بزووتنەوەی گۆڕان لەسەردەمی قوتابییەکانی کاک نەوشیرواندا

ئارام قادر حەمەسور
  2019-05-17     1516
ئایا قوتابییەکان یاخیی دەبن لە کارنامە سیاسییەکانی مامۆستاکەیان؟
بزووتنەوەی گۆڕان لە هێزێکی کاراوە بەرەو هێزێکی تەمبەڵ هەنگاو دەنێت، ئەگەر بەم ستایلەی ئێستای کاری سیاسیی بکات. لەڕووی سیاسیی و دانوستاندنەوە ڕاستە گۆڕان هێزێکی براوەیە و هێشتا بەشێکی گەورەی جوڵەی سیاسیی ئەنجام دەدات، بەڵام لەناو خودی حیزبەکەدا کێشەی گەورە بوونی  هەیە و خەریکە دەبنە برینی کۆن، برینی کۆنیش چارەسەرکردنی زەحمەتە.

گۆڕان لەدوای رۆحشاد نەوشیروان مستەفاوە چەندین هەڵەی سیاسیی ئەنجام داوە، لەناو خودی حیزبەکە و لەسەر ئاستی سیاسەتە ستراتیژییەکانی. لە گرفتی دانانی خانەی ڕاپەڕاندنەوە بۆ نەبەستنی کۆنگرە و کۆنفڕانس. زۆر زوو ئێمە گوتمان بزووتنەوەی گۆڕان لاشەیەکی گەورەیە و گیری خواردووە بەدەست سەری بچووکەوە. دوایی چەند هەڵبژاردنێک گۆڕان لاشەکەشی بەرەو بچووک بوونەوە چوو.

گوومان لەوەدا نییە گۆڕانی سەردەمی نەوشیروان مستەفا زۆر بەهێزتر بوو لە گۆڕانی ئێستا، چونکە نەوشیروان مستەفا بە ستراتیژ کاری دەکرد و بوێری سیاسیی بەکار دەهێنا. بەڵام بەردەوام بوون لەسەر بەرنامە ستراتیژەکانی نەوشیروان مستەفا دەیتوانی بزووتنەوەکە بە بەهێزی بهێڵێتەوە. نکۆڵی لەو حەقیقەتە سۆسیۆ سیاسییە ناکرێت کە لە کولتووری سیاسیی حیزبایەتی ئەم ناوچەیە بوونی هەیە، کاتێ سەرکردەکەی دەمرێت تووشی لاوازی دەبێت و بۆشایی سیاسیی درووست دەکات.

ئێستا قوتابییەکانی نەوشیروان مستەفا لەجیاتی بەستنی کۆنگرە و کۆنفڕانس و نوێکردنەوەی گۆڕان و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، خەریکی شەڕی ڕاگەیاندن و شکاندنی پەنجەکانی یەکترین. لەجیاتی پێداگرتن لەسەر ستراتیژەکانی گۆڕان، خەریکی فرۆشتنەوەی شکستەکانن بەیەکتریی. ئەمەش بێهیواکردنی نەوشیروانییەکانە و بەتاڵکردنەوەی کارنامەکەی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەو کارنامەیەی دەیەوێت سیستەمی حکوومڕانی بگۆڕێت و عەدالەتی کومەڵایەتی بچەسپێنێت. چونکە  فەلسەفەی سیاسیی نەوشیروان مستەفا دژایەتی گەندەڵکارانە. وەک خۆی دەڵێت گەر ناتوانن دژایەتی گەندەڵکاران بکەن، ئەوا پشتگیریشیان مەکەن.

گۆڕان بەم شێوەیە کاربکات بەرەو لاوازی زیاتر دەچێت، چونکە ناڕەزایی زۆر بوونی هەیە دژی سیاسەتەکانی. دەبێت گۆڕان گۆڕانکاری لە خودی خۆیدا بکات و کۆنگرە ببەستێت و ڕاگەیاندنی ڕێک بخات. گۆڕان پێویستی بە گۆڕنکارییە، وەک هێزەکانی تر گۆڕان نەخۆشی سیاسیی هەیە و دەبێت چارەسەریان بکات. دیاریکردنی نەخۆشییەکان و دانپێدانانیان نیوەی چارەسەرەکەیە.

گۆڕانی سەردەمی قوتابییەکانی کاک نەوشیروان کێشەی هەیە و کێشەکان گەورەتر دەکەن، بوونی کێشەش شتێکی سرووشتییە لەکاری حیزبیدا، بەڵام عەیبەی سیاسیی ئەوەیە سەرکردایەتی گۆڕان لە جیاتی چارەسەرکردن خەریکی شەڕی ڕاگەیاندن و شکاندنی یەکتری بن. بەمەش قوتابییەکان لە کارنامە سیاسییەکەی مامۆستاکەیان یاخیی دەبن و گۆڕان بەرەو حیزبێکی زۆر تەقلیدی دەبەن.

لەڕابوردوودا ئەو نووسینانە بەس بوون کە نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ خەمی ئەم بزووتنەوەیە نووسییانن و ڕەخنەی بزووتنەوەکەیان کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگیرا. لەکاتێکدا نەوشیروان مستەفا ڕەخنەی بە وزەیەکی گەورە زانیوە. 
هەموو هێزە سیاسییەکانیش دەبێت باجی گوێنەگرتن بدەن، گۆڕانیش بەشێکی باجەکەی داوە، بەردەوام بوونیشی لەسەر گوێ نەگرتن بەرەو بچووک بوونەوەی زیاتری دەبات.

بەردەوام بوون بەم ستایلە، قوتابییەکان بەرەو یاخیی بوونی زیاتر دەچن بەرامبەر کارنامە سیاسییەکانی نەوشیروان مستەفا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×