوە. بەكۆمەڵ ئاوارەو سەرگەردان بوون.
بۆ بەدواداچوونی بەشێك لەو رووداو راستیانەی كە بەسەر مەسیحییەكان یاخود كلدۆ ئاشور سریانەكانی شارو دەشتی نەینەواو باشتربوو سەردانێكی مەیدانی ناوچەكە بكەم و لەنزیكەوە هەندێك دیمەنەكانی دوای هاتنی گروپی تیرۆرستی داعش تۆماربكەم.
بۆ ئەم مەبەستە پێویستم بەكەسێك بوو هەم شارەزای جوگرافیای موسڵ بێت بەشێوەیەكی گشتیی، هەمیش شارەزایی هەبێت لەدۆخی ئەمنی و گروپی تیرۆرستی داعش. هاوكار جاف-ی هاوڕێم، هەم بۆخۆی لەشاری موسڵ ژیاوەو وەك خۆی دەڵێت منداڵیی لەوێ‌ بەسەر بردووە، هەمیش شارەزای بواری ئەمنییەو بەدواداچوونی زۆری لەسەر گروپی داعش كردووە. ئەو هاوڕێیەم هاوكارییەكی زۆرباشی كردم و چەند جارێك بەیەكەوە سەردانی موسڵ و دەشتی نەینەوامان كرد، جگە لە پێشاندانی شوێنە گرنگەكان و رووداوەكان، هاوكات سودم لە سەرنج و تێبنییەكانی وەردەگرت. بۆمن ئەو هاوكارییە زۆر جێگای سوپاس بوو، چونكە ئەو نەبوایە بەهۆی خراپی باری ئەمنی و نەمدەتوانی سەردانی ئەو ناوچانە بكەم و شارەزاییەكی ئەوتۆم نەبوو.
من پێشتر لەگەڵ ژمارەیەك كلدۆ ئاشوریی دانیشتووی دەشتی نەینەوا چەند پەیوەندییەكم كردبوو. سەرەتا بەیەكەوە سەردانی قەزای قەرەقوش (بخدێدا) یان حەمدانیەمان كرد. قەرەقۆش یەكێكە لەشارۆچكە گەورەكانی زۆرینەی دانیشتوانەكەی كلدۆ ئاشوریی یان مەسیحین و دەكەوێتە باشوری شاری موسڵ لەدەشتی نەینەوا.
سابت بۆخۆی لەگەڵ هاتنی تیرۆرستانی داعش ئاوارەی هەولێر ببوو، ماوەی نزیكەی دووساڵ بەهۆی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە لەئاوارەیی ژیابوو.
رەنگە باسكردنی ژیانی كلدۆ ئاشور سریانەكانی موسڵ و دەشتی نەینەوا كاتی زۆری پێویست بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە باسی دوایین مەرگەساتی ناوچەكەیە كە لە ئابی 2014 گروپی تیرۆرستیی دەوڵەتی ئیسلامیی پەلاماری ناوچەكەیانداو زۆربەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان روبەرووی بارودۆخێكی زۆر خراپ بوونەوە. بۆنمونە كوردانی ئێزدیی روبەرووی جینۆساید بوونەوە، پێكهاتەی شیعە لەكوردو عەرەب و توركمان لەباكورو رۆژهەڵاتی موسڵ رووبەرووی دڕەندەیی ئەو گروپە تیرۆرخوازە بوونەوە. هەروەكو گروپەكانی دیكەی وەك سابیئەی مەندایی و شەبەك و كاكەیی و مەسیحییەكان بەهەمان شێوە روبەرووی خراپترین دۆخ بوونەوە.
