پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
لوغزەکان puzzle لێوڕێژن لە نەگوتراو، لە پەنهانیی(نهێنی) و تا دڵیش بخوازێت لە گومڕایی. پەردە لەسەر لوغز لادانیش سانا نییە و بەهەڵکەوتیش نییە، کە زۆرجار ڕێکەوتی لوغزێک دەکەین. وێکچوون لەنێوان لوغزەکاندا هەن، لێ لوغز(مەتەڵ)هەر لوغزە و جێی باس و مشتومڕە. جاریوایە لوغزێک شوێنپێیی لوغزێکی دی هەڵدەگرێت بەڵام گشت لوغزێک میکانیزمیی ناوەکیی خۆی هەیە. لەهەرکوێش بیین هێدی هێدی لوغزەکان بەرۆکماندەگرن و گیرۆدەی خۆیانماندەکەن. گومانیشناوێت، شاکارە ئەدەبییە فەلسەفییەکان پڕن لە لوغز، ئەوەش،کە شاکار دەکاتە شاکار هەر ئەو لوغزەیە،کە تیایدا پەنهانە.
گەلێکجار دەڵێین "ئەمە لوغزێکی تیایە"، گەروایە ئەسڵی لوغز چییە؟ چۆن لوغز دەناسیینەوە و چۆن دروستدەبێت؟ باشە لوغز دەمێنێتەوە؟واتە لوغز هەمیشەییە؟ لوغزەکان لە کولتورێکەوە بۆ کولتورێکی دی هاوشێوەن؟ کردنەوەی لوغز ئاسانە؟ ئەی لوغزی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تر هاوجۆری یەکن؟ ئەوکاتەی لوغز لوغزبوونی خۆی لەدەستدەدات دەبێتە چیی؟ باشە تۆبڵێی لوغزی ڕەگەزی مێ وەک لوغزەکانی ڕەگەزی نێر وابێت؟ لوغزەکانمان بە چی ناوزەدبکەین؟ شێتیی لوغز نییە؟
لوغز چییە؟ لوغز ئەو شتەیە،یان کەسەیە، کە نایزانین، گومڕا و نادیارە. شتێکە جارێ داخراو و نهێنییە. داخراوییەکەی کردنەوە(واڵاکردن) داوادەکات. ئەڵبەتە واڵاکردنی لوغز توانای دەوێت، هێزێک لە بیرکردنەوە و تێڕامانی پێویستە. کاتێک لوغز دەچێتە خانەی لوغزبوونەوە، کە شتەکە یان کەسەکە داخرا و داپۆشراوبێت. ئەم تایبەتمەندییە داوای کردنەوە و ئاشکراکردنمان لێدەکات. بۆیە کرداری دڵخوازی لوغز، هەروەک نهێنی، کردنەوە و ئاشکراکردنە.بەمجۆرەبێت،لوغز لەبەردەم شیکاریدایە، وەک گشت هاوکێشەیەکی بیرکاریی پێویستی بە چارەسەرە. حەلکردنی لوغزیش Solve puzzle لێرەوەدەستپێدەکات.
مرۆڤبوون لوغزە گەورەکەیە. ئەوەش،کە مرۆڤ لەناو گشت بوونەوەرەکانیتردا عەقڵی هەیە ماهیەتی لوغزی مرۆڤە. لەبەرئەوە بە هەڵکەوت نییە تەنیا مرۆڤ دەتوانێت لوغزی هەبێت و هەوڵی کردنەوەشی بدات. جا لەو شوێنەی لوغزێک هەیە، عەقڵێک هەیە، تەقەلایەکیش بۆ کردنەوەی ئەو لوغزە لەئارادایە. دوای کردنەوەی لوغزەکانیش ڕەنگە رووبەرووی ئەوە ببیینەوە، کە ئەو لوغزە بۆشە، ئەوی دی کرچوکاڵە یان دژوار و نهێنییئامێزە.
کەوابێت لەسەر بناغەی گوتنەکانی لایسەرەوە، دەپرسیین: لوغزی سەیروسەمەرە چ جۆرە لوغزێکە؟ هەر ئەوەی کە ئێمە هەین ئەوە لوغزە، ئیدی سەیروسەمەرەیی لە لوغزدا بەشێکە لە دیرۆکی بەلوغزبوون.ئەوەش کە لە کات و شوێنێکدا بژیین کە لە لوغزببیینەوە(کات و شوێنێک بێ لوغزبێت) مژارێکی ئاڵۆزە. بۆ؟ چونکە ئێمە لەگەڵ لوغز لەدایکدەبیین. لوغز تیامانایە، خۆمان،وەک مرۆڤ، بەرهەمهێنەری لوغزیین. لەدایکبوون و مەرگ لوغزاوییە. ئەڵبەتە مەرگیش شای لوغزەکانە.
ڕەنگە دەرفەتی ئەوەمان هەبێت لوغزێک لە لوغزەکانی خۆمان یان ئەویتر بکەینەوە، لێ بەوە تۆوی لوغز وشکنابێت. وەکیتریش، لەگەڵ هاوشێوەیی بەشێک لە لوغزەکان بەڵام بە هەمان ڕێچکەی یەکدیدا ناڕۆن. زۆرێکیش لە ئێمە تا سەر ئێسقان لە لوغز دەترسێت، بێزار و شەکەتە بەدەست لوغزەکانی ژیان و بوونەوە.لێ لوغز چارەنووسمانە، بەشێکە لە ئێمە، لە بوونمان. ئیدی هەڵاهاتن لە لوغز ئەستەمە.
