ئاسۆیەک لە ناڕەزایەتیەکانی فەرەنسادا

عوسمانی حاجی مارف
  2026-10-28   

ساڵانێکە فەرەنسا تووشی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی یەک لە دوا یەک دەبێتەوە، بەهۆی پەتای کۆڤید-١٩ و کشانەوەی هێزەکانی لە  مالی، بورکینا فاسو و نیجەر.. لە ئەفریقا، هەروەها کاریگەری شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، پاشان هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، کە بونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و هەڵاوسانی ئابوری، ئەوانە هەموی بونەتە هۆی ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانێک، کە تەواو بەسەر گوزەرانی دانیشتوانەکەیدا شکاوەتەوە.

لەنێوان ٥ و ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦دا، فەرەنسا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی خوێندکارانی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی تێکچوونی دۆخی پەروەردەی گشتی و کەمبوونەوەی بودجە بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان، ناڕەزایەتیەکان لە ٦ی تشرینی یەکەمدا گەیشتە لوتکە و بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی ناوخۆ زیاتر لە دووسەد هەزار خۆپیشاندەر بەشداربون.

ئاستی ناڕەزایەتیەکان، داواکاریە دەستبەجێکانی تێپەڕاند، کە خوێندکاران بۆیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، دەرگای پرسیاری فراوانتری کردۆتەوە، سەبارەت بە سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی دەوڵەت و شوێنی گەنجان، لە کۆمەڵگا و توانای دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە نەوەیەک کە ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار بۆتەوە. بەتایبەتی کە سیستەمی قوتابخانەی گشتی لە فەرەنسا، پەیوەست بوو بە بنەمای دەرفەتی “پەروەردەیی یەکسان، بۆ هەمووان و ئەگەری باشترکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ لە ڕێگەی پەروەردەوە”، ئاشکرایە کەدەوڵەت لە جێگیربونی ئەم قەیرانەدا دەیەوێت پاشەکەشە لەو سیستمە بکات و خەرجیەکانی کەمکاتەوە.

داواکاریەکانی خوێندکاران کێشەیەکی قووڵ لە کەرتی پەروەردەی فەرەنسادا ئاشکرا دەکات، ئەویش کەمی بەردەوامی ستافی وانەبێژ و دابین نەکردنی پێداویستیەکانی خوێندکارانە، کە بۆتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر دامەزراوە پەروەردەییەکان و فەرامۆشکردنی وەڵامدانەوە بۆ دابینکردنی ئاستێکی گونجاو لە خوێندن، بەمەش نایەکسانی لە دەرفەتی خوێندن لە نێوان خوێندکاراندا مامەڵەدەکات. کاریگەریەکانی ئەم ئاست دابەزینەی، پێداویستیەکان زیاتر لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شار و گەڕەکەکانی نیشتەجێی کرێکارەکاندا بەرچاو دەکەون، کە زۆرێک لە قوتابخانەکان بەدەست کەمی سەرچاوە و کەرەستەی پێویستەوە دەناڵێنن.

دابەزینی ئاستی پەروەردە، لە فەرەنسا هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ڕێکخراوی OECD* پرسیاری جددی لەبارەی ئاستی پەروەردە لە لایەک و فراوانبوونی جیاوازیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی نێوان سەرمایەداران و خەڵکی کەمدەرامەت دەوروژێنێت، لە کاتێکدا خێزانە دەوڵەمەندەکان دەتوانن پەروەردەیەکی باشتر بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، خێزانە کەم داهاتەکان بەردەوامن لە پشتبەستن بە سیستەمی پەروەردەی گشتی کە ستانداردەکانی لە دابەزیندایە، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی باڵا و هەلی کار لەلایەن منداڵەکانیانەوە هەیە، بەم شێوەیە قوتابخانە کە بڕیارە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان وەک یەک دابین بکات، ئێستا OECD خەریکە دەبێتە دامەزراوەیەک، کە نایەکسانیەکان پیادە دەکات.

