ئەم وتارە كەمێك درێژە، هیوادارم خوێنەر هەندێك پشوی درێژ بێت. لە 25 ی ئەیلولی ساڵی 2017، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، لە كوردستان ئەنجام درا. تا ئەمڕۆش، مشتومڕ و ڕای لە-گەڵ-و-دژ بەم ڕیفراندۆمە بەردەوامن. ئەم مشتومڕەش بە سەر دوو بەرەدا دابەشبوون: یەكەمیان پێی وایە ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوای كوردە و كارێكی باش بوو كە ئەنجام درا. بەرەی دووەم پێی وایە ئەم ڕیفراندۆمە هەڵەیەكی گەورە بوو، كارەسات بوو و تەنانەت خیانەتیش بوو! پێش ئەوەی بە تێروتەسەلیی باسی ئەم بابەتە بكەم، پێویستە ئاماژە بدەم بە خاڵێكی گرنگ ئەویش دەربارەی گەندەڵیی و سیستمی نا دادپەروەرانەی هەرێمی كوردستانە، كە مێشكی زۆر كەسی تەنیووە لە تێگەیشتن لە بابەتی ڕیفراندۆم و ڕێڕەوەكەی. بەڵێ دەستەڵاتی هەرێم گەندەڵە، تا سەر ئێسقان گەندەڵە، پارتی و یەكێتی و هەردوو بنەماڵەی دەستەڵاتدار، زۆر بە خەستیی نوقمی گەندەڵین و شتێكی شاراوە نیە. ئەگەر باسی ئەم گەندەڵییە بكەین بە چەندین كتێب تەواو نابێت. زۆرێك لەو ڕەخنانەی لە مەسعود بارزانی دەگیرێت، كەوتووەتە ژێر كاریگەریی تێڕوانینی خەڵك بۆ گەندەڵیی، زۆرێكیش بە پاڵنەریی شەخسیی و بەرژەوەندی ناكۆك لە گەڵ بارزانی و پارتی، ڕیفراندۆم هەڵدەسەنگێنێت. بۆ نمونە، كەسێك ئەگەر داخوازییەكی هەبووبێت یان بەرژەوەندییەك لای پارتی و بارزانی، بۆی جێبەجێ نەكرا بێت، ڕیفراندۆم دەكاتە بارهەڵگری ڕەخنە و ئاڕاستەی بارزانی دەكات. بە هەمان شێوە، زۆرێك لە نەیارانی ڕیفراندۆم، لە سۆنگەی ئەوەی كە بنەماڵەی بارزانی دەستەڵاتێكی گەندەڵ بەڕێوە دەبەن، پێیان وایە پێویستە پاڵپشتیی لە ڕێفراندۆم نەكرێت، بە هەموو شێوە دژایەتیی بكرێت و ڕیسوا بكرێت. بەرەی دژ بە ڕیفراندۆم، لە سەر بنەمای بیردۆزەی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێو-دەوڵەتییەكان خۆی دەبینێتەوە (ڕیالیزم واتە ڕەوشبینیی/ واقیعبینیی لە سیاسەتدا). ئەم بەرەیە فراوانە و چین و توێژی زۆری تیایە. دەتوانین بڵێین دیارترین كەسایەتیی ئەم بەرە نێچیرڤان بارزانیە. جگە لە نێچیرڤان بارزانی، زۆرینەی بنەماڵەی بارزانی، زۆرینەی ڕەهای مەكتەب سیاسیی و سەركردایەتیی پارتی، زۆرینەی یەكێتی (جگە لە چەند كەسایەتییەك وەكو كۆسرەت ڕەسول و مەلا بەختیار)، زۆرینەی ئیسلامییەكان جگە لە چەند كەسایەتییەك، زۆرینەی چەپەكان، پەكەكە و حزبەكانی تریش دژی ڕیفراندۆم وەستانەوە. لە بەرامبەر ئەمانەدا، بەرەی سەرخستن بۆ ڕیفراندۆم بوو، لە ناو پارتی مەسعود بارزانی خۆی سەرۆكایەتیی ئەم بەرەی كرد، ئنجا چەند كەسێكی زۆر كەم لە ناو بنەماڵەی بارزانی و پارتی، چەند كەسایەتییەكی كەمی ناو یەكێتی، چەند كەسایەتییەكی سەربەخۆ و هەندێك ئیسلامیی و چەند كەسێكی كەمی لایەنەكانی تریش، وێڕای خەڵكی ڕەشوڕوتی كورد وەك نوسەری ئەم بابەتە.