لوغزەکان هۆنینەوەی خۆیانیان هەیە، لەگەڵ زۆرێک لە هاوشێوەیی لەنێوان لوغزەکانی مرۆڤ، لێ کارتێکەرییە جیاکان ناواخن و کاکڵی لوغزەکان دەگٶڕێت.هەندێک لوغز لە ئافراندنەوە نزیکە. هەندێکی تر مۆدێلێکە بۆ بیرکردنەوە، هەندێکی دی، تاچاوبڕکا توانای گۆڕینی ڕوانین و بینینمانی هەیە.
مایەوە ئەوەش بڵێین، کە لوغزی ڕەگەزی مێ وەک لوغزی ڕەگەزی نێر نییە. ڕەگەزی مێ هەر خۆی لوغزە، واتە ئەوەی ئەو مێیە ئەوە شای لوغزەکانیەتی. وەکی دی مێبوون برینخانەیە، لێ زۆرێک لە برینەکان دووبارە و هەمانن. بۆیە لوغزەکانی ڕەگەزی مێ هیچکات ناگەن بە باڵای لوغزبوونی بوونی خۆی. چۆن؟ چونکە ئەو،کە مێێە ئەوە لوغزە جەوهەریەکەیە، ئەوە بەسە بۆ تێگەیشتن لە ماهیەتی مێبوونی مێ.
رەنگە لوغزی مێبوون لای شۆپێنهاوەر زۆرتر کرابێتەوە. ئەوەتا دەڵێت: "لەدەستدانی جوانیی"" لای مێ کێشەیە. ئێمە ئەوە(واتە مێ یەکسانبێت بە جوانیی) وەک لوغزدەبیینین. هاوکات جەغتلەوەشدەکات کە""ژنان هەموو ژیانیان بە منداڵی دەمێننەوە"" و ""کارەکتەری مێینە ئەوەیە کە هیچ هەستێکی دادپەروەری نییە"". (شۆپێنهاوەر) گشت ئەو لایەنانە دەبەستێتەوە بەوەی کە""ژنان هێزی ئیستدلال و بیرکردنەوەیان کەموکوڕیی تیایە""، پێوایە""توانای غەریزەیی ئەوان بۆ فێڵبازی و مەیلی بنبڕنەکراویان بۆ وتنی ئەوەی،کە ڕاست نییە"" بۆ ئێمە هەموو ئەوانە لوغزن. بەجدی لوغزە،کە ژنان رقیان لە گوتنی ڕاستیی بێت، یان بەلای ڕاستییدا نەچن. ئاماژەبۆئەوەشدەکات کە ""ڕیاکاری و خۆدەرخستن لەژناندا زگماکە"".ئەم لوغزە بۆ ئێمە ترسناکە.ئەوەتا شۆپێنهاوەر بۆئەوەدەچێت، کە ""سوێندخواردنی درۆ لە دادگای دادوەریدا زیاتر لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت نەک لەلایەن پیاوانەوە"".
سەرباری ئەوە، ئێمە پێمانوایە، کە لوغزی مێ فریوخودارد و دهسخهڕۆیە. چونکە ڕهگوڕیشاڵی لوغزی ڕەگەزی مێ بەرهەمیی نامۆیی و وەڕسییەکانی خۆین. لوغزەکانی ڕەگەزی مێ نەک هەر فهریادڕهسی خۆی نیین بگرە گوشارێ گەورەشن لەسەر بوونی. ئەمەو تایبەتمەندی لوغزەکانی ڕەگەزی مێ لە ئاست تایبەتمەندییەکانی خودی ڕەگەزی مێدایە و نەگۆڕن، و هیوا بهخشیش نیین،کە بتوانن مێ لە نامۆیی و وەڕسیی بخەن.
لوغزی ژن لوغزێکی شەرەفمەندانەیی خودی خۆیەتیی. هاوکات لوغزی راستەقینەی ژن ئەو لەزەتەیە بە ژیانی دەدات، کە تەنیا پیاو لەو لوغزە حاڵییە. چونکە وەرگری راستەوخۆی ئەو لوغزەیە. لوغزی خانمان لەوەدایە، شۆپێنهاوەر گوتەنی، "باشترین پەرستارن".
دوا قسەمان سەبارەت بە لوغز ئەوەیە، مرۆڤ لە زۆرێک لە لوغزەکان حاڵیدەبێت، چونکە لوغز دەچێتە خانەی عەقڵەوە. عەقڵ دروستکەری لوغزە. شێتیی بەخۆی لوغزە، لێ خودی شێت لە لوغز حاڵینییە. شێتیی دۆخێکی وەستاوە، لەگەڵ هیوادا یەکناگرێتەوە.لێ شێتیی بەدەرنییە لە خۆشی، ئەو خۆشییەی،کە شێت خۆی لێیبێئاگایە. ئەمەی سەبارەت بە لوغزی شێتبوون دەیڵێین گرێدراونییە بە نەخۆشییە دەروونییە توندەکانی وەک شیزۆفرینیا،کە تاڕادەیەک هیوا بۆ چارەسەر بوونیان لەئارادایە. کەواتە شێتیی هەروەک مردن لوغزیان تیاپەنهانە و کردنەوەی تەلیسمیشیان سانا نییە.