ڕقبوونەوە لە خود: ئەزموونی جولەکە

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-07-12     984
(٢)
ڕقبوونەوە لە خود، یاخود ”خودنەفرەتیی“، لە ئەدەبیاتی سیاسیی و لە بواری سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیدا دیاردەیەکە بە توندی بە مێژووی جولەکە و بە پەیوەندیی جولەکەکان لەگەڵ خودی خۆیندا گرێئەدرێت. جولەکەکان وەک ھەڵگریی ئەم پەیوەندییە تایبەتە دەبنێرێن، ئەگەرچی دیاردەی ”ڕقبوونەوە لە خود“ شتێک نییە تایبەتی بە جولەکە بەتەنھا. لە ڕاستیدا بەردەوامیی ئەم دیاردەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێژووی جولەکەکاندا و بە تایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە تا سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا لە کێشەیەکی دەرونییەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ڕۆحیەتی تایبەت، بۆ زیھنیەت و عەقڵیەت، بۆ ئەو شتەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت ”مێنتاڵیتی“، Mentality.
بێگومان دیاردەی ”ئەنتی سامیتیزم“، واتە ”دژە جولەکە بوون“، دیاردەیەکی دێرینە و ڕەگوڕیشەکانی بۆ ململانێی دینیی نێوان جولەکەکان و مەسیحییەکان دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرندا، بە تایبەتی لە سەدەۆ نۆزدەھەم و ھاتنەکایەی زانستی بایۆلۆژیا و لەدایکبوونی داروینیزمدا، ئەم دژە جولەکەبوونە دەگۆڕێت بۆ ڕاسزیم و نەژادی جولەکە، وەک نەژادێکی سامی، بە نەژادێکی نزم ناودەبرێت. لە سەردەمی نازیەتی ئەڵمانیدا ئەم ڕاسیزمە دەبێتە بنەمای داڕشتنی پلانی لەناوبردنی یەکجارەکیی و سڕینەوەی نەژادی جولەکە لە ئەوروپادا. بەڵام ئەمە ھەموو فۆرمەکانی ئەنتی سامیتیزم، یان دژەجولەکەبوون، نییە. نووسەرە جولەکاکان خۆیان باس لە فۆرمێکی زۆر تایبەتی دیارەی ”دژە جولەکەبوون“ دەکەن کە بریتییە لە: ”دژەجولەکەبوونی جولەکەیە بەرامبەر بە جولەکە خۆی“، Jewish antisemitsim. و ھەندێکجاریش وەک ”دژەجولەبوونێکی داپۆشراو“ وێنایدەکەن، Disguised antisemites. لە کتێبی ”سێکس و کاراکتەر“دا نووسەری جولکە ڤاینینگەر دەنووسێت ”تاڵترین ئەنتی سامیتیزم، ئەو جۆرەیە کە لەناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیاندۆزینەوە“. (Gilman 1986, pp. 293–294)
ئەم ڕقبوونەوەیەی جولەکە لە جولەکەبوون و ئەم خودنەفرەتییە بە تایبەتی لە ئەڵمانیای سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەم و تا سەردەمی دوای جەنگی جیھانی یەکەم، دەردەکەوێت. بەشێکە لە مێژووی جولەکەکانی ئەڵمانیا، بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەھەم و سەدەی بیستەمدا. بە جۆرێک لە سەردەمی جەگی جیھانی یەکەم و دوای جەنگەدا ئەم نەفرەتکردنەیە لە خود. لەدایکبوونی چەمکی ”جولەکەی خودنەفرەت“، ، “self-hating Jew”،، جولەکەیەک کە ڕقی لە خۆیەتی، بەو سەردەمەوە گرێئەدرێت. لە ئەڵمانیادا ژمارەیەکی بەرچاو لە جولەکە ئەڵمانەکان جولەکەبوونیان وەک ئافەت و بەڵا، یان وەک نەفامیی و گەمژەبوون وێنادەکەن و بەو شێوەیەش مامەڵەیدەکەن. جولەکەبوونیان وەک ھەستکردن بە ئیھانەکردن بینیوە، زۆریان بە ئیھانەیان زانیوە بە جولەکە بناسرێن. جولەکەبوون وەک لەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و وەک پەڵەیەکی دینیی پیس بینوە کە پێویستە لە خۆیانی بکەنەوە و بیسڕنەوە. تەنانەت شاعیرێکی وەک ھێنریش ھاینە، کە دینەکەی خۆی گۆڕیبوو بۆ پرۆتستانی، پێیوابە کە جولەکەبوون جۆرێکە لە لەعنەت. ئەم نەفرەتکردنە لە خود بەشێکە لە ئەدەبیاتی جولەکە و تەنانەت لە تیورە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیش.
لە دیدی شارەزایانی ئەم بوارەدا ئەم خودنەفرەتییە لای جولەکەکان ھەم دیاردەیەکی تاکەکەسیی و ھەم دیاردەیەکی دەستەجەمعیی بووە. لە ئاستە دەستەجەمعییەکەیدا لە دژایەتیکردن و ناشیرینکردنی بەشێک لە جولەکە بەرامبەر بە بەشێک لە جولەکەکانی تردا بەرجەستەیە. بۆ نموونە ڕقی بەشێک لە جولەکەکانی ئەڵمانیا لە جولەکەکانی پۆڵەندا و جولەکەکانی تری ئەوروپای خۆرھەڵات. یان جولەکە ئۆرتۆدۆکسەکان بەرامبەر بە جولەکە ڕیفۆرمخوازەکان.