بۆ ئەوەی بە نیازێكی پاك ئەم گفتوگۆیە بكەین، دەڵێم: نەیارانی ڕیفراندۆم تەنها لە ژێر هەژمون و كاریگەریی ڕیالیزم لە سیاسەتدا، دژی ڕیفراندۆم وەستانەوە، هۆكارەكانی تر، وەك دژایەتییكردنی بارزانی و دەستەلات، پشتگوێ دەخەم. ئەم بەرەیە، بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی پێی وایە ڕیفراندۆم هەڵە بوو، وڵاتانی دونیا لە گەڵی نەبوون، ڕیك تێلرسن (وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی ئەمریكا) لە نامەكەدا بە ڕاشكاویی وتی: نابێت بارزانی ڕیفراندۆم بكات. ئەم بەرەیە پێی وایە كورد دەبوایە بە قسەی تێلرسن بكات، ڕیفراندۆم نەكات و زوڕنای كۆتایی پێهێنان لێدات. هەروەها، دەڵێن زەمینە لە بار نەبوو، كۆ-دەنگی كوردی لە سەر نەبوو، پێلێنانێكی زۆر مەترسیدار و شێتانە بوو بەرەو داهاتووێكی نادیار و پڕ خەتەرناك، بووە هۆی لە دەستدانی نێوەی زیاتری خاكی كوردستان و لاوازكردنی پێگەی كورد لە عێراق و ناوچەكە. ئەمەش مانای ڕەوشگەراییە لە سیاسەت، واتە خوێندنەوەیەكی واقیعییانە بۆ سیاسەتە هەنوكەییەكان. لە بەر ئەوەی، لە یەكەم چركە ساتی ڕیفراندۆمەوە پشتیوانی مەسعود بارزانیم كرد، لێرەدا گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لە گەڵ بەرەی نەیاری ڕیفراندۆم دەكەم.
بەلای منەوە، ڕیفراندۆم یەكێكە لە گرنگترین خەملان و خۆ-نواندنەكانی نەتەوەی كورد بە درێژایی مێژوو، تا ئەو سنورەی دەتوانم بڵێم، ئەو هێزە-ڕاكێشانەی ڕیفراندۆم بە سەر ئاسمانی نەتەوەی كورد هەیەتی، جاری وا هەیە باوەڕ ناكەیت چۆن ئەم شاكارە ئەفسوناویە لە ناو ڕەوشی نەیاری جیهاندا هاتە ئاراوە. بە دەربڕینێكی ئاسمانییانە، ئەمەیە پێی دەوترێ دەستی خودای گەورەی لە پشت بوو، بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە و ڕزگاركردنی كورد لە شورەیی وشكستێكی گەورەی مێژوویی، كە زۆر نەمابوو وەك مۆری شەرمەزاری بنرێ بە نێوچەوانی كوردەوە! نایشارمەوە، كاتێك لە ناڕەحەتترین ماوەكانی ژیانم ئەو چەند ڕۆژەی پێش ڕیفراندۆم بوو، دەستم بە سەر دڵمەوە، دەترسام لە دوا سات، بارزانی بڕیاری ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە، چونكە فشارەكانی دەرەوە و ناوەوە ئەوەندە زۆر بوون، هی ئەوە نەبوو هیچ هیوایەكت بمێنێت كە ڕیفراندۆم بە ئەنجام بگات. بەڵام، پێداگریی و مكوڕبوونی بارزانی ئەوەندە بەهێز بوو، تروسكایی شكۆمەندییەكی زۆر گەورەم پێ لە ئاسۆی كورد دەبینی، بەڵام تا سەریگرت، وەكو شەڕی دەستەویەخە وابوو لە گەڵ مان و نەمان. بە ترس لێنیشتنەوەیەكی زۆر، بیرم لە داهاتوو دەكردەوە، ئەگەر بارزانی لە ژێر فشار بڵێت: ڕیفراندۆم ناكەین یان دوای دەخەین بۆ كاتێكی تر، چۆن بە لێشاو نوسەر و شرۆڤەكار و دیپڵۆمات و سیاسەتمەدارە هەناو پیسسەكانی ڕۆژئاوا و كلكەكانیان لە ڕۆژهەڵات، بەردەبوونە گیانی كورد و بە پێكهاتەیەكی خێڵەكیی و هیچوپوچ پێناسەیان دەكرد، كە چۆن هەلی مەزنی مێژوویی دەكەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی خێڵ و حزب و سەركردە. بەڵام بارزانی، لە بەرخودان و خۆڕاگرییەكی ئەفسوناویی، كاروانی ئەم پرسەی بە سەلامەتی گەیاندە كەناری ئەمان و نەیهێشت ڕەشابا و زریانی ناوخۆ و ناوچەكە و جیهان تێكوپێكی بشكێنێت و بیبەزێنێت!
