بەدیھێنانی خەونەکان لە ڕێگەی  پەروەردەوە

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2026-07-12     42

(بە دڵەوە شوێن خەونەکەت بکەوە، ھەرچەندە دووربێت، دەتوانیت پێی بگەیت- مارتن لۆسەر کینگ جونیۆر) 

 

خەونی مرۆڤ بەگشتی  ھەموو ئەو ویست و خولیا و حەزانەیە کە  بیریان لێ دەکاتەوە و ھەوڵیان بۆ دەدات تا بەدیان بێنێت.
دیارە خەون واتە ئامانج، ئامانجیش خولیا و ئاواتە بەدیھاتووەکان دیاری دەکات، مەرج نیە ئەو ویستەی مرۆڤ وەک خۆی دەیەوێت بەدیبێت. بەڵام لەھەموو کارێک گرنگتر دانانی پلان و ستراتیژ و ڕێگە و شێوازی بەدیھێنانە.
دەکرێ ژینگەی بەدیھێنانی خەون و ئامانجی تاک، ڕوانگە و زەمینی دیاری کراوو تایبەتی خۆی ھەبێت، دیارە مەبەستم لە تاک ھەر کەسێک و مرۆڤێکی بیرکەرەوە و خاوەن ھزرە، ھزریش بەمانا قووڵ و فەلسەفییەکەی نا، چونکە کاتێ باس لە فەلسەفە دەکرێ ڕۆچونی فراوانتر و لێکدانەوەی زیاتری گەرەکە، تەنھا مەبەست لێی خەونی مناڵە کە نیگای دەچێتە سەر بینراوەکانی دەور وبەر، لەگەڵ گەورە بوونی ئەو تاکە خەونەکانیشی گەورە دەبن.
یەکەم  وێستگەی بەرکەوتنی دوای ھاتنە سەر زەوی و بوون، دایکە کە لە ئامێزگرتن و سۆز پێش پێدانی شیرە بۆ ئەو مرۆڤە بچووکەی گەشتێکی نادیار دەست پێدەکات بۆ ئەم ژیانە، لەو کاتەوە پێویستیە تایبەتییەکان بۆ بەدی ھێنان دەبنە خەونی بچووک ھەر خواردن و جل و بەرگ تا بەردەوامی بەخشینی سۆز و میھرەبانی وڕاھێنان و فێربوون و ئاشنا بوونی بۆ دەور و بەر.
مرۆڤ لەگەڵ گەورە بوونی جەستەی پێویستی و خەونەکانیشی گەورە دەبن، پەروەردە  پێویستە ڕۆڵ و کاریگەری ھەبێت لە دەرخستنی توانا و کارامەییەکانی تاک و ئاراستە کردن و بەدیھێنان و خستنە سەرپێی ویستەکان لە پێناو گەیشتن بە خەونەکان.
لێرەوە دەردەکەوێت کە ئامانجی باڵای پەروەردە  دروستکردنی نەوەی بیرکەرەوە و بیرمەند و کەسێتی باڵایە، بۆ ھەر یەکێک لەم  ئامانجانە ڕوانین و پلان و ستراتیژی تایبەت بە خۆی دەوێت.
پێمباشە بەشە گرنگ و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پەروەردە بۆ خەونی تاک و کۆمەڵ بخەینەڕوو:
یەکەم: بونیادنانی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕەخنەگرانە، دەکرێ بە سەرنجدان و دیدی دیمۆکراسی و لە شێوازە ناوازەکانی پەروەردەی گەلانی تر کەڵک وەربگیرێت و سوودببینرێت.
دووەم: بەسەنتەر کردنی فێرخواز لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا، واتە لابردنی شێوازە کۆنەکە کە مامۆستا سەنتەر و بەخشەر و پەخشکەر بوو، واتە ڕۆڵی مامۆستا لە گواستنەوەی زانیاری دەگۆڕێت و دەبێتە ھاوکار و ئاسانکار و ڕێبەر.
سێیەم: گرنگیدان و پەرەپێدان بە کارامەیی فێرخواز، ئەویش ھەر بە فێرکردنی زانیارییەکان بەس نییە. ئامانج لێی بەدەستھێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان و توانای ھاوکاریکردنە.
چوارەم: بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا بە شێوەی کارلێککارانە و سەرنجڕاکێش و یەکخراو. 
پرۆسەی گەیشتن بە خەون و ئامانجەکان پێویستە سەرەتا بە ڕوونی  ئامانجەکە  پێناسە بکرێت  و پاشان دابەشکردنی ئەرکی ھەنگاونان دەست پێدەکات.
 پێویستە نەخشەی ھێڵی  کار دروست بکرێت و ھەنگاوەکان جێبەجێ بکرێن و  ھەڵسەنگاندن  بۆ بەدەستھێنان وگەیشتن بە سەرکەوتن،  لەڕێگەی ئەم  قۆناغانەوە دەکرێت: 
١. ڕوونی ئامانجەکە دیاری بکرێت:
ئامانجەکەت بنووسرێت  واتە دەبێت: تایبەتمەندی، پێوانەکردن، بەدەستھێنان، پەیوەندیدار و کاتی پێویست.
٢. دیاری کردنی ئامانجە گەورەکە:
ئامانجە گەورەکە دابەش دەکرێت بۆ ئامانجی بچووکتر، چونکە ئەگەر ئامانجی گەورە  بچووک و وورد نەکرێتەوە بەدیھێنانی ئەستەم دەبێت، کورد گوتەنی(بەردی زل نیشانەی نەھاویشتنیەتی).
٣. دروستکردنی نەخشەی ھێڵی کاتیک
بۆ ھەر ھەنگاوێکی بچووک کاتی  دەستپێکردن و کۆتایی دیاری بکرێت، چونکە ئەم نەخشەیەی ھێڵی کاتی، ڕێگری دەکات لە دواخستنی  کارکردنەکە.
٤. جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژە و بیرۆکەکە:
دەست بە ئەنجامدانی ھەنگاوەکان دەکرێت توانا و ھێز چڕ بکرێتەوە، چونکە پابەند بوون کلیلی سەرکەوتنە.
٥. بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندن:
پێداچوونەوەی ناو بە ناوی کارەکاندا و بە سەرنج و تێبینی بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی و ئەنجامدانی پێویست، تا بە ئاسانی  کێسەی بەر دەم پلانەکە چارەسەر بکرێت و ڕێکبخرێت. 
خەون و خولیا و ویستەکانی تاک لە ڕێگەی پەروەردەوە ئاراستە دەکرێن و دەبنە ئامانج   کە ڕێنمایی پرۆسەی فێربوون دەخەمڵێنن. ئامانجی پەروەردە لە بنچینەدا گۆڕینی ڕەفتاری تاک و گەشەپێدانی دەروون و ڕۆح و جەستەی تاکە.
لەم سۆنگەیەوە ڕۆڵ و کاریگەری پەروەردە لە گەیشتن بە خەونەکان ناکرێ نادیدە ببینرێت.

تێبینی:
بۆ نوسینی ئەم وتارە سودم لە چەند ماڵپەڕێکی عەرەبی وەرگرتووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×