دوای کۆدەتای ١٤ گەلاوێژ ،لە سەردەمی دەسەڵاتی (عەبدولکەریم قاسم ,عەبدولسەلام عارف ، عەبدولرەحمان عارف ، ئەحمەد حەسەن بەکر، سەدام حسین)، بە حوکمی عورفی و توندو تیژی و گرتن وکوشتن و بڕین و بێ سەروشوێن کردن ، دوور لە دەستوور و یاسا ،ھەناسەی ئازادیان خنکاند .
زنجیرە جینۆسایدەکان و رەشەبای ژەھرو ئەنفال و گۆرەبەکۆمەڵەکانی کورد ناسنامەی دوڵەتی عێراق بوو.
لە دوای گۆڕانکاری ٩ / ٤ / ٢٠٠٣ نەمانی سەدام ، دەسەڵاتی شیعە گەری عێراقی ، رۆژانە لە بەغدادو شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، دەیان کە سیان تیرۆر دەکرد ،بە زنجیرە تەقینەوەکانیان ناو شارەکانیان کرد بە بەرەی جەنگ ومەرگ .
لەسەردەمی سەدام و بەعس ، زیندانەکان سیخناک کرابوو، لەکەسانی سیاسیی و بێلایەن ، جێگا لە زیندانەکان نەما بوو ،قوتابخانە وفەرمانگەو قەڵاکانیان پر کردبوو لە زیندانی .
لە ماوەی ئەم٣٥ساڵەی دە سەڵاتی کورد لە حزبەکان وپەرلەمان وحکومەتی ھەرێم چەندان رۆژنامە نووس تیرۆر کران .
پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی ھەرێم ، نەیان توانی سیستەمێکی نوێ یاسایی بھێنە کایە ، مافی رۆژنامەنوسان وتاکی کورد بپارێزن .
لە ٢٧-٢٨/٧/ ٢٠٢٠ لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەکیان بە ناوی (رێکخستنی میدیای ئەلەکترۆنی)ە یەوە ئامادەکردووە ، لیژنەی ئەم پرۆژە یاساییە وئەندام پەرلەمانەکانی بە بەرنامەو نەخشەی سەرانی حیزبە سیاسییەکان دانراون .
نابێ بوار بدرێ ئەو لیژنە یە ، ئەندام پەرلەمانە کانیان وەک مەقاش و ئامێرێک بەکار بھێنرێن ، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە بکەن بەیاسای پرۆژەی میدیای ئەلەکترۆنی کارتۆنی، قفڵ لە زمان و قەڵەمی رۆژنامە نووسان و رووناکبیرانی خاوەن ھەڵوێست بدەن ،
بۆ ئەوەی بوار بە رۆژنامەنووسان و رووناکبیران نەدەن رەخنە لە دیاردە سلبییەکان بگرن ، کە سەراپا ئەم نیشتمانەیان کردوە بە دۆزەخ ، نابێ وەک سەدام ، زیندانەکان پڕکەن لە رۆژنامەنوسان و رووناکبیرانی کورد .
پلەو پایەو دەسەڵات بدەن بەو رۆژنامە نوسە ماستاوچی و ئەو قەڵەمە دەربارانەی ھیچیان لە بارا نییە ، بۆ دەستکەوت و ئافەرینێک ، کەرامەتی خۆیان و نیشتمانەکەیان ھەراج دەکەن، وەک توتی بە شان و باڵای دەسەڵات داران دا ھەڵدەدەن ، رەش دەکەن بە سپی و سپی بە رەش.
دەسەڵاتداران بوون بە زەروو، خوینی خەڵک دەمژن ،پەرلەمان و حکومەت ی ھەرێم ،وەک ئەو کەشتیە شەق وشڕە تێک شکاوەیە ، ھەموو جەستە ی پڕە لە ڤایرۆسی گەندەڵی ، لە زەریای بێ دەستوریی و بێ یاسایی و بێ سیستەمی ، لە ناو کێشە مزمین و ئاڵۆزەکان دا چەقیون .
گەر لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان بە ھەموو بیرو بۆچونە جیا جیاکانەوە ، لە ئاستی ئەخلاقی پێشەکەیان دا بوونایە ، ئەو مستەشارو خائینانەیان دەدا بەدادگا ، ئەنفال و جینۆسایدی کوردیان کردوە ، بواریان نەدەدا دادگای باڵای تاوانبارانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغداد دابخرێت ،چەندان کەیسی جینۆسایدی کورد لە پەروێزدا ھەڵواسرێت .
دەبوایە ھەموو ھەوڵەکانیان بخستایەتە گەر ، بۆ ئەوەی کەیسی ئەنفال ، لەسەر ئاستی دنیای دەرە وە بە جینۆساید بناسرێ،
پرۆژەی یاسای قەدەغەکردنی چەک یان دابڕشتایە ، رۆژانە دەیا ن کارە ساتی جەرگ بڕی کوشتن بە ھۆی زۆری چەکەوە لەم لاو ئەولا روودەدات .
لە یاسای گرێبەستی نەوتیان بکۆڵایەتەوە، ھەر ھەمووی دزی و فزییە ، دزەکانیان رووبە رووی دادگا بکردایە تەوە ، لە گومرگی سنوورەکانیان بپرسیایە ،پڕە لە شەیتان بازاڕی لێڵی و تاڵانی.
لەو (یاسا نا. یاسا ) یەی حکومەتی ھەرێم بپرسنەوە ،قوتی چەندان مانگ و ساڵی (فەرمانبەران و مامۆستایان و پێشمەرگەو کەس و کاری شەھیدان و ئەنفال و خانەنشینان )بە ناوی پاشەکەوتی موچەوە دەبەن بۆ خۆیان ، وەک ھەموویان منداڵ بن و پارەکانیان لە دەغیلەدا بۆ کۆ بکەنەوە.
نەک بە یاسایەکی لاستیکی سەدام ومجلس قیادە سەورە، کۆت و بەند بکە نە دەست وقفڵ لە زمان و قەڵەمی ئەو رۆژنامە نووس و رووناکبیرانەی بدەن ، بە قەڵەم و زمانێکی لۆژیکانە ، دوور لە ناوزڕاندن ، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی پێشەکەیان رەخنە لە کارو کردەوە وھەڵویستی نا نەتەوەیی ونانیشتمانی ونادەستوریی ونایاسایی پەرلەمان و حکومەت دەگرن.