كلدۆ ئاشور سریانەكانی دەشتی نەینەوا جیاوازن لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عیراق. ئەوان خۆیان بەدانیشتوانی رەچەڵەكی ناوچەكە دەزانن و پێیانوایە لەبنەڕەتدا ئەو خاكە خاكی ئەوان بووە. هەروەك سەرچاوە مێژووییەكانیش وەك لەسەرەتادا باسمانكرد، سەرەتای گەشەكردن و نەشونمای شارستانیەتی ئاشوریی یان كلدانیی دەگەڕێننەوە بۆ ئەو خاكەو لەوێوە قۆناغ دوای قۆناغ فراوان بووەو دواتر بەهۆكاری جیاواز رووی لەپوكانەوە كردووەو گۆڕانی زۆری بەسەرداهاتووە تا ئەمڕۆ. هەروەك لەدەشتی نەینەوا، شوێنەوارگەلێكی ئێجگار زۆری شارستانیەتی ئاشوریی یان كلدانیی هەیەو كلدۆ ئاشور سریانەكانی ناوچەكە شانازیی پێوەدەكەن.
كلدۆ ئاشورییەكان لەپارێزگای موسڵ و دەشتی نەینەوا لەچەند شوێنێكی جیاواز هەن. لەناو شاری موسڵ وەك سەنتەری پارێزگای نەینەوا، لەچەند گەڕەكێك هەن، لەوانە؛ گەڕەكی فەلەستین، دۆمیز، 7ی نیسان، زهور، سوككەر، موسڵی كۆن..تد.
جگە لەناو شاری موصڵ، لەدەشتی نەینەوا ژمارەیەكی زۆر مەسیحیی یاخود یاخود كلدۆ ئاشور سریانن هەن، ژمارەیەك شارو شارۆچكەی دەشتی نەینەوا زۆرینەی دانیشتوانەكانیان مەسیحیی یاخود كلدۆ ئاشور سریانن لەوانە:
- قەزای حەمدانیە (بخدیدا) یاخود قەرەقۆش
- قەزای تلكێف
- شارۆچكەی بەرتلە
- شارۆچكەی باشیك
- شارۆچكەی ئەلقۆش
- شارۆچكەی كرملێس
- شارۆچكەی تەلەسقوف
- لەبەشێكی قەزای شێخان بەتایبەت لەسەنتەری قەزاو شارۆچكەی باعەدرێ و قەسرۆك.
ئێمە بمانەوێ‌ بزانین ژمارەی مەسیحیەكانی موسڵ یاخود كلدۆ ئاشور سریانەكان چەندە؟ رەنگە زەحمەت بێت، چونكە لەناو شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا بڵاوبونەتەوەو ئامارێكی دیاریكراو بەردەست نییە. ئەوەی دیارە ئەوەیە كە ژمارەیەك قەزاو ناحیەی دەوروبەری موسڵ زۆرینەی دانیشتوانەكەیان كلدۆ ئاشور سریانن.
ئێمە لەحەمدانیە دەستمان بەدیدارو چاوپێكەوتن و تۆماركردنی هەندێ دیمەن كرد. كە نزیكەی 35 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی شاری موسڵ. كاتێك چوینە ناو
قەزای قەرەقۆش كە دواتر ناوەكەی كراوەتە عەرەبی بەناوی (حەمدانیە) دەكەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ، ژمارەی دانیشتوانی قەزای حەمدانیە لەسەروو سەروو 100 هەزار كەس دەبێت و زۆربەیان سریانن. جگە لە سریان یان مەسیحیی، پێكهاتەكانی دیكەی وەك كوردانی كاكەیی و شەبەك، هاوكات و كەمینەیەكی توركمان و عەرەبیش لەناوچەكە هەن. ئەو قەزایە جگە لەسەنتەری قەزاكە (بخدێدا، یان قەرەقۆش) لە دوو شارۆچكە (ناحیە)ی پێكدێت ئەوانیش ( (بەرتلە) و (نەمرود).
سەرەتا چوینە حەمدانیە، لەدەروازەی شارەكە هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی مەسیحیی لێبوو، بازگەیەكیان لەدەروازەكەدا دانابوو، ئاڵاو شێوەیان دیاربوو كە عەرەب نین و كلدۆ ئاشوریین.
سابت ئیسحاق كە پێشتر لەڕێگەی هاوڕێیەكم قسەمان كردبوو یەكتر ببینین و هەندێ قسەمان بۆ بكات و زانیارییمان بداتێ‌، لەدەروازەی قەرەقۆش (بخدێدا) چاوەڕێی دەكردین.
