ئێران؛ لەدیزاینكردنەوە بۆ دانانی كەسەكان

سەرتیپ جەوهەر
  2024-11-04     242

بەپێی هەموو لێكدانەوەكان پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم زۆر دوادەكەوێت. پارتی لەم دیزاینە نوێیە سەرباری كەمكردنەوەی كورسیەكانی بۆ 39 + 3 كورسی، بەڵام هێشتا كەڵكەڵەی 45 + 11 كورسیەكەی هەڵبژاردنی رابردوو بەرینەداوە! دەیەوێت بەهەمان پێودانگی رابردوو، كابینەی نوێ‌ دروستبكات.

یەكێتیی لەم دیزاینە نوێیە 23 +2 كورسی هەیە، لەلایەك بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو چەند كورسیەكی زیاتری بەركەوتووە ، لەلایەكی دیكە پشتیوانیەكی گەورەی ئیقلیمیی هەیە كە لەتارانەوە درێژ دەبێتەوە تا بەغدا. لە بانگەشەی هەڵبژاردن سەركەوتنی خۆی بەرامبەر پارتی بەپەیمانی گەورە بەستۆتەوە، ئاسان نییە پاشەكشە لێكردنی بەتایبەت هەڵبژاردنێكی دیكە دوای نزیكەی ساڵێكی دیكە لەپێشە.

ئۆپۆزسیۆنیش بۆتە دوو بڕ و دووبەش، بڕێكیان پێدەچێت بەشێك بن لەم دیزاینە، بەر لەهەڵبژاردن رایانگەیاندووە ناچنە حكومەت. بەشەكەی دیكەشیان بەهۆی كەمی ژمارەی كورسیەكانیان ناتوانن رۆڵی كاریگەر ببینن، بۆیە زۆر زەحمەتە بتوانن بەشداری لەحكومەتدا بكەن، تەنانەت كۆمەڵی دادگەریی كە 3 ئەندامی سەركەوتووە بەڵام وەك خۆیان دەڵێن ساختەكارییەكە زۆر گەورەیە بۆیە بڕیاریداوە بەشداری لەخولی ئەمجارەی پەرلەمان دا نەكات.

لەم كابینەیەدا جگە لەپارتی و یەكێتیی، حزبەكانی دیكە یان بڕیاریانداوە بەشدارنەبن، مەگەر ئۆفەری موغریان بخرێتە بەردەم. كەوایە؛ پارتی و یەكێتیی لەبەردەم ئەگەرو بژاردەی زۆردا نین، یان دەبێ‌ خێرا لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات رێككەون، یاخود حكومەت و حوكمڕانیی بەمشێوەیەی ئێستا بەبێ‌ چارەسەرو پێناسەیەك بەردەوام دەبێت تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق.

ململانێی سەرەكی لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لەسەر دابەشكاریی پۆستە باڵاكان و دووبارە دابەشكردنەوەی دەسەڵاتە. یەكێتیی دەیەوێت لانیكەم یەكێك لەدوو پۆستە باڵاكەی هەرێم (سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم) بەربكەوێت، بەڵام بۆ پارتی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان تەنها پەیوەندی بەژمارەی كورسیەكانیەوە نییە، بەڵكو هاوكێشەی ناوخۆی ئەو حزبەوە هەیە. حالی حازر هەموو پۆستە باڵاكان و جومگەكانی حوكمڕانی لەدەستدایە، كورد وتەنی بەهۆی ژمارەی كورسیەكانیەوە داشی سوارە، رەنگە ئەوەندە حەماسی پێكهێنانی كابینەی نوێی نەبێت، بۆیە درێژە بەدۆخی یەكلانەبۆوەی دوای هەڵبژاردن دەدات تا دوای هەڵبژاردنی عیراق، تا پۆستەكانی عیراق و كوردستان بەیەكەوە بخاتە سەبەتەیەك و لەسەر بنەمای خاڵبەندی لەگەڵ یەكێتیی دابەشی بكات، ئەمەش بۆ یەكێتیی قازانجی نابێت چونكە ئەوكاتە پۆستی سەرۆكی كۆماریش دەكەوێتە بەر مقەستی دابەشكاریی. یەكێتیی كارتی بەهێزی بەردەست نییە، لە 10 ساڵی رابردوو ئەوەی هەیبوو رادەستی پارتی كردووە، بۆیە بەپێی لێكدانەوەكان ئەگەر نەگەنە رێككەوتن رەنگە یەكێتیی لەڕێی بەغدا (ئێران) فشاری زیاتر لەپارتی بكات، بەڵام گرفتەكە تەنها لێرەوە ناوەستێت چونكە دەستوەردانی ئیقلیمیی لەهەرێم لەقەبارەی جارانیی زۆر گەورەترە! دەستوەردانەكە بەپێی هەموو پێشبینیەكان پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم تەنها لە دانان و دیزاینكردنی هەڵبژاردن ناوەستێت، بەڵكو دابەشكردنی پۆستەكان و دانانی كەسەكان بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە باڵاكان پێویستی بە رەزامەندی ئیقلیمیی دەبێت.. كەوایە دانیشن بەخێر

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×