کام دونیا دوای ئەم ڤایرۆسە؟

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-04-01     713
بیرکردنەوە لە دەرەنجامەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ژیانی کۆمەڵگاکان ھێشتا لە سەرەتای سەرەتاکاندایە و ئەوەی ھەیە و دەگوترێت جگە لە کۆمەڵێک ڕا و ھەندێک چاوەڕوانیی تایبەت زیاتر نییە. کەسانێک ھەن باس لەوەدەکەن دونیای دوای تەواوبوونی ئەم ڤایرۆسە ھەمان دونیای بەر لە ھاتنی ئەم ڤایرۆسە نابێت، نە سیستمی نێودەوڵەتیی، نە ئابوریی، نە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ھیچیان وەک خۆیان نامێننەوە. کەسانێکی تر ھەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن و باس لە کۆتایی کایپتالیزم و ھاتنەکایەی دونیایەکی تەواو تازەدەکەن، کە بە دونیای سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم ناویدەبەن، بەڵام سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمێك جیاواز لەوەی لە سەدەی بیستەمدا بینیمان. بە پێچەوانەی ئەمانەوە کەسانێکی تر باس لە بەھێزبوونی زیاتری ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی و داخرانی کۆمەڵگاکان دەکەن و پێیانوایە ئەو سنوورانەی لە ئێستادا و بەخێرایی لە نێوان وڵاتەکاندا داخران، بە ئاسانی ناکرێنەوە. سنوورە جوگرافییەکانیش بکرێنەوە سنوورە نەفسیی و سایکۆلۆژییەکانی دوای ڤایرۆسەکە دەمێنن. کەسانێکی تر باس لە بەھێزبوونی زیاتری پێگەی سیستمە تۆتالیتارییەکان و توانا ترسناکەکانی دەوڵەت لە کارانتینەکردن و چاودێریکردن و ئاراستەکردنی مرۆڤدا دەکەن و دونیای دوای کۆتایی ئەم ڤایرۆسە وەک دونیای بەرتەسکبوونەوەیەکی گەورە و ھەمەلایەنی ئازادییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعیەکان دەبینن. لە دونیای ئێمەشدا بڕێک لە ئیسلامییەکان باس لە تۆڵە و توڕەبوونی خودا دەکەن و کرۆنا وەک ”سەربازێکی ون“ی خودا بۆ بەگژاچوونەوەی مولحید و دژە ئیسلام و بێدینەکان دەکەن و چاوەڕوانی ئەوەن دونیای دوای کۆتایی کۆرۆنا دونیای ئەو دینە و ئەو خودایە بێت کە ئەوان دەیناسن.
بە بۆچوونی من سەرجەمی ئەم بۆچوونانە جگە لە دەربڕینی ھەندێک ڕا و چاوەڕوانیی تایبەت، شتێکی تر نیین. بەشێکی زۆری ئەم بۆچوونانەش بەر لە پەیدابوون و ھاتنی ڤایرۆسەکە ھەر ھەبوون و لەئارادابوون، ئەوەی ئێستا ڕووئەدات پێداگرتنەوەیەکی زیاترە لەسەر ئەو بۆچوون و ڕوانینانە.
بە بۆچوونی من ئەوەی ڕووئەدات یەک پرۆسەی ھاوبەش و لێکچوو نابێت لە ھەموو جیھاندا، لە ناوچە جیاوازەکانی جیھاندا شتی جیاواز ڕووئەدات و گۆڕانکارییەکان یەک شێوە و یەک جۆر و بەیەک ئاراستە نابن. لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا نە کاپیتالیزم لە ناودەچێت و نە کۆمۆنیزم جێگەی کاپیتالیزم دەگرێتەوە، ئەوەی ڕەنگە ڕووبدات دانانی کۆمەڵێک سنوورە بۆ سیاسەتی نیولیبرال و ھێنانەکایەی فۆرمێکی نوێ لە ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“. لەمەش زیاتر ئەگەری ئەوە گەورەیە ئەم وڵاتانە لە جاران زیاتر بەرگریی لە چوارچێوەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی بکەن و جۆرێک لە پاشەکشە بۆ ناو ئەو چوارچێوانە ڕووبدات.
لە سیستمە دیکتاتۆریی و دەسەڵاتگەرەکان و لەو سیستمانەشدا کە دیموکراسییەتیان کورتکردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەتەنھا، بە ھەموو تەکنیکەکانی تەزویرکردنەوە، ئەگەری ئەوە گەورەیە تەکنیکەکانی کەرانتینەکردن و دیسپلینکردن لە فۆرمی نوێدا بەکاربھێنرێن و فراوانتر و کاریگەرانەتر بەکاربھێنرێن. سەرجەمی قەیرانەکەش وەک وزەیەک بۆ بەھێزکردنی دەسەڵاتی ئەوتۆریتیاریانەی خۆیان و ھاوشێوەکانیان بخەنەگەڕ.
لەو ناوچەیەی ئێمەشدا کۆمەڵگاکان لەبەردەم دوو ئەگەری سەرەکییدان. یەکەمیان ئەگەری درێژەپێدان و بەھێزکردنی زیاتری سێکتاریزمیی دینیی و سیاسیی و خستنەگەڕی نوخبە حوکمڕانەکان بۆ ھەموو ئامرازێک لە دەسەڵاتدا بیانھێڵێتەوە، تەنانەت بە بەردەوامیدان بە جەنگ و پێکدادانە خوێناویەکان. ھاوکات درێژەدان بە بەکارھێنانی تەکنیكيەکانی کەرەنتینەکردن و کۆنترۆڵکردن بۆ سەپاندنی ئەو مۆدێلە لەدەسەڵات. ئەگەری دووھەمیان کەڵەکەبوونی زیاتری توڕەبوون و وەڕسبوونی چەندان ھێزی کۆمەڵایەتییە کە ھاتنی ڤایرۆسەکە ماندووتر و بێئومێدتر و ھەژارتری خستون.
ئەوەی من ھیوادارم دوای تەواوبوونى ئەم ڤایرۆسە ڕووبدات، دروستبوونی تاکەکەسێکە لە جاران سیاسیتر و لە جاران سەرقاڵتر بە مەسەلە سەرەکیی و گشتییەکانی ژیانی گشتیی ناو کۆمەڵگای ئێمەوە. تاکەکەسێک سیاسەت کورتنەکاتەوە بۆ چالاکیی دزیی و جەردەیی و مرۆڤکوشتن و یەکسانی نەکات بە درۆکردن و لەخشتەبردن، تاکەکەسێک سیاسەت وەکو ھەوڵی پێکەوەیی مرۆڤ وێنابکات بۆ دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش و گونجاو، کە لەپاڵ کۆمەڵێک ماف و ڕزێگرتندا، شوێنی ھەمووانی تێدا ببێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×