چوینە ماڵەكەی و دوای بەخێرهێنان چایەكی دەمەو كێشتانەی بۆ ئامادەكردین. بەپەرۆشەوە باسی بارودۆخی شارەكەیان و دۆخی دوای هاتنی گروپی تیرۆرستی داعشی بۆ كردین.
ئەو هونەرمەندێكی دەستڕەنگین و بەسەلیقە بوو، لەیەكێك لە فەرمانگەكانی حكومەت فەرمانبەر بوو. شارەزاییەكی باشی لەبارودۆخ و ژیانی ناوچەكە هەبوو. لەسەرەتای هاتنی داعش لەقەرەقۆش بوون و دواتر لەترسی ئەو گروپە تیرۆرستییە بەرەو هەولێر رایانكردبوو.
سابت زۆر بیتاقەتی دۆخی دوای لەناوچوونی داعش بوو، وتی خۆ ئیمە بەرەو هەولێر رامانكرد و لەوێ‌ لەژیانێكی ناخۆشدابوین چونكە ئاوارەیی بوو، بەڵام ئێستا كە گەڕاوینەتەوە كیشەی دیكەمان هەیە جیاوازە. وتی "بەشێك لە خەڵكی ناوچەكە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا لێكەوتەكانی دوای داعش بەردەوامە".
ژیانی كلدۆ ئاشور سریان (مەسیحیەكان)ی موسڵ و دەشتی نەینەوا لە بارودۆخی مەسیحییەكانی كوردستان باشتر نییە. لەكوردستان كلدۆ ئاشور سریانەكان زیاتر گلەییان لەدەسەڵاتداران هەیە، قسەیان لەسەر بەیەكەوە ژیانی كۆمەڵایەتیی نییە، بەڵام لە موسڵ و دەشتی نەینەوا، جگە چەوساندنەوەیان لەلایەن دەسەڵاتداران، هاوكات لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیش بەریەككەوتن هەیە. چونكە موسڵ شارێكە زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانی سوننە مەزهەبن و بزوتنەوە ئیسلامییە عەرەبیەكانی عیراق زۆربەیان ریشەی دروستبوون و كاركردنیان لەوشارەوە بووە.
بەدرێژایی مێژووی دوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، لەسێ‌ رووداوی جیاواز مەسیحییەكان یان كلدۆ ئاشورییەكان روبەرووی دۆخێكی نەخوازراو بوونەتەوە. جاری یەكەم لەساڵی 1933 كلدۆ ئاشور سریانەكان روبەرووی كۆمەڵكوژی بونەوە لە شارۆچكەی سێمێل لەلایەن سوپای عیراقی ئەوكاتە و بەهۆیەوە هەزارانیان لێ‌ ئاوارەی سوریا بوو، دوای روخانی سەدام لە 2003 بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دروستبوو مەسیحییەكانی عیراق روبەرووی كوشتن و تیرۆری زۆربوونەوە لەسەردەستی گروپە تیرۆرست و توندرەوە سوننەو شیعەكان لەناوچەكانی ناوەراست و موسڵ و دەشتی نەینەوا، هەروەها لە ئابی 2014 بەهۆی پەلاماری داعش و داگیركردنی موسڵ و دەشتی نەینەوا مەسیحییەكان روبەرووی كوشتوبڕو كۆچی بەكۆمەڵ بوونەوە.
دوای گفتوگۆو قسەكردنی زۆر لەسەر دۆخی مەسیحییەكانی شاری موسڵ و دەشتی نەینەواو، كەمێك بەناو قەرەقۆش (بخدێدا) دا سوڕاینەوە. شارێكی چۆڵ و خامۆش، ژمارەیەكی كەم خەڵك گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هێشتا ژیان ئاسایی نەبۆتەوەو ترس و دڵەڕاوكێ و خەم رووی خەڵكەكەی بەرنەداوەو هێشتا هەستدەكەیت ژیانیان (سوارە) واتە نائاساییەو وەك ئەوەی ئامادەبن بۆ دووبارە ئاوارەبوونەوە. تائێستا ژمارەیەكی ئێجگار زۆری خەڵك نەگەڕاونەتەوە، بۆیە شارەكە لەچۆڵەوانی دەچێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×