چی لەپشتی توندتوتیژیی دژ بەژنانەوەیە لەمڕۆکەی دونیای ئێمەدا؟

مه‌ریوان وریا قانع
  2018-12-26     1261

فەسڵی یەکەمی کتێبی ”کۆمەڵگاو غەریبەکان“ی تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر سێ شێواز لەتوندوتیژیی جێندەریی دژ بەئافرەتان لەکوردستاندا کە بریتین لە”کوشتن“و ”خۆکوشتن“و ”سوتاندن‌و خۆسوتاندن“ی ئافرەتان لەکوردستاندا. 



بۆچوونی سەرەکیی لەو بەشەی کتێبەکەدا ئەوەیە کە واز لە تەفسیر و لێکدانەوە ئاسان و حازربەدەستەکان بھێنین و بەدوای پێناس و ئاکاری ئەو ژینگە تازەیەدا بگەڕێین کە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ئافرەتان تیادا پیادەدەکرێت. لەو بەشەدا ھەر سێ شێوازەکەی توندوتیژیی ڕەگەزییە لەناو ئەو ژینگە و فەزا و سەرزەمینە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و کولتورییە نوێیەدا جێگیردەکات کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستکراوە. ئەو ژینگە و فەزایەش ژینگە و فەزایەکی تەواو نوێن و پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە دونیای بەر لە ڕاپەڕینەوە نییە، یان زۆر لاوازە. بەمەش یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە گومانکردنە لەو لێکدانەوە سونەتییە باڵادەست و حازربەدەستانە کە توندوتیژیی ڕەگەزیی دژ بەژنان لە کوردستاندا بە زمانێکی ئینشایی سادە بە “سروشت“ی ”نەگۆڕ“یی ”پیاوی کورد“، یان بە ”سروشت“ی پاتریارکیەت، یان بە ”سروشت“ی دین، یان بە فەرھەنگیی ”خێڵەکیی“ و ”تەقلیدیی“، یان بە ”عەقڵیەت“ و ”مێنتاڵییتی“ خۆرھەڵاتیی، یان بە ”سیستم“ی ئەخلاقیی نەگۆڕاوی ناو کۆمەڵگای کوردییەوە، دەبەستنەوە.



لەباتی ئەمانە ئەو لێکۆڵینەوەیە باس لەکێشەیەکی تەواو تازە لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا دەکات کە بەکێشەی ”شڵەژانی پێوانەیی“ ناودەبات. ”شڵەژانی پێوانەیی” بەعەرەبی پێیدەڵێن ”الارتباک المعیاری“،و بەئینگلیزیش Normative Disorientation.



کۆمەڵگایە دوای ڕاپەڕین کۆمەڵگایەکە تیایدا سەرجەمی بەھا و نرخە پێوانییەکان لە دۆخی شڵەژانێکی پێوانەیی ھەمەلایەندان. ”شڵەژانی پێوانەیی“ مانای تێکچوونی تەواوی سیستمی بەھاکان، شڵەژانی سەرجەمی ئەو بەھا سەرەکییانەی کە ژیانی تاکەکەس و گروپەکان لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕێکدەخەن، بە جۆرێک بەشێکی بەرچاوی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە، بەتایبەتی نەوە نوێیەکان، نەتوانن باش لە خراپ و ئەشێ لەناشێ و ڕاست لە ھەڵە و درۆ لە ڕاستیی و جوان لە ناشیرینیی و دڵسۆزیی لە خیانەت و گەندەڵیی لە ناگەندەڵیی، جیابکەنەوە. شڵەژانی پێوانەیی مانای لەدەستدانی توانای ئەخلاقیی و ویژدانی لەوەدا مرۆڤ نەتوانێت بزانێت چی باشە بکرێت و چی خراپە نەکرێت، چی شیاو و پۆزەتیڤە و چیش نەشیاو و نەکردەیە.



”شڵەژانی پێوانەیی“ پەیوەندیی بە بەردەوامیی و نەگۆڕان و خۆدووبارەکردنەوە و سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی سیستمە ئەخلاقییەکانەوە نییە، چونکە گەر ئەو سیستمانە بیانتوانیە خۆیان دووبارەبکەنەوە و وەک نەگۆڕ و چەسپاوێک کاربکەن، ئەودەم شتێک بەناوی شڵەژانی پێوانەییەوە دروستنەدەبوو.



شڵەژانی پێوانەیی ھێمایە بۆ گۆڕانی خێرا و فرەلایەنی ھەمەجۆر و ڕیشەیی لەبونیادە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکاندا، لەسیستمی سیاسیی و سیستمی بەھاکاندا، لەسیستمی ئەخلاق و ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیدا. ئەمە جگە لەگۆڕانی پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا لەفۆرمەکانی ژنبوون و پیاوبووندا، لەماناکانی ھەژاریی و دەوڵەمەندیی و تاکەکەسبوون و نەبووندا. 



ھەموو ئەم شتانە لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا بەشێوەیەکی بەرفراوان‌و بەئاراستەیەکی زۆر خراپدا گۆڕاون‌و بەسەریەکەوە شڵەژانێکی پێوانەیی گەورەیان لەھەموو بوارەکاندا دروستکردوە. نەدین، نەسیاسەت، نەئابوریی، نەئەو دونیا رەمزییەی کە دروستکراوە ھیچیان بەفریای مرۆڤە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە ناگەن. 



ئەوەی ڕووئەدات ھۆکارەکەی پەیوەندیی بەخێڵ‌و کولتوری خۆرھەڵاتیی‌و مانا تاقلدییەکانی دین‌و پیاوەتیی‌و پاتریارکیەتەوە نییە، وەک زۆرێک بێبیرکردنەوە لەکۆمەڵگای ئێمەدا باسیدەکەن، بەڵکو پەیوەندیی بەو گۆڕانە خێراو ھەمەلایەنە وێرانکەرانەوە ھەیە کە لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستدەبن‌و سەرجەمی سیستمی بەھاکان‌و چاوەڕوانییەکان و وێناکردنەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە تووشی شڵەژانێکی پێوانەیی ھەمەلایەن دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×