دەسەڵاتدارێتی بەھێز کامەیە؟

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-06-02     919
مەبەست چییە کە دەگوترێت فڵان یان فیسار دەسەڵاتدارێتی، دەسەڵاتدارێتییەکی بەھێزە؟ ئایا ھێزی ڕاستەقینەی دەسەڵات بە چی دەپێورێت، بە ژمارە و قەبارەی ھێزە سەربازی و چەکدارەکانی، بە زۆری و گەورەیی دەزگا ھەواڵگری و ئاسایشییەکانی، بە ژمارەی پۆلیسی ئاشکرا و پۆلیسی نھێنی لە وڵاتدا، کە بەسەریەکەوە بتوانن خەڵک ناچاربکەن کەی دەوڵەت ویستی خەڵک چەپڵە لێبدەن لێیبدەن و کەی دەوڵەت ویستی بگرین، بگرین و و کەی دەوڵەت ویستشی پێبکەن ھەموو بدەنە قاقای پێکەنین؟ ئایا ئەمانە ھێماکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتییەکی بەھێزن، یاخود ھێزی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی لە شتی دیکە و لە شوێنی دیکەدایە؟

بۆ ئێمە کە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعس و ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا ژیاین و گەورەبووین، دەزانین ژمارەی چەکدار و گەورەیی دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکان و کۆنترۆڵکردنی سەرجەمی دەزگاکانی دەوڵەت لەلایەن نوخبەیەکی سیاسی بچووک و بەرتەسکەوە، ھێمای بەھێزی دەوڵەت نین. لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا لە نزیکەی ١٤ ملیۆن ئینسانی عێراقی پێنج تا شەش ملیۆنیان چەکدار کرابوون. 

بەعس ئەم ھێزە سەربازییە گەورەیە لەناو لەشکری نیزامی و غەیرە نیزامی و لەناو ڕیزەکانی خۆی و لەناو دەزگاکانی ئەشبال و فتوە و، لەناو ڕیزەکانی یەکێتی ئافرەتان و لاوان و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و زۆری تردا ڕێکخستبوو. چەندان ھێزی تایبەتی دروستکردبوو کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی ژیانی شەخسی پیاوە گەورەکانی بەعس بوو، بەتایبەتی ژیانی سەدام حوسەین و خانەوادە و بنەماڵەکەی. سەرباز ئەو بوونەوەرە بوو لە ھەموو کایەیەکی کۆمەڵایەتی و ئیداری و فەرھەنگیدا دروستدەکرا. کۆمەڵگای عێراقی لەسەر وێنەی ئوردوگایەکی گەورە بونیاددەنرا و بەعس خۆشی ئەندازیار و سەرلەشکری ئەم ئۆردوگا گەورەیە بوو. جگە لە چەکدارکردنی ئەو ھەموو ئینسانە، بەعس لەھەموو گەڕەکێکی شارە گەورە و بچووکەکانی عێراقدا بارەگای حیزبی و مەکتەبی ڕێکخراوە جیاوازەکانی تری دروستکردبوو. 

لەناو زیاد لە چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیدا خەڵکانیان بۆ جاسوسی و ڕاپۆرتنووسی و ھەواڵگواستنەوە دۆزیبوەوە. چۆن چەندان کەسی باوەڕپێکراوی خۆیان لەناو پیاواندا دروستکردبوو، ئاواش لەناو ئافرەتان و مناڵان و پیرانیشدا ھەمان کاریان کردبوو. برایان بەسەر براوە و ژنیان بەسەر مێردەوە و مناڵیان بەسەر کەسوکارەوە کردبوو بە جاسوس. لەشکرێک موختاری گەڕەکیان دروستکردبوو کە یەکێک لە کارە سەرەکییەکانیان چاودێریکردنی دانشیتوانی گەڕەکەکان بوو. لەپاڵ ئەمانەشدا دەزگا ئیدارییەکانی وڵات و پۆستە سیاسی و ئیدارییەکان، بە کادرە دڵسۆز و گوێڕایەڵەکانی بەعس پڕکرابوونەوە. زۆرجار ئەم جۆرە کەسانە ھیچ سیفەتێکی پیشەیی و ھیچ جۆرە لێزانییەکی دانپیانراویان نەبوو، جگە لە گوێڕایەڵی تەواو بۆ بەرپرسە گەورەکانی بەعس خۆی. دەسەڵاتدارانی بەعس بەعسیبوونیان کردبووە تاقە ڕێگای پێشکەوتن لە بواری ژیانی پیشەیی و ئیداری و سیاسیدا. تیپە وەرزشییەکان، تیپە ھونەرییەکان و تیپەکانی سەماکردن ھەموویان یان ھی بەعس بوون، یان دەبوا زیاد لە پەنجەیەکی بەعس لە ناویاندا ئامادەبووایە.

