لە ”گرێی خۆ بەکەم زانین“ەوە بۆ ”ڕقبونەوە لەخود“

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-07-28     371
(٤)
”گرێی خۆ بەکەم زانین“و وێناکردنی خود وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر و کەمنرختر لەوانیتر، ھەمان شت نییە وەک  گرێی ”ڕقبوونەوە لە خود“، وەک”خودنەفرەتیی“. بینینی خود وەک شتێکی کەمتر و نزمتر لەوانیتر، یەکسان نییە بە ڕقبوونەوە لەو خودە خۆی و وێناکردنی وەک شتێکی بۆگەن و قابیلی نەفرەتلێکردن. 

یەکەمیان دۆخێکی گشتیترە و لە ڕووی مێژووییەوە بەرھەمی تەماھیکردنە لەگەڵ ستەمگەران و داگیرکەران و پرۆژەی کۆلۆنایلزیمدا، واتە بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە ئەوانیترەوە، بە ناوەکیکردنی ڕوانینەکانی ئەویترێکی دەرەکییەیە بەرامبەر بە خود، ھەرچی دووھەمیانە، ھەرچی ڕقبوونەوە  لە خود و خودنەفرەتییە، بەرھەمی پەیوەندیی خود نییە بە ئەوانیترەوە، پەیوەندییەکەی دەرەکیی نییە، بەڵکو بەرھەمی پەیوەندیی خودە بە خود خۆیەوە، سەیرکردن و ھەڵسەنگاندنی قێزەوانانەی خودە بۆ خۆی لە غیابی ڕاستەوخۆی ئەویترێکی دەرەکیدا. 

بەم مانایە خودنەفرەتیی چەند ھەنگاوێک ئەولاتر و قووڵتری پەیوەندیی نێگەتیڤی خودە بە خود خۆیەوە. لە ڕقبوونەوە لە خودادا وھەستکردن بە کەمبوون بەرامبەر بەوانیتری دەرەکیی، گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی ناوەکیی ڕقبوونەوەی خود لە خود خۆی. خودنەفرەتیی جۆرێکە لەنەفیکردنی خود و سڕینەوەی، نمایشکردنییەتی وەک شتێک کە شایستەی ژیان نییە. زۆر لەوە بەددترە جێگەیەکی لەسەر زەوی ھەبێت. 

بەم مانایە قۆناغی خودنەفرەتیی قۆناغێکی تەواو ترسناکتر و پڕکێشەترە لە قۆناغی خۆبەکەمزانین، ئەگەر لە دۆخی خۆبەکەمزانیندا پێویستت بەوانیتر ھەبێت بۆئەوەی لەوەدڵنایبیت کە تۆ بچووکتر و کەمتریت، لەدووھەمیاندا ئەم بوونەوەرە دەرەکییە پێویست نییە و نەفرەتەکە بووە بە میکانیزمێکی ناوەکیی سەربەخۆ. 

گواستنەوە لە گرێی ”خۆ بەکەم زانین“ەوە بۆ گرێی ”خودنەفرەتیی“ لە دونیای ئێمەدا لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕووئەدات. لەوکاتەوە کە تیایدا دۆخێک دروستدەبێت کاروباری ھەرێم و دانیشتوانەکەی دەکەوێتە دەستی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان و ئەو ”ئەویتر“ە دەرەکییە ئەو بوونە ڕاستەوخۆیەی لەناو ژیانی سیاسیی و ئابوریی و فەرھەنگیی و سایکۆلۆژیی خەڵکی کوردستاندا نامێنێت. لەوکاتەدا کە ”خود“ خۆی دەبێت بە سەرەوەری خۆی و خۆی دەبێتبە داڕێژەری پەیوەندییەکانی بە خودی خۆی و بە دونیای دەرەوەوە. فۆرمی ئەو خودسەروەریی و حوکمڕانییە بەڕادەیەک بەد و ناشیرینە، بە ڕادەیەک ترسناک و قێزەونە، زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەکردنی گرێی خودنەفرەتیی دەھێنێتەکایەوە. 

لەوکاتانەدا کە ھێزە سیاسییە کوردییەکان بە ھەمان لۆژیک و ھەمان مۆدێلی بەعس کەوتنە داڕشتنی بناغەکانی جیھانێکی نەفرەتلێکراو، گرێی خودنەفرەتیی دەبێت بە گرێی سایکۆلۆژیی ژمارە یەکی ناو ئەو دونیایە. لە ئێستادا ئەم گرێیە وەک پەتایەکی گەورەی لێھاتووە و لەناو زیاد لە کایە و لای زیاد لە گروپێکی کۆمەڵایەتیی و لەناو زیاد لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی تەعبیرکردن لە خوددا، ئامادەیە. 

