یەكێتی و گۆڕان.. بەڕۆژ حوكمڕان و بەشەو ئۆپۆزسیۆن

سەرتیپ جەوهەر
  2024-08-23   

لەمێژودا نەبوە میللەتێك هێشتا قۆناغی رزگاریی نیشتیمانیان تێنەپەڕاندبێت كەچی زەلالەت و دادو بێدادیان بێت بەدەست كەمینەی بڕیاربەدەستی حوكمڕانیانەوە. لەمێژوی میللەتان، لەقۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی، پیاوی مەزن و كاریزمای مێژوییان لێ هەڵدەكەوێت، بەڵام لای ئێمە حوكمڕانی زۆر خراپ.

ئەو زەلالەتەی ئێستای هەرێم بەرامبەر بەغدا، لێكەوتەی ئەو سیاسەتە شكستخواردوەی حوكمڕانانی هەرێمە كە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان قەوارەو دانیشتوانی هەرێمیان روبەروی ریسوایی و بێدەرەتانیی و چارەنوسێكی رەش كردوە.

10 ساڵە پارتی و بڕیاربەدەستانی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان لەگێژاوی نەبونی موچەو بڕینی قوت و برسیكردن دەهێنن و دەبەن. لەماوەی ئەو 10 ساڵە، هەرچی خراپە بەم میللەتەیان كردوە. لەپەنای دروشمی قەومیی و درۆ درەوشاوەكانیان كوردستان و ئایندەو چارەنوسی ئەم میللەتەیان لەباربرد. ئەوەی رودەدات لێكەوتەو دەرئەنجامی ریفراندۆمی 2017یە، ئێمە زو گوتمان ئەوەی دەیبینن لێ لێیە، هێشتا لۆلۆ ماوە.

10 ساڵە خەڵكی كوردستان هەمو مانگێك لەریسوایی و زەلالەتی نەبونی موچەو مانگانەی موچەخۆران دەژی. ئەوەی رودەدات جگە لەپارتی، بەرپرسیارێتی یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان كەمتر نییە، لەوماوەیەدا لەهەرچی بڕیاری خراپ و پرۆژەی شكستخواردوی ئەم حوكمڕانی هەیە شەریك و بەشداربون، هیچ بڕیارێك نییە جگە لەپارتی مۆری یەكێتیی یان بزوتنەوەی گۆڕانی بەسەرەوە نەبێت، كەچی هەمیشە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ خۆیان لەبەرپرسیارێتی ئەم دۆخە دەدزنەوە، وەك ئەوەی ئەوان بەشێك نەبوبن لەبڕیاردان چ لەحكومەت یاخود پەرلەمان!  ئەوەی زۆر سەیرە، یەكێتیی و گۆڕان لەم حكومەتە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، بەڵام شەریكی هەمو بڕیارێكن و بەرپرسیارێتی هەمو خراپەكارییەكی ئەم حوكمڕانیەیان كەوتۆتە ئەستۆ. ناكرێت هیچ حزبێك لەئەنجومەنی وەزیران ئەندازیاریی موچەبڕین و زیادكردنی باج و رسومات بێت و یەكەم ئیمزای پرۆژەی درێژكردنەوەی نایاسایی تەمەنی پەرلەمان بكات، كەچی خۆی بدزێتەوە لەبەرپرسیارێتیی و شكستیی ئەم حوكمڕانیەو یان بڵێت من بەشێك نیم لەخراپەكارییەكانی ئەم دەسەڵاتدارێتیە.

یەكێتیی و گۆڕان، بەرۆژ دەسەڵاتدارن و بەشەویش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و لێدوانی میدیاكان دەبنە ئۆپۆزسیۆنێكی شەرمن، وەك ئەوەی ئەوان لەپەرلەمان دەنگیان بۆ بڕیارە خراپەكان نەدابێت و لەئەنجومەنی وەزیران جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری جیاوازیان نەبوبێت؟! ئەوە دو مانگە موچە نەهاتوە، یەكێتیی و گۆڕان ئەگەر راست دەكەن، ئەگەر بۆ موزایەدەی هەڵبژاردن و چاوبەستكردنی خەڵكیش بوایە دەبو لەم حكومەتە بكشێنەوەو پەشیمانیی خۆیان لەو رابردوە راگەیاندبا، بەڵام شەریكن بۆیە ناتوانن ئەم بڕیارە بدەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بڕیاری دادگا دەرچوو؛ مەزڵوم عەبدی بەفەرمی ناوی خۆی لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا گۆڕی
سیپان حەمۆ بۆ فۆرین پۆلسی: یەکگرتنەوەمان بژاردەیەکی ناچارییە و سازش لەسەر دەستکەوتەکانی کورد ناکەین
ئۆجەلان بۆ عێراق و ئێزدییەکان: ئەگەر یەبەشە بچێتە ناو سوپای عێراقیشەوە، نابێت لە شنگال دەربکرێت
گۆڕینی چاڤی لاند بۆ پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبون و بازرگانی "سه‌رپێچییه‌كی نوێیه‌ له‌ بناری گۆیژه‌"
کەنەکە کەمپینێکی ملیۆنی بۆ ناساندنی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت
مه‌سرور بارزانی: سه‌بری ئێمه‌ش سنوری هه‌یه‌، په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه‌و حكومه‌ت پێكبهێنن
ئاسایش: گروپێكی چه‌كداری سه‌ربه‌ ویلایه‌تی كوردستانی داعشمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و 22 ئه‌ندامیمان ده‌ستگیركرد
دوای دیارنەمانی بە بڕێک پارەوە؛ تەرمی بازرگانێکی سلێمانی لە گردی سەیوان بە کوژراوی دۆزرایەوە
ریاز و ئه‌نقه‌ره‌و ئیسلامئاباد رێككه‌وتن له‌سه‌ر بڵاوه‌پێكردنی هێزی سه‌ربازی له‌ سعودیه‌
ده‌سته‌ی دەستپاکی: سزای زیندانی و پێبژاردن بۆ دو بەرپرسی "ئێستا و پێشو"ی دەستەی وەبەرهێنان ده‌رچو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×