قەرزکردنی چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و خومەینی: خودنەفرەتیی و ڕقی کورد لە خۆی

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-07-23     347
(٣)
”تاڵترین شێوازەکانی دژەجولەکەبوون، ئەنتی سامیتیزم، ئەوانەیە کە لە ناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیدۆزینەوە“ گیلمان.
خودنەفرەتیی دیاردەیەکی ھێجگار بەرچاوی ناو دونیای سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەیە لەمڕۆدا، بە ڕادەیەک ڕۆڵی ئەو ژێرخانە مادیی و رەمزییە دەبینێت کە بەشێکی زۆر لە کردەی سیاسیی و نووسین لە دونیای ئێمەدای لەسەر بونیادنراوە. لە مێژووی ئێمەدا کەم ساتەوەخت ئەدۆزینەوە ئەو ھەموو ڕقە ناوخۆییەی بەرابەر بە کورد و بەرامبەر بە شێوازە جیاوازەکانی کوردبوونی تێدابووبێت.
لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە ”ڕەخنەکردنی خود“ دیاردەیەکە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا بوونی ھەبووە، ھەندێکجار ڕەخنەی توند و ھەمەلایەنیش، بەڵام تەنھا لەمڕۆدا ئەو ڕەخنەکردنە بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە فۆرمی جیاوازدا گۆڕاوە بۆ نەفرەت و بۆ ڕقبوونەوە لە خود خۆی. بەشێکی زۆری ڕەخنەگرتن لە خود، ”خودەڕەخنەیی“، گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود، ”خودنەفرەتیی“.
گۆڕانی ڕەخنە بۆ ڕق و گۆڕانی خودڕەخنەیی بۆ خودنەفرەتیی، یەکێکە لەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی لە پازدەساڵی ڕابردوودا دروستبووە و بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیکردوە. ئەم خودنەفرەتییە تەنھا نەفرەتکردن لەم یان لەو دەرکەوتی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی ئێمە نییە، تەنھا ڕق لە سیاسەت و سیاسییەکان نییە، ڕق لەم بکەر یان ئەو بکەری کۆمەڵایەتیی نییە، نەفرەت لەم دەرکەوت یان لەو دەرکەوتی کۆمەڵگا و مێژووی ئێمە نییە، بەڵکو ڕق و نەفرەتکردنە لە کۆی ئەزموونەکانی کوردبوون وەک کەمینەیەکی ھەڕەشەلێکراوی ناو مێژووی سەدەی بیستەم: لە ئەزموونە سیاسییەکانییەوە بیگرە، بۆ ئەزموونە ئەدەبیی و فیکرییەکان و لەوانیشەوە بۆ ئەزموونی دینیی و ئەخلاقیی. ئەم ڕقە لەوە کەوتوە ڕق بێت لەم پارت و یان ئەو پارت و ڕێکخراوی کوردیی، بەڵکو بووە بە نەفرەتکردن لە سەرجەمی یاخیبوون و شۆڕشەکان و ئیدانەکردنیان، ڕق لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەھا ئەخلاقییەکان، ڕق لە فۆرمەکانی دین و دینداربوون، تا بە ڕق لە نووسەر و شاعیر و ئەدەبیاتی کوردییش، دەگات. ئەم نەفرەتانە ھەندێکجار بەناوی دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزم و ھەندێکجاربەناوی خۆدەربازکردن لە شوناسیی ئەتنیی و نەتەوەیی و ھەندێکجار بەناوی کۆسمۆپۆلیتیزم و ئینساندۆستییەکی ئەبستراکتەوە دەکرێت.
لە ھەمووشیاندا وێنەی کورد وەک بوونەوەرێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک کەسێکی ناپاک و خۆفرۆش و عەمیل، وەک کەسێکی ترساو و بێبەبەرھەم و بێقورسایی، وەک بوونەوەرێکی پوچ و زیاد و بار بەسەر مرۆڤایەتییەوە، وەک کائنێکی بۆش کە بەردەوام بە دوای شتێکدا دەگەڕێت بیپەرستێت و ببێت بە کۆیلەی، ھتد...وێنادەکرێت. تا بەوەدەگات کە کردە خۆکوژییە نوێکانی ھێزە دینییەکانی ناو دونیا ئەمڕۆ بخرێتە ملی ھەندێک شاعیر و نووسەری ئەم میلەتە کە زیاد لە نیوسەدە بەر لە دروستبوونی ئەم کردانە کۆچیان کردوە. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا ناشیرنترین و بەدترین شێوازەکانی ڕقبوونەوە لە کورد لەناو کورد خۆیدا ئەدۆزینەوە، بەتایبەتی لەناو ئەوانەدا کە بەناوی مرۆڤدۆستیی و ھیومانیزم و گەردونگەراییەوە دەدوێن و پێیانوایە ڕەخنەی ناسیۆنالیزم و سێکتاریزم دەکەن. لە دونیای ئەمڕۆدا خودنەفەرتی کورد بۆ خۆی، زۆر فراوانتر و بەدترە لە نەفرەتکردنی ئەوانیتر لە کورد.