تیۆدۆر لێسینگ، Theodor Lessing، یەکێکە لەو نووسەرانەی لە ساڵانی سی سەدەی بیستەمدا ئەم دیاردەی خودنەفرەتییەی تیوریزەکردوە. ئەم نووسەرە خودنەفرەتی جولەکە وەک ئاکارێکی پاسۆلۆژیی و وەک جۆرێک لە عوساب دەبینێت، acute pathology of psychosis..و وەک دەرەنجامی کەمینەبوون و مەنفیبوونی چەندین سەدەی جولەکەکان مامەڵەیدەکات، کە بەسەریەکەوە دۆخێک دروستدەکەن جولەکەکان ھیچ شکۆیەک بەرامبەر بە خۆیان و لەناو مێژووی خۆیاندا نەبینن. ھیچ ھەستێکیشیان بە بوونی نرخێک بۆ خۆیان نەبێت و ڕێزگرتنیان لە خۆیان لە پلەیەکی ھێجگار نزمدا بێت. چەندان سەدەش لە ئەنتی سامیتیزم وادەکات ئەو دۆخی خودنەفرەتییە ببێت بە دیاردەیەکی سایکۆ پاسۆلۆژیی و لە فۆرمی بیمارییەکی نەفسیی دەستەجەمعیدا ئامادەبێت.ھاوکات لێسینگ ئەم خودنەفرەتییە وەک نەخۆشییەکی کولتورییش وێنادەکات و گرێیئەدات بە ”تەماھیکردنێکی پڕ موبالەغەوە لەگەڵ فەرھەنگی باڵادەست و بەناوەکیکردنی پێشداوەرییەکانی ئەو فەرھەنگە باڵادەستەوە“ ((Gilman 1986). باوەڕیشی وایە ئەم دیاردەیە زیاتر لەناو ئەو خوێندەوار و نووسەر و ڕۆشنبیرانەدا ئامادەیە کە خۆیان وەک کەسانی تواوە و ئامێزانبوو بە فەرھەنگە باڵادەستەکانی سەردەمەکانی خۆیان دەزانن. لەم خودنەفرەتیەدا جولەکەکان ھەموو ئەو بەدبەختیی و نەھامەتیانەی لە مێژوودا بەسەریاندا ھاتوە، خستۆتە ملی جولەکە خۆی و جولەکەیان لەو نەھامەتییانە بە بەرپرس زانیوە. پێشیان وایە جولەکەکان پێویستە لەسەر ئەو چارەنووسە تاڵەی ھەینابووە، تەنھا لۆمەی خۆیان بکەن.
ھەستکردنی بەردەوام بە ترس و ھەستکردن بە بچوکیی لە بەرامبەر ئەوانیتردا، کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم خودنەفرەتیەن. لەگەڵ دروستبوون و ھاتنەکایەی دەوڵەتی نەتەوەشدا لە ئەوروپا، لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمەوە، ئیتر مەسەلەی دروستکردنی ”دانیشتوانێکی لێکچوو“، یان ”ئامێزانبوون“ بەمانای ئیندیماجکردن، دەبن بە بابەتی سەرەکیی و وا چاوەڕوان دەکرێت جولەکەکان ببنە بەشێک لەو دانیشتوانە تازەیە کە دروستدەبێت. ئەم دۆخە جولەکەکان، بە تایبەتی لە ئەڵمانیادا، بۆ دوو بەرە دابەشدەکات. یەکەمیان ئەو بەرەیەیە کە لەگەڵ تواندنەوە و ئامێزانبووندابون لەناو ئەو چوارچێوە تازانەدا، دووەھمیان ئەوانە کە دەیانویست شێوە ژیان و ئاین و زمان و کەلەپوری خۆیان بپارێزن. خودنەفرەتیی جولەکە، بەرھەمی ئەو بەشەی جولەکەکانە کە لەگەڵ تواننەوە و ئامێزنبوونی جولەکەدابوون لەناو ئەو کۆمەڵگا تازانەدا، بێگوێدانە کێشەی بڵاوبوونەوەی ڕاسیزم و بەھێزبوونی زاتری ئەنتی سامیتیزم.
لە سەرێکی ترەوە ”خودنەفرەتیی“ جولەکە، وەک شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن، دەرەنجامی تێکەڵبوونی ”خودڕەخنەیی“ جولەکەکانیشە بە وێنەی جولەکە وەک نەزان و گەمژە و بەڵا. وێنەیەک لە سەدەی نۆزدەھەمەوە جولەکەکان بەرامبەر بەیەکتری زیاتر و زیاتر ھەیانبووە. واتە بەشێکی ئەم ڕقبوونەوەیە لە خود و ئەم نەفرەتە لەوەی کە تۆ کێیت، لەو ھەڵوێستە ڕەخنەییەوە دێت کە مرۆڤ بەرامبەر بە خودی خۆی ھەیەتی، بەڵام ڕەخنەیەک کە سنووری ڕەخنەکردنی تێپەڕاندوە و گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود. لەم ساتەدا ئیتر ڕەخنەگرتن لەوەدەکەوێت ڕەخنەگرتن لە خود بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی سایکۆلۆژیی و سیاسیی لە خود خۆی. ڕەخنەیەک تێکەڵبووە بە ڕوانینێکی زۆر نزم بۆ خود و بە بەکەم و سوک و نوقسان تەماشاکردنی خۆی. ئەم فۆرمە لە سنووربەزاندنی ڕەخنەگرتن لە خود، ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سیاسییەیە کە خودنەفرەتیی لەسەر دروستدەبێت.



وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×