لە سەرو ئەمانەشەوە بەعس سەرکردەیەکی موقەدەسی دروستکردبوو لەدەرەوەی ڕەخنەکردن و لێپرسینەوە و ھەر جۆرە چاودێریکردنێکی یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانیدا. قسەکان و بۆچونەکان و بڕیارەکانی ئەم سەرکردەیە حوکمی یاسایان ھەبوو. ئەم سەرۆکە ڕۆژانە وێنەکانی بە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان و ھەڵسوکەوتەکانی ھەواڵی یەکەمی کەناڵەکانی تەلەفیزۆن بوو. وێنەکانی شوێنە گشتییەکان و ناو فەرمانگە و سەربازگە و قوتابخانە و خەستەخانە و کارخانە و چاخانە و شوێنەکانی دیکەی داگیرکردبوو. دروستکردنی خانوەیەک، قوتابخانەیەک، جادەیەک، تەنانەت وێستگەیەکی پاس، وەک مەکرەمە و دەسکەوتی ئەو سەرۆکە بە کۆمەڵگای عێراقی دەفرۆشرا، نەک وەک مافی میلەت لە بوونی ھەریەکێک لەو شتانەدا.
بۆ نیشاندانی ئەم دونیا شێواو و ناشیرینەش وەک دەسکەوتی گەورە و ئینجازاتی بێوێنە، بەعس ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی ئاراستەکراوی دروستکردبوو، دونیای بەوجۆرە نیشانئەدا کە بەعس و بەرپرسەکانی دەیانویست. ئەزموونی ئیعلامی بەعس ئەزموونی ئەتکرکردنی ھەموو ئەخلاقێکی بەرپرسیارانەی کارکردنی میدیابوو. ئەم ئیعلامە درۆکانی بەعسی وەک ھەقیقەت و تێکشکانەکانی وەک سەرکەوتن و تاوانەکانی وەک نیشتیمانپەروەری نیشانئەدا. ئەم میدیایە لەوکاتەدا کە بەعسی وەک فریشتە نیشانئەدا، لەھەمانکاتدا دەیویست کۆمەڵگا بۆ بینەرێکی پەسیڤ و بێئاگا لە دونیا کورتبکاتەوە.

ئەم گشتە گەورە و قەبەیە، کە بە پارەی زۆر و دزراوی نەوت و بە فشارێکی سەربازی و دەرونی گەورە دروستکرابوو، وێنەی بەعسی وەک ھێزێکی لەشکان نەھاتوو نیشانئەدا. ھێزێک خۆی بەر لەھەموو کەسێکی دیکە باوەڕی وابوو، تا ڕۆژی قیامەت لە عێراقدا حوکمدەکات. لەم ئاستەدا ھاوکێشەیەکی ئەھریمەنانەی دروستکردبوو کە تیایدا بەعس خۆی بە عێراق و عێراقی بەخۆی یەکسانکردبوو. شەرمیشی لەوە نەئەکرد ئەم ھاوکێشە ترسناکە نەک تەنھا لەناو ڕیزەکانی حیزبەکەی خۆیدا بڵاوبکاتەوە، بەڵکو بە ئاشکرا بەگوێی خەڵکی عێراق و بە گوێی دونیاشیدا ئەدا. سەدام حوسەین بە ئیلھام وەرگرتن لەم ھاوکێشەیە لەیەکێک لە خوتبەکانیدا بە ئاشکرا وتی، ”ئەوەی دوای ئێمە دەیەوێت حوکمی عێراق بکات دەبێت حوکمی وێرانە بکات“. ھاوکات بەمە بەعس کۆمەڵێک حیزبی کارتۆنی دروستکردبوو تا لەکاتی پێویستدا ئەزموونی تۆتالیتاریانەی خۆی وەک ئەزموونێکی فرەحیزبی نیشانبدات.

بەڵام ئەم ئیمپراتۆریەتە وەھمییەی بەعس لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا و لەماوەیەکی ھێجگار کورتدا لەبەریەک ھەڵوەشایەوە. لە سپێدەی ڕاپەڕیندا خەڵکی ترسێنراوی عێراق، لە ماوەی چەند ڕۆژێکا ئەو ئیمپراتۆریەتەیان وێرانکرد، کە بەعس بە زیاد لە بیست ساڵ بە پارەی زۆر و زەوەندی نەوت و بە بەرھەمھێنانی ترسێکی زۆر و بێوێنە و بە کوشتن و بڕین و برسیکردن و ڕاونان و جینۆساید، دروستیکردبوو. 

ھەڵوەشاندنەوەی خێرای دەسەڵاتی بەعس نیشانیداین دەسەڵاتدارێتی بەھێز لەسەر مۆدێلی بەعس بنیادنانرێت، بەڵکو پێویستی بە بەرنامەی زانستی گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کولتوریی ھەیە، پێویستی بە دروستکردنی متمانە ھەیە لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا، پێویستی بە دروستکردنی میکانیزمی ڕاستەقینە و پتەوی لێپرسینەوەی سیاسی و ئیداری ھەیە، پێویستی بەوەیە دادپەروەریی ھەم لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵایەتیی و ھەم لە دابەشکردنی زەحمەتیی و کارەساتەکاندا ھەبێت. 

لە دەسەڵاتدارێتی بەھێزدا دەوڵەت نابێتە ئامرازێک بۆ دروستبوونی نوخبەیەکی سیاسیی و سەربازیی و مالیی، کە دەزگاکانی دەوڵەت و کەرەستە خاوەکانی وڵات بە موڵکی شەخسیی خۆیان بزانن. ھێزی دەسەڵاتدارێتی ڕاستەقینە لە دروستکردنی ترس و بێدەنگکردنی کۆمەڵگادا نییە، بەڵکو لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ڕەخنەیی و چاوکراوەدایە کە نەترسێت لەوەی دەسەڵاتدارانی ڕەخنەبکات. ھەموو لێکچونێک لە بەعس ئەزموونێکی دەسەڵاتدارێتی ترسناک و فاشیلە، نەک بەھێز.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×