ئەم پەتایە بە ڕادەیەک ئامادە و کاریگەرە بەشێکی زۆری ڕەخنەی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی لە دونیای ئێمەدا گۆڕیوە بۆ نەفرەتی سیاسیی و نەفرەتی فەرھەنگیی و نەفرەتی ئەخلاقیی و نەفرەتی ئەدەبیی. ئەمەش وایکردوە کردەی ڕەخنەکردن، کە کردەیەکی ھێجگار گرنگی ناو سەرجەمی دەرکەوتەکانی ژیانی ناو کۆمەگایە، بگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی ھەمەلایەن، نەک تەنھا بەرامبەر بە ئێستا، بەڵکو بەرامبەر بە سەرجەمی مێژووی سیاسیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ئەدەبیی ئێمە. 

بە بۆچوونی من خوێندنەوەی دونیای دوای ڕاپەڕین لەڕێگای گرێی خودنەفرەتییەوە دەروازەیەکی تازەمان بۆ تێگەیشتن لەزۆر دەرکەوتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەدەبیی و فەرھەنگیی ئەمڕۆمان بۆ دەکاتەوە. گرێ سایکۆلۆژییەکانی ئەم قۆناغە لەوە تێپەڕیون تەعبیربن لە گرێی خۆ بەکەم زانین، کە ڕەنگە ڕاپەڕین کۆتایی بە ھەندێک لە دەرکەوتە سەرەکییەکانی ھێنابێت، ئەوەی دەیبینین گۆڕانی ئەم گرێیە بۆ گرێی خودنەفرەتیی. 

یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی کە فرانز فانۆن لە کتێبی ”پێستە ڕەشەکان و ماسکە سپییەکان“دا گەشەی پێئەدات، بابەتی ”گرێی خۆ بەکەم زانینە“،inferiority complex. فانۆن ئەم گرێ دەرونیی و مێژووییە وەک دەرەنجامی وەرگرتن و بەناوەکیکردنی وێنەکانی ھێزە داگیرکەرەکان دەبینێت، لەسەر میلەت و خەڵکە داگیرکراوەکان. ئەو وێنانەی تیایاندا ھێزە داگیرکەرەکان میلەتە داگیرکراوەکان وەک خەڵکانێکی گەمژە و نەزان و جاھیل، وەک ”حەشامەت“ و ”ھۆردو“یەکی دواکەوتو، وەک منداڵی بچووک و پێنەگەیشتو، نمایشدەکەن. 

لای فانۆن ئەم دۆخی داگیرکردن و سیاسەتی بەرھەمھێنانی وێنەیەیە، کە گرێی خۆ بەکەم زانین دروستدەکات و لەناو کەسانی سەر بە میلەتە داگیرکراوەکاندا دەیچێنێت. دۆخێک فانۆن وەک دۆخێکی پاسۆلۆژیی و ناتەندروست وێنایدەکات. لە پشتی ئەم گرێیەوە ئەوەی ئامادەیە داننەنانە بە کەسایەتی میلەتە داگیرکراوەکاندا وەک کەسایەتیەکی سەربەخۆ و عەقڵانیی، وەک کۆمەڵگایەک قابیلی ژیانێکی سەربەخۆ، وەک دانیشتوانێک خۆیان بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن و خۆیان چرەنووسی خۆیان دیاریبکەن. 

وێناکردنی ئەو میلەتانە وەک وەحشی و نەزان و گەمژە و جاھیل، وەک کەسانێک پێویستیان بە پەروەردەکردن و پێگەیاندن ھەیە، وەک خەڵکانێک لە دەرەوەی مێژوو و لە دەرەوەی شارستانیەتدا، بەشێکە لەم سیاسەتی داگیرکارییە. ئەوەی لای فانۆن کۆتایی بەم گرێی خۆ بەکەم زانینە دەھێنێت، شۆڕشە، یاخیبوونی چەکدارانەیە، بەگژاچوونەوەی ئەو دۆخە کۆلۆنیالیی و خۆڕزگارکردنە لە جەبر و فشارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و سایکۆلۆژییەکانی. ڕاپەڕین لە دونیای ئێمەدا سەرەتاکانی ئەم دۆخە نوێیەی ھێنایەکایەوە، دەکرا ”سەرەتایەکی نوێ“بێت، بۆ دروستکردنی دونیایەکی ناکۆلۆنیالیی کە تیایدا مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە دروستببێت، کەسێک لە باتی ڕق خۆشەویستیی و لەباتی نەفرەت ئامێزانبوونی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی بیجوڵێنێت.  

بەڵام خودنەفرەتیی نەک چارەسەر نییە، بەڵکو بیمارییەکی سەختترە لە گرێی خۆ بەکەم زانین، خودنەفرەتیی  بازدانە بەسەر خود خۆیدا و ھەوڵدانە بۆ سڕینەوە و نەفیکردنی و بوون بە شتێکی دیکە کە لە ”ھیچ“ەوە نزیکە تا ھەر شتێکی دیکە. بۆ شیکردنەوەی ئەم خاڵە با جارێکی دیکە بۆ فرانز فانۆن بگەڕێینەوە. 