ئەو پرسانەی لەم ناڕەزایەتیانەدا وروژێنراون، تەنیا لە داواکاریە پەروەردەییەکان و کاروباری ناوخۆیدا سنووردار نەبوون، بەڵکو درێژبونەتەوە بۆ دەست لێدان لە پرسەکانی دادپەروەری لە چوارچێوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، دەرکەوتنی ئاڵای فەلەستین و ئاڵای سور لە هەندێک کۆبوونەوەدا، شانبەشانی دروشمەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، دژی شەڕەکان و ململانێ نێودەوڵەتیەکان، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی هەستکردن بە بەهاکان و ویست و ئارەزو لە نێوان بەشێک لە گەنجانی فەرەنسا بۆ ئەو پرسانەی کە سنووری قوتابخانە و دەوڵەت تێدەپەڕێنن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم گەنجانە دەست دەکەن بە سەیرکردنی کێشەی ڕۆژانەیان، وەک بەشێک لە واقیعێکی جیهانی کە تێیدا قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و سیاسیەکان پێکدەهێنن، کە کاردانەوە و کاریگەریان لەسەر ژیان و داهاتوویان هەیە.

گرنگی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا تەنیا بەو داواکاریانە سنووردار نییە، کە وروژاندوویانە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی کە ئاشکرای دەکەن، سەبارەت بە گۆڕانکاریە ئەگەریەکان لە سروشتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و پانتایی  فۆرمەکانیان لە دەربڕیندا.

بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیەکان، چیتر تەنها بە خوێندکارانەوە سنووردار نییە، کە زۆرترین کاریگەریان لەسەرە، بەهۆی کەمی سەرچاوەکان و تێکچوونی بارودۆخی خوێندنەوە فراوانتر بووە، بۆ ئەوەی هاودەنگی خوێندکارانی زانکۆ تایبەتەکان ڕابکێشێت، ئەو هۆکارانەش کە گەنجان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین رادەکێشیت زۆرن، لە سەختی ئابووری و پشتگوێخستنی دەوڵەت لە پەروەردەی گشتی تا پرسەکانی دادپەروەری و ناسنامە و مانا لە ژیانیاندا، لە کاتێکدا ئەم هەمەچەشنەییە مەرج نیە بە مانای داواکاری یەکگرتوو یان پاڵنەرە هاوبەشەکان بێت، بەڵام ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەیەکی ناڕەزایی، کە ئەو گروپانەش دەگرێتەوە کە بە هەمان ڕادە بەدەست دابەزینی کوالیتی پەروەردەییەوە ناناڵێنن. درێژەدان بەم ڕەوتە دەتوانێ ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە لە داواکردنی باشترکردنی پەروەردەوە بگۆڕێت بۆ پرسیارکردنێکی فراوانتر لە سیاسەتە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی حکومەت و سروشتی پەیوەندی نێوان گەنجان و دەسەڵاتی سیاسی.

بڵاوبوونەوە و بەربڵاوی خۆپیشاندانەکان، یارمەتیدەر بوو لە داڕشتنی تێڕوانینی گشتی بۆ ناڕەزایەتیەکان و فراوانکردنی بازنەی هاوسۆزی و هاودەنگی لەگەڵ خوێندکاران، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی ڕۆڵی میدیایە بۆ دەوری لە سەر ڕەوتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکان و تێپەڕین لە خۆپیشاندنەکانەوە بۆ کاریگەریان لەسەر گوتاری سیاسی و میدیایی.

بەپێی ئامارە ڕاپۆرتکراوەکان، شەپۆلی دەستگیرکردنەکان کە زیاتر لە شەش هەزار کەسی لەخۆگرتبوو، مشتومڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، هەرچەندە زۆربەیان دوای ماوەیەکی کەم ئازادکران… لە هەر حاڵەتێکدا ناتوانرێت ژمارەی دەستگیرکردنەکان بە ئاماژەیەکی تەواو بۆ سەرکەوتنی دەسەڵات لە کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەکەدا هەژمار بکرێت، لە کاتێکدا ڕەنگە توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنیەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بەشداریکردن کەم بکاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەتوانێت هەستی نادادپەروەری قووڵتر بکاتەوە و بازنەی هاودەنگی لەگەڵ خۆپیشاندەران فراوانتر بکات، بەمەش هێزی زیاتر بە ناڕەزایەتیەکان دەدات بۆ بەربڵاوی و بەردەوامبون.

