تاوانێک بۆ ھەموومان

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-02-21     1113
کەم تاوان ھەیە لە دونیای ئێمەدا وەک تاوانی فڕاندن و دەستدرێژیکردنە سەر ئەم کچە ٧ ساڵانەیە لە ھەولێر چەندان ڕەھەندی جیاوازیی ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و سیاسیی ئەو کۆمەڵگایە بخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە، کەم تاوان ھەیە وەک ئەم تاوانە بمانباتە سەر ئەو کێشە گەورانەی لەو وڵاتەدا ئامادەیە، بەبێ ئەوەی ھەوڵێکی ڕاستەقینە لە ئارادابێت، نەک تەنھا بۆ چارەسەرکردن و کۆتاییپێھێنانیان، بەڵکو بۆ لێتێگەیشتنیشیان، لەم نووسینەدا ھەوڵئەدەم زۆر بە کورتیی لەسەر ھەندێک لەو ڕەھەندە سەرەکییانە بوەستم.

دەستدرێژی سێکسیی و توندوتیژیی

ھەموو کردەیەکی دەستدرێژی سێکسیی کردەیەکی توندوتیژە، جۆرێکی تایبەتە لە جۆرە زۆرەکانی توندوتیژیی، بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دەستدرێژی سێکسیی تەنھا توندوتیژیی و تاوانێکی سادە نییە، بەڵکو ”تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیی“، کە بۆ ئاستی مامەڵکردنی وەک جینۆساید بەرزدەبێتەوە، ئەو خاڵەی کە دەبێت لای ھەر یەکێک لە ئێمە تەواو ئاشکرا و بەرچاو بێت ئەوەیە دەستدرێژی سێکسیی وەک جۆرێک لە توندوتیژیی، لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە بە بڕ و ڕادەی توندوتیژیەوە کە لە کۆمەڵگادا ئامادەیە، بەشێکە لەو دۆخە گشتییەی توندوتیژیی کە فۆرمە جیاوازەکانی پەیوەندیی نایەکسان و پەیوەندیی چەوساندنەوە و پەراوزێخستن و فۆرمی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێکان، سەروەریدەکەن.

لە کۆمەڵگایەکدا توندوتیژیی ڕێسا و گرامەری پەیوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکان بێت، پەڕینەوەی بۆ بواری پەیوەندییە سێکسییەکان پەڕینەوەیەکی ئاساییە، بۆیە یەکەمین دەرەنجامێک بکرێت لەم ڕووداوەوە بەدەستبھێنین بەرزکردنەوەی چەندان پرسیارە بە ڕووی ئەرک و وەزیفە جیاوازەکانی توندوتیژیی لە دونیای ئێمەدا.

سێکس وەک ئامرازیی سوکایەتیپێکردن

کە توندوتژیی گرامەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بوو، ئەودەم سوکایەتیکردن بە یەکتری دەبێت بە بەشێک لەو ڕێسا سیاسیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەی سەروەردەکرێت، سێکس لەم دۆخەدا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی بەھێزی ئیھانەکردن و قێزەوانکردنی بەرامبەر، تەعەدای سێکسی دەبێت بە کردەیەکی ڕەمزیی شکاندن و سڕینەوە و کوشتنێکی رەمزیی بەرامبەر، دەبێت بە سیمبولی تەعەداکردنێکی ڕەمزیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەو کەس و خێزان و لایەنەی کە تەعەداکەیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەمەش ڕەھەندێکی ھێجگار ترسناک بە سێکس و کردەی سێکسی لە کۆمەڵگادا دەبەخشرێت.

پەیوەندیی نێوان نێر و مێ

سێکس وەک ئامرازیی سوکایەتیپێکردن و وەک کردەی کوشتنێکی ڕەمزیی، لەپاڵ زۆر دەرەنجامی ترسناکدا، پەیوەندیی نێوان نێر و مێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕووبەڕووی داڕمانێکی ھەمەلایەن دەکات، ئەو فۆرمە تایبەتە لە پاتریارکیەت و پیاوسالاریی، کە لە دونیای ئێمەدا پڕن لە قەیران، دۆخی ژنبوونیان لە دونیای ئێمەدا تەواو ترسناک کردوە، ژنبوون وەک پرۆژەیەکی بەردەوام بۆ دەستدرێژکردنی فیزیایی و ڕەمزیی، لە سێ دەیەی ڕابردوودا دونیای ئێمە ڕووبەڕووی ”شڵەژانێکی پێوانەیی“ ھەمەلایەن بوەتەوە کە ھێڵە سادەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ و تاوان لە بێتاوانیی و دەشێ لە ناشێی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و دینیی بەتەواوی وێرانبوون. 

لە سەرێکەوە وڵاتەکە پڕکراوە لە سیستمە رەمزییەکانی سێکس و بە سێکسیکردنی جەستە و چێژ و پەیوەندییەکان، لە سەرێکی دیکەوە گوتارێکی بەھێزی دژە جەستە و دژە سێکس لەئارادایە کە سێس بە سوکایەتیکردن و سڕینەوەی ڕەمزیی یەکساندەکات، لە سەرێکەوە چێژ بۆتە بەشێک لە ئابوریی باڵادەستی وڵاتەکە و بووە بە پێوەری جیاکردنەوەی دەشێت لە ناشێی کۆمەڵیەتی و سیاسیی و ئەخلاقیی، لە سەرێکی دیکەوە گوتارێکی دژ بە چێژ و دژ بە لەش سەرەوەرکراوە کە جەستە وەک تاوانبار و وەک گڵاوێکی فەرھەنگیی و دینیی و ڕەمزیی مامەڵە دەکات، ھەموو ئەمانە پەیوەندیی نێوان نێر و مێیان لە کۆمەڵگاکەدا بەشێوەیەکی ترسناک ئاڵۆز و بیمار خستوە.