لای فانۆن مرۆڤی ڕەشپێست ناتوانێت لە ڕشبوونی خۆی ڕزگاریببێت، ڕەشپێست ھەمیشە بە ڕەشپێست دەمێنێتەوە، ھیچ قسەکردنێکی ئەبستراکت لەسەر ”مرۆڤ“ و ”مرۆڤایەتیی“ ناتوانێت ئەو ڕەشبوونە لەیادبکات و تێیپەڕێنێت. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە باوەشکردن بەم ڕەشبوونەدا و بەخشینی ناوەرۆک و پێناس و ناسنامەی تازەیە پێی لە دەرەوەی گرێی خۆ بەکەم زانین و لە دەرەوەی خودنەفرەتیدا. لە ئێستاشدا مرۆڤی کورد ناتوانێت لە کوردبوونی خۆی ڕابکات و لێی ڕزگارببێت، ھەموو قسەکردنێک بۆ چوونە ئەودیوی کوردبوونەوە، بۆ بوون بە شتکی تر لە دەرەوەی کوردبووندا، جگە لە وەھم و خورافەتێکی مێژوویی و فیکریی، جگە لە گەمژیەکی سیاسیی، زیاتر نییە. بەبۆچوونی من کوردبوون وەک جۆرێک لە شوناسی تایبەت، وەک ھێمایەک بۆ کەمینەبوون، وەک بەشێک لە مێژوویەکی پڕ لە بەرگریی و خوێن، وەک شوناسێکی چەوساوە و چەپێنراو، شتێکە نە کورد خۆی دەتوناێت لێیدەربازببێت و نە ئەو دەوڵەتانەش کە کورد وەک کەمینە لەناویاندا دەژین. 

بێگومان ئەوەی ئێمە بە بەردەوامی دەکاتەوە بە کورد، ئەوەی وامان لێدەکات بەردەوام بە کوردبوونمانەوە بنووسێین، جەوھەرێک نییە ناوی ”جەوھەری کورد“ و ”جەوھەری کوردبوون“بێت، شوناسێکی ئەتنی و نەتەوەیی نەگۆڕ و نەمر نییە، تەنانەت بوونی بزوتنەوەیەکی سیاسییش نییە بەناوی ئەو کوردبوونەوە بدوێت، ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام دەمانکاتەوە بە کورد و دەمانخاتە پەیوەندیی جیاوازەوە لەگەڵ کوردبووندا، کوردبوون لە ھەموو فۆرمەکانیدا، لە فۆرمە باش و فۆرمە خراپەکانیدا، ئەو دونیا دژەکوردەیە کە بە دەوری کورددا وەک کەمینەیەکەی چەوساوە و بە دەوری فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا وەک شوناسێکی تایبەت، دروستکراوە. ئەم دۆخی بە کەمینەبوونەیە کە لە ژینگەیەکی دژەکەمینەییدا، مێژووی ئێمەی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ گەمارۆداوە. 

ئەو بێماف و بێنرخ و بێکەرامەتکردنە بەردەوامەی کوردبوونە ھەمیشە بەبیرماندەھێنێتەوە کە کوردین. لێرەوە و لەم ھەلومەرجە مێژووییە تایبەتەدا دەستگرتن بە کورد و کوردبوونەوە، تەعبیر نییە لە ڕاسیزم و نەژادپەرستیی و فاشیزم، ئەم جۆرە تۆمەتانە تەنھا تەعبیر نین لە گەمژەییەکی سیاسیی کەموێنە، بەڵکو تەعبیرن لەو دۆخی خودنەفرەتیی و خۆبەکمزانینەی باسمکرد. دەستگرتن بە کوردبوونەوە وەک شوناس کاردانەوەیەکی مێژووییە بەڕووی ھەموو ئەو بێنرخکردن و سوکایەتیپێکردن و پەراوێزخستنە سیستماتیکییەی کورد و کوردبووندا کە تا ئەمڕۆ لە فۆرمی جیاوازدا ھەن و درێژەیان ھەیە.

جان بۆل سارتەر لە باسکردنی شوناسی جولەکەبووندا ڕاستییەکی ھێجگار گرنگ و بەناوبانگی ھەیە، کە پێموایە بۆ ئێمەی کوردیش گونجاوە. سارتەر دەڵێت، جولەکە جەوھەر یان شوناسێکی ئەبەدیی و نەمر نییە، ”جولەکە ئەو کەسەیە کە کەسانیتر وەک جولەکە مامەڵەی دەکەن“. بەم مانایە ئەوەی جولەکە دروستدەکات جولەکەبوونێکی جەوھەرگەرایی نییە، بەڵکو دژەجولەکەبوون و ڕقبوونەوە لە جولەکەیە، واتە ئەنتی سامیتیزمە، کە جولەکە دروستدەکات. کوردبوونیش بەھەمان شێوە شوناسێکی نەمرد و ئەبەدیی نییە، بەڵکو بەرھەمی ئەو دۆخی دژەکوردبوونەیە کە مێژووی سەدەی بیستەم دروستیدەکات و ئەمڕۆش لەناو بەشێکی بەرچاوی کوردان خۆیاندا بووە بە فۆرمێکی تەواو نەخۆشی خودنەفرەتیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×