ئەگەری تەشەنەکردنی بزووتنەوەکە بۆ کەرتە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانی دیکە هەیە، بە بەشداری فەرمانبەران و کرێکارانی کەرتە جیاوازەکان، پەرستاران و خوێندکاران بەگشتی، کە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ توانای خۆپیشاندەران و  فراوانکردنی بنکەکەیان پێکدەهێنێت، سەرکەوتنی ئەم فراوانبونە، نەک تەنها بە ژمارەی بەشداربووانە بەڵکو بەند دەبێت بە توانای ئەوان بۆ خۆرێکخستن و ڕێکەوتن لەسەر داخوازیە ڕوونەکان و پاراستنی سەربەخۆیی بزوتنەوەکە و دوورکەوتنەوە لە گۆڕانی بۆ درێژکردنەوەی ململانێی حزبی و هەڵبژاردن.

ئەوەی شایانی باسە، دیمان هەر لە سەرەتاوە و بە زویی خۆپیشاندانەکان تەشەنەیان سەند بۆ دەرەوەی فەرەنسا، لە ئیسپانیا، بولغاریا، ئیتالیا، ئەلبانیا و بەلجیکا و برۆکسل…. ئەگەرچی بە پلەی جیاواز ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی دڵەڕاوکێ و تێڕوانینی بێئومێدی گەنجانە بە دەسەڵاتەکان، بەڵام رەوتی گەشەی ئەم بزووتنەوەیە لە دۆخی ئابوری و سیاسی ئێستای جیهاندا، دەتوانێت لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و تەنانەت لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاشدا دەنگ بدەنەوە، ئەگەر کێشە بنەڕەتیەکانی سووتەمەنی و دابین نەکردنی پێداویستیەکان بەبێ وەڵامێکی سیاسی باوەڕپێکراو بەردەوام بێت.

دیارترین نیشاندەرەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە بەردەوامبونی خۆپیشاندانەکان و مانگرتنەکان و داخستنی بەشێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان و دووبارە پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان لە شوێنە جیاجیاکان، ڕەنگە ئەم دۆخە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوامی پێبدات، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی گۆڕانکاری سیاسی بەرجەستە، بەڵام قەیرانی پەروەردە و مامەڵەکردنی دەسەڵات لەگەڵ ناڕەزایەتیەکان لە پێشەنگی مشتومڕی گشتیدا دەهێڵێتەوە. هەروەها لە ئەگەری بەردەوامی و درێژەدان و فراوانبونەوەی زیاتری نارەزایەتیەکان، گریمانە دەکرێت کە بزوتنەوەکە فراوانتر دەبێت و دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی فراوانتر. لە هەمانکاتدا ئەگەر هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیکەش بچنە ناو بزووتنەوەکە، لەوانە گروپە چەپ و رادیکال و کۆمۆنستەکان کە پشتیوانیان بۆ ناڕەزایەتیەکانی ئێستا دەربڕیوە، گرنگی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە فەرەنسا نەک تەنیا لە ژمارەی بەشداربوواندا نییە، بەڵکو لە توانایاندادەبێت کە کاریگەریان لەسەر گۆرانکاری جدی و پاشەکشەی گەورە بە بەرەی ڕاستی بۆرجوازی بکات، ئایندەی پەروەردەی گشتی بەقازانجی خوێنکاران دەوروژێنن، هەروەها پەیوەندی نەوەیەکی نوێ بە ئاسۆیەکی باڵاوە  لەبەرامبەر دەوڵەتدا بەرزدەکاتەوە.

—————————————

*(OECD) “ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری” کە ٣٨ وڵات ئەندامیەتی لە سەرانسەری جیهاندا، لەوانە وڵاتانی خاوەن ئابووری پێشکەوتو لە (ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و باشوور، و ئاسیا و زەریای هێمن) پێکدێت، لە ساڵی ١٩٦٣ دامەزراوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
مەترسی گەورە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ئەمساڵ ئاشکرا دەکرێت و نەوتفرۆشتن دەبێت بە 'دەبە'
عێراق تا ٣٠ـی حوزەیران دۆسیەی چەک لە شنگال یەکلایی دەکاتەوە؛ یەبەشە و یەژەشە تێکەڵی هێزە ئەمنییەکان دەکرێن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×