ئەم نەفرەتکردنە لەسەر شاردنەوە و لەبیرکردنێکی سیستماتیکی دوو ڕاستیی مێژوویی زۆر سادە کاردەکات: یەکەمیان دۆخی کەمینەبوونی کوردە لەناو کۆمەڵێک سیستم و دەوڵەتی ستەمگەر و توندوتیژدا. دووھەمیان پرۆسەی بە ئەمنیی و ئاسایشکردنی بەردەوامی داخوازییە سادە و سەرەکییەکانی ئەم کەمینەیەیە. ھەموو مێژووی سەدەی بیستەم و سەدەی بیست و یەکەمی کورد ئەم دوو پرنسیەپە سەرەکییە ئاراستەی دەکات. ئەم دوو پرۆسەیە دۆخێکی ھێجگار زەحمەت و پڕھەڕەشەی بۆ کورد دروستکردوە کە خودنەفرەتیی یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگریکردنبووە لە خود خۆی. بەڵام میکانیزمێک کە لەسەر تەماھیکردنی تەواو لەگەڵ زمان و ڕوانین و عەقڵیەتی ئەو دەوڵەتانەدا دامەزراوە کە ئەو دۆخی کەمینەبوون و ھەڕەشەکردنە بەردەوامەیان خولقاندوە.
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا لەوەدوام کە دیاردەی خودنەفرەتیی زیاتر دیاردەی ناو کەمینە ئەتنیی و دینییەکانن و لە دیارترین شێوەشیدا لەناو جولەکەکاندا بەرجەستەبوو. سەرنەکەوتن بەسەر دۆخی کەمینەبووندا و ڕووتەقینەوەی بەردەوام بە ڕووی مەترسیی و ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەندا ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییە کە ئەم دیاردەیەی لەسەر دروستبووە. لە دۆخی میلەتی ئێمشەدا ھەمان ژێرخان ئامادەیە و بە درێژایی مێژووی بە کەمینەبوون، دەرچوون لە دۆخی کەمینەبوون لە مەحاڵ نزیکتربووە تا ئەگەرێکی مێژوویی مەعقول و ڕاستەقینە. بە ئاسایشکردنی داخوازییە سەرەتاییەکانی ئەم میلەتەش دۆخی ڕووبەڕوبوونەوەی توندوتیژیی و ھەڕەشە و گواستنەوە و ڕاماڵین و پەلاماردانی کردوە بە دۆخێکی بەردەوام. وەک پێشتریش باسمکرد تەماھیکردن لەگەڵ ستەمگەر و چەوسێنەردا یەکێک بووە لە میکانیزمەکانی بەرگریکردن لە خود. بوون بە بەعسیی و ساواک و میت، بوون بە جاش و جاسوس و ناپاک، ئەگەرچی چەندان ھۆکاریی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیشی لە پشتەوەبووبێت، بەڵام دابڕاو نەبووە لەو میکانیزمە سایکۆلۆژییەی لە فۆرمی خودنەفرەتیدا کاریکردوە.
لەم سێ دەیەی دواییدا کورد لە عێراقدا لە دۆخێکی سیاسیی و ئابوریی و ئیقلیمیی و جیھانیدا خۆیبینیوە وا دەردەکەوت ئەو دۆخی کەمینەبوون و بە ئاسایشکردنەی خواستەکانی تێپەڕاندبێت و بۆ یەکەمجار خۆی لە ھەرێمێکدا سەروەری خۆی بێت. دەکرا ئەم ئەزموونی کۆتاییھێنانە بە دۆخی کەمینەبوون ببوایە بە ”سەرەتایەکی تازە“ و بە بنەمای سڕینەوە و پەکخستنی سایکۆلۆژیای خودنەفرەتیی. بەڵام ئەم ئەزموونی سەربەخۆبوونە بەڕادەیەک وێران و ناشیرین و بۆگەن بوو، کە نەک کۆتایی بە سایکۆلۆژیای خودنەفرەتی نەھێنا، بەڵکو وزە و ھێز و گوڕێکی ھێجگار گەورە و ھەمەلایەنی پێبەخشیی. نەفرتەکردن لە پارتی و یەکێتییەوە گۆڕا بۆ نەفرەتکردن لە سیاسەت بە مانا گشتیی و سەرەکییەکەی و بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونی سیاسیی میلەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا. تا ئەو ڕادەیەی کەسانێک لە نەفرەتکردن لە سیاسەتەوە گواستیانەوە بۆ نەفرەتکردن لە سەرجەمی ئەزموونەکانی کوردبوون لە ئاستە جیاوازەکاندا: نەفرەت لە مێژوو، لە شۆڕش و یاخیبوونەکان، لە نووسین و ئەدەبیات، لە گشتێتی بوونی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی. تا ئەو ڕادەیەی سڵ لەوە نەکەەوە کوردبوون و گەمژەبوون و کوردبوون و جاھیلبوون و کوربوون و ھیچنەبوون، بەیەکتری یەکسانبکەن. لە ئێستادا خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا بووە بە پەتا، نەک تەنھا لەناو سیاسەتی کوردیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتدا، لەناو ڕەخنەی سیاسیی و ڕەخنەیی کۆمەڵایەتییدا، لە ناو نووسینی ڕۆژانە و کتێب و بڵاوکراوەدا، لەناو ڕەخنەی فەرھەنگیی و ئەخلاقییدا ئامادەیە. ئەم دۆخە بەجۆرێکە مرۆڤ واھەستدەکەات ئەم نووسەر و سەرنجنووس و ڕەخنەگرانە چاوەکانی بەعس و ئەتاتورک و شا و خومەینی و ئەسەدیان قەرزکردوە و بۆ سەریکردن و ڕامان لە کورد و لە ئەزموونی کەمینەبوونی لەناو مێژوی خوێناوی سەدەی بیستەمدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×