نەیارانی ڕیفراندۆم
پێش ڕیفراندۆم، لە ناوەوە، كێرڤی حزب و گروپەكانی كوردستان بەرز ببوویەوە و دەنگیان هەموو سوچێكی كوردستانی تەنی بوو، كە بارزانی ماوەی سەرۆكایەتیی بەسەر چووە، ڕیفراندۆم بۆ دەستكەوتی خۆی بەكار دێنێت، لە دوا سات دەكشێتەوە و ڕیفراندۆم ناكات. هەروەها بە دەنگێكی بەرز، ڕۆژانە دووپاتی ئەوەیان دەكردەوە، كە بارزانی لە پێناو مانەوەی خۆی لە سەرۆكایەتیی، ڕیفراندۆم بۆ سازان و دانوستان بە كار دێنێت. هاو-ئاوازییەكی تەواو، لە نێوان هێزە دەرەكییەكان و پارت و گروپەكانی كوردستان دروست ببوو دژ بە ڕێفراندۆم. ئەوكات سەرانی حكومەتی عێراق و ئەمریكا و هاوپەیمانان، وێڕای دژایەتییكردنی ڕیفراندۆم، ئاماژەی جیاوازیان دەدا دەربارەی كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتیی بارزانی. بەڵام ڕیك تێلرسن، وەزیری ئەوكاتی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد تڕامپ، لە نامەكەیدا، ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆی بۆ بارزانی داوە، كە ئەوان بە پێخۆشحاڵیەوە هاوكار دەبن لە گەڵی وەكو سەرۆكێكی گرنگ، ئەگەر ڕیفراندۆم نەكات. زۆرینەی ڕەهای بنەماڵەی بارزانی دژی ڕیفراندۆم بوون. پێداگری مەسعود بارزانیان بە كەللـەڕەقیی و شێتایەتیی دەبینی و لە نێو خۆیان باسی ئەوەیان كردبوو، كەس لە دونیا لە گەڵمان نیە ڕیفراندۆم بكەین، حاڵمان باشە و هەرێم لە دەستمانە، سەروەت و سامان و هێز و تەیارەی تایبەت و موڵك و پارە، ئەم مكوڕبوون و سوور بوونە لە سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خۆ كوشتن و خۆ لە ناوبردنە. مەكتەب سیاسیی و سەركردایەتیی پارتی بە هەمان واقیعبینیی، ڕیفراندۆمیان هەڵدەسەنگاند و پێداگریی لە سەر ڕیفراندۆمییان بە شێتایەتیی دەبینیی. كاتێك هێزی عێڕاق و ئێران هاتن بەرەو هەولێر، زۆریان بەرەو توركیا و وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا ڕایانكرد، هیوایان بە مانەوەی هەرێمی كوردستان نەما. ئیتر حاڵی زۆرینەی پارت و گروپ و لایەنەكانی كوردستانیش هاو-شێوە بوو. یەكێتی كەركوكی ڕادەستی عێراق كرد، پەكەكەش بە كۆنتڕۆڵی ئێران و حكومەتی عێراق دەجوڵایەوە، كۆمەڵی ئیسلامیش بە ئاشكرا لە گەڵ یەكێتی بوو و هەوڵیدا حكومەتی كاتیی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكەدا بێنێتە ئاراوە، بارەگاكەشیان لە كەركوك دەستی لێنەدرا. مەسعود بارزانی و دوو سەد-سێسەد پێشمەرگەیەك بە دەوریەوە بە تەنیا مانەوە. ئیتر خەڵكی كوردستان، گومانی