ماناکانی منداڵیی لە دونیای ئێمەدا

ئەو ڕووداوەی لەگەڵ ئەو کچە ٧ ساڵەندا ڕوویداوە نیشانمان ئەدات چۆن منداڵ بەگشتیی و منداڵیی کچ بەتایبەتی گۆڕاون بۆ بابەت و یەکەی سێکس لە دونیایەکدا کە لە ھەموو پنتێکیدا قەیرانێکی گەورە ئامادەیە، منداڵیی لە دونیای ئێمەدا لە زۆر سەرەوە لە بەردەم ھەڕەشەی گەورە و ھەمەلایەندایە، ئەم ڕووداوە نیشانی ئەدات چۆن بێباکانە لەگەڵ ئەو کچە منداڵەدا مامەڵەدەکرێت، چۆن بووە بە بابەتێکی میدیایی و سیاسیی و ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ڕای گشتیی بێدەربەست لەوەی ئەم بە میدیایکردنە چ دەرەنجامی سایکۆلۆژیی و جەستەیی ترسناکی بۆ ئەو کچە منداڵە ھەیە، ئەوەی یەک لاپەڕەی لە بواری دەرووناسیدا خوێندبێتەوە دەزانێت تراوما، بە عەرەبی الێدمە النفسیە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ھەم کردەی دەستدرێژیکردنی سێکسییە کەیە و ھەم دەرەنجامی ئەو فۆرمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵەدایە، ئەم سەدمە سایکۆلژیەش زۆرجار ھەموو تەمەن لەگەڵ کەسەکەدا دەمێنێتەوە و ژیانی بۆ جەھەنەمێکی نەفسی دەگۆڕێت.

سێکس و دەسەڵات

ئەوەی کەیسی ئەم کچە بە ڕوونی نیشانی ئەدات پەیوەندیی سێسکس و دەسەڵاتە بەیەکەوە، ئەم کەیسە نیشانمان ئەدات تەعەداکردن و دەستدرێژی سێکسیی کاتێک دەبێت بە تاوان و وەک تاوان مامەڵەدەکرێت، کە لە پەیوەندییەکی تایبەتدا بێت بە سیستمە سوڵتانییەکەوە- لەم سیستمەدا دوور و نزیکیی لە سوڵتان و ناوکە داخراوەکەی سیستمە سوڵتانییەکەوە، واتە دوور و نزیکی لە خێزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە، دەستنیشانی بڕ و ڕادەی تاوانباربوون و بێتاوانیی دەکات، سوڵتان و ناوکە سوڵتانییەکە وەک سێنتەری سیستمە دەسەڵاتدارێتییەکە، دەچێتە شوێنی یاسا و داوەریی و دەزگاکانی پۆلیس و چاودێریی و لێپرسینەوەوە، شتێک بە ناوی چاودێریکردنێکی یاسایی و ئەخلاقیی تاوانەکانی دەسەڵاتەوە نامێنێتەوە گەر تاوانباران لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەھزدابن بە سوڵتان و ناوکە سوڵتانیەکەوە، ئەمەش مانای دروستبوونێکی فۆرمێک لە دەسەڵات لەو وڵاتەدا کە ھەموو دەسەڵاتەکانی دەرەوەی خۆی وێران کردوە و لە ڕێگای ئەم وێرانکردنەوە خۆی بە ڕەھا کردوە، ئەم سیستەمە ھەموو فۆرمەکانی سێکس بە کەسە نزیکەکانی دەبەخشێت، بە تاوانە سێکسیەکانیشەوە.

وەزیفەی باوک

دواھەمین خاڵێک لێرەدا بمەوێت باسی بکەم پێگە و وەزیفە و وێناکردنی باوکە وەک بکەر و ڕەمزێکی کولتوریی لەم ڕووداوەدا، لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی دونیادا تا ئەمڕۆش باوکایەتی وەک میکانیزمێکی سەرەکی بۆ پاراستنی منداڵ و پاراستنی ئەندامانی خێزان وێنادەکرێت، تەعەداکردنە سەر کچێکی ٧ ساڵان و بێتوانایی باوک لە پاراستنی ئەو منداڵەدا، تەعەداکردنێکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر باوکایەتی وەک ھێزێک لە ناو واقیعدا و وەک بەھایەکی کولتوریی و بەھایەکی سایکۆلۆژیی.

بۆ باوکی ئەو کچە ٧ ساڵانە

سەرەڕای ئەو زمانە سیاسییەی باوکی ئەو کچە ٧ ساڵانە قسەی پێدەکات، شتێک لەو پیاوەدا ھەیە، کە مایەی ئافەرین و دەستخۆشیلێکردنە، ئەویش نەشاردانەوە و بێدەنگنەبوونە لەو تاوانە و باوەشکردنەوەی باوکانەیەتییە بە کچە بریندار و پڕوکێنراوەکەیدا.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×