دووڕیانی رۆژهەڵات

سەرتیپ جەوهەر
  2022-10-26     430

كاتێك خۆپێشاندانەكانی سوریا پەرەی سەندو گەرم بوو، رژێمی سوریا بەهاوكاری ئێران هەوڵیاندا كورد لەخۆپێشاندانەكانی سوریا دووربخەنەوەو كەمێك دۆخەكە گەمارۆبدەن. ئەوكاتە رێكخستنەكانی پەكەكە لەرۆژئاوای كوردستان چالاك بوو، كۆمەڵێك گروپیان دروستكردبوو بەناوی رایەڵەی گەنجان یان دەستەی گەنجان دەستیان بەخۆپێشاندان كرد.

رژێمی سوریا پلانی ئەوەی هەبوو كە كورد لەرۆژئاوا دووربخاتەوە لەدروشمی "بڕوخێ رژێم" و دواتر لەڕێی گفتوگۆ بتوانن هەندێك لەمافە سەرەتاییەكان بدەنە كوردو سەركردایەتیەكی كارتۆنی بۆ كورد لەسوریا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دروستبكەن، دواتر بەئاسانی لێی پەشیمان ببنەوە. تا ئەو پرۆسەیەش جێبەجێ دەبێت، بۆماوەیەك هێزێكی پێشمەرگە بهێننە رۆژئاوای كوردستان و بارودۆخی ئەمنی بگرنە ئەستۆ.

ئەوەبوو عەلی مەملوك كە پیاوێكی نزیكە لەبەشار ئەسەدو لێپرسراوی دەزگای موخابەراتی سوریایە، كەوتە جموجۆڵ و لەناوەڕاستی 2011 سەردانی هەولێری كردو جگە لەبارزانی كە ئەوكاتە سەرۆكی هەرێم بوو، نوێنەری پارتی و یەكێتیی بینی. بەر لەو سەردانە قاسم سولەیمانیی نوێنەری پارتی و یەكێتیی لە بەیروت بینیبوو بۆ هەمان مەبەست و سەبارەت بەو پرسە گفتوگۆیان كردبوو، سەردانەكەی عەلی مەملوكیش بۆ هەولێر لەلایەن قاسمی سولەیمانیەوە رێكخرابوو. ئەمە بۆ ئەوەبوو بتوانن هێزێكی پێشمەرگەی باشور ببەنە رۆژئاوای كوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەو هێزە بۆماوەیەك لەرۆژئاوا بمێننەوە تەنانەت رێككەوتن لەسەر ئەوەی پێنج هەزار پێشمەرگە بنێردرێتە شارە كوردستانیەكانی سوریاو چەك و تفاق خەرجی ئەو هێزە لەلایەن سوریاو ئێران دابینبكرێت، بەڵام هەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبوو چونكە توركیا بەپلانەكەی زانی! ناچار سوریی و ئێرانیەكان بەپەلە پەنایان بۆ قەندیل برد، ئەوەبوو ناوچە كوردستانیەكان، یان شارەكانی كوردستانی سوریا رادەستی ئەو هێزەكرا كە پەكەكە دروستیكردبوو بەناوی یەپەگە.

ئێرانی و سوریەكان پێیانوابوو بارودۆخەكە كاتیەو دوای كۆنترۆڵكردنی خۆپێشاندانەكان دەتوانن بەئاسانی لەگەڵ پەكەكە رێككەون یاخود بەهێز چارەسەری ناوچە كوردییەكانیش بكەن، بەڵام بارودۆخ ئاڵۆزبوو، داعش دروستبوو، ئیدی هەموو شت لەدەست سوریاو ئێران دەرچوو.

خۆپێشاندانەكانی ئێران رۆژ دوای رۆژ گەرمتر دەبن، پێدەچێت بەمزوانە كۆنترۆڵ نەكرێت، بۆیە ماوەیەكە هەمان بیرۆكەی كە لەسوریا جێبەجێكرا لەئێران لێرەو لەوێ‌ باس دەكرێت و بەدوورنازانرێت ببێتە پرۆژەو پێشنیار بۆ هێزێك یان چەند هێزێكی كوردستانی لەرۆژهەڵاتی كوردستان.

واتە ئێرانیەكان بیر لەوەدەكەنەوە كە لەگەڵ گروپێكی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان بتوانن پرۆژەیەك گەڵاڵە بكەن و رێكبكەون، بەجۆرێك كورد لەدروشمی روخانی رژێمی ئێستای ئێران دووربكەوێتەوەو لەبەرامبەردا رژێمی ئێران بەشێك لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان (بەسنورداریی) رادەست بكات و دەسەڵاتی سنورداریان بەسەر ناوچەكان هەبێت، دواتر گفتوگۆی پێدانی ماف و دەسەڵاتەكان بكرێت.

ئەمەی باسی لێوەدەكەم بەتەنها لێكدانەوە نییە. ئەگەر خۆپێشاندانەكانی ئێران بەردەوام بێت، ئەم پێشنیارە پێشكەوتنی نوێ‌ بەخۆیەوە دەبینێت. من بۆخۆم پێموایە ئەگەری بەهێز (ئەگەر گفتوگۆ بكرێت) گفتوگۆی ئێرانیەكان لەگەڵ پژاك دەبێت كە دیارە هێزێكی سیاسی و چەكداریی نزیك پەكەكەن، چونكە هەم رێكخستنێكی فراوانیان لەرۆژهەڵاتی كوردستان هەیە، هەمیش لەرووی سەربازییەوە رێكخراوترو بەئیمكانترن، هەرچۆنێك بێت ئەگەر رژێمی ئێران لەبارودۆخێكی ئاوهادا دەریچە یان لایەكی دەرگای كردەوە بۆ گفتوگۆی مافەكانی گەلی كورد، ئەوا پێویست دەكات لایەنە كوردستانیەكان بەهەستیارییەوە مامەڵە بكەن چونكە ناكرێت و نابێت كاریگەری نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش لەو پرسەدا لەبیربكەین. هەمووان ئەو راستیە دەزانن هەر گۆڕانێك یان پێشهاتێكی لەو شێوەیە بەدەرنابێت لەكاریگەری نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش ئەمریكا و ئەوروپا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×