نەما، كە گرتنی مەسعود بارزانی تەنها مەسەلەی كاتە و چەند ڕۆژێكی ماوە. لە بەر ئەمە، لە یەكێك لە وتارەكان، مەسعود بارزانی دەڵێ: من ئەم ڕیفراندۆمە دەكەم، ئەگەر سەر كەوتوو بوو پیرۆزتان بێت، ئەگەریش سەری نەگرت و هێزیان هێنایە سەر كوردستان، ئێوە بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە و بە ملی منی دابێنن، من لێپرسراویەتیەكە دەگرمە ئەستۆ. ئەمە پێش ئەوەی وەڵامێك بێت بۆ هەر كەس، وەڵأمێك بوو بۆ خودی بنەماڵەی بارزانی و پارتی ئنجا خەڵكی تر. بەمەش بارزانی ڕازی بوو بكرێتە قوربانی ئەم جەنگە-نا-هاوسەنگە و قوربانیی بە سەرۆكایەتیی و دەستەڵاتی خۆی دا و تەنانەت ژیانی تایبەتی خۆی خستە مەترسیەكی ڕاستەقینە.
بەرەی نەیاری ڕیفراندۆم، وێڕای پیا هەڵدان بە نامەكەی تێلرسن، لە خرتوخاڵی دەرونێكی دۆڕاو و تێكشكاو تەماشای ئەم پرسە گەورەی نەتەوەی كورد دەكەن. هیچ میللەتێكی ساغ و تەندروست لە دونیا، لە چاویلكەی خەڵكانی دەرەوە ناڕواننە كێشە و كاروبارە ناوخۆییەكانیان. هەموو كەسێك بۆ مافەكانی خۆی لە سەر پێ دەوستێ، سازان لە سەریان ناكات. وێڕای ئەوەی نامەكەی تێلرسن هیچ شتێكی ئەوتۆی بۆ كورد تیا نیە، بە شێوازێكی زیرەكانە و فێڵبازانە نوسراوە، كە تیایدا كونوكەلەبری زۆری تیایە، ئەمریكا بە ئاسانی خۆی لە بەرپرسیارەتیی بدزێتەوە، بە شێوازی گەمەی كۆمپیوتەر كراوە، كە تیایدا سەركەوتن ئەستەمە یان زۆر زەحمەتە. من خۆم بە وردی كۆپیە ئینگلیزیەكەم خوێندەوە. ئەم نامە هیچ شتێكی بەرجەستەی تیا نیە. ناوەڕۆكی نامەكە لە دوو خاڵ كورت هەڵدێت: یەكەمیان كورد ڕیفراندۆم نەكات و لە گەڵ بەغدا دانوستان بكات، ئەگەر نەگەیشتنە چارەسەرێكی پەسەند، دیسانەوە ماوەی دانوستان درێژ بكرێتەوە (تا كەی؟ نامەكە باسی ناكات!). دووەم بارزانی دەتوانێت وەك سەرۆك بمێنێتەوە ئەگەر ڕیفراندۆم نەكات. وشەی ڕێزیش بۆ مافی كورد بەكار هێنراوە، كە هەموو فێڵبازەكانی سیاسەتی دونیا بەكاری دێنن كاتێك نایانەوێ وشەی بەڵێ و نا بەكار بێنن. ئەم وشەی ڕێزە یەكێكە لە جۆكەرەكان بەكاری دێنن، بە پێی بەرژەوەندی خۆیان، بە ئەگەر و نەگەر بە ئەرێنیی و نەرێنیی. ئنجا ئەو تڕامپەی كە بە ناوبانگە لە دونیا بەوەی هەر ڕۆژەو قسەیەك دەكات، خۆی نەبەستووەتەوە بە هیچ بنەمایەك لە سیاسەتدا كە بكەوێتە ژێر لێپێچینەوە، كوردێكی زۆر پێیان وایە تێلرسنی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەم تڕامپە، بەڵێنەكانی بۆ كورد باش بوون و مێژووی ئەمریكا لە گەڵ كورد لە بیر