کرۆناو تەنھایی‌و پێکەوەبون

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-04-24     558
لەدواھەمین ڕۆژی مانگی دوازدەی ساڵی ٢٠١٩ چین بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا نا کە ڤایرۆسێکی تازە لەشاری وھان لەوڵاتەکەدا پەیدابووە و ھۆکاری پەیدابوونەکەشی نازانن. ٢٠ ڕۆژ دواتر، واتە لە ڕۆژی ٢٠ مانگی یەکی ئەم ساڵدا، ئاشکرابوو کە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە. چوار ڕۆژ دواتر چەند زانایەک لە گۆڤارێکی زانستیدا وتارێکیان بڵاوکردەوە و باسی ئەوەیان کرد کە ئەم ڤایرۆسە ئەگەری ئەوە تێدایە پەتایەکی جیھانیی دروستبکات. 

مانگێک و چەند ڕۆژێک دواتر، لە ڕۆژی ٩ مارتدا، ڤایرۆسەکە لە چینەوە بە چەندان شوێنی جیھاندا بڵاوبووبووە، بۆ نموونە دەوڵەتی ئیتالیا کارەنتینەکردنی سەرتاسەریی لە وڵاتەکەیاندا ڕاگەیاند. 

بەمجۆرە جیھان بەتەواوی لەو ڕاستییە ناخۆشە گەیشت کە لەبەردەم پەتایەکی جیھانیی مەترسیداردایە و لە غیاب و نەبوونی ڤاکسین و دەرمانی تایبەتەدا، کارەنتینەکردن میکانیزمی ھەرە سەرەکیی بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسەکەیە.

دوای تێپەڕینی ئەو چەند مانگە بەسەر ئەم پەتا جیھانیەدا، ئەم ڤایرۆسە ئەگەر تەنھا یەک حیکایەتی سەرەکیی و گرنگمان نیشانبدات، حیکایەتی ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی تەنھا و دابڕاو نییە، شتێک بەناوی تەنھابوون و دابڕانی مرۆڤەکان لەیەکتری بوونی نییە. ئەم ڤایرۆسە جارێکی تر ئەو ڕاستییە سادەیەی سەلماندەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی و دەستەجەمعییە، بەبێ ئەوانیتر ناژیی، بۆیە ئەوەی بەسەر ”ئەوان“دا دێت بەسەر ”ئێمە“شدا ڕووئەدات. نیشانیداین کە ئەم سەری جیھان بەو ئەو سەری جیھان و باکوریی و بە باشوریی و خۆرھەڵاتیی بە خۆرئاوایەوە، بە دەیان شێوازی جیاواز بەیەکتریوە گرێدراوە. ھەروەھا نیشانیداین مرۆڤ بوونەوەرێکی پەیوەندیدار و پەیوەندیدروستکەرە.

ئەوەشی بەگژاچوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی زەحمەت و تەحەمولنەکراو کردوە، ناچارکردنی مرۆڤە بۆ سڕینەوەیەکی کاتی ئەم ئاکارە پێکەوەیی و دەستەجەمعیەی مرۆڤبوون. ناچرکردنیەتی بەوەی بچێتەوە ماڵەکەی خۆی و لەوێدا بە دابڕاویی و بەبێ پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانیتردا بژیی.

بەڵام ئەم ڤایرۆسە، کە لە بازاڕێک لە بازڕەکانی شاری وھان، Wuhan لە چین دروستبوو، لەشوێنێکدا دروستبوو کە ژمارەیەکی ھێجگار زۆری مرۆڤ بەیەکەوەن و لەپاڵیەکدا خەریکی بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیانن. بەم مانایە ئەگەرچی مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوناێت تەنھابێت و بە دابڕاوی لەوانیتر بژیی، بەڵام ئەم پێکەوەبوون و لەگەڵ ئەوانیتردا بوونەش سەرچاوەی چەندەھا مەترسیی و کێشە و قەیرانی گەورەیە. گوتە بەناوبانگەکەی بلیس باسکاڵ بۆ جاری ھەزارھەمین ڕاستیی و دروستیی خۆی سەلماندا، ئەو قسەیەی کە دەڵێت ”ھەموو کێشەکانی مرۆڤ لەو شوێنەوە دەستپێدەکات کە ناتوانێت لەناو ژوورێکدا بمێنێتەوە“. 

بەدەر لەم ڕاستییە ئەوەی دۆخەکەی لە شاری وھاندا ترسناکتر کرد، تەنھا پێکەوەبوونی ئەو ھەموو مرۆڤە بەیەکەوە نەبوو، بەڵکو پێکەوەبوونیان بوو لەگەڵ ژمارەیەک زۆر لە ئاژەڵ و باڵندە و خشۆکدا کە لەناو سروشتدا پێکەوەبوونیان بەیەکەوە دەگمەنە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. 

لە ھەمانکاتدا تەنانەت ئەو ئاژەڵانەی لەوێدا و لەپاڵیەکدا دنراون و بەیەکەوە کۆکراونەتەوە، لە ناو سروشت خۆیدا، بەو شێوەیە لەیەکتری نزیک نین و پێکەوە نین. ھیچ شتێک لە سروشتدا شەمشەکوێرە و مار، یان شەمشەکوێرە و کەروێشک، بەیەکەوە کۆناکاتەوە.

بە مانایەکی تر لەناو سروشت خۆیدا نە پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ ئاژەڵەکان و نە پەیوەندیی ئاژەڵەکان لەگەڵیەکدا بەو شێوەیە نییە کە لەناو بازەڕدا دروستکراوە. لۆژیکی ئیشکردنی ئەو بازاڕە تەواو ناکۆکە بە لۆژیکی ئامادەگیی ئەو ئاژەڵانە لە سروشتدا و ناکۆکیشە بە لۆژیکی ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ بە ھەندێک لەو ئاژەڵانەوە گرێئەدات. تێکدانی ئەم لۆژیکە سروشتییە سەرچاوەی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەیە لە ئاژەڵەکانەوە بۆ یەکتریی و لەوانیشەوە بۆ مرۆڤ. 

بە حوکمی ئەوەش جیھانی ئەمڕۆ جیھانێکی بە گلۆباڵ بووە و لێوانلێوە لە جوڵە و سەفەری بەردەوامی مرۆڤەکان و کاڵاکان و ڕووداوەکان، بۆیە ئەوەی لەو شاری وەھاندا ڕوویدا، بە ئاسانی بە بەشەکانی تری جیھاندا بڵاوبووەوە و پەتاکەی لە پەتایەکی ناوچەیی و ڕووداوی ناو بازاڕێکەوە، گۆڕیی بە پەتایەکی جیھانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×