دەكەن! ئەمریكاش فێڵبازانە، دوو ڕۆژ پێش وادەی ڕیفراندۆم، نامەكەیان بۆ بارزانی نارد تا فشاری دەروونی بخەنە سەر و لە بڕیارەكە پەشیمانی بكەنەوە. ئەم بارە سەرنجی ڕۆژنامەنوسێكی تورك بە ناوی موراد یەتكین ڕاكێشا، لە ڕۆژنامەی حوڕیەتی توركیی دەربارەی خۆڕاگریی بارزانی پرسیاری كرد: نازانم چۆن بارزانی بەم تەمەنەوە بەرگەی ئەم هەموو فشارە دەگرێت؟
بەڵام ئەم بەڕێزانە پرسیار ناكەن، باشە خێرە، كورد كە هاوپەیمانی ئەمریكایە و ڕۆژئاوا دانی ناوە كە كورد هێزێكی سیكولارە، چ تاوانێكی گەورەی ئەنجام داوە دژ بە بەرژەوەندی ئەمریكا و ڕۆژئاوا، تا ئەمریكا و بەریتانیا و هاوپەیمانانیان پشتگیریی ئێران و كلكەكانیان بكەن دژ بە كورد، لە كاتێكدا ئێران و كلكەكانی هێزی توندڕەوی ئایینین؟! لە 16 ی ئۆكتۆبەر، تەیارەكانی ئەمریكا و بەریتانیا، كۆمەك و سپۆنسەریان بۆ سوپای قودسی ئێرانی پێشكەش دەكرد، كاتێك لە گەڵ حەشدی شیعی هاتن و كەركوكیان گرت. باشە خێرە ئەمریكا و بەریتانیا پشتیوانی حكومەتی عێراقیان كرد، كە باش دەیزانن، حكومەتێكی شیعەگەرایی و داردەستەی ئێرانە؟ ئایا توركیا لە گەڵ ڕیفراندۆم بوو؟ نەخێر. كەچی ڕەخنەگرانی ڕیفراندۆم دەڵێن: بەڵێ توركیا ئەم كارەی بە بارزانی كرد و پشتیوانی ڕیفراندۆم بوو. ئەگەر وایە، كە وا نیە، ئەی گرفتی ئەمریكا لە چی بوو ئەوكات پشتیوانی قاسم سولەیمانی و فەیلەقی قودسی كرد دژ بە كورد، بۆ هاوڕای توركیا نەبوو كە بەشێكە لە ناتۆ؟ ئەی خێرە دمبكچیەكانی ڕیالیزم (واقیعیەت لە سیاسەت)، نقەیان لە خۆیان بڕیووە بەرامبەر بە هەڵسوكەوتی ئەمریكا و هاوپەیمانانی، كە سیاسەتەكەیان سڕف گریدراوی بەرژەوەندیی و فرتوفێڵە، قەت حیسابی تورێكیان بۆ بەرژەوەندی كورد نەكردووە، تا كورد ببێتە قوتابی پۆلی یەكی سەرەتایی بەرامبەریان، هەرچیان فەرموو كوردیش بڵێت: بەڵێ بە سەر چاو. لە ساڵی 1991 وە، هەرێمی كوردستان لە ژێر كۆنتڕۆڵی هاوپەیمانانە كە پێناسەی ئێران بە سەرچاوەی شەڕ دەكەن. ئەی خێرە لەوكاتەوە تا ئێستا كۆمەكی پارت و گروپەكانی ڕۆژهەڵات ناكەن، تا بەرامبەر بە ئێران بەهێز بن، ئابڵوقەی توند بخەنە سەر سەرچاوەی شەڕ؟ ئەی هۆكار چیە ئەم ڕیالیستانە خۆیان خەواندووە لە مێژووی هەڵسوكەوتی ئەمریكا بەرامبەر بە كورد، لە كاتێكدا ئەمریكا چی ویستووە ئەوەی كردووە و كوردی قوربانی خۆی كردووە، بە سیاسەتێكی پڕاگماتیانەی بەرژەوەند-پەرستیی، ئەی بۆ كورد بۆ خۆی وا نەبێت؟! لەمە هەمووی گرنگتر، بارزانی، پێش ڕیفراندۆم بۆ نزیكەی شەش مانگ بەردەوام دووپاتی دەكردەوە، ئەگەر هاوپەیمانان ڕیفراندۆمیان قەبول نیە، با بەدیلێكی باشترمان بدەنێ. هاوپەیمانانیش بەردەوام وەڵامیان دەدایەوە كە بەدیلی باشتر ئەوەیە دانوستان لە گەڵ بەغدا بكەی. بارزانیش دادوبێداد دووبارەی دەكردەوە، بەغدا لە ساڵی 2007 ەوە تا ئێستا فرت و فێڵ و درۆمان لە گەڵ دەكات، لە مادەی 140، بە هەمان عەقڵیەت و ڕەفتاری حكومەتە پێشووترەكانی عێراق هەڵسوكەوت دەكات. بارزانی داوای دەكرد، لە دانوستان لە گەڵ عێراق نوێنەری ئەمریكا، بەریتانیا، یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادە بن. ئەم قسانەی بارزانی بە لای هاوپەیمانان گرنگ نەبوو، چونكە خۆیان ئەم ڕەوشەیان دەویست كە كورد هەمیشە زەلیلی دەستی ئەم عێراقە بێت كە دروستكراوی دەستی خۆیانە. ڕازی نەبوون نوێنەرەكانیان لە دانوستان بەشدار بن وەك ئەوەی بارزانی داوای دەكرد. كەواتە بڕیاری ڕادەستكردنی كەركوك بە دەستی فەیلەقی قودس و حەشدی شیعی درابوو، ڕیفراندۆم كرابا یان نا.
بارزانی و ئەمریكا
بۆ تێگەیشتنێكی قووڵتر لەم بارودۆخە، وا باشە سەروبوردەیەكی هەستونەستی بارزانی و تێڕوانینی هەردوو لا، ئەمریكا و بارزانی، بۆ یەكتر باس بكەم. ڕاستیەكەی لە ساڵی 1975 وە، تا ئەمڕۆ، نە بارزانی كەیفی بە چارەی ئەمریكا دێت، نە ئەمریكاش كەیفی بە چارەی بارزانی دێت. ئەمریكا، سەركردەی بەهێز و كاێزمیی و مەردی لەم ناوچەیە و جیهان ناوێت. حەزی بە سەركردەی سوك-و-چروك و لاواز و لەرزۆكە، چیان وت، سەریان نەهێشێنێت و وەك كۆیلە وابێت. زۆر جار بارزانیان تاقی كردۆتەوە، بۆیان دەركەوتووە كە بارزانی ئەو كەسە نیە، یەك زەڕرە سوكایەتیی و سەرشۆڕیی قەبول بكات. نمونە زۆرن. با بزانین بروس ڕیدل (بەڕێوەبەری بەشی كەنداو و باشوری ئاسیا لە ئەنجومەنی ئاساییشی ئەمریكا لە ساڵی 1992 و دواتر بووە سەرۆكی سی ئای ئەی ئەم بەشە) چی دەڵێت دەربارەی بارزانی. ڕیدڵ دەڵێت: ساڵی 1992 بارزانی و پێنج سەركردەی بەرزی ئۆپۆزۆسیۆنی عێراق لە كۆشكی سپی میوانداری كران. ڕیدڵ دەڵێ: بارزانی وێڕای ئەوەی بە گومانەوە دەیڕوانیە ئەمریكا، تەواو نا ئاسودە بوو. دیسانەوە دەڵێ: ساڵی 1993 ئالگۆر هەمان شەش كەسەكەی لە كۆشكی سپی میوانداری كرد، بەڵام بارزانی بە درێژایی كۆبوونەوەكان دەچووە سوچە دوورەكەی ژوورەكە و بەردەوام بە مرچومۆنی دەبینرا و پێیەوە دیار بوو كەیفی بە چارەی ئەمریكیەكان نایێت. جۆناتان ڕاندڵیش، لە كتێبەكەی دەربارەی كورد دەڵێ كاتێك شۆڕشی كورد لە ساڵی 1975 هەرەسی هێنا، مەلا مستەفا بۆ چارەسەری چوو بۆ واشنتن، بەڵام مەسعود بارزانی پێی باش نەبوو، ئەو شوێنێكی وەك سویسرای بە باشتر دەبینی، چونكە متمانەی بە ئەمریكا نەدەكرد. ساڵی 1992، كاتێك مەسعود بارزانی و مام جەلال چوونە ئەوروپا و ئەمریكا. دوای ماوەیەكی زۆر خەڵك چاوەڕێی بارزانی دەكرد بێت، پێیان بڵێت ئایا ڕاستە ئەمریكا و ئەوروپا پشتیوانی لە دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، وەك ئەوەی یەكێتی پڕوپاگەندەی بۆ دەكرد لە ژێر دروشمی ’مافی چارەی خۆنوسین’ گوایە سەربەخۆیی كوردستان كاتی هاتووە. بارزانی لە پێش باڵەخانەی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەرێم، ساڵی 1992، بە ڕاشكاویی گوتی: من و مام جەلال پێكەوە چووینە ئەوروپا و ئەمریكا، چاومان بە سەركردە و سیاسەتمەدارەكانیان كەوت، باوەڕ بكەن تەنانەت ئەو حوكمە زاتیە كارتۆنیەی حكومەتی بەعس پێی داوین، ئەمریكیی و ئەوروپییەكان، ئەمەشمان لێ بە زیاد دەبینن، لە بەر ئەمە، چارەسەری ڕاستەقینە ئەوەیە لە گەڵ حكومەتی بەغدا ڕێك بكەوین. ئەوكاتە یەكێتی و حزبەكانی تر، كردیانە هەڵڵا و بارزانیان جنێو باران دەكرد! ساڵی 2003، كاتێك ئەمریكا بڕیاری دا ڕژێمی سەدام لە-ناو-بەڕێت، بارزانی گوتی ئێمە نابینە بەشێك لەم گەلەكۆمەیە، تا ددان نەنرێت بە تەواوی مافەكانی كورد و ئایندەیەكی ڕوون دانەنرێت بۆ داهاتووی عێراق و پێگەی كورد. بەڵام ئەمریكا هەمان ئاوازی دەچڕی وەك ئەوەی تێلرسن لە ساڵی 2017 بۆ كورد چڕی. ساڵی 2014 ش، بارزانی بە ئاشكرا لە ناو پەرلەمانی كوردستان گوتی: ئێمە شەڕی داعش ناكەین و ئەمە شەڕی تائیفیی نێوان عەرەبەكان خۆیانە، پەیوەندی بە كوردەوە نیە. داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد، ئامادەیی بكەن بۆ ڕیفراندۆم و گوتی تازە عێراق كۆتایی پێهات. بەڵام ئەمریكا و ئێران، زوو پەكەكە و یەكێتیان لە شەرەكەوە گلاند، بە هاوكاری توركیاش داعشیان هێنایە سەر كوردستان، بە ڕاشكاویی بە بارزانیان گوت: نا بێت ڕیفراندۆم بكەیت، دەبێ جەنگی داعش بكەیت. جۆن كێری (وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا) هاتە لای بارزانی، نامەی ئەمریكای پێ گەیاند، كە نابێت ڕیفراندۆم بكات و دەبێت دوای بخات بۆ دوای جەنگی داعش. بارزانی باسی مافی كورد و ڕیفراندۆمی كردبوو دوای داعش، ئەمریكاش بە ڕاشكاویی وەڵامی دایەوە: بۆ دوای داعش. ئیتر بە مەجبوری كاتێك داعش بەرەو مەخمور هات، بارزانیش بە ناچاریی توشی ئەم شەڕە هات. ساڵی 2017 كاتێك داعش تەواو لاواز بوو، سەرجەم شار و شارۆچكەكانیان لە دەست دەرهێنان. بارزانی باسی ڕیفراندۆمی هێنایەوە سەر خوانی باس، بەڵام ئەمریكا و بەریتانیا هەمان هەڵوێستیان نواند، دژی ڕیفراندۆم و مافی كورد وەستانەوە. بارزانی گازەندە و گلەیی حكومەتی عێراقی دەكرد، كە وەك حكومەتەكانی پێشوو بە عەقڵیەتێكی شۆڤێنیانە مامەڵەی كورد دەكەن، هاوپەیمانان تەنها یەك وەڵامی كلێشەییان هەبوو: دانوستان بكە لە گەڵ حكومەتی عێراق. لێرەدا بارزانی، بەو ئارامیی و خۆ ڕاگریە دوور و درێژەی كردی، بە لەبەر-چاوگرتنی مێژووی تاڵی كوردیش لە گەڵ ئەمریكا و بەریتانیا، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا. بەڵام لە هەمان كات، چونكە هاوپەیمانان ڕازی نەبوون، بۆ ماوەی نزیكەی شەش مانگ داوای بەدیلی باشتری دەكرد، بە زەمانەتی نێو-دەوڵەتیەوە. كەچی چونكە هاوپەیمانان مكوڕ بوون لە سەر لاوازكردنی پێگەی كورد و بەهێزكردنی بەرەی شیعە، بە سەرۆكایەتیی ئێران تا زیاتر پێشڕەوی بكات لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن، بڕیاری پێشوەختەیان دابوو كە دەبێت كەركوك بگەڕێتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی بەغدای سەر بە ئێران، بۆ ئەوەی نەوتی كەركوك هەڕاج بكرێت و ئێران پارەی زیاتری دەست بكەوێت، بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی لە بازاڕی ڕەشی جیهان. وێڕای ئەمە، نەوتەكەش بە هەرزان و بە قاچاغ بفرۆشێتە بازاڕی ڕەشی جیهان، كە نرخی بەرمیلی نەوت، لە ژێر فشاری پێویستی ئێران بۆ پارەی نەقد، دابەزی بۆ 10 دۆلار!
نەیارانی ڕیفراندۆم، كاتێك بەردەوام، دۆم-ئاسا، تەپڵ دژی بارزانی لێدەدەن دژ بە ڕیفراندۆم و بە كارەساتی دەبینن، ئاگاداری ئەم مێژووە و سیاقی ڕووداوەكان نین و بە بوغز و غەرەزێكی زۆرەوە، زۆر بێ ویژدانانە دەكەونە گیانی سەركردەیەكی كورد، لە مەردایەتییەكی كەم وێنە لە مێژوودا، لە بەرخودانییەكی ئەفسوناویی، خۆی و پێگە و بەرژەوەندی و بنەماڵەكەی خستە لەپی مەرگەوە، بۆ بەرز ڕاگرتنی نێوچەوانی كورد و نەچەمانەوەی لە بەرامبەر جیهاندا. لە ئازاییەكی مێژوویانە، نەیهێشت ئەژنۆی كورد بشكێت و ئامادەی قوربانیدان بوو بەخۆ. لە دوای دەیان و سەدان ساڵ نەوەكانی كورد، ئەم شاكارە پڕ لە سەروەرییە بەرز دەنرخێنن و پێگەی شایستە بە بارزانی دەبەخشن، وەك یەكێك لە ئازاترین سەركردەكانی مێژووی مرۆڤایەتیی. ئەوانەی ئێستاش، كات و تەمەنیان بە كینە و بوغز و جنێودان بە هەدەر دەدەن، لە ناو چڵپاوی مێژوو ون دەبن و لە